رۆژى (۱۱)ی ئازار لیژنەی باڵای ڕووبەڕوو بونەوەی کۆرۆنا کۆبوەوەو
چەندبڕیارێکی دەرکرد ، کەیەکێکیان سنوردارکردنی کاری بازرگانی وهاوردەکردنە لەهەرسێ
دەروازەی باشماخ ــ پەروێزخان ــ حاجی ئۆمەران.
دیارە جگە لەم دەروازە فەرمیانە دەیان ڕێگەی لاوەکی و تولەڕێی
تر هەن، کە بەئاسانی هاتوچۆی پێدادەکرێت لەنێوان هەرێم و کۆماری ئیسلامی ئێران تەنانەت
کاڵا و شمەکی بەشێوازی قاچاغ لێوە هاوردەی هەرێم دەکرێت.
وە لەئێستادا ئێران بەیەکێک لەو وڵاتانە دادەنرێت کە ڤایرۆسی
کۆرۆنای بەشێوازێکی چڕوپڕ و بەرفراوان تێدابڵاوبۆتەوە، تەنانەت خەریکە بەتەواوی لەکۆنتڕۆڵکردن
دەردەچێت.
بۆیە پێویستە بەزوویی بیر لەداخستنی تەواوەتی و وەستانی
جموجۆڵی بازرگانی وهاتوچۆ لەو سێ دەروازەوە بدرێت، لانی کەمی تا (۱)ی نیسان
و دواتر و دوای چاودێریکردنی بارودۆخەکە بڕیاربدرێتەوە لەسەر سنوردارکردنی بازرگانی
تێیاندا.
هەروەها بەردەوام هەڵمەتی ڕشاندنی دژەڤایرۆسی کۆرۆنا لەو
شار و ناوچانەی کە ئەو سێ دەروازەیەى لێوە نزیکە؛ کە بریتین لە (پێنجوێن، کەلار، حاجی
ئۆمەران وچۆمان).
چونکە گەر ڕێوشوێنەکان هەربەم شێوازەبن لەو دەروازەو
ناوچانەی کە ئاماژەیان بۆکراوە، بەدڵنیاییەوە ئەگەری تەشەنەسەندن و بڵاوبونەوەی خێرای
ڤایرۆسەکە نزیکە و دواتر ناتوانرێت زاڵ ببین بەسەریداو لە کۆنتڕۆڵ دەردەچێت.
بۆیە وێڕای سوپاسی زۆر بۆ ئەو لیژنانەی لەو ناوچانە
دروستکراون لەئیدارەی شارەکان وتەندروستی و هێزە ئەمنیەکان بۆڕوبەڕوبونەوە و کۆنتڕۆڵکردنی
ڤایرۆسەکە، بەڵام چارەسەری یەکەم و کۆتاییش لەئێستادا بۆ بەرگرتنی زیاتر داخستنی تەواوەتی
و وەستاندنی هەموو جموجوڵێکی بازرگانی و هاتوچۆکردنە لەو سێ دەروازەفەرمیەی کە هاوسنوری
ڕۆژهەڵات (کۆماری ئیسلامی ئێران)ـەو توندکردنی دەروازە لاوەکیەکانیشە لەلایەن برایانی
پۆلیسی پاسەوانی سنور و هێزە ئەمنیەکانی تری ناوچەکان تاکاتێکی نادیار.
دەکرێت سود لە دەروازەی ئیبراهیم خەلیل وەربگیرێت دوای
داخستنی ئەو دەروازانە بەشێوەیەکی کاتی.
ڕاستە بەهۆی ئەوەی هەرێمی کوردستان هەرێمێکی تەواو بەکاربەر
و نابەرهەمهێنین و داخستنی سنور کاریگەری زۆر دەکاتە سەرجموجوڵی بازاڕ، بەڵام بۆئەم
قۆناغە و لەم کاتەدا پاراستنی ژیانی هاوڵاتیان و ڕێگریکردن لە بڵاوبونەوەی پەتاکە،
ئەرکی هەرە لە پێشینەی هەموو دەزگا و لیژنە پەیوەندیدارەکان و کۆی هاوڵاتیانی هەرێمی
کوردستانە.
ماوەتەوە بوترێت پێویستە لەپێناو پاراستنی ژیانی هەر تاکێکی
ئەم نیشتمانە، هەموو ڕێوشوێنێکی پێویست و تەنانەت ناچاریش بگیرێتەبەر، چونکە تەنها
چەکێکی بەهێز کە لە دەستماندابێت بۆ بەرەنگاربونەوەی ئەم پەتایە و هەر پەتایەکی تر،
خۆپارێزی و جێبەجێکردنی ڕێنماییە تەندروستیەکانە کە لەلایەنە فەرمی و پەیوەندیدارەکانەوە
دەردەچێت.
خوای گەورە خاک و خەڵکی کوردستان بپارێزێت لە هەموو
دوژمن و پەتا و نەخۆشیەکی سەردەم.
492 جار خوێندراوەتەوە