مەبەستمان لە جێبەجێکاری
بانگەشەی هەڵبژاردن: "ئەو کەسەیە کە هەڵدەستێت بە بەڕێوەبردن و ڕێکخستنی پر و
پاگەندەی هەڵبژاردنی کاندیدێکی دیاریکراو لەماوەی بانگەشەی هەڵبژاردندا".
دوابەدوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، ڕوداوەکانی هەڵبژاردن بەڕاگەیاندنی ئەنجامەکان کۆتایی نایەت، بەڵکو خولێکی نوێی ناکۆکی لە نێوان کاندیدە دەرنەچوەکان و جێبەجێکارانی بانگەشەکانیان دەستپێدەکات، ئەمەش بەهۆکاری
ئەوەی ئەو پەیوەندیانەی لەسەر متمانە و بەڵێن و پشتیوانی
یەکتر بنیات نراون زۆرجار دەگۆڕدرێن بۆ ناکۆکی دارایی و یاسایی، بەتایبەتی بۆ ئەو
کاندیدە دەرنەچوانەی کە هەست دەکەن خەرجیەکانیان ئەو دەستکەوتە سیاسیە
چاوەڕوانکراوەی بۆ بەدەست نەهێناون، لەم چوارچێوەیەدا پرسیارێک دێتە ئاراوە: ئایا کاندیدێکی دەنەچوو
دەتوانێت سکاڵایەکی سزایی لە دژی جێبەجێکاری هەڵمەتی
هەڵبژاردنەکانیان تۆمار بکات؟
لەڕاستیدا لەسەر ئەرزی واقیع و دور لەگۆڕەپانی دادگاکان
هەندێک لە کاندیدەکان داوا لەجێبەجێکارانی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکانیان دەکەن کە ئەو
پارەیەی ڕادەستی ئەو جێبەجێکارانەیان کردبوو لە کاتی بانگەشەدا وەک خەرجیەک بۆ هەڵمەتی بانگەشەکەیان بۆیان بگەڕیننەوە، بەوپێیەیی کە جێبەجێکارەکە نەیتوانیوە دەنگی پێویست بۆ
کاندیدە دەرنەچوەکە کۆبکاتەوە، یاخود بەڵێنی ناڕاستی پێداوە سەبارەت بە توانای
کاریگەریکردن یان دیاریکردنی دەرەنجامەکان، بەڵام ئەگەر هاتوو ئەو جێبەجێکارانە پارەکەیان نەدایەوە بەکاندیدە
دەرنەچوەکان ئەوە ئەو کاندیدە لەڕوی سکاڵای سزاییەوە دەتوانێت بگەڕێتەوە سەر جێبەجێکارەکە
لەکاتێکدا ئەگەر بتوانێت بیسەلمێنێت جبەجێکارەکە فرت و فێڵی بەرامبەر ئەنجامداوە
کە ئەمەش جبەجێکارەکە توشی سزای بەندکردن دەکات بۆماوەیەک کە لەوانەیە بگاتە پێنج
ساڵ زیندانیکردن بەپێی یاسای سزادانی عێراقی بەرکار لە هەرێمی کوردستان.
بەڵام ئەگەر هاتوو جێبەجێکارەکە
هیچ فرت و فێڵێکی بەرامبەر کاندیدە دەرنەچوەکە بەکارنەهێنابوو بەڵکو تەنها ئەرک و
پابەندیەکانی سەرشانی بەپێی ڕێکەوتنەکەی لەگەڵ کاندیدە دەرنەچوەکە جێبەجێ
نەکردبوو، ئەوە لەم کاتەدا کاندیدە دەرنەچوەکە نەک تەنها دەتوانێت داوای پارەکەی
خۆی بکاتەوە "هەموو پارەکە یان بەشێکی"، بەڵکو دەتوانێت داوای
قەرەبویەکی دادپەروەرانەش لە جێبەجێکارەکە بکاتەوە.
لەڕاستیدا مەترسیەکە کاتێک
سەرهەڵدەدات کەڕێکەوتنەکەی نێوان کاندیدە دەرنەچوەکە و جێبەجێکارەکە لەسەر بنەمای
بەڵێنی نائەخلاقی و ناپیشەیی و نایاسایی دەبێت، وەک گەرەنتی کردنی ڕێکخەرەکە بۆ
کڕینی بڕێکی دیاریکراو لەدەنگ بەرامبەر بڕەپارەیەکی دیاریکراو، یاخود ناوزڕاندنی
ڕکابەرەکانی کاندیدەکە، ئەوا ئەم جۆرە ڕێکەوتنانە لەڕوی یاساییەوە پوچەڵە، وە نەک
تەنها جێبەجێکارەکە مافی داواکردنی هیچ بڕەپارەیەکی لە کاندیدەکە نابێت بەبەهانەی
سەرفکردنی پارە بۆ هەڵمەتی بانگەشەی کاندیدەکە، بەڵکو ئەگەر هات و کاندیدەکە پارەشی
ڕادەستی جێبەجێکارەکە کردبوو ئەوا دەتوانێت لەدادگا داوای ئەو بڕە پارەیە بکاتەوە.
دوبارەبونەوەی ئەم ناکۆکیانە جەخت لەسەر کەلێنێکی بەرچاو
دەکاتەوە لەڕێکخستنی بانگەشەکانی هەڵبژاردن لە عێراقدا بەشێوازێکی گشتی و لەهەرێمی کوردستان بەتایبەتی،
بەهۆکاری نەبونی یاسایەک بۆ ڕێکخستنی ئەو گرێبەستانەی لەنێوان کاندیدەکانی
هەڵبژاردن و جێبەجێکارەکان ئەنجامدەدرێت کە هۆکارێکە بۆ دروستبونی داڕمانی ئەخلاقی
و سیاسی لەوڵاتێکدا کەزمانی بەرژەوەندی و لۆژیکی کورسی و پلە و پۆست تیایدا
بەرپابووە، وەهەروەها بوەتە هۆکاری ئەوەی کە گۆڕەپانی هەڵبژاردن لەگۆڕەپانێکی
ڕکابەری پیشەییانەوە بکات بە گۆڕەپانی مل شکاندن و سەرکەوتنی کەسانێک بەرامبەر بە
پارە بەخشینەوە لەڕێگەی جێبەجێکارانی بانگەشی هەڵبژاردنەکانیان.
ئەمەش بوەتە هۆکاری
ئەوەی لەساڵی ٢٠٠٣ بەدواوە هەموو تاکێک لەهەرێمی کوردستان و عێراقدا پرسیارێک
دەکات کەئایا بۆچی یاریکەرانی گۆڕەپانی سیاسی چەند یاریکەرێکی سەرەکین و ناگۆڕێن،
وەک ئەوە وایە سەنەوی سیاسەت بەناوی ئەوانەوە بێت، لەڕاستیدا دوبارەبونەوەی ئەم
دەم و چاوانە بەهۆی کەمی کەسی شیاوەوە نیە، بەڵکو بەهۆی ڕێکنەخستنی هەڵبژاردنەکانە
کە کرۆکی دابەشکردنی دەسەڵات و بەشی هەرلایەنێکی سیاسی لەڕێگەیەوە دیاری دەکرێت.
پارەی سیاسی بۆتە ئامرازی کۆنتۆڵکردنی
هەڵبژاردنەکان لەلایەن کۆمەڵێکەوە، کەئەمەش وادەکات سەرکەوتنی هەندێک کەسی نەشیاو
قەدەر نەبێت، بەڵکو ئەنجامی سیستمێک بێت کەپێویستی بە دوبارە پێداچونەوەیە لەڕێگەی
دوبارە پێناسەکردنەوەی هاوڵاتی و نیشتیمان، وەبەرز نرخاندنی هاوڵاتی بوون لەڕێگەی
پێدانی ئازادی پێویست بە هاوڵاتی بۆ هەڵبژاردنی نوێنەرەکانیان دور لەپارەی سیاسی و
بەش بەشێنە و هێزی حیزبی و ڕێکەوتنی نایاسایی و نائەخلاقی لەنێوان کاندیدەکان و جێبەجێکارانی
بانگەشەی هەڵبژاردندا.
31 جار خوێندراوەتەوە