دوا بەدوای تەواوبوونی کاتی پێشکەشکردنی داخوازینامەی فێرخوازانی دەرچووی پۆلی 12 بۆ وەرگیرانیان لە زانکۆو پەیمانگەکانی حکومی، لە ئێستادا فێرخوازان چاوەڕوانی هاتنەوەی ناوەکانیانن، لەو (51933) فێرخوازەی دەرچووی ئەمساڵ پۆلی 12 ی ئامادەیی، تەنها (24784) فێرخواز لەبەیانیانی ئاسایی بێ پارە وەردەگیرێن، واتا رێژەی (47.7%).
کە بێگومان ئەمساڵیش ڕێژەیەکی زۆری فێرخوازان وەرناگیرێن، ئەوەی من دەمەوێت تیشکی بخەمە سەر لەهەمان کاتدا هۆکارێکە بۆ ئەوەی رێژەی وەرگیران بەو رێژەیە کەم بێتەوە، سیستەمی پارالێڵە.
سیستەمی پارالێڵ یهكێكە لهو سیستەمانەی کە فێرخوازانی دەرچووی پۆلی 12 ی ئامادەیی پێ وهردهگیرێت لە زانکۆ و پەیمانگەکان، خوێندنەکە لە بەیانیانە و لەهەمان کاتدا برە پارەیەک لە فێرخوازەکە وەردەگیرێت لەبەرامبەریشدا فێرخوازەکە لەشوێنێکی باشتر وەردەگێرێت، ئەو چەند سەرنجەی خوارەوە بە پێویستی دەزانم باسی لێوە بکەم.
1.سیستەمی پارالێل نزیکەی دە ساڵێکە هاتۆتە ناو سیستەمی وەرگیرانی فێرخوازان لە زانکۆ و پەیمانگەکان، لە سەرەتادا رێژەکەی لە (10%) پلانی وەرگرتن تێنەدەپەری، کە ئەویش زیاتر بۆ ئەو کەسانە بوو کە تەمەنیان لە پێوەری ئاسایی تێپەڕی بوو، بەڵام دواتر ساڵ بە ساڵ رێژەکەی زیادکرا.
کە له ئەمساڵدا به گوێرهى ڕێنماییه فهرمیهكانى وهزارهتی خوێندنی باڵا كه بڵاویان كردۆتهوه ڕێژهى وەرگرتن بۆ خوێندن بۆ ئەم سیستهمه بریتییه له (40%)بۆ سهرجهم كۆلێژهكان، وه (50%) بۆ سهرجهم پهیمانگهكان لە پلانی وەرگرتن، کە مەترسی ئەوەش دەکرێت لە داهاتوودا رێژەکەی بەرزتر بکرێتەوە.
2. رێژەی وەرگرتنی فێرخوازان لە خوێندنی بەیانیانی بێ پارە کەمی کردوە بەبەراورد بە ساڵانی رابردوو، چونکه لە دوای ساڵی (2010)ەوە زۆربەی ساڵەکان رێژەی وەرگرتن لە نێوان (30,000 بۆ 35,000) فێرخواز بوە، بۆیە جێگەی سەرسوڕمانە ئەمساڵ لە جیاتی زیاترکردنی رێژەکە، کەچی کەمتر بووە.
ئەو داتایانەی کە بەفەرمی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بڵاوی کردیتەوە ئەمساڵ پلانی وەرگرتنی بەیانیانی ئاسایی بێ پارە (24,784)کورسیە لە کۆی (51,933) کورسی.
3.ساڵ بەساڵ کۆلیژی نوێ و پسپۆری نوێ لە زانکۆ و پەیمانگەکان و تەنانەت زانکۆی نوێش زیاد بووە بۆیە پێویست بوو رێژەی وەرگرتن زیاتر بکرێت نەک کەمتر بکرێتەوە .
4. دەوترێت ئەو کورسیانەی تەرخانکراون بۆ پارالێل زیادەی کورسی پلانە و هیچ پەیوەندی بە پلانی وەرگرتنی سەرەکی نیە، لەبەرامبەردا قوتابی مافی خۆیەتی بپرسێت بۆ ساڵانی پێشوو پلانی وەرگرتن لە سەرووی 30,000 کورسی بوو، بۆ ئەم ساڵ لە 24 هەزار تێ پەڕناکات؟
با بەزمانێکی سادەی بیرکاریانە قسە بکەین:
ئەگەر بەشێکی پەیمانگە لە پلانی وەرگرتن 100 کورسی دانابێت، ئەوا لەهەمان کاتدا 50 کورسی بۆ پارالێل داناوە، ئەگەر هەموو 50 کورسیەکەی پارالێل داواکاری لەسەر بوو، کەواتە ئێستا ئەو بەشە پلانی گشتیەکەی بوویتە 150 کورسی، واتا لە توانای دایە هەر 150 کورسیەکە لەخۆ بگرێت، کەواتە دەپرسین ئەگەر پارالێل لە سیستەم دا نەبێ دەبێت ئەو بەشە بۆ پلانی وەرگرتن لەجیاتی 100 کورسیەکەی پێشوو 150 کورسی بنێرێت.
کەواتە ئەو پلانەی پێشووی وەرگرتن پلانی ڕاستەقینە نیە، بەڵکو پلانە گشتیەکە پلانی ڕاستەقینەیە کە پێکهاتووە لە بەیانیانی ئاسایی واتە بێ پارە لەگەڵ بەیانیانی (پارالێل) واتە بە بەپارەکان، بۆیە کارکردن بەو سیستەمەی پارالێل زەنگێکی مەترسیدارە بۆ فێرخوازانێک لە دوای 12 ساڵ خوێندن و شەونخونی بەناچاری ناتوانێت خوێندنەکەی تەواو بکات.
5.دەوترێت پارالێل یارمەتی فێرخوازانە بۆ ئەوەی بەدوای زانکۆ و پەیمانگە ئەهلیەکان نەگەڕێن بۆ ئەو بەشەی کە ئارەزووی لێیەتی، و زانکۆی حکومی باشترە لە ئەهلی، ئەو قسانە هەتا حەدێک تەواو بوون ئەگەر هاتبایە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی زانکۆیەکی تایبەتی بە هەموو پێداویستیەکانی دابینکردبا بە وەرگرتنی پارالێل، نەک لە سەر کورسی بەیانیان، یان دەیتوانی بینای نوێی لە کۆلیژ و پەیمانگەکان دروستکردبا بە هەموو پێداویستیەکانی خوێندن بۆ ئەو سیستەمە.
بۆیە ناکرێت کورسیەکانی بە خۆڕایی خوێندنی بەیانیانی ئاسایی پێشوو بە منەت بەقوتابیان بفرۆشرێتەوە بە ناوی پارالێل.
6. بەپارەکردنی خوێندن پێچەوانەی دەستووری عێراقە، کە لە ماددەی 34 لە برگەی دووەم ئاماژەی پێدەکات و دهڵێت: (التعلیم المجانى حق لكل العراقیین فى مختلف مراحله)، لە پەرلەمانی کوردستانیش هیچ یاسایەک دەرنەچووە ئاماژەو رەوایەتی بە خوێندنی پارالێڵ بدات، من زیاتری لەسەر نانووسم و جێی دەهێڵم بۆ پەرلەمان و داواکاری گشتی و شارەزایانی یاسایی، لەو بارەیەوە پێویستە قسەو هەڵوێستی جددیان هەبێت.
7. له ئهنجامى وهرنهگیرانى ڕێژهیهكى زۆرى فێرخوازان له زانكۆ و پهیمانگهكانى حكومى، بێ هیوایى و كێشهیهكى زۆر بۆ قوتابیانى ههژار و كهم دهرامهت دروست دهكات، چونكه لەلایەک لە بەیانیانی بێ پارە وەرنەگیراون، لەلایەکی تریش نەیانتوانیوە سیستەمی پارالێل هەڵبژێرن لەبەر خراپی باری داراییان.
8. پارالێل بە ناڕاستەوخۆ خزمهت به گەرمکردنی بازاڕى زانكۆ و پهیمانگه ئههلیهكان دهكات، چونكه زانكۆیهكى ئههلى بەهەمان نمرە لە بەشێکی باشتر بەبەراورد بە زانكۆ و پهیمانگهكانى حكومى فێرخوازەکە وەردەگرێت.
9.دیوێكى تری ئهو سیستهمه بریتیە لە دروستكردنى كێشهى دهروونى و تێکدانی پهیوهندیهكان له نێوان ئهو فێرخوازانەی كه به نمرهى خۆیان وهرگیراون لهبهرامبهر ئهو قوتابیانهنى كه به پاره وهرگیراون، تۆوى رق و كینه دهچێنێت، چونكه ڕۆژانه له یهك هۆڵ و له یهك شوێن پێكهوه دهخوێنن و خۆیان وەك دوو گروپی جیاواز دێتە پێش چاو.
10. ئهم سیستمه جارێكى دیكه بارى دارایی خانەوادەی فێرخوازان قورستر دهكات.
11.دەبێت ئەوەش بڵێین کە پارالێل دەکرێت بەرێژەیەکی کەم جێگیر بکرێت، بەشێوەیەک لە (10%) پلان تێنەپەرێت.
2168 جار خوێندراوەتەوە