ڕووسیا لە لێواری ململانێکی نوێدا

لە دوای ساڵی ٢٠٠٠ ەوە ڕووسیا لە بەرگێکی کێشمەکێشی ناوخۆیەوە هەنگاوی نا بەرەو کێشە جیهانیەکان، وە هەر لەڕێگەی ئەم پەڵهاوێشتنەیشەوە کەمێک لە تەنگ و چەڵەمیەکانی ناوخۆی خۆیی ڕوواندەوە. ئەم سەردەمەش بەسەردەمی ڤلادیمەر ڤلادیمیرۆڤیچ پۆتین دادەنرێت. کە تێدا توانیویەتی ڕۆلێکی کارا بگێرێت. هەر لەگەڵ ڕووخانی یەکیەتی سۆڤیەتدا ڕووسیا تووشی قەیرانێکی قوڵی ئابووری ببویەوە. تەنانەت قەیرانەکە گەشتە ئاستێک کە ڕێژەی خواردن لە بازارەکاندا زۆر کەم بوو بوویەوە، وە زۆرێکیش لە ڕووسەکان تەنانەت توانایی سک تێر کردنیشیان نەما بوو، رێژەیەکی زۆری هەژاری ڕووی لە ووڵات کرد بوو. ڤلادیمەر پۆتین بە فریاد ڕەسی سەرەکی ئەو بارودۆخە دادەنرێت هەر لەگەڵ هاتنە سەر دەستەڵات پلانی نیمچە کرانەوەی ووڵاتی جێ بەجێ کرد.وە ڕایگەیاند کە ووڵات لە سیستەمی کۆمیۆنزیمی هیلاک بووە پێویستی بە سیستەمێکی نوێ هەیە. لەم حاڵەتەشدا پەلی بەڕووی دەرەوەدا هاوێشت. دەستی کرد بە دروستکردنەوەی پەیوەندی لەگەڵ ئەو ووڵاتانەی کە پێشتر دۆستی یەکیەتی سۆڤیەت بوون، وە لەهەمان کاتدا لە ساڵی ٢٠٠٥دا گەشتێکی سەرکەوتووی دەست پێکرد، کە توانی چەند گرێبەستێکی گەورەی بازرگانی لەگەڵ ووڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا بەبەستێت. وە هەر لەهەمان کاتیشدا پەیوەندی لەگەڵ ووڵاتانی ئاسیا بەتایبەتی چین و هیندیستان زۆر بەرەو پێش برد. تەنانەت گەیشتە چەندین ڕێکەوتنی ستراتیژی زۆر گرنگ. لە هەرە گرنگرترین ڕیکەوتنەکانیش ئاسایی کردنەوەی کێشە سنوریەکانی بوو لەگەڵ چین و بەرز کردنەوەی ئاستی بازرگانی بوو لەگەڵیدا، کە لە ئیستادا سەرۆکی چین ڤلادیمر پۆتین بە دۆستە نزیکەکە ناو دەبات. ڤلادیمر پۆتین هەر لەگەڵ ئەم ووڵاتانەشدا نەوەستا بەڵکو لەگەڵ ئەوروپا پەیوەندیکی مام ناوەند وە لەگەڵ و ئەمریکای باشوردا بەتایبەتی لەگەڵ بەرازیل دا پەیوەندیکی گەرم و گوڕی دروست کرد.

وە لەڕووی سەربازیشەوە دەستی کرد  بەدەرخستنی توانستی سەربازی ڕووسی، وە بەر پەرچدانەوەی ووڵاتانی رۆژئاوایی و بەتایبەتریش رێکخراوی ناتۆ. وەک لە کەیسەکانی لیبیا و سوریا و ئەرمەنیا و ئازربایجان و کرایما و جۆرجیا دا ڕوسیا رۆڵێکی کاریگەری بینی. ڕووسیا بوویە ئەو ڕووسیایەی کە ووڵاتێکی وەک سوریا لە لێواری مەرگدا خستەوە سەر پێ وە کێشەی لیبیای کردە سەر ئێشەیەکی گەورە بۆ رۆژئاواییەکان وە شەڕی کاولکاری  ئەرمەنیا و ئازربایجانی بە کۆتا هێناو وە لە چەندین کەیسی تردا ڕۆڵی بەرچاوی بینی.
بەڵام ئەم جموجوڵانەی ڕووسیا بۆ ئەمریکا و رۆژئاوا پاروویەکی هەزم نەکراون پێویستی بەکاردانەوەو بەربەست دروست کردن هەیە. بۆ ئەم مەبەستانەش ئەمریکا چەندین ڕێکاری جیاوازی گرتووەتەو بەر، گرنگترینیشیان گەمارۆیی ئابوورییەکانیەتی. وە ڕووسیاش لێرەدا دەستەوەستان نەوەستاوە بەڵکو بە ستراتیژەیە ووردەکانیەوە توانیویەتی کاردانەوەی هەبێت، وەک لە دوو کۆتا کۆنفرانسی ئابووری نێودەوڵەتی سانک پیتەربۆرگدا (St. Petersburg International Economic Forum) ڤلادیمەر پۆتین پێشنیاری بۆ ووڵاتانی بەشداربووی کۆنفرانسەکە کرد کە ئاڵوگۆڕە بازرگانیەکانیان بە دراوێ ووڵاتان خۆیان بکەن بەدەر لە دۆلار کە ئەمەش ئەنجام هەژموونی ئەمریکی لە سەر ووڵاتەکەیان کەم دەکاتەوە وە دواتر بەڕێژەیەکی باش ڕزگاریان دەبێت لەو هەموو بەربەستە ئابووریانەی کە ئەمریکا لەبەردەم ووڵاتان دایدەنێت. کە ئەمەش خەنجەرێکی زۆر ترسناک بوو ڕووسیا بەرامبەر بە ئەمریکا دەری هێنا.

لە یەکێکی تر لە ستراتیژەیەکانی ئەمریکا و ڕۆژئاوا بەرامبەر بە ڕووسیا دروستکردنی گرژی و ئاڵۆزیە لە نزیک سنورەکانی ڕووسیادا وە لە کۆتاشدا پلانی پەلهاوێشتنی ئەو کێشانەیە بۆ ناوخۆ و ناو خاكی ڕووسیا. هەرچەندە لە ڕابردوودا رۆژئاوا زۆر هەوڵی کێشە دروستکردنی داوە لە ناوخۆیی ڕووسیادا، ئەمەش بەڕێگەی هاندانی گروپە ئۆپۆزیسیۆنەکان بەڵام هەر زوو ڕووسیا توانی بەسەریاندا زاڵ ببێت. لە دیارترینیان کەیسی ئەلیکسێی ناڤالنی (Алексе́й Анато́льевич Нава́льный) بوو لە ساڵی ٢٠٢١دا. بەڵام لە ئیستادا ئەمریکا ستراتیژیەتی دروستکردنی قەیران لە ووڵاتانی نزیک لە ڕووسیا دەگرێتە بەر، وەک ئۆکرانیا و کازاخستان. بۆ کەیسی ئۆکرانیا پێشتر لە بابەتێکم دا لە NRTدا لەسەرم نوسیوە بۆیە نامەوەی بچمەوە سەری.  هەرچی سەبارەت بە کازاخستانە ئەویش ووڵاتێکە وەک ئۆکرانیا هاسنوری ڕووسیایە وە ئەندامی یەکیەتی سۆڤیەت بووەو وە گرنگێکی زۆر گەورەی بۆ ڕووسیا هەیە وە ڕێژەیەکی زۆری بەڕەچەڵەک ڕووسی کە بە ١٨٪ دادەنرێن لە کازاخستان دەژین. بە یەكی لە ووڵاتانی دڵی ئاسیای ناوەڕاست دادەنرێت. بە بوونی ئاژاوە و پشێوی لە کازاخستان مانای  ئاژاوەو و پشێویە لە ڕووسیادا، وە کەناڵی RIA ڕووسی ئاسایشی کازاخستانی بە ئاسایشی ڕووسیەوە بەستوەتەوە.

لە دوای سەری ساڵەوە بەدیاری کراوی لە ٢/٠١ دا پشێوی و ئاڵۆزی و ڕیپێوان لە کازاخستان دەستی پێکردوە، هەندێک ناوی لێدەنێن شۆڕشی کازاخستانی، کە تا ئێستا زیاتر لە ١٢٦ کەس بوونەتە قوربانی و وە زیاتر لە ٥٠٠٠ کەسیش دەست بەسەر کراون وە ئەم ژمارانەش ڕۆژانە لە هەڵکشاندایە. هەر چەندە ئامانج لە ڕیپوانەکە لە سەرەتادا بەهۆیی گران بوونی نرخی سوتەمەنیەوە بوو لە یەک شاردا بەڵام لە ئێستادا ڕێپێوانەکە پەلی بۆ شارەکانی تریش کێشاوەو وە کێشە کەڵەکە بووەکانی ڕابردووشیان زیندوو کردوونەتەوە وە ڕیپوانەکە خەریکە دەبێتە ڕیپێوانێکی سەرتاسەری و کە داوای روخانی حکومەتی تێدا بەرز کراوەتەوە، وە پەلی بۆ بارێکی زۆر ئالۆزی ترسناکی پێکدادان هاوێشتەوە. کە ئەمەش بە هیچ جۆرێک لە بەرژەوەندی رووسیادا نیە وە لاشی قبوڵ کراو نیە.

لێرەدا لەوانیە خۆینەر بڵێت هاوڵاتیانی کازاخستانی مافی خۆیانە لە ووڵاتێکی خاون نەوت و گازدا، حکومەتەکەی پێویستە ئەركی سەرشانی جێ بەجێ بکات وە مامەڵەیەکی تەندروست بکات وە بە نرخێکی هەرزان سوتەمەنی بەسەریاندا دابەش بکات. بەڵام بە گوێرەی میدیاکانی ڕووسی ئەمە کێشە سەرەکیەکە نیە بەڵکو کێشەکە زۆر لەوە گەورەتر و قوڵترە، ئەمریکا و رۆژئاوا لە پشت ئەم ئالۆزی و پشێویانەوەن. چونکە کێشەی سوتەمەنی تەنها لە یەک شاردا بووە وە هەر زووش چارە کراوە بۆ دەبێت بەو خێرایە ئاڵۆزیەکان تەشەنەی سەرتاسەری ووڵات بکەن.

وە هەروەها تەنها هاوڵاتی ئاسایی دەستی نەکردوە بەڕێپوان بەڵکو لە ئیستادا گروپە توند ڕەوە ئیسلامیەکانیش خزاونەتە ناو پرۆسەوەکەوە ئاڵۆزیەکانیان زیاتر قوڵ کردوەتەوە، سەرۆکی کازاخستان قاسوم جومارت تۆکایڤ (Kassym-Jomart Tokayev) ئەم گروپانەشی بە تیرۆرست ناوزەندی کردوون. هەندێک لە لێکۆڵەرەوان لە کەناڵەکانی روسی ١ و RIA ئاماژە بە ستراتیژەیەتی ترسناکی ئەمریکی دەدەن کە ئامانجی زیندوو کردنەوەوە هاندانی ئەم گروپانەیە لە دژی حکومەتی کازاخستانی و دواتر پەلهاوێشتنییانە بۆ ناو هەریەکە ڕووسیا و صین وە سەرئیشە دروستکردنە بۆیان. ئەمەش ئەو پلانە کۆنەیە کە ئەمریکا و یەکیەتی سۆڤیەت لە دژی یەکتر دەیان گرتە بەر. بەڵام ئیستا ڕووسیا دەستێوەردانەکانی ئەمریکا لە کارووباری کازاخستاندا لە چوارچێوەی ئاسایشی نیشتیمانی  خۆیی لێکی دەداتەوە.

ئایا ڕووسیا توانای زاڵ بوونی بەسەر ئەم تەگەرەیەدا هەیە؟ بەگوێرەی لێکۆلەرەوە ڕووسیەکان ئەگەر ڕووسیا لە کێشەی ئۆکرانیادا نەرمی بنوێنێت و ئەوا دامرکاندەوەی کێشەکانی کازاخستان زۆر ئاسان دەبێت. بەڵام ڕووسەکان بە هاوڵاتیە کەلە ڕەقەکان ناسراون، بۆیە نەرمی نواندن لەوانیە زۆر ئەستەم بێت. گومان دەکرێت ڕووسەکان ڕیگە سەختەکە هەڵبژێرن، چونکە دڵنیان لەوەی هەرچەندە ئەمریکا و ڕۆژئاوا هەوڵی تێکدان بدەن سەرئەنجام کازاخستان ناتوانێت خۆیی لەژێر هەژموونی ئەمریکادا ببینێتەوە چونکە هەم کەلتورو هەم جوگرافیا ڕێگە لەبەردەم ستراتیژەیەتێکی وادا والا ناکات. هەر بۆیە لە ئێستادا ڕووسیا رەزامەند بووە بەناردنی ٢٥٠٠ سەرباز لە سوپای the Russian-led Collective Security Treaty Organization (CSTO) ، کە سوپایکی هاوبەشە لە ووڵاتانی کازاخستانی ، تاجیکستانی، کیرگیستان و روسی و بیلا روس و ئەرمەنستانە، بۆ وولاتی کازاخستان بۆ ڕێگرتن لە زیاتر تەشەنە کردنی ئاڵۆزیەکان.  گومانیش دەکرێ هەروەک چۆن لە بیلا ڕووسدا سەرکەوتوو بوو هەر واش لە کازاخستاندا سەرکەوتوو دەبێت.

180 جار خوێندراوەتەوە