یاسای چاکسازی .. هەنگاوی یەکەم

ئەمرۆ پەرلەمانی کوردستان یاسای (چاکسازی لەخانەنشینی و مووچە و دەرماڵە و بەخشین و ئیمتیازاتەکانی دیکە)ی پەسەند کرد، یاساکە لە (۸) بەش و (۱۹) ماددە و (۹) لاپەرە پێک دێت.

ناوەرۆکی یاساکە


نازانم چەند هاوڵاتی بەدییقەت یاساکەی خوێندەوەتەوە و بریاری لەسەر داوە، بەڵام بەنسبەت من بەتەواوی باوەرەوە ئەم یاسایە بەهەنگاوێکی زۆر گرنگ دەبینم بۆ چاکسازی، لەبەر ئەم هۆکارانەی خوارەوە:

یەک: دەرچواندنی یاسایەک بەناونیشانی (چاکسازی) ئیعتیرافێکی زۆر سەریح و گرنگە لەلایەن رژێمەوە کەئەم نیزام و حوکومڕانییە بێ کەڵک بووە و پێویستی بەچاکسازییە.


دوو: یاساکە چاکسازی لەیەکێک لەسێکتەرە هەرە گرنگەکان کردووە ئەویش "فەسادە لەبواری وەزیفەی گشتی" کەلە (۲۸) ساڵی رابردوو، دوور لەهەموو نەریتێک وە لەپێناو دروستکردن و راگرتنی ئەندام و لایەنگر رژێم سڵی لەهیچ نەکردووەتەوە و ئەم بوارەی بەڕادەیەک بێ فەڕ کردووە، ئەستەم بوو چاکسازی تێدا ئەنجام بدرێت.


سێ: ئامانجەکانی یاساکە بریتیە لە (٤) خاڵ، لەدۆخی جێبەجێکردنی هەنگاوی جدییە بۆ بەرقەراکردنی دادپەروەری و کاڵکردنەوەی رەنگەکانی دوو ئیدارەیی و بەسستەم کردنی ئەم کەرتە.


چوار: بەپێچەوانەی ئەو کەشەی کەلە تۆرە کۆمەڵایەتییەکان بەرقەرارە، یاساکە کاری لەهەر یەک لەبوارەکانی (خانەنشینی، بواری شەهیدان، بواری ئەمنی، بواری زیاد لەمووچەیەک، دەرماڵەکان، ساڵانی خزمەت) کردووە.


چوار: لەمادەی دووەم لەیاساکە، مووچەی پلەبەرزەکان کەم و رێکخستوەتەوە، بەجۆرێک پلە و ساڵانی خزمەت و تەمەن و رۆڵ دەبینێت و لەنێوان (بیست لەسەد) بۆ (پەنجا لەسەد)ی جارانە.


پێنج: لەمادەی پێنجەمی یاساکە باس لە هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم پلەکانی (وەزیر، بریکاری وەزیر، راوێژکار، بەرێوەبەری گشتی) ئەو کەسانە دەکات کەئەو پۆستانەیان نەدیووە و بەساختە و لەپێناو مەحسوبیەت و مەنسوبیەت ئیمتیازیان پێدراوە، بەتەنها ئەم مادەیە کافییە بۆ ئەوەی پشتیوانی لەم یاسایە بکەم، چونکە لەماوەی هەردوو حوکومرانی دوو ئیدارەیی و یەکگرتوو بەدەیان بریار و فەرمان هەزاران ئەندامی بەشێک لەحیزبەکان پلە و مەنسەبیان پێدراوە بەناشایستە. ئەم یاسایە لەدۆخی جێبەجێکردنی کۆتایی بەم مەهزەلەیە دەهێنێت، ئەمە جگە لەوەی لەمادەی (شەش) راستکردنەوە بۆ ساڵانی تەمەن دەکرێت و ئەوەی بەناقانونی کاری بۆ کراوە راست دەکرێتەوە.


شەش: لەمادەی حەوتەمدا سەرجەم ئەو کەسانەی بەناشایستە تا ئێستا مووچەی شەهیدانە و ئەنفالکراوان و زیندانیانی سیاسی وەردەگرن کۆتایی پێ دێت.


حەوت: بەپێی لێدوانێکی پەرلەمانتارێک دەڵێت "زیاد لە (85.000) هاوڵاتی لەمووچەیەک زیاتریان هەیە"، ئەم یاسایە چارەسەری ئەو فەسادەی کردووە لەمادەی (8) لەیاساکە.


هەشت: بەشێکی دیکەی یاساکە بریتیە لەکۆکردنەوەی هێزە ئەمنییەکان لەچوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگە و دووبارە وردبینی کردن لەدۆسیەکان و مەرجەکان، هەروەها رێگەدان بەدیوانی چاودێری دارایی بۆ تەدیق کردن لەم کارە، جگە لەیەکخستنەوەی پاسەوانەکان لەیەکەی ژمێریاری وەزارەتی ناوخۆ.


نۆیەم: لەمادەی (یانزەیەم)یش باس لەرێکخستنەوەی هەژماری خزمەتی فەرمانبەران دەکات.


دەیەم: خاڵێکی هەر گرنگی ئەم یاسایە بریتیە لە (اثر رجعي) واتە تەنها بۆ داهاتوو نییە بەڵکو رابردووش دەگرێتەوە. (مادەی 16).


هەموو ئەم دەقانە کافی نین بۆ پشتگیری و پشتیوانی؟

چاکسازی


ئیسڵاحی سیاسی، ئابوری، کۆمەڵایەتی، پرۆسەیەکی درێژخایە، بەپێچەوانەی ئەو باوەڕەی کەئۆپۆزسیۆن لە (٢٠٠٩) دایهێنا و پێی وابوو بەخولێک یان دوو خول دەتوانێت پایەکانی رژێمێک کەبەراپەرین هاتووە بروخێنێت!

ئەمرۆ ئەو کەسانە کەبێ هیوا بوون لەگۆرانکاری و چاکسازی بزوتنەوەیەکی (پۆپۆلیزم)ییان دروست کردووە تیایدا تەواوی کار و گوفتار و رەفتاری هێزەکانی دەسەڵات رەتدەکەنەوە.
پۆپۆلیزم لەباشترین تاریفیدایە ئەوەیە چاکسازی بەیەک مەرج قەبوڵە کەخودی ئەو هێزانە ئەنجامی بدەن بەپێچەوانەوە نادروست و باتڵ و درۆیە.
ئەم ئینسانانە پێیان وایە یان چاکسازی یەکسەری یان هیچ، تاکە وەسیلەش بۆ گۆرانکاری بریتیە لە ئینقیلابی مەدەنی. لەلایەک پەروەردەمان دەکەن کەئەم هێزانە دیموکراسی نین بەخوێن هاتوون لەبەرامبەریشدا داوای دەنگمان لێ دەکەن لەکاتی هەڵبژاردنەکاندا چونکە پێیان وایە دەتوانن بەکەرەستەکانی دیموکراسی ئەم رژێمە رابماڵن!

رەتکردنەوەی یاساکە


من چەندە مافم هەیە یاساکە قەبوڵ بکەم تۆش ئەوەندە مافت هەیە رەتی بکەیتەوە، بەبێ ئەوەی تۆ تەخوین بکەم و پێم وا بێت لەکاروانی ئینسانیەت دوا کەوتویت، تۆش راستەخۆ من بەپیاوی رژیم ئەژمار بکە!
تۆ کەبریارت داوا یاساکە رەت بکەیتەوە، ئایا:
- یاساکەت خوێندوەتەوە؟
- ئایا دروستە تەواوی یاساکە تەنها لەمووچەی پەرلەمانتار بچوک بکەیتەوە؟
- ئایا مووچەی پەرلەمانتار بەپێی ئەم یاسایە کەکەم دەبێتەوە بۆ (بیست لەسەد) بۆ (پەنجا لەسەد)ی ئەوەی ئێستا، خراپە؟
- ئایا سەدان هەزار کەس بەنایاسایی مووچە وەردەگرن مووچەکانیان کۆتایی پێ دێت کارێکی خراپە؟

کاتێک ئینسان دەگاتە ئەم باوەڕەی چاکسازی ئامانجە، باوەرە، هێزی نەگۆڕە، ئەو کات تێدەگات هەنگاوێکی بچوک، ئومێدە و پێویستی بەپشتیوانییە نەک دژایەتی.

153 جار خوێندراوەتەوە