لەیادی مەزنترین پیاودا

ھیچ ھێزێک و کەسایەتیەک ناتوانێت، بەرنامە سیاسیەکەی گۆڕان تێپەڕێنێت، زۆربوون و ھەن دوای نەمانی نەوشیروان مستەفا بە ملیۆنان دۆلارەوە ویستیان خۆیان بکەن بەمیراتگری پڕۆژە سیاسیەکەی ئه‌و، کەچی ھەر لە ھەنگاوی یەکەمدا شکستیان ھێنا و دەھێنن...

کەسانێکی تریش ماون خۆیان تاقی بکەنەوە، بەڵام شکستى ئەوانەی پێشوتر ئەمانی ڕاوەستاندوە و ترساندوە لەخۆ دەرخستنیان لەترسی شکست و دەست بەتاڵ بوون، بەڵام له‌ نائومێدیدا کاریان بوه‌ته‌ تۆمەت دروستکردن و ھەوڵی ناشیرین کردن و بێ ھیواکردنی خەڵک لە ڕێباز و خەباتی نەوشیروان مستەفا.

ئه‌مانه‌ تائەمڕۆش نەیانتوانیوە تەنھا دو ڕستە بڵێن جیاوازتر لەوەی بزوتنەوەی گۆڕان و نەوشیروان مستەفا، هه‌ر بۆیه‌ش بەدیلی گۆڕان و نەوشیروان مستەفا ھەر گۆڕان و نەوشیروان مستەفایە.

ئەوەی ئەمڕۆ ڕووبەڕووی گۆڕان دەبێتەوە تەنھا لە بەرژەوەندی پارتی و یەکێتییە و خەڵکی داماو و بەشمەینەت لە ئامانجەکانیان دوردەخاتەوە.


وه‌ك چۆن لە رابردودا ئەو نمونانەمان بینى، بڕوام وایە کەسانێکی تریش خۆیان ئامادەکردوه‌ لە ھەڵبژاردنی ئایندەش بۆ چوار ساڵی تر لە بەرژەوەندی پارتی و یەکێتی ھەڵبژاردن یەکلابکەنەوە ئەگەر خەڵکی ووشیارتر نەبنەوە و دورنەکەونەوە لە شیعاری باق و بریقی بێکردار و دور لە ئامانجی گشتی.

دەبێت بزوتنەوەی گۆڕان زۆر وریایانە مامەڵە لەگەڵ دۆخەکەدا بکات، بەخێرایی چارەسەرى ھەندێک کەموکوڕی ناخۆی خۆی بکات، ھەر لە بنیاتنانه‌وه‌ی دەزگایەکی ڕاگەیاندنی تۆکمە و، ئازایانەتر و ڕوونتر قسەی خۆی بڵێت لەسەر گەندەڵی و ناكارایی حکومەتی ئێستای ھەرێم و هۆكاری ئه‌نجام نه‌دانی چاکسازی ڕیشەیی.

ئەرکی ھاوڕێیانی ڕەوانشاد نەوشیروان مستەفا بوە و دەبێت؛ ھیوا بۆ دڵسۆزانى بزوتنەوەکە دروست بكه‌نه‌وه‌.


هێشتا هیوا زۆره‌ بۆ هێنانه‌كایه‌ی گۆڕانكاریی ریشه‌یی، هه‌ر به‌و شێوه‌یه‌ی نه‌وشیروان مسته‌فا ئامانجی بو. پێویستمان به‌ خۆنوێكردنه‌وه‌ و دروست كردنه‌وه‌ی متمانه‌ و بڕوا هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ خه‌ڵك، بزوتنەوەى گۆڕان تاکە هێزێکە بتوانێ  سه‌رمه‌شقی هێنانه‌كایه‌ی بڕوا و ئامانجه‌كانی ئه‌و پیاوه‌ مه‌زنه‌ بێت.

703 جار خوێندراوەتەوە