نازانم كچەكەم چەندی هێناوە؟



بەر لە چەند رۆژێک لە ئاهەنگی تەواوکردنی قۆناغی ئامادیی، پاراوی کچمدا بەشداریمانکرد، سەرەتای ئاهەنگەکە بە ناساندنی منداڵەکان و مامۆستاکان و پارچەیەک مۆسیقا دەستیپیکرد.

دواتر بەڕێوەبەری خوێندنگاکە ئەم چەند وتەی پێشکەشکردین:

بەخێربێن بۆ ئەم ئاهەنگە بچکۆلەی تەواوکردنی قۆناغی ئامادەیی منداڵەکانتان، بۆ ئێمە لەماوەی ئەم سێ ساڵەدا زۆرشت لەم گەنجانەوە فێربوین و ئەزمونی زیاترمان لێ وەرگرتن، خۆشحاڵین کە لە ڕێگای ئەوانیشەوە ئێوەمان ناسی.

دوای ئەم قۆناغە بێگومان قۆناغیکی گرنگرتری ژیان بۆ ئەم گەنجانە دێتەپێش، ئەڵبەتە لەو هەستە تێئەگەم کە ئێوەی کەسوکار هەتانە و هەریەکە لە ئێوە دەیەوێت منداڵەکەی بۆ ئەو جێگا بڕوات کە ئەو ئەیەوێت، بەڵام دیارە ئەمە ڕێگا هەڵەکەیە!

رێگا ڕاستەکە ئەوەیە کە منداڵەکانتان دوای ئەم قۆناغە بۆ ئەو جێگایانە بڕۆن کە خۆیان ئەیانەوێت نەک ئەو جێگایانەی کە ئێوە ئەتانەوێت! هەندێک لەم گەنجانە ڕەنگە ساڵێک پشو وەرگرن ئەنجا بریاربدەن، ئەمەش دیاردەیەکی تەواو سروشتییە و نابێت پاڵەپەستۆیان بخرێتە سەر، گەنجەکان دەبێت بەرەو ئەو جێگا بڕۆن کە حەزیان لێیەتی و لەگەڵ سروشتیاندا یەک دەگرێتەوە نەک ئەو جێگایەی کە ئێوە حەزتان لێیەتی.


ئەوەی گرنگە بۆ ئێمە وەک قوتابخانە کە گەنجەکان هەرچی هەڵبژێرن بۆ ئێمە مایەی شانازییە، شانازییە بۆ ئێمە کە هەندێک لەم گەنجانە بەرەو خوێندنگا پیشەییەکان بڕۆن، شانازییە بۆ ئێمە هەندێک لەم قوتابییانە بەرەو پەرستاری یان چێشتخانە یان هەر پێشەیەکی تر بڕۆن، ئێمە لە وڵاتی نەرویج دوای چوار ساڵی دیكە ڕەنگە تەنها پێوستیمان بە هەزار دکتۆر هەبێت، بەڵام هەزاران پەرستار و فیتەر و کرێکاری بینا و مامۆستا و حەلاق....هتدمان پێویستە.

لە کۆتاییدا هەرئەوەندە ئەڵیم ئێمە شانازییان پێوە ئەکەین و هیوای سەرکەوتنیان بۆ ئەخوازین لە قۆناغەکانی تری ژیانیاندا، دواتر مەراسیمەکە بە پێشکەشکردنی گوڵێک بۆ هەر خوێندکارێک و بڕوانامەیەکی ڕێزلێنان کە هەر هەموی لە یەکشێوە بو کۆتایی هات.

ئەوەی لام سەیر بو، نە من نە هیچ باوک و دایکێکی تر نەمانزانی کامە خوێندکار بە پلەی بەرز و نزم تەواویان کردوە، بەهیچ شێوەیەک نەمانزانی کام منداڵ بۆ کوێ ئەڕوات و کوێ کامە منداڵی وەرگرتوە، سۆشیاڵ مێدیا نەبوە شانۆی نمایشی دەرچوە یەکەمەکان، کەسوکار نەیانکرد بەهەرا کە منداڵەکەیان پلەی بەرزی هێناوە و قوتابخانە بەهیچ شێوەیەک نهینی بەرز و نزمی پلەی خوێندکارەکانی ئاشکرا نەکرد، بەشێوەیەک کە من نازانم کچەکەم چەندێک پلەی هێناوە و هاوڕێکەی چەندی هێناوە!

هەموساڵێک کوردستان لەم کاتەدا دەبێت بە هەرا، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ئەبن بە شانۆی نمایشی یەکەمەکان و قوتابخانە و وەزارەت و مزگەوت و پارێزگا هەر هەموی دیاری بەیەکەمەکان ئەدەن! سەرۆک وەزیران و سەرۆک حیزبەكان پێشبڕکێیانە بۆ  پێدانی دیاری و مێدیای بەرەڵای کوردی شەڕیانە لەسەر نمایشکردنی یەکەمەکان!

چ سەیرە یەکەمبونی مرۆڤ بەوەوە ببەسترێتەوە کە لە وانەی ماتماتیک سەدی هێناوە، چەند سەیرە فەزڵی خوێندکارێک بدەیت بەسەر هەزاران خوێندکاری تردا چونکە لە ئینگلیزی و عەرەبیدا سەروی نەوەدی هیناوە.
میلەتی گەمژە و هیچ لەبارا نەبو پێیوایە دکتۆر لە مرۆڤەکانی تر بەرزترە! قوتابییە زیرەکەکان ئەوانە نین کە لە مادەکاندا سەد دێنن، قوتابییە زیرەکەکان ئەوانەن کە تا چەند سود بە کۆمەڵگا دەگەیەنن، قوتابییە زیرەکەكان ئەوانەی کە سەد دێنن نەئەزانن پێبکەنن نەئەزانن وەک بەشەر هەڵسوکەوت بکەن، هەمو ژیانیان بریتییە لە سەعیکردن، لە مرۆڤێکی هەستیارەوە ئەبێت بە ڕۆبۆتێکی زیرەکی بێهەست، هەربۆیە دكتۆرەكانمان زۆرینەیان وەك قەساب و نەخۆشخانەكان وەك قەسابخانەن!

ساڵ نییە بەم نمایشانە وانەکەن لە چەندین گەنج کە توشی نەخۆشی دەرونی بێن و دەستیان بچێتە گیانی خۆیان، ئەمەچییە لە کیمیادا دەرەجەیان نەهێناوە و لەبری زانکۆ پەیمانگایان بۆ دەرچوە وەک ئەوەی خوێندکاری زانکۆکان نمونەیەکی فرە جوانی گەنج بن! لە وڵاتێكدا کە تەواوی هاوڵاتیانی نەخۆشبن یان نەخۆشخرابن بێگومان هەرئەبێت پیشەی دکتۆری لەسەرەوەبێت!

چەند دایك و باوكێكی گەمژەیت كە پلەی خۆشەویستی و گرنگبونی منداڵەكانت بە پلەی وانەكانی قوتابخانەی بپێویت!

1000 جار خوێندراوەتەوە