نەوشیروان مستەفا، پاڵەوانی خۆڕاگری


ھەرچەندە حەزم نەدەکرد، لەم ساتەدا ئەم ڕستانە بڵێم، چونکە دوو ھۆکار ھەن بۆئەوەی کاتەکە گونجاو نییە، یەکەمیان خەڵکی باشوری کوردستان لەگەرمەی بانگەشەی ھەڵبژاردندایەو ناشمەوێت ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ پشتگیری ھیچ قەوارەیەک بکەم، ھۆکاری دووەمیش نەبوونی کاتی پێویست بۆ بیرکردنەوە لە وتارێکی ئاوا کە مەدلولی خۆی بپێکێت، بەھۆی سەرقاڵیم بە یەکەمین سمستەری خوێندنی زانکۆ لەئەمریکا. بەڵام ھەندێک حەقیقەت ھەیە ناتوانیت بێدەنگی لێبکەیت.

بۆ ئەوەی بمانەوێت پاڵەوانە سیاسییەکان ببینین پێویستمان بە چاویلە نییە، پێویستیشمان بە کەس نییە بۆمان باس کات تەنیا و تەنیا کەمێک ئارامتان ھەبێت، ڕۆژگار دەریدەخات. پێویستیش بە پەلەناکات تاقیکرێنەوە، تەنیا چەند ئەزموونێکی بەسە. نەوشیروان مستەفا پیاوی خۆڕاگری سەردەمە جیاوازەکان بووە، ھەمیشە لەسەردەمە سەختەکاندا جێگەی دیار بووە، ھەرچەندە بە ھەموو تەمەنم لەگەڵی دانەنیشتووم، بەڵام جولە سیاسییەکانی بەسە کە تێبگەیت، پیاوێکی بیرتیژی سیاسی، ڕەق بۆ نەیارەکانی.

نه‌وشیروان مسته‌فا تەنیا شتێکی لەھاوڕێکانی ئەویست و ئەیوت؛ "خۆڕاگربن، ئەگینا ناتوانن گۆڕانکاری بکەن".
کاتێک لەژیاندا بوو کەم کەس ھەبوو لە ماھیەت essence ی بزانێت، ھەربۆیە کەم بوون ئەوانەی کە لێی دوور بوون، لێیتێدەگەیشتن. کەم بوون ئەوانەی لەناو بزوتنەوەکەیدا ھەڵنەدەسوڕان و ھەموو ڕۆژێ لەگردی زەرگەتە نەبوون، کەچی تا ئەم ساتە لە ماھیەتی ئەم کەسایەتییە تێدەگەن. بەڵام زۆریش بوون ئەوانەی لەنزیکی بوون، بەڵام لەنیوەی ڕێگا بەجێیان ھێشت، یان ئێستا ڕێباز و ڕۆحی بەجێدێڵن، چونکە لە مەھام و مەدلولی تێنەگەیشتوون، ئەو ڕۆژەی کە وتی:"ئەم بزوتنەوەیە خۆڕاگری ئەوێت و کەم کەس ھەیە بەرگەی سەختییەکانی بگرێت"، جەسچێرێکی تەواو بوو بۆ پاڵەوانێتی خۆڕاگری ئەم پیاوە.

جا ھاوڕێیان، ئێستا بیربکەنەوە، بەرھەم ساڵح بەرگەی چەند مانگێکی نەگرت لەغیابی گەورەتری ئەفسانە سیاسی ناو عیراق کە مام جەلال- ە، کەچی ڕەوانشاد کاکە نەوە لەگەرمەی ململانێدا لەگەڵ یەکێتی کە ساڵی ٢٠١٠، کە سەخترین قۆناغ بوو بۆ ئەو، بەرگەی گەورەترین ململانێی گرت، لەئامادەگی مام جەلال-دا، کەواتە ئێستا ئەبێت خەڵکی باشور تێبگات کورد چ سەرکردەیەکی لەدەستچوو، ئەبێت لەمەدلولی پاڵەوانێتی تێبگات، ئەبێت ژیر بێت حزبایەتی و سیاسەت تەنیا ھاتو ھاوار و خۆڕاوەشاندن نییە.

ساڵی ٢٠٠٩ تا ٢٠١٤ ئەوەی منی کڵۆمدابوو بەسەرسامبوونم بەم پیاوەوە، ئەوەبوو، بیرم ئەکردەوە، ئەوە ٤ خولی ھەڵبژاردنی بەڕێکرد، ئەم پیاوە خۆڕاگرە ھاوار ناکات لەبەردەم مایکدا، ناقیژێنێت و باڵڕاناوەشێنێت و بڵێت: "دەنگم بدەنێ"، ئەو تەنیا و تەنیا شتێکی لەھاوڕێکانی ئەویست و ئەیوت؛ "خۆڕاگربن، ئەگینا ناتوانن گۆڕانکاری بکەن".

جا ھاوڕێیان پەلەتان نەبێت ڕێگەکە ھەوراز و نشێوی زۆری ماوە زۆر سیاسی تری نوێش تاقیدەکاتەوە لەچەند ساڵی تردا، وەک چۆن ئێستا ھەندێک لەخۆیان دەپرسن، باشور چ پاڵەوانێکی سیاسی لەکیسچوو، ئەوکاتەش ئەوانیش لەخۆیان دەپرسن؛ "دوای کێ کەوتبووین!؟" وەک چۆن ساڵێک لەمەوبەر برادەرێک کەدوای بەرھەم ساڵح کەوتبوو، پێموت:"پێم سەیرە دوای کێ کەتوویت!؟". ئاوا بەزۆر کەسی تریشم وتووە، دوای کێ کەوتوویت!؟
4036 جار خوێندراوەتەوە