ئۆکرانیيەکان دوو مانگ و نیوە هەموو جیهانیان سەرسام کردوە، ئەوان سەلماندیان
کە خاک و ووڵاتەکەی خۆیان زۆر خۆش دەوێت، بەهەموو جیهان دەڵێن ئازادی و دیموکراسیيەت
ناگۆڕینەوە بە ژیانی ژێر دەستە و دەسەڵاتێکی دیکتاتۆری.
ئێستا بۆ هەموو جیهانیش دەرکەوت کە سوپاکەی پوتنی دیکتاتۆر و ئەو سوپایە نیە
بتوانێت تەنانەت شەڕی ووڵات و نەتەوەیەکی بچوکی خۆڕاگری وەک ئۆکرانیای پێ بکات چ
جای لە شەڕی هەموو رۆژئاوا بەکاری بهێنێت وەک خۆی هەڕەشە دەکات، دوو مانگ و نیوە
پوتن لە رێگەی سوپاکەی هەموو هەوڵێکی داوە تەنیا شارێکی سەرەکی و گەورە لە ئۆکرانیا
داگیر بکات، بەڵام لەبەر خۆڕاگری و قارەمانی ئۆکرانیيەکان نەیتوانیوە ئەوە بکات، ئەو
لە پلانیدا بوو بە دوو هەفتە بگاتە شاری (کیێڤ)ی پایتەخت و داگیری بکات، لە ماوەی
تەنیا شەش هەفتەش هەموو ئۆکرانیا داگیر بکات و حکومەتێکی کارتۆنی لەسەریدا دابمەزرێنێت،
بەڵام ئەوە دوو مانگ و نیوە تەنانەت نەیتوانیوە شارێکی گەورەی ئۆکرانیا داگیربکات،
هەروەها پاشەکشەیەکی گەورەشی کرد لەو شوێنانەی زووتر داگیری کردبوو.
بۆچی پوتن هەڕەشەکانی دژ بە رۆژئاوا جێبەجێ ناکات؟
ئەگەر بیرتان بێت ڤڵادیمێر پوتن کۆمەڵێک هەڕەشەی زۆر گەورەی لە دژی رۆژئاوا
کرد لە هەفتەی یەکەم و دووەمی جەنگ، بەڵام بۆ هەڕەشەکانی جێبەجێ ناکات؟ .
پوتن دەزانێت کۆمەڵێک هەڵەی کرد بە دەست پێکردنی جەنگ، یەکەم هەرگیز چاوەڕوان
نەبوو کە ئۆکرانیيەکان ئاوا قارەمانانە بەرگری لە ووڵاتەکەیان بکەن، ئەویش وەکو دیکتاتۆرەکانی
تری جیهان بە چوار دەوریدا کۆمەڵێک راوێژکاری درۆزن و ماستاوچی هەن کە بەردەوام کۆمەڵێک
بەڵێنی درۆ و لێکدانەوەی نادروستی پێدەدەن، دووەم پوتن نەیزانی ووڵاتانی ڕۆژئاوا تێکڕا
بەم شێوەیە بەیەک دەنگی بڕیار لە پاڵپشتیکردنی وڵاتی ئۆکرانیا دەدەن بە هەموو شێوەیەک،
ئەو وایدەزانی هەروەکو سەردەمی دۆناڵد تڕەمپ ئەوروپیەکان لە ناکۆکیيەکانی نێوانیان
بەردەوام دەبن.
دوای دەستپێکردنی جەنگی پوتن بۆی دەرکەوت کە ووڵاتانی ناتۆ چەند هەفتەک پێش
دەستپێکردنی جەنگ هەموو ئامادەسازیەکیان کردبوو بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی روسیا لە ئەگەری
فراوانبونی جەنگ، ئامادەسازيیەکانی ناتۆ لە ئاستێکدایە بتوانێت رووبەڕووی هەر هەڕەشەیەکی
ناوکی ببێتەوە ئەگەر پوتین ئەو بڕیارە بدات، لە چەند هەفتەیەکەوە پێش هەڵگیرسانی جەنگ
ئەمەریکا و ناتۆ هەموو ئامادەسازیەکیان هەبووە بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی هەنگاوە نەخوازراوەکانی
روسیا دژ بەوان، بۆ نمونە کۆمەڵێک فڕۆکەی B-52 بارکراو بە
موشەکی بەستراو بە کڵاوەی ناوکی بەردەوام 24 کاتژمێر لە ووڵاتانی ناتۆ نزیک بە روسیا لە سەر زەوی و لە ئاسماندا لە
ئامادە باشیدان، ئەمە جگە لە ئامادەسازی تەواوی کەشتیە سەربازیيەکان و فڕۆکە هەڵگرەکانی
ئەمەریکا کە بەردەوام لە نێو دەریا و زەریاکانی نزیک بە ئەوڕوپا بوونیان هەیە لەگەڵ
هەموو بنکەکانی هەڵدانی موشەک لە رۆژئاوا، جگە لەوانە سیستەمی چاودێریکردنی هەموو
ئاسمانی دەوری گۆی زەوی ئەمەریکی (پان ستارز) یش کە چاودێری جوڵەی هەموو تەنە
ئاسمانیەکانی دەوری گۆی زەوی دەکات بە فڕۆکەکان و موشەکەکان و تەنە ئاسمانیەکانی
تر لە هەموو کاتێک زیاتر بە وردی کاری پێدەکرێت، لە ئەگەری بوونی هەر زانیاریەکی
متمانە پێکراویش بە دەستپێکردنی ڕووبەڕوو بوونەوەی ناوکی ئەوان دەست پێشخەر دەبن پێش
ئەوەی روسيیەکان ئەو کارە ئەنجام بدەن، ژێرئاوەکان یان غەواسەکانی ئەمەریکاش کە
بارکراون بە تۆرپیدۆ و موشەکی ناوکی لە هەموو دەریا و زەریاکانی نزیک بە ئەوروپا لە
ئامادە باشیدان، بۆیە پوتن دەزانێت هەر جوڵەیەک لە دژی ووڵاتانی ڕۆژئاوا بکات خۆی
و ووڵاتەکەی زەرەمەندی یەکەم دەبن.
پوتن و زەلکاوی ئۆکرانیا
داگیرکردنی ووڵاتێک کارێکە و مانەوە لێی بە بەردەوامی کارێکی زۆر قورسترە،
داگیرکردنی عێراق و ئەفغانستان بۆ هەموو جیهان ئەو ووتەیەی سەلماند، ئەمەریکا بەو
هەموو هێز و توانایە و گەورەییەی خۆیەوە نەیتوانی سوپایەکەی لەو دوو ووڵاتە بچوکە
بهێڵێتەوە، کەواتە سوپای پوتین کە چەند مانگێکە نەیتوانیوە شارێکی گەورە داگیر
بکات لە ئۆکرانیا چۆن دەتوانێت بمێنێتەوە لەو ووڵاتە دوای داگیرکردنی؟ هەر لەبەر ئەوەش
بوو پوتن دوای چەند هەفتەیەک لە دەستپێکی جەنگ وازی لە ستراتیژیەتی داگیرکردنی هەموو
ئۆکرانیا هێنا و ئێستا تەنیا باس لە رزگارکردنی چەند هەرێمێک دەکات لە ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا،
بەڵام روداوەکان وا بەردەوام بن و ئۆکرانیيەکان بەم شێوەیە بجەنگن ئەو ریسەش لە
پوتن دەکەنەوە بە خوری، زۆری ژمارەی کوژراوانی سەربازە روسیەکانیش لەلایەک و ئابڵۆقە
ئابوريیەکانیش هەروەها سنوردارکردنی ئازاديیەکان لە روسیا لەوانەیە لە چەند مانگ و
ساڵی داهاتوو کێشەی گەورە بۆ دەسەڵاتی پوتن دروست بکەن.
من لە رۆژی یەکەمی ئەم جەنگە لە
نوسینێکمدا بە وردی ووتم: "هەرگیز دیکتاتۆرەکان دوربین نەبوون، هەمیشە خۆیان
و گەلەکانیشیان زەرەمەندی یەکەمی بڕیارەکانیان بون، پوتنیش یەکێک دەبێت لەوان"
ئێستاش هەمان ئەم قسەیە دەکەم، دەشڵێم ئەگەر ڤلادیمێر پوتن بیزانیانە ئەو جەنگەی کە
بەرپای دەکات ئەنجامەکانی بەم شێوەیە دەبێت و ئەو هەموو زیانانە بە گەل و ووڵاتەکەی
دەگەیەنێت هەرگیز بەرپای نەدەکرد، پێم وایە ئەو ئێستا خۆی توشی زەلکاوی ئۆکرانیا
کردوە.
تێبینی: باس کردن لە جەنگ و مەینەتیەکانی مرۆڤ شانازی نیە و خۆشیش نیە لەلای
من، هەمیشە پێم وابووە مرۆڤ دەتوانێت بە وەگەڕخستنی زیرەکیيەکانی و تواناکانی ژیان
لەسەر ئەم هەسارەیە زۆر جوانتر بکات، پێم وایە سەرچاوەی نەهامەتیيەکانی مرۆڤ لە ئێستادا
هەموو مرۆڤەکان نین، زۆربەی مرۆڤەکان دەیانەوێت بە ئاسودەیی و بەبێ کێشە بژین، بەڵام
بەپلەی یەکەم سیاسەتمەدارە دوو روەکان و دیکتاتۆرەکان بەرپرسن، هەروەها خاوەنکار و
سەرمایەدارە چاوچنۆکەکان و سەرەگەورەی ئایینەکانیش کە بەیەکەوە پاڵپشتی لەو سیاسەتمەدار
و دیکتاتۆرانە دەکەن، ئێمەی کوردیش کە زۆرتر لە هەموو میللەتێکی سەر ئەم زەمینە
ئازارمان پێگەیشتوە بەدەست دیکتاتۆرەکان و بڕی هەرە زۆری خاکیشمان داگیر کراوە هەقە
بەردەوام دژی داگیرکردن و دیکتاتۆریەت بین ئینجا لەهەر کوێیەکی جیهان بێت، توشی دڵ
ئێشە دەبم کاتێک دەبینم هەندێک کورد بەتایبەتی ئەوانەی لە هەندەرانن کە بەداخەوە زۆربەیان
خۆیان بە ڕۆشنبیریش دادەنێن بەهۆکار و پاڵنەری ئایدۆلۆژی پاڵپشتی لە دیکتاتۆرێکی وەک
پوتن دەکەن لە داگیرکردنی خاکی ووڵاتێکی تر.
نەخشەی هاوپێچیش هی پێش سێ ڕۆژە، ئەو ڕوبەرەی بە ڕەنگی سور ڕەنگ کراوە کە کەوتۆتە
ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا ئەو شوێنانەن کە تا ئێستا سوپای وسیا توانیویەتی داگیری بکات
لە دوو مانگ و نیوی ڕابردودا.
291 جار خوێندراوەتەوە