بەسەربازگە کردنەوەی تۆپزاوا، پەیامێکی مەترسیداری دەوڵەتی عێراقە

سەربازگەی تۆپزاوا، شوێنی كۆكردنەوە و پۆلێنکاری ئەنفالکراوانە، مافی کورد و هەموو ئەنفالکراوێکە بکرێتە شوێنی یادەوەرییان بەلای کەمەوە وەک خۆی بمێنێتەوە، ئەرکی دەوڵەتی عێراقە ئەو مافە بپارێزێت و رێگە بە فەرماندەکانی سوپا نەدات پێشێلی بکەن.

 بەپێی هەواڵەکانی میدیا، خەڵکی گوندی تۆپزاوا ناڕازایەتیان دەربڕیوەو ڕێگریان لە هەوڵی ئەفسەرانی سوپای عێراق کردووە کە تۆپزاوا نۆژەن بکەنەوەو بیکەنەوە بەسەربازگە، لەسەردەمی ئەنفالدا سەربازگەی تۆپزاوا بارەگای سەرەکی فەرماندەیی سوپای میللی (جیش الشعبی) بوو، بەڵام بۆ تاووتوێ کردن و سەرخستنی پرۆسەی ئەنفال چۆڵکراو کرایە بنکەی سەرەکی کۆکردنەوە و پۆلێنکردنی هەموو ئەنفالکراوان، کاتێک خەڵکەکە لە گوندەکانیان دەگیران جاش و جەیش دەیانگەیاندنە نزیکترین کەمپەکاتییەکانی کۆکردنەوە، وەک (قادرکرەم قۆرەتوو، قەڵای سوسێ و قەڵای سپیلک و لیوا رەشەکەی کەلار و لیواکەی چەمچەماڵ) لەو شوێنانەوە خەڵکە گیراوەکە ڕەوانەی تۆپزاوا دەکران و لەوێ پۆلێن دەکران و جیادەکرانەوەو دەکرانە هۆڵەکانی ئەو سەربازگەیەوە، دوای دوڕۆژ یان سێ رۆژ لەو هۆڵانەدا ڕادەگیران و ئینجا بەپاسی بێ پەنجەرە ڕەوانەی شوێنی جیاواز دەکران،  کە دواتر ئاشکرا بوو گەنجەکانیان بۆ ناو چاڵەکانی مەرگی بەکۆمەڵ و پیرەمێرد و پیرەژنەکانیان بۆ نوگرەسەلمان و ژن و منداڵیشیان دەناردە سەربازگەی دوبز.

سەربازگەی تۆپزاوا دەکەوێتە ڕۆژئاوای پارێزگای کەرکوكەوە. بەتەنیشت گوندەکانی تڕکەی تورکمان نشین و تۆپزاوای کوردنشینەوەیە، سەربازگەکەش بەناوی تۆپزاواوە دێت.

دەسەڵاتدارانی عێراق بیانەوێ یان نا، سەربازگەی تۆپزاوا چووتە یادەوەری کوردەوەو بەشێکە لە یادەوەری گشتی، چونکە ئەنفال روداوێک نیە لەبیربچێتەوەو تۆپزاواش لەکاتی ئەنفالدا بەسەدان هەزار مرۆڤی کوردی پێداتێپەڕیوە، جەلادوقوربانی تیایدا بوونەکارەکتەری ڕوداوێکی تراژیدی مێژوویی، بە سەدان منداڵی تێدا مردووەو دەیانی تێدا لە دایک بووە، مرۆڤی کوردی تێدا دارکاری کراوەو سوکایەتی بەژن ومنداڵ وپیرو گەنج کراوە، هیچ ئەنفالکراوێکی گوندەکانی پارێزگای سلێمانی و هەولێرو کەرکوک نییە بەدەروازەکانیدا تێنەپەڕی بێت چ ئەوانەی بۆهەتاهەتایە بێسەروشوێنکران و لەگۆڕی بەکۆمەڵدا کوژران و چ ئەوانەی لەزیندانەکانی دوبزو نوگرەسەلمان دوای شەش مانگ بەهیلاکی گەڕانەوە، بۆیە ئەرکی دەوڵەتی عێراقە رێز لە مافی ئەنفالکراوان و گەلی کوردستان بگرێت وەک کەمتەرخەمی نواندووەو نەیکردووە بەمۆنۆمێنتێک بۆ یادەوەری هەق نیە بیکاتەوە بەسەڕبازگە. چونکە تۆپزاواو نوگرەسەلمان و قەڵای نزارکێ و سەربازگەکانی سەلامێ و دوبز بوونەتە هێمای جێنۆسایدی گەلی کوردستان و ستەمکاری ڕژێمی بەعس.

بەسەربازگەکردنەوەی ئەوشوێنانە بەتایبەتیش نوگرەسەلمان و تۆپزاوا، هەر بێڕیزی کردن نییە بە کوردو بەو هەموو چیرۆكە تراژیدیایەی مرۆڤی کورد، بەڵکو بێڕیزییە بەدەوڵەتداری عێراقیەکانیش. مەگەر دەوڵەتی عێراق بەم هەنگاوەی چ قازانجێک دەکات ؟ دەتوانێت سەربازگەیەک بونیات بنێتەوە، بەڵام گیانی پێکەوەیی دەڕوخێنێ و دوبارە ئابروی دەوڵەتداری خۆی لەکەدار دەکاتەوە، هاوکات بێ منەتی نیشانی کوردو دونیادەداتەوە لەوەی دەبێتەوە میراتگری دەوڵەتی پێشوو لەستەمکاریدا، نەک لە بونیاتنانەوەی وڵات و قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتواندا. بەسەربازگەکردنەوەی تۆپزاوا پەیامێکی دەوڵەتە بەوەی ئەنفالکراوان هیچ بەهایەکیان نەبووەو لەداهاتوشدا مرۆڤی کورد بەهایەکی نابێت.

بۆ دەوڵەت و عێراقیەکانیش واجوانترو باشترە تۆپزاوا بکرێتە مۆزەخانەیەک هەتا وەک ئاوێنە عێراقیەکان ڕابوردوی خۆیانی تێدا ببینن، بەمۆزەخانەکردنی تۆپزاواو نوگرەسەلمان زیاتر لە سەربازگەیەک عێراق دەپارێزن، تێگەیشتن لەیادەوەری و مافی ئەوانی دی یەکێکە لە بنەماکانی ئاسایشی نیشتمانی بەپێچەوانەشەوە تەنها پشت بەستن بەسەرباز ئاماژەی بەسەربازگەکردنەوەی سەرجەم کۆمەڵگاو رۆیشتنەوەیە بەهەمان ڕیگا چەوتەکانی بەعسدا و سەرئەنجام هەر ماڵوێرانی و کوشتاری عێراقیەکانی لێبەرهەم دێتەوە.

ئەرکی سەرۆکی کۆمارو پەرلەمانتارانی عێراق و سەرۆکی حکومەت وئەنجومەنی پاریزگای کەرکوکە، لەم پێشێلکاریە بێدەنگ نەبن، وەک کەمتەرخەمیان نواندووە لەوەی تۆپزاوا بکەن بەمۆنۆمێنت، بەلای کەمەوە وەک خۆی بمێنێتەوەو ڕێگە نەدەن بکرێتەوە بەسەربازگە.

410 جار خوێندراوەتەوە