مێژووی ئەزموونە خوێناوی و پڕ لە قوربانییەکانی گەلی کوردستان، لە ڕابردووی سەدان ساڵەماندا، بریتی بوون لە شکان و هەڵسانەوە، هەڵبەز و دابەزی نێوان هیوا و بێهیوایی و سەرەنجام گێژاوێکی نەبڕاوە.
لە دوا خولی ڕابوونەکاندا، ئەزموونێکی ناوازە، لە بچووکترین پارچەی نیشتمان، بە لێکدابڕاوییەکی ئاڵۆز و تێکەڵییەکی ئاڵۆزتری دیمۆگرافی و لە سەختترین دۆخدا، لە بەرامبەر چەند بەرەی دوژمنی ناوخۆیی و هەرێمی و نێودەوڵەتیی بەهێز و، زۆرتر لە ڕووی ژمارەوە و، تۆکمە و بەتواناتر بە چەکی هەمەجۆر و، بێوێنە لە دڕندەییدا، بە هاوپەیمانێتییەکی چەپەڵی کۆکردنەوەی دژەکانیشەوە لە بەرامبەریدا، سەری هەڵدا و، سەرباری هەر هەڵە و کەموکوڕییەک، نموونەیەکی جیاواز و پرشنگداری بۆ مێژوومان دامەزراند.
ژیرانە، لە درز و کەلێنی نێوان بەرژەوەندییەکانیانەوە، بە لێزانییەکی جێگای سەرسوڕمانەوە، وەک یاریزانێکی حیساب بۆ کراو خۆی سەلماند و کەوتە بناغەڕێژی؛ لە لایەک بە بەشداریی کاریگەر لە جەنگی دژەتیرۆردا، وەک نوکی ڕم و دەستەی هێرش، لە پێناو بەرگری لە مانەوەی گەل و تێگەیشتن لە مەترسییەکانی سەر ژیانی ئاسایی خەڵکەکەی و شارستانیەتی مرۆڤایەتی، بە بەخشینی گیانی هەزاران کچ و کوڕە شەڕڤانی ئەفسانەیی، داستانە مێژووییەکانی تۆمار کرد؛ لە لایەکی تریشەوە، بە دامەزراندن و پیشاندانی نموونەیەکی جیاوازی خۆبەڕێوەبەری، گەیشتە ئاستی بوون بە چیرۆکێکی جیهانی.
بەڵام ئاڵوگۆڕی بەرژەوەندییە زەبەلاح و هەستیارەکانی نێوان زلهێز و هێزە هەرێمییەکان و بە سوودوەرگرتن لە باڵادەستیی هێز بە هەموو ڕەهەندەکانییەوە، لە پێناو بەرژەوەندییە چەپەڵەکان بە هەموو بێمۆراڵییەکانییەوە، لە چوارچێوەی بەرنامەی دابەشکردنەوەی بەرژەوەندییەکان و ڕێکخستنەوەی هێزەکاندا، ڕیزبەندیی هاوپەیمانێتییەکانیان جێگۆڕکێ پێ کرد و، لە هەنگاوێکی تاکتیکیی دزێودا، بە بوارپێدان و پشتگیری لە تیرۆریستانی داعش و قاعیدە، بە هەمان هزری بۆگەن و دڕندانەی ڕۆژانی دامەزراندنی دەوڵەتی خەلافەتەکەیانەوە، کردیانە جێگرەوەی هێزە نموونەییە ژیاندۆست و ئازاکانی (یەپەژە) و (یەپەگە) و لە بێشەرمانەترین پلان و پیلانی بێپەردەدا، دەستبەرداریان بوون و لە بەرامبەر پەلاماری گرووپە تیرۆریستییەکان و چەکدارە خێڵەکییەکاندا، پشتیان چۆڵ کردن و خۆیان بوون بە تەماشاکەر.
دروشمەکانی ئازادیی گەلان و دژایەتیی تیرۆر و پارێزگاری لە سیستم و ستایلی ژیانی ڕۆژاوایی و مافی مرۆڤیان ژێرپێ خست و، جارێکی تر چییەتیی ژێر پەردە و ڕووپۆشەکانیان، ئاشکرا دەرکەوتەوە. پیلانەکە گەورەتر بوو لە تواناکانی شەڕڤانان بۆ مانەوە لە قووڵایی ژینگەیەکی نامۆی کەلتوور-خێڵەکی، بێپڕەنسیپ، ئامادە بۆ هەڵگەڕانەوە و هەر ناپاکییەک بەپێی ئاڕاستەی بەرژەوەندییە چەتەگەری و چەپەڵە خێڵەکییەکانیان. شەڕڤانان، بە قارەمانێتی و قوربانیدانی گەورە و بە تۆمارکردنی داستانی بێوێنەوە، ناچار بە گەڕانەوە بۆ ژینگە و پێگە پشتپێبەستراوەکەی هاونەتەوە و هاوئامانجەکەیان کران.
کاردانەوەی کوردستانیان بۆ ئەم کارەسات و تراژیدیا نوێیە، بە بەراورد لەگەڵ گشت هەڵوێست و کاردانەوەکانی ڕابردوو بەرامبەر بە کارەسات و تراژیدیاکانی تری مێژووی دوور و نزیکمان، پڕواتاتر، هەژێنەرتر، گشتگیر و یەکگرتووتر بوو. لەم کردە مێژووییەدا، تاک بەتاکی هەموو ئەوانەی لە کوردبوون و مرۆڤبوون نەشۆردراونەتەوە، لە منداڵێکی بچووکەوە بۆ تەمەنییەکی کەمتوانا، هەم یەکدەنگ و هاوسۆز، هەم هەستکردوو بە گەورەیی مەترسییەکەی ئەمجارە، هەم تێگەیشتووتر لە هاوچارەنووسیی نەتەوەیی و بەرچاوڕوونتر بۆ گرنگیی زیاتری یەکێتیی نەتەوەیی، هاوئاڕاستەی ئامانجی مرۆڤایەتی و گەردوونی، سنوورەکانی خێڵ و حیزب و سنووری دەستکردی ناڕەوای نێوان پارچەکانی کوردستانی تێپەڕاند و ئەو هۆشیارییە چارەنووسسازەی بزواند، کە ئیتر پێویستە شێلگیرانەتر و یەکئامانجتر، بۆ بەدیهێنانی چارەسەری ڕیشەیی کێشە ڕەواکەمان هەنگاو بنێین.
ئیستا، لە بەردەم هەلی زاخاودانەوە و خستنەوە سەر پلێتی ڕاستەقینەی دەستپێکردنەوەیەکی نوێ و جیاوازداین. لە ڕابردوودا، هەلی تری هاوشێوە و بچووکتر لەمەمان لە گشت پارچەکاندا، بە جیا، بۆ هەڵکەوتووە، بەڵام جگە لە دەستکەوتی نابنچینەیی و ڕووکەش و تێپەڕ، هیچ وەبەرهێنانێکی پایەدار و جێگیرمان تێدا نەکردوون و نەگەیشتووینەتە ئەودیو سنوورەکانی هەوڵدان بۆ کۆتاییهێنان بە داگیرکاری و ژێردەستەیی و نادڵنیایی لە چارەنووس.
ئەم هەژانە مێژووییە لە کاتێکدایە، جیهان لە بەردەم قۆناغێکی هەستیاری چارەنووسسازی داڕشتنەوەدایە و کورد و کوردستانیش لە بەردەم دووڕێیانێکدا؛ یان ئەو سنوورانە تێدەپەڕێنین، یان ئیتر ئەگەر بۆ هەمیشەش نەبێت، ئەوا بۆ سەردەمێکی نادیارتر، دەبێ هیوای بەدەستهێنانی مافە ڕەواکەمان لە یادەوەریی خۆماندا هەڵگرین.
چۆن وابکەین ئەو گیانی خاوەنی خۆبوون و خۆڕاگری و متمانەبەخۆبوونەی ئەزموونی ڕۆژاوا پەرە و گەشە پێ بدەین و لێیانەوە فێر بین؛ چۆن سازدان و خستنەگەڕی ئەو هێزە لەبننەهاتووەی لاوانی کوردستانی شێوێنراو، بەتایبەت لە باشووردا، بکەینە کورەی زاخاودانەوەی کۆمەڵگە ژەنگگرتووەکەمان و گەڕانەوە بۆ بنەما نیشتمانی و مرۆڤدۆستی و ژیاندۆستی و ژینگەدۆستییەکان؟
هاونیشتمانیانی ڕۆژاوامان، لە دۆخێکی زۆر سەختتر لە ئێمە، بەرامبەر چەندین دوژمن لە یەک کاتدا، بە ئابوورییەکی لاواز و باری گوزەرانێکی خراپترەوە، بەگژ ئەستەمدا چوونەوە و نەبینراویان هێنایە بوون، نەکردەیان کرد. تەنها یەک شتیان لە ئێمە باشتر بوو، ئەویش ئەوە بوو کە خەڵکەکەیان، ناشرینییەکانی ئێرەیان لە دەسەڵاتەکەیان نەبینیبوو؛ گەندەڵی و ترسنۆکی و دزی و دەسەڵاتپەرستییان لە دەسەڵاتدارانیان نەبینی. بڕیاربەدەستانیان، بە ڕاستی و بە کردەوە و بەبێ جیاوازی، هاوبەشی جۆری ژیان و بیرکردنەوە و جەنگەکانیان بوون.
ئیستا لەسەر بنەمای هەنگاو و کاردانەوە خۆڕسکەکانی؛ تێپەڕاندنی سنوورەکانی خێڵ و شار و ناوچە و پارچە و زاراوە و حیزب، ئەگەر بمانەوێ، بە درەنگکەوتنیشەوە بێت، هەلێکی هەڵکەوتوومان هەیە بۆ ڕاچەنین و بەخۆداچوونەوە، بۆ بنیاتنانەوەی باشوور لە بنەماوە و بە ئامانجی یەکگرتنەوە لە دوا سەرەنجامدا، بە وەبەرهێنانی ئەو هاوسۆزییە گەرم و سەرانسەرییەی کوردان لە جیهاندا.
ئەو مەبەستەش بە هەنگاوی تۆکمە بەرەو دۆخی چاکسازیی ڕیشەیی، لە ڕێی چەسپاندنی دادپەروەرانە و یەکسانی لە بەرامبەر یاسادا بۆ هەمووان و ڕەخساندنی هاوسەنگی، لە دەستەبەری هەلی وەک یەک و هێنانە ئارای کێبەرکێی داهێنان و گەشەپێدان بۆ تاکەکانی کۆمەڵگەکەمان و بەدیهێنانی ڕوونکاری (Transparency) لە گشت بوارەکان و بە نیشتمانیکردنی هێزە چەکدارەکان و بە دامەزراوەییکردنی دەسەڵاتە ڕامیاری و کارگێڕییەکان و چاکسازی و پاکسازیکردنیان دەبێت.
ئەو پرسیارە تەوەرەییەی دەبێ هەمووان لە خۆمانی بکەین ئەوەیە؛ ئاخۆ دەکرێت زۆرینەی تاکەکانی کۆمەڵگەکەمان بەبێ جیاوازی لە ڕەگەز و تەمەن و ڕوانیندا، لەو سەرگەردانی و بێهیوایی و بێمتمانەیی و هەست بە لێپرسراوێتی نەکردنە فراوانە ڕزگار بکەین؟!
هەرچەند ئیستا ئەرکی سەرەکیی نەتەوەیی و نیشتمانیمان، ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو پیلان و پەلامارەیە کە بە هەموو تواناوە، لەم دووڕێیانی کەوتن یان سەرکەوتنەدا، هەوڵ دەدات بە دیوی هەڵدێرانماندا ببات، بەڵام پێویستمان بە کردنەوەی لاپەڕەیەکی نوێیە بە مەرجی لەدەستنەدانی هەلەکان و دووپاتنەکردنەوەی هەڵەکان.
دیسان با لە خۆمان بپرسین؛ ئاخۆ ئەو هۆکارە سەرەکییەی زۆرینەی ئەم نەوە پڕ لە توانایەی کچان و کوڕانمانی وەک کەرەستە بنچینەییەکە بۆ هەر گۆڕانکارییەک سەرگەردان و سڕ کردووە، هەر دەستی دەرەوە و داگیرکەران بووە؟ یان کاریگەرتر لە پلان و پیلانی ئەوان، خودی ئەو دەسەڵاتە بێڕووگە و ڕێنما و لەباربەر و خەسێنەرە بووە کە نەک نەیهێشت خاڵی سفر بەجێ بهێڵین، بەڵکو لە بنچینەییترین پایەکانی بنیاتناندا، لە خاوەنی خۆبوون و پشتبەخۆبەستنەوە تا بە دامەزراوەییکردن، بۆ دواوە و بۆ ژێر سفریان بردین.
ئەم دەسەڵاتە (خۆماڵی)یە، مەگەر بە دەگمەن، ئەگەرنا بێبەهرەترین و گومانلێکراوترین و بێبنەماترین کەسەکانی کردووە بە فیگەرە فووتێکراوەکانی گشت بوارەکانی ڕامیاری و کارگێڕی و هونەری. هەموو ئەو بوارانەشی لە واتا و ئەرکی ڕاستەقینەیان دوور خستووەتەوە! زۆر لە بەها جوان و ئەرێنییەکانی هەڵتەکاندووە و هیوا بە داهاتوویەکی باشتر و هەست بە دڵنیایی کردنی گۆڕیوە بە تەنگپێهەڵچنین و ناچارکردنی تاک بۆ پەنابردنەوە بۆ خێڵ! هەر بۆیە پێویستە ئیتر ئەکرۆباتیکی قەرەقۆزەکانی بواری سیاسەت و کارگێڕی و ڕووناکبیری و بازرگانی کۆتایی پێ بێت.
هیوایەک بەم ڕابوونە ئەرێنییەی ڕاستکردنەوەی باری لاری دۆزەکەمان لە پارچە فەرامۆشکراوەکەی ڕۆژاوای نیشتمانەوە نەبوایە، کۆمەڵگەی باشوور لە ناوەوە هەڵوەشاوەتەوە، ئەگەر نەڵێم داڕزاوە، تەنها فوویەکمان بەسە بۆ کەوتن. ئاشکرایە ئەوەش کە هێشتوویەتییەوە، بەرنامە و پلانی دەسەڵاتدارانمان نییە، بەڵکو خەمی دوژمنانمانە لەوەی هێشتا داڕمانمان بۆ ئەوان زیانمەندترە لە مانەوەمان بەم حاڵە شەپڕێوە.
ئیستاش نازانم ئەم "کارەبا لێدانەوەیەی" ترس لە پەلاماری تیرۆریستان و هەڕەشەی جینۆساید، چەند دەتوانێت بمانخاتە سەر ڕاستەڕێی تێپەڕاندنی سەرکەوتووانەی قۆناغەکە؟ لە سەرەتای ئەم دووڕێیانەدا، زۆر پێویستمان بە (جۆش)ە، بەڵام لەوە زیاتر پێویستمان بە (هۆش)ە؛ هەر کردەیەک بە هۆشیارییەوە هەنگاوی بۆ نەنرێت، ئامانج ناپێکێت.
ئەگەر هەنگاوی یەکەممان بەرپەرچدانەوەی ئەم دۆخە بێت، ئەوا هەنگاوی گرنگترمان تێگەیشتنە لەوەی؛ ئەدی چیمان دەوێت؟ کام سیستەمی فەرمانڕەوایی و کام فەلسەفەی پەروەردەیی و ئابووری، بەرەو داهاتوویەکی گەشەکردوو دەمانبات؟
316 جار خوێندراوەتەوە