ساڵێک دوای سوێند خواردنی پەرلەمان

ساڵێک تێپەڕی بەسەر یەکەمین دانیشتنی خولی پێنجەمی پەڕلەمانی کوردستان و هەروەها پەرلەمان لە (۱٠ / ۷ / ۲٠۱۹)،بەپێی ئەو ڕێکەوتنە سیاسییەی لیستە براوەکانی هەڵبژاردنەکانی کوردستان لەسەری ڕێکەوتبوون، متمانەی بەخشییە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان.

وەک ئەندامێکی پەڕلەمانی کوردستان بەگرنگی دەزانم چەند خاڵێک لەسەر ئەدای پەرلەمان و حکومەت لەدوای دەستبەکاربونیان بخەمە ڕوو، بەتایبەت لەم هەلومەرجە سیاسییە دژوارەدا کە عێراقی پێداتێپەڕدەبێت.

پێویستە بە جدییەتەوە کار بکرێت بۆ چاکسازیکردن و جێبەجێکردنی بەڵێنەکان کەلەکارنامەی حکومەتدا هاتوون لەپێناو سەقامگیری و پاراستنی هەرێمی کوردستان و دەسکەوتەکانی.
ئەرکی پەرلەمانی کوردستان یاسادانان و چاودێری کردن و پەسەندکردنی بودجەیە.

۱.پەیوەست بە یاسادانان ئەگەر بەراوردی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان بکەین بەخولی چوارەم کەمترین یاسا دەرچوە کە لە پێناو بەرژەوەندی گشتیدا بێت و یاسای چاکسازی هەتاوەکو ئێستا نەهاتۆتە پەرلەمانی کوردستان.

۲.پەیوەست بە چاودێری کردن کەمترین وەڵامی پرسیار و بەدواداچونەکانمان دەدرێتەوە چ لەسەر ئاستی لیژنە هەمیشەییەکان و چ لەسەر ئاستی ئەندامانی پەرلەمان.

۳.پەیوەست بە پەسەندکردنی بودجە  بەپێی ماددەی ۹٨  بڕگەی یەکەمی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان، دەبێت سەرەتای مانگی تشرینی یەکەمی هەمووساڵێک پڕۆژەی بودجە بێت بۆ گفتوگۆ و موناقەشە و نەهاتوە.

هەروەها بە لەبەرچاوگرتنی کاری ئەم چەند مانگەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان.

۱.سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران لە دوای دەسبەکاربونیەوە نەهاتۆتە پەرلەمانی کوردستان.

۲.کەمترین وەزیر هاتۆتە پەرلەمانی کوردستان و سەردانی لیژنە تایبەتمەندەکانیان کردووە.

۳.وادەی یاسایی هەریەک لە دەستەی دەستپاکی و داواکاری گشتی و چاودێری دارایی و مافی مرۆڤ تەواو بوە.

 ئێمە جەخت لەوە دەکەینەوە کە حکومەتی هەرێم بەرهەمی گفتوگۆو ڕێکەوتنی لایەنەکانەو پێویستە حکومەت ڕێکەوتنە سیاسییەکان، کە لەدوای چەندین گەڕی دانیشتن و گفتوگۆ  لەچوارچێوەی یاساکانداھاتووەتە ئاراوە، جێبەجێ بکات. جێبەجێکردنی ئەم ڕێکەوتنانەش متمانە لەنێوان لایەنەکاندا پتەو دەکات و وادەکات کاروباری حکومەت لەسەر بنەما دروستەکە بڕوات بەڕێوە کە ئەمەش لەبەرژەوەندیی خەڵکی کوردستاندایە.

 


*ئاشنا عەبدوڵا
ئەندامی پەرلەمانی کوردستان

2285 جار خوێندراوەتەوە