ده‌وڵه‌تی ئه‌رمینیا و ده‌وڵه‌تی كوردستانی: ناسه‌قامگیریی و كتوپڕی مێژوویی و گۆڕینی تراژیدیا بۆ ده‌رفه‌ت
ئالان عه‌توف
زۆر جار ده‌بیستین كه خاكی كوردستانی له‌ناو چوار ووڵاتی دژدا قفڵ بووه و ده‌رچه‌ی نییه و به‌نده‌ری له‌سه‌ر هیچ ئاو و ده‌ریایه‌ك نییه. بۆیه ئیتر هیچ هیوایه‌كی نییه بۆ به ده‌وڵه‌ت بوون، له كاتێكدا ووڵاتێكی وه‌ك ئه‌رمینیا هه‌مان دۆخی جیۆپۆله‌تیكی ئێمه‌ی هه‌بووه و له‌سه‌ر ده‌ریا نییه و چوارده‌وه‌ری گیراوه به توركیا، جۆرجیا، ئازه‌ربایجان و ئێران كه لانی كه‌م دووان له‌و ووڵاته‌نه هه‌میشه دژی بوون. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا له هه‌لومه‌رجێكی مێژوویی‌دا، شلۆقی و ناسه‌قامگیری مێژوویی و جیۆپۆله‌تیكی قوسته‌وه و تراژیدیای میلله‌ته‌كه‌ی وه‌رگێڕا بۆ ده‌رفه‌ت و توانی پشت به‌خۆی ببه‌ستێت و پشگیری نێوده‌وڵه‌تی – به تایبه‌ی پشتگیری خۆرئاوا – به‌ده‌ست بهێنێت و له سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیسته‌مدا و له‌ناو خاكێكی كڵۆم دراودا میلله‌ته‌كه‌ی توانی ده‌وڵه‌تێك بۆ خۆی به‌ده‌ست بهێنێت. به‌ڵام چۆن و به چ ڕێگایه‌ك
ئه‌م هۆكارانه‌ی خواره‌وه بوونه كارای یاریده‌ده‌ر بۆ دروستبوونی ده‌وڵه‌تی كڵۆمدراوی ئه‌رمینیا كه دۆخی جوگرافی و جیۆپۆله‌تیكی زۆر له كوردستان ده‌چێت:
یه‌كه‌م: كه‌وتنی سیستمه ئیمبراتۆریهكانی ناوچه‌كه
بۆ چه‌ندین سه‌ده، ئه‌رمه‌نه‌كان له‌ژێر سیسته‌می ئیبمراتۆریهكانی وه‌ك ئیمبراتۆریه‌تی عوسمانی و ڕووسیدا ژیان، به‌ڵام جه‌نگی جیهانی یه‌كه‌م بووه هۆی كه‌وتنی هه‌ردوو ئیمبراتۆریهتهكه. له ساڵی ١٩١٧ دا، شۆڕشی ڕووسیا بووه‌ی هۆی هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ئیمبراتۆری ڕووسی له ناوچه‌ی قه‌فقاز و ئه‌مه‌ش بووه‌هۆی دروستبوونی (بۆشایی هێز) به‌شێوه‌یه‌كی كتوپڕ. كتوپڕیی توخمێك و سیفه‌تێكی دووباره بووه و زۆرگرنگی مێژووه. له‌ناوچوونی ئه‌م مۆدێلانه‌ی حوكمڕانی له‌و ناوچه‌یه‌دا پێشمه‌رجێكی پێویست و ڕێگه‌خۆشكه‌ر بوو بۆ دروستبوونی ده‌وڵه‌تی ئه‌رمینیا چونكه بووه‌هۆی نه‌هێشتنی بونیاده ئیمپراتۆرییه‌كان كه ڕێگری سه‌ره‌كی بوون بۆ ده‌وڵه‌تی ئه‌رمه‌نی.
دووه‌م: قه‌تڵوعامی ئه‌رمه‌نه‌كان و لێكپچڕانی دیموگرافی
جینۆسایدی ئه‌رمه‌نه‌كان له نێوان ١٩١٥ – ١٩١٧ دا، به ته‌واوه‌تی سیاقه سیاسیه‌كه‌ی گۆڕی. قه‌تڵوعام و ڕاگواستنی ئه‌رمه‌نه‌كانی ناو ئیمبراتۆریه‌تی عوسمانی چانسی سه‌لامه‌تی و ئۆتۆنۆمی ئه‌رمه‌نه‌كانی له‌ناو ئیمبراتۆریه‌تی عوسمانی‌دا نه‌هێشت. (بۆیه ڕزگاربووان و سه‌ركرده سیاسییه ئه‌رمه‌نه‌كان هیچ بژارده‌یه‌كیان بۆ نه‌مایه‌وه ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی خۆیان نه‌بێت وه‌ك تاكه بژارده‌یه‌ك بۆ ژیانكرنێكی پڕ كه‌رامه‌ت و سه‌لامه‌ت. له كاتێكدا جێنۆساید كردن به ته‌نیا نه‌بووه هۆی دروستبوونی ده‌وڵه‌ت به‌ڵام بووه هۆكاری ڕاكێشانی سه‌رنجی نێوده‌وڵه‌تی بۆ دۆزی ئه‌رمینیا و كه‌یسێكی ئه‌خلاقی بۆ دروستكردن كه دواتر ده‌ره‌نجامی دیبلۆماسی گرنگی لێكهوتهوه.
سێهه‌م: ئه‌زمونكردنی دهوڵتێكی كورتخایه‌ن
پاش كشانه‌وه ڕووسه‌كان له ناوچه‌ی قه‌فقاز، هه‌رسێ ووڵاتی ئه‌رمینیا و جۆرجیا و ئازه‌ربایجان سه‌ره‌تا له ١٩١٨ دا ڕێكخستنێكی سیاسی هاوبه‌شیان ئه‌نجامدا و ناویان لێنا كۆماری فیدراڵی دیموكراتی ترانز-قه‌فقازیا. به‌ڵام له ماوه‌ی چه‌ند مانگێكدا به‌هۆی ناكۆكیی ناوخۆیی و فشاری ده‌ره‌كی عوسمانییه‌كانه‌وه شكستی هێنا. شكستی ئه‌م هه‌وڵه زیاتر پاڵی به ئه‌رمه‌نه‌كانه‌وه نا خۆیان به ته‌نها به‌ره‌و دروستكردنی ده‌وڵه‌ت بڕۆن.
چواره‌م: به‌رگریی سه‌ربازی و كۆنترۆڵكردنی خاك
له ئایاری ١٩١٨ دا، هێزه‌كانی ئه‌رمینیا سه‌ركه‌وتووانه توانییان له چه‌ندین شه‌ڕدا دژی هێرشی عوسمانییه‌كان بووه‌ستنه‌وه و به‌رخۆدان بكه‌ن. ئه‌م سه‌ركه‌وتنانه زۆر زۆر گرنگ بوون چونكه بوونه مایه‌ی هێشتنه‌وه‌ی چه‌ندین ناوچه و خاكی ده‌وروبه‌ری یه‌ریڤان كه ئه‌رمه‌ن نشین بوون، هه‌ر وه‌ك چۆن ڕۆژاڤا و باشوور هێشتا له‌هه‌وڵی هه‌ندێ ناوچه‌ی خۆیاندان كه كورد نشینن. به‌بێ به‌رگری و به‌رخۆدانی سه‌ربازی، هیچ بناغه‌یه‌كی هه‌رێمی و بوونی خاك بۆ ده‌وڵه‌ته‌كه‌یان دروست نه‌ده‌بوو.
ڕاگه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆی ئه‌رمینیا – ١٩١٨
ڕۆژی ٢٨ ی ئایاری ١٩١٨، سه‌ركرده‌كانی ئه‌رمینیا یه‌كه‌م (كۆماری ئه‌رمینیا)یان ڕاگه‌یاند. ده‌وڵه‌ته‌كه بچووك بوو و له ڕووی ئابووریه‌وه دۆخی باش نه‌بوو و ژماره‌یه‌كی زۆر ئاواره‌ی له‌خۆ گرتبوو (هه‌روه‌ك چۆن هه‌رێمی كوردستان له دوای ڕووخانی سه‌دام و جه‌نگی داعشه‌وه ملیۆنان ئاواره‌ی ناوخۆیی و ده‌ره‌كی له‌خۆ گرتن و ڕۆژاڤاش هه‌نووكه ئاواره‌كانی عه‌فرین و گرێ سپی و شاره‌كانی دی له حه‌سه‌كه له‌خۆ گرتووه. به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌شدا، ئه‌رمینیا وه‌ك قه‌واره‌یه‌كی سه‌ره‌ور خۆی سه‌پاند. ڕاگه‌یاندنه‌كه كۆتایی پرۆسه‌كه نه‌بوو به‌ڵام سه‌ره‌تای تێوه‌گلانێكی نێوده‌وڵه‌تی بوو.
به‌ده‌ر له‌و خاڵه سه‌ره‌كییانه‌ی سه‌ره‌وه، ئهرمینینا نه‌وه‌ستا لهههوڵەكانی. ده‌ستی كرد به دیبلۆماسیه‌تی نێوده‌وڵه‌تی و به‌ده‌ستهێنانی دانپێدانانی نێوده‌وڵه‌تی پاش جه‌نگی جیهانی یه‌كه‌م. پرسی ئه‌رمینیا له دیدارە نێوده‌وڵه‌تییه‌كاندا تا ڕادده‌یه‌ك چاره‌سه‌ر كرا له‌وانه‌ش له كۆنفرانسی ئاشتی پاریس. هه‌روه‌ها په‌یماننامه‌ی سیڤه‌ریش (١٩٢٠) دانی به ده‌وڵه‌تی ئه‌رمینیادا نا. دواتر له‌گه‌ڵ دروستبوونی یه‌كێتی سۆڤیه‌تدا (١٩٢٠)، ئه‌رمینیا بووه به‌شێك له سۆڤیه‌ت. هه‌رچه‌نده ئه‌مه بووه مایه‌ی كۆتایی یه‌كه‌م كۆماری ئه‌رمینیا به‌ڵام تایبه‌تمه‌ندی خاك و ئیداره‌ی خۆی له‌ناو یه‌كێتی سۆڤیهتتهدا پاراست (هه‌روه‌ك چۆنی هه‌رێمی كوردستانی باشوور له ١٩٩١ ه‌وه سه‌رباری هه‌موو فشاره‌كان توانی داموده‌زگاكانی بپارێیزێت و له دوای ڕژێمی به‌عسیش توانی هه‌رێمی كوردستان بكاته ههڕێمێكی ده‌ستووری به‌هێز). به پێچه‌وانه‌ی هه‌نێ میلله‌تانی بێ ده‌وڵه‌ته‌وه، ئه‌رمه‌نه‌كان داموده‌زگاكانیان و سنووره‌كان و دانپێدانانی نێوده‌وڵه‌تی خۆیان وه‌ك كۆمارێك له‌ناو سیستمێكی فیدارڵی یه‌كێتی سۆڤیه‌تدا پاراست. له دوای كه‌وتنی یه‌كێتی سۆڤیه‌ت له ١٩٩١دا، ئه‌رمینیا زۆر به ئاسانی توانی وه‌ك ده‌وڵه‌تێكی سه‌ربه‌خۆ سه‌رهه‌ڵبداته‌وه به‌شێكی زۆری له‌به‌رئه‌وه‌بوو كه بوونی خۆی وه‌ك یه‌كه‌یه‌كی سیاسی خاوه‌ن سنوور و دام و ده‌زگا هێشته‌وه.
دوا خاڵ كه تا ڕادده‌یه‌كی باش هاوكاری خۆرئاوا و ئه‌مریكای بۆ ئه‌رمینیا به‌ده‌ست هێنا ئه‌وه‌بوو كه وا لێكدهدرایهوه كه ئه‌رمه‌نه‌كان مه‌سیحین و چه‌وساوه‌ی ژێر ده‌ستی حوكمڕانییه‌كی ئیسلامی بوون له سه‌رده‌می عوسمانییه‌كاندا. بۆیه ئه‌مه بووه دروستبوونی هاوسۆزی خۆرئاوا و ئه‌مریكا له‌سه‌ر ئاستی حكومه‌ت و جه‌ماوه‌ر. له ئه‌مریكا به نموونه، كۆمه‌كی داراییان بۆ ئه‌رمینیا كۆكرده‌وه و هاوكاری ده‌زگا ئایینی و ڕێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نیان كرد. (ئه‌مه‌ش دووباره هاوسۆزی ووڵاتانی خۆرئاوامان بیرده‌خاته‌وه بۆ كوردستان له له‌دوای ١٩٩١ و ٢٠٠٣ هو هاوسۆزی خۆرئاوایی له ڕووی هاوكاری مرۆییه‌وه بۆ هه‌رێمی كوردستان دروست بوو و له ڕێگه‌ی ڕێكخراوه نێوده‌وڵه‌تییه‌كانه‌وه دهگهینرایه ئاواره‌كانی نیشته‌جێی هه‌رێمی كوردستان).
گه‌ر سه‌یری دۆخی كوردستان بكه‌ین، هه‌موو ئه‌و خه‌سڵه‌ت و هه‌لومه‌رجانه‌ی تێدایه كه ئه‌رمینیا تێیدا هه‌بووه و له‌سه‌ره‌وه ئاماژه‌مان پێداون. وه‌ك ئه‌رمینیا، هه‌موو پارچه‌كانی كوردستان له‌ڕووی جیۆپۆله‌تیكییه‌وه كڵۆم دراون و له ئێستادا ناگه‌نه سه‌ر ده‌ریا. وه‌ك ئه‌رمینیا، كوردستانی باشوور به جێنۆسایدی سه‌رده‌می ئه‌نفالدا ڕۆشتووه و كیمیا باران كراوه. پارچه‌كانی تریش به‌رده‌وام له‌لایه‌ن ڕژێمه‌كانی ئه‌نكه‌را و تاران و دیمه‌شقه‌وه قه‌تڵ و عام كراون.
سیاقه جیۆپۆله‌تیكی و نێوده‌وڵه‌تیه‌كه‌ی ئێستای كوردیش خه‌سڵه‌تێكی هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ كه‌یسی ده‌وڵه‌تی ئه‌رمینیادا هه‌یه. جه‌نگی دژی تیرۆر و به تایبه‌تیش دژ به داعش كۆتایی نه‌هاتووه. دوو دەوڵه‌تی مه‌ركه‌زی ناوچه‌كه (عێڕاق و سوریا) كه‌وتن و له باشترین سیناریۆدا ناتوانن ببنه‌وه به ده‌وڵه‌تی مه‌ركه‌زی به‌هێز. ئێرانیش، گه‌ر له‌م چه‌ند ڕۆژه‌دا لێشی نه‌درێت، به‌ره‌و ئه‌وه ده‌چێت كه ده‌وڵه‌تێكی لاواز بێت و به‌هێزی كوردستانی ڕۆژهه‌ڵاتیش دێته ئاراوه.
باسم له‌مانه كرد چونكه كێشه‌ی هه‌میشه‌یی بزووتنه‌وه كوردییه‌كان له هه‌موو پارچه‌كاندا هه‌میشه به‌هێزیی سیستمی ده‌وڵه‌ت-نه‌ته‌وه‌ی جیهانیی بووه و هه‌میشه له‌سه‌روو هه‌موو شتێكه‌وه بووه. به‌ڵام هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌م ده‌وڵه‌ت-نه‌ته‌وانه‌ی ناوچه‌كه له سێ ده‌یه‌ی ڕابردوودا بووه شتێكی حه‌تمی له‌به‌ر ئه‌وه‌ی مۆدێلی خوێن‌ڕێژ و سته‌مكار و داگیركا‌ر و دهستێوهردهریان لێوه دروستبوو. به نموونه: عێڕاقی به‌عس كوردی كیمیا باران كرد و كوێتی گرت و دژایه‌تی ئیسرائیلی ده‌كرد، سوریای به‌عس كورد و كه‌مینه‌كانی تری قهتڵو عام كرد و دژایه‌تی ئیسرائیلی ده‌كرد، ئێرانیش ئاشكرایه كه ده‌ستێوه‌ردانه‌كانی چین له ناوچه‌كه‌دا. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ئه‌م سیانه كاتی خۆی ده‌وڵه‌ت-نه‌ته‌وه‌ی به حساب به‌هێزبوون، به‌ڵام سیستمه جیهانییه‌كه چی دی ئه‌م ڕژێمانه‌ی پێر هه‌رس نه‌كرا و به هه‌موو هه‌ڵه‌كانیانه‌وه پشتگیری له ڕووخانی ئه‌و ڕژێمه مه‌ركه‌زیه داپڵۆسێنه‌رانه کرد. توركیا، كه هێشتا ده‌وڵه‌تێكی به‌هێزه و ئه‌ندامی ناتۆیه، زۆر دوور نییه به‌هۆی سیاسه‌تی ئیخوانی و پشتگیریه‌كانی بۆ جووڵه ڕادیكاڵهكانی ناوچه‌كه له‌مه‌ودای مامناوه‌نددا لاواز نه‌بێت ئه‌گه‌ر سیاسه‌تی خۆی نه‌گۆڕێت.
ئه‌گه‌ر هاوچه‌شنییه‌كی تری گرنگ باس بكه‌م له‌نێوان ئه‌رمینا و كوردستاندا، كه له‌وانه‌یه له هه‌موویان گرنگتر بێێت، ئه‌وه‌یان ده‌بێت كه كورد له به‌ره و له‌سه‌ر سنووری جه‌نگه له‌گه‌ڵ تیرۆردا له‌وانه‌ش داعش و هه‌موو فۆرمه‌كانی تری تیرۆر. باسمان له‌وه‌كرد كه فاكته‌رێكی به‌ده‌ستهێنانی سه‌رنجی نێوده‌وڵه‌تی ئه‌وه‌بوو كه ئه‌رمه‌نه‌كان جڤاتێكی مه‌سیحی چه‌وساوه بوون كه بووه فاكته‌رێك به‌ده‌ستهێنانی هاوسۆزی ووڵاتانی خۆرئاوا. به هه‌مان شێوه جه‌نگی كورد دژی تیرۆر و داعش له كوردستانی باشوور و ڕۆژاڤا، بووەتە جیێ سه‌رنجی هه‌موو ووڵاتانی خۆرئاوا به میلله‌ت و حكومه‌ته‌كانیانه‌وه. ئه‌م سیفه‌ته‌ی كورد ڕاستییه‌كه كه هیچ ووڵاتێك ناتوانێت ده‌ستبه‌رداری بێت سه‌رباری گۆڕانیی كاتیی سیاسه‌تی حكومه‌ته‌كانیان به‌رامبه‌ر به كورد چونكه هه‌ڕه‌شه‌ی تیرۆری جیهانی له سنووره‌كانی كوردستاندا كۆنترۆڵ ده‌كرێت و نایه‌ڵێت ببێته هه‌ڕه‌شه‌یه‌ك بۆ ئاساییشی نیشتمانی جیهان و ئه‌وروپا و ئه‌مریكا. وه‌ك له چه‌ند ڕۆژی پێشوودا بینیمان، سیاسه‌تی توركیا و قه‌ته‌ر و سعودیه و سوریای نوێ و ئه‌مریكا به جۆرێك گۆڕا كه خه‌ریك بوو ڕۆژاڤا بكه‌وێته ژێر هه‌ڕه‌شه‌ی نه‌مانه‌وه، به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كورد هێزێكه ناتوانی چی دی ده‌ستبه‌رداری ببیت، كۆنگرێسی ئه‌مریكا دۆخه‌كه‌ی ئاوه‌ژوو كرده‌وه و پشتگیری ته‌واوی بۆ كورد پیشاندایه‌وه.
بۆیه كه‌وتنی سێ دوڵه‌تی مه‌ركه‌زی به‌هێزی (عێڕاق، ئێڕان، سووریا)، و ئاماده‌یی و سه‌ركه‌وتنی كوردان بۆ قوربانیدان له جه‌نگی دژی داعش و تێكشكاندنیان، و تراژیدیاكانی كورد، و دیبلۆماسییه‌تی جیهانیی كورد، و پاراستنی سنووره‌كانی خۆی، و ئه‌زموونكردنی حومڕانیی فیدراڵی و بیناكردنی دامودزگاكان وه‌ك ئه‌رمینیا هه‌مان فاكته‌ره لێكچووهكانن كه كورد ئه‌خاته سه‌ر ڕێچكه‌یه‌ك به‌ره‌وه به ده‌وڵه‌ت بوون. له‌مانه‌ش گرنگتر خه‌ریكه شههیهیهك له‌ناو ناوه‌نده‌كانی بڕیاری جیهانیدا دروست ده‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی به یاسایی كورده‌كان بپارێزن و پشتگیریان بكرێت له‌وانه‌ش (بڕیاری ٦٨٨ ی ساڵی ١٩٩١ بۆ پاراستنی كوردانی عێڕاق، ڕه‌شنووسی یاسای پاراستنی كوردانی ڕۆژاڤا كه كۆنگرێسی ئه‌مریكا ئێستا سه‌رقاڵێ دهركردنییهتی، دانانی ته‌رخانكراوی پاره‌ی ڕاهێنان و مووچه‌ی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه له باشوور و ڕۆژاڤا له‌ناو یاسای به‌رگری نیشتمانی ئه‌مریكا كه به (NDAA) ناسراوه و هتد).
سه‌رباری ئه‌وه‌ی هێشتا سیستمه نێوده‌وڵه‌تییه‌كه دژی ئه‌وه‌یه كه پێیی ده‌ڵێن (جوداخوازیی - separatism)، به‌ڵام به ڕای من ئه‌م سیستمه - كه به‌رهه‌می نه‌زمی جیهانگیریی دوای جه‌نگی جیهانی دووه‌مه - به‌ره‌و لاواز بوون ده‌چێت و كێڵگه‌یه‌كی نیمچه به‌پیتی به‌رهه‌مهێناوه بۆ كورد تۆی ده‌وڵه‌تی خۆی تیا بچێنێت. گه‌ر بیرمان بێت، زۆربه‌ی سه‌ركرده‌كانی خۆرئاوا له كۆڕبه‌ندی داڤۆس وه‌ك سه‌رۆك وه‌زیرانی ئه‌ڵمانیا و كه‌نه‌دا هه‌موویان ئاماژه‌یان به لاوازی ئه‌و سیستم و نه‌زمه جیهانییه‌ی جیهانگیریی دا به‌هۆی سیاسه‌تی فراوانخوازیی دۆناڵد تره‌مپی سه‌رۆكی ئه‌مریكا و ئاره‌زووی بۆ نه‌گه‌ڕانه‌وه بۆ نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان و ناتۆ له ده‌ستێوه‌ردان له ووڵاتانی خاوه‌ن سه‌روه‌ریدا. بۆیه به پێچه‌وانه‌ی زۆربه‌ی توێژه‌ران، من ڕام وایه نه‌خشه‌ی به‌ستووی سه‌پێنراوی سه‌ده‌ی بیستی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به‌ره‌و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه ده‌چێت و جه‌نگی دژی تیرۆر و داعش ده‌رفه‌تێكی زۆر گه‌وره‌یان به كورد و سه‌ركردایه‌تییه‌كه‌ی به‌خشیوه كه لانی كه‌م ده‌ست بكه‌ن به دانانی ده‌وڵه‌تسازی و به ده‌وڵه‌ت بوون وه‌ك ئامانجێك و دانانی پلانێك بۆ ئیشكردن به‌ره‌و پیری.
مه‌سه‌له‌ی خۆ ئاماده‌كردنی خه‌ڵك و سه‌كردایه‌تی كورد و چۆنییه‌تی پلان داڕشتن بۆ ئه‌م ئامانجه لێره‌دا بواری نییه و ده‌شێت بابه‌تی ووتارگهلێكی تر بن.
343 جار خوێندراوەتەوە