بەشێکی زۆری کوردی باشور ئومێدی لێبڕاوە، وەک ھەڵویەکی بریندار ھەمووی چاوی بڕیوەتە ئەو خەباتەی کە پەکەکە و پەیەدە بە رێکوڕەوانی لە دوو پارچەی تری کوردستان بەرێیدەکەن.
مانگی مارچ وەک ئەرکی خوێندن لەلایەن مستەر جۆستن پێترسن راسپێردرام، کە لەسەر رووداوێکی نەتەوەیی شیکارێکی دوور ودرێژ بکەم، منیش بۆ ئەو مەبەستە "ئەنفال"-م ھەڵبژارد. لەنێو پرۆجێکتەرەکەشدا چڕمکردەوە لەسەر ئەوەی "چۆن دەکرا ئەنفال روینەدایە؟".
ھەنگاوەکانی قسەکردن لەسەر ئەم تەوەرە نەک بە زمانی ئینگلیزی تەنانەت بە زمانی کوردیش ئەستەنگە، بەڵام دوای گەڕان و پشکنین و دەستگیربوونی چەند کتێبێک کارەکەم تا رادەیەک سەرکەوتوو دەرچوو، دواتریش ھەر بەئینگلیزی لە سایتێک کە لە ئەمریکایە بڵاوبۆوە.
لەنێو ئەو سەرچاوانەی دەستم کەوتن، توێژینەوەیەکی "کینس کاتزمان"، بوو کە پسپۆرە لە خۆرھەڵاتی ناوەڕاست و توێژینەوەکەشی لە پێگەی خزمەتگوزارییەکانی توێژیەوەی کۆنگرێسی ئەمریکی لەژێر ناوی "کوردەکانی عیراق لەوای سەدام" بڵاوکرابۆوە.
لە توێژینەوەکەدا چەند پەرەگرافێک رایگرتم، لەنێویاندا یەکێکیان زۆر نیگەرانی کردم کە دەڵێت: "کوردەکانی عیراق بەقەد ھەر سێ پارچەکەی تری ئیران و تورکیا و سوریا، قوربانیان داوە، بەڵام لەدوای کەوتنی سەدام بەقەد یەک ھەنگاوی پەکەکە کەڵکیان لەخەباتەکەیان وەرنەگرت. نەک ئەنفال تەنیا ژمارەی شەھیدانی ھەڵەبجە بەسە ھێندەی ھەموو شەھیدەکانی گەریلاکانی پەکەکە بێت لە شاخەکانی تورکیا شەھیدبوون. بەڵام سەرنەکەوتنی ھەنگاوی کوردە عیراقییەکان تەنیا بۆ سیاسەتی چەوتی سەرکردە سیاسییەکانی کورد دەگەڕێتەوە کە ئیدارە خۆجییەکەیانی پێ بەرێوە دەبەن کە ھەرێمی کوردستانە و ئەوەشی ھەست دەکرێت رۆژ لەدوای رۆژ ئەزموونەکەیان کۆڵەوارتر ئەبێت".
شیکردنەوە قسەکانی "کینس کاتزمان" دەگوازمەوە بۆ ئەو ئومێدە خنکاوەی کوردی باشور کە گەیشتۆتە ئاستێک، نە ئومێدی بە بەرێوەبردنی سیاسییەکانیی ماوە نە ھیچ ئومێدیک شک ئەبەن بۆ گۆڕانکاری. تەنانەت پێموایە ئەگەر توێژینەوەیەکی وورد بکرێت ئەوا خەڵکی ئەم بەشە نەک تەنیا سیاسییەکانی بەڵکو بەشێکی خەڵکەکەشی ھەموو ئومێدیان لە دارایی-دا چڕکردۆتەوە بێئەوەی چاوێک بەچواردەوری خۆیان بگێڕن سیاسەتی دنیا بەرامبەریان چۆن تێدەپەڕێت. ئیتر ئەو پەندەی کە دەڵێت: گەورە ئاو ئەرێژێ و بچووک پێی تێدەخات بووە بە ئەمری واقیع.
لەکاتی ریفراندۆمەکەی ٢٥ی سێپێمبەری ٢٠١٧ ئەو دیوارەش نەما لە نێوان سیاسییەکان و خەڵکی ئاسایی چونکە ئەوانیش ھەر بەقەدەر کەسێکی ئاسایی ئاگایان لە سیاسەتی دنیا بوو بەرامبەر ریفراندۆم و ھەموو دوای تارماییەکی بێ ناونیشان کەوتن. ئەو خەڵکەشی کە ئومێدێکی ماوە ھەموو ئومێدەکەی لەناو گەنجینەی ئەو دوو پارچەیە باکور و خۆرئاوا)دا ھەڵچنیوە، ھەموو ھێزەکانی باکور و خۆرئاواش رۆژبەڕۆژ لە رووی نێودەوڵەتییەوە ئومێدی گەورەتر بۆ کورد دەستەبەردەکەن و قسەکردن لەسەریان لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەڵەتییەوە ھیچ جەدەل و پێچوپەنایەک ھەڵناگرێت.
رۆژ بەرۆژ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی بەگشتی و ئەمریکا بەتایبەتی لەوەدەگات، باکور و خۆرئاوا دەستبەرداری چەک نابێت تا نەگات بەئاوات. لە ئەمریکایان گەیاندووە تا چەند پاڵپشتمان بن ئەوەندە ھیوای ئاشتی بۆ ناوچەکە دەستەبەردەکەین، لە تەنیشت ئەم پەیامەشەوە ئەو وتەیەی "سەمەدی بەھرەنگی" ئەخەنە ناو لەپی دەستی ئەوروپا و دنیاو دەڵێن: "ھەر کاروانێک بۆ پرشنگی خۆر بڕوانێت کەم بن یان زۆر لەئەنجامدا ئەگەنە خۆر".
لە دواجاردا ھەر ئەم ئومێدەیە کە رۆژ بەڕۆژ وا لە خەڵکی باشور دەکات کە قسە رەخنەئامێزەکەی کینس کاتزمان-ی توێژەری ئەمریکی راست دەرچێت و ئیدی ھەموو زەخیرەی کوردایەتی و خەبات و تێکۆشان و بەڕێوەبردن و ھەست و بیری مرۆیی ھەیە بیکەنە ناو کیسەیەکەوەوە ھەڵیواسن بە عەلاگەی پەکەکە و پەیەدەدا.
731 جار خوێندراوەتەوە