لۆجیکی ئارگیومەنتی فەلسەفی

ناكرێت باسی هیچ بكرێت لە فەلسەفەدا گەر خوێندكار یا خوێنەر یان بیسەر/گوێگر ئاشنا نەبێت بەوەی ئارگیومەنت چیە و لە پێکهاتەکانی ئارگیومەنت تێ نەگات. ناكرێت هیچ كۆرس و خوێندنێكی فەلسەفە پێك بهێنرێت بەبێ ئەوەی لە سەرەتاكەیدا باس لەوە نەكرێت كە مەبەست لە ئارگیومەنت چییە، چۆن ئارگیومەنت پێکدەهێنرێت، لەبەرئەوەی فەلسەفە بەبێ ئارگیومەنت ناكرێت، هەموو بیركردنەوە فەلسەفییەكان ئارگیومەنتن.

 

 زانینی چۆنێتیی پێكهێنانی ئارگیومەنت گرنگە بۆ هەموان، نەك تەنها بۆ فەیلەسوف و خوێندكارانی فەلسەفە، لەبەرئەوەی هەم دەتوانیت ئارگیومەنتی باش و بەمانا و سەرەنجام ڕاست و سەركەوتوو پێك بهێنیت، چ لە قسەكردندا بێت یان لە نووسیندا. هەم بۆ ئەوەی بتوانیت ئارگیومەنتی ئەوەی بەرامبەر یا ڕەکابەر لە دیبەیت دا هەڵبسەنگێنیت، ئارگیومەنتی باش لە ئارگیومەنتی خراپ جیا بكەیتەوە و بەدوای هەموو ئەو قسانە نەكەویت كە بۆت دەكرێن لە ڕێی  هێز و دەسەڵات و میدیا و سیاسەتەوە وەکو ڕاستی وێنا دەکرێن و دەسەپێنرێن، هەروەها لەبەر دەركەوتوویی و ناسراوی و كەسایەتیی بێژەرەکە یان لەبەر لێهاتوویی و شارەزایی نوسەرەکە  وەک ڕاستی وەردەگیرێن و پەسەند دەکرێن.

 

'ئارگیومەنت'لە زمانی ئینگلیزییەوە هاتووە، بەڵام ڕیشەی تێرمەكە لە زمانی لاتینی و لە زمانە كۆنەکەی فەڕەنسی دایە. دەمەوێت ئەوە ڕوون بێت كە ئارگیومەنت مانایەكی تایبەتی هەیە لە زمانی فەلسەفەدا، بۆ نموونە:  گەر 'ئارگیومەنت' سەرنج بدەین لە زمانی ئینگلیزیدا ؛ 'ئارگیومەنت' لە فەلسەفەدا وەك تێرمینۆلۆجییەكی فەلسەفی بەكار دەهێنرێت، نەك  وەک تێرمینۆلۆجیی گشتی و شەقامی لە زمانی گشتی و شەقامی ئینگلیزیدا. لە زمانی گشتی و شەقامدا 'ئارگیومەنت' واتە دەمەقاڵێ و دەنگەدەنگكردن و بەرپەرچدانەوەەی یەكتر و زۆر جاریش بە شەڕكردن  وتەنانەت لێدانیش دەوترێت ئارگیومەنت. بەڵام بە مانا فەلسەفییەكەی و لە زمانی ڕاڤەکراوی تایبەت بە فەلسەفەدا كە لە هەناوی زمانی ئینگلیزی و ئەو زمانانەدا هەن كە لە بیركردنەوەی فەلسەفیدا دەوڵەمەندن، مەبەست و بەکارهێنانی هەمان تێرمینۆلۆجی 'ئارگیومەنت'، مانای فۆرم و ڕیزبەندییەكی لۆجیكییە بۆ دەربڕینی بیركردنەوە و تێگەیشتن لێی.

 

 لە فۆرمە لۆجیكییەكەیەوە دەتوانم 'ئارگیومەنت' بەم خاڵانە ڕوون بكەمەوە و دەری بخەم پێكهاتەی ئارگیومەنت چییە، پاش ڕوونکردنەوەی فۆرمە لۆجیکیەکەی، ئیتر ئارگیومەنت هەرچەندە دوورودرێژیش بێت هەر لەم فۆرمەدایە، تەنها لەبری ڕستە دەکرێت پەرەگرافێک بێت یان چەند لاپەڕەیەک، یان کتێبێکی چەند سەد پەڕەیی. 


ئەمە فۆرمە لۆجیکیەکەی ئارگیومەنتە:

– ڕیزبەندییەكە لە چەند ڕستەیەك پێك هاتووە، واتە لە فۆرمە لۆجیکیەکەیدا ڕیزبەندیی نێوان چەند ڕستەیەكە، بێگومان پێویستە بە لای كەمەوە لە ڕستەیەك زیاتر بێت.
– ڕستەیەك لەو ڕستە ڕیزبەندییانە سەرەنجامی ئارگیومەنتەكەیە و پێی دەوترێت ڕستەی سەرەنجام.
– ڕستەیەك یا چەند ڕستەیەك بنەمای ئارگیومەنتەكە پێك دەهێنن، بەمانە دەوترێت ڕستە بنەماییەكان یان بنەماكانی ئارگیومەنت.
– ئەو ڕستەیەی كە سەرەنجامی ئارگیومەنتەكەیە، وەكو 'ڕاستی' سەیر دەكرێت و وەردەگیرێت.
– ئەو ڕستانەی كە بنەمای ئارگیومەنتەكەن، 'هۆ'ن بۆ گەیشتن بە سەرەنجامەكە، دەبێت هۆ بن بۆ بڕوابوون بە سەرەنجامی ئارگیومەنتەكە. واتە سەرەنجامی ئارگیومەنتەكەی لێوە هەڵهێنجرابێت.

 

 
بۆ ئەوەی زیاتر ڕوونی بكەمەوە كە چی ئارگیومەنتە، باشترە باس لەوە بكەم كە چی ئارگیومەنت نییە. هەندێک ریزبەندی هەن کە ئارگیومەنت نین، ئەگەرچی هەندێك لەو خاڵانەشیان تیادا بێت  کە وەك مەرج باسم كردوون. ئەمە یانی، گەرچی ئارگیومەنت ڕیزبەندیی ڕستەكانە، بەڵام بۆ نموونە؛ دوو جۆر لە ڕیزبەندیی ڕستە هەن كە ئارگیومەنت نین:

 

یەكەم: ئەو جۆرە ڕستە ڕیزبەندییانەی كە ڕستەكانی پەیوەندییان بە یەكترەوە نییە.
دووەم: ئەو ڕستانەی كە ڕیزبەند دەكرێن و پەیوەندن بە یەكەوە، بەڵام پەیوەندییەكەیان لە شێوە و فۆرمی ئارگیومەنتدا نییە.

 

 
جۆرێكیتر لە ڕستە هەن كە لێرەدا گرنگن، ئەو جۆرە ڕستانەی كە 'بڕیارن'، نەك هۆ یان سەرەنجام. ئەو ڕستانە 'ڕستە بڕیارییەكان'ن، واتە بڕیارن و لەسەر باوەڕ دروست دەبن و باوەڕێک دەردەبڕن. باوەڕ  قابیلی ئەوەیە یان ڕاست بێت یان هەڵە، بەڵام ئارگیومەنت خۆی لەوە دەپارێزێت ڕاست و هەڵە بێت، ئارگیومەنت یان باشە یان خراپ. ئەمە یانی ئارگیومەنتی باش هەیە و ئارگیومەنتی خراپ، نەك ئارگیومەنتی ڕاست و ئارگیومەنتی هەڵە.

 

لە ئارگیومەنتدا؛ ئارگیومەنتی باش هەیە و ئارگیومەنتی خراپ، ئارگیومەنتی بەهێز هەیە و ئارگیومەنتی لاواز. ئەوە سەرەنجامی ئارگیومەنتە كە ڕاستە یان هەڵەیە، هەروەهاش  بنەمای ئارگیومەنتەكە دەکرێت یان ڕاست بن یان هەڵە، بەڵام  کۆی ئارگیومەنتەکە بریتی نیە لە ئارگیومەنتی ڕاست و ئارگیومەنتی هەڵە. ئەمەش لەبەر ئەوەی ئارگیومەنت فۆرمێكە لە دەربڕین كە لە چەند بنەما و سەرەنجامێک پێك هاتووە، بنەما و سەرەنجامەكەن كە ڕاست و هەڵەیان تیادایە.

 

فۆرم و ناواخن یا ناوەرۆك لەوەدا یەك دەگرێتەوە و جیا نابێتەوە، کاتێک کە ناكرێت لە فۆرمدا ئارگیومەنتێک بە  ئارگیومەنتی باش پەسەند بكرێت، بەڵام پێكهاتەی ناوەرۆكەكەی، كە سەرەنجام و بنەماكانن، هەڵە و ناڕاست بن. 'باش' بوونی ئارگیومەنت لێرەدا بە پێی هەندێک مەرجی لۆجیکی دیاری دەکرێت، نەک بە مەزەنەی عەقڵ یا لەبەر ئەوەی بەلاتەوە پەسەند بێ.  ناوەرۆك و ناواخنی فۆرمی ئارگیومەنت گرنگە وتەنها لە مەسەلەی ڕاست بوون وهەڵە بووندا جیاوازە، وەکوتر جیا ناكرێتەوە، بۆ نموونە: گەر ئەو ڕستانەی كە بنەمای ئارگیومەنتەكە پێك دەهێنن، ڕاست بن، ئارگیومەنت دەتوانێت لە خۆیدا ڕاستی هەڵبگرێت یا ڕابگرێت، هەروەها گەر بنەماکان و سەرەنجامی ئارگیومەنتەكەش  هەمویان ڕاست بن، ئەوا ئارگیومەنتەكە  ئارگیومەنتیکی باشە و بنەما و سەرەنجامەکەشی ڕاستن. بەڵام ئارگیومەنت خۆی فۆرمێكی لۆجیكییە و فۆرمەكە هەڵە و ڕاستی نییە، ئەوەی كە دەخرێتە ناو فۆرمەكەوە، دەكرێت ڕاست بێت یان هەڵە یان تێكەڵەیەك بن لە ڕاستی و هەڵە، واتە بنەمایەکی ڕاست بێت و بنەماکانیتری هەڵە، یان بنەماکانی ڕاست بن  وسەرەنجامەکەی هەڵە، هتد. ئارگیومەنت گەر پێكهاتەكانی؛ بنەما و سەرەنجامەكەی ڕاست بوون، ئەوا ئارگیومەنتێكی باشە و گەر بنەمای ناڕاست و هەڵەی تیادا هەبوو، یان سەرەنجامەكەی ڕاست نەبوو، ئەوا ئارگیومەنتێكی خراپە.
ئەو ڕستانەی كە لە ڕیزبەندیی ئارگیومەنتدان، پێویستە مانابەخش بن. ڕستەی مانابەخش واتە تەواوی ڕستەكە مانا ببەخشێت، نەك هەر وشەكانی بە تەنها مانا بەخش بن، ئەمە لەبەر ئەوەی كە دەكرێت وشەكان بە تەنها مانابەخش بن، بەڵام كە دەخرێنە یەك ڕستەوە، ڕستەكە بێمانا بكەن. بۆ ئەوەی ئەمە زیاتر ڕوون ببێتەوە، هەندێك نموونەی سادە دەهێنمەوە.

 

نموونەی ڕستەیەك كە مانا نابەخشێت گەرچی وشەكانیشی بە تەنها مانا ببەخشن:

 

'هانا عەرەبانە جوانە گیا'
ئەمە تەنها كۆمەڵێ وشەن كە پێكەوە ڕیز كراون و دەكرێت پێی بوترێت ڕستێك لە وشە یا ڕستەیەك لە وشە، بەڵام ڕستەیەكی مانابەخش نییە؛ گەرچی وشەكانی كە پێكهاتەی ڕستەكەن، بە تەنها مانابەخشن. من و تۆ تێدەگەین: 'هانا' چی دەگەیەنێت. تێدەگەین كە 'عەرەبانە' واتە چی. تێدەگەین كە 'جوانە' چییە. تێدەگەین كە 'گیا' مانای چییە. بەڵام كەسمان لە 'هانا عەرەبانە جوانە گیا' پێكەوە وەكو ڕستەیەك تێ ناگەین، واتە ڕستەكە مانابەخش نییە.
نموونەی ڕستەیەك كە مانابەخشە:
'خاتوو هانا لە زانكۆ دەخوێنێت.'
ئەمە ڕستەیەكی مانابەخشە، چونكە جگە لەوەی لە مانای وشەكانی تێ دەگەین، لە ڕستەكەش تێ دەگەین ، وشەكانی ڕستەكە بە جۆرێك ڕیزبەند كراون كە پێكەوە مانای ڕستەكە دروست دەكەن و ڕستەكە مانادار دەكەن.
تا ئێرە سەبارەت بە جۆری ئەو ڕستانە بوون كە دەتوانن ئارگیومەنت پێك بهێنن. بەڵام هەروەک چۆن ڕیزبەندیی وشەكان لە ڕستەیەكدا گرنگن بۆ ئەوەی ڕستەكە مانابەخش بێت؟ ڕیزبەندیی ڕستەكان لە ئارگیومەنتدا زۆر گرنگترن بۆ ئەوەی كە دەربڕینەكە لە چەند ڕستەیەكەوە ببێت بە ئارگیومەنت. دەمەوێت ئەمیش هەر لە ڕێی هێنانەوەی نموونەی سادەوە ڕوون بكەمەوە.

نموونەی ڕیزبەندیی ڕستەكان كە مانابەخشن، بەڵام پێكەوە ئارگیومەنت نین:
ئاوی دەریا سوێرە
خاتوو هانا ئوتومبێل لێ دەخوڕێت
گیا لەسەر بنجی خۆی دەڕوێتەوە

هەمان ڕیزبەندیی ئەو ڕستانەی سەرەوە كە ڕستەی مانابەخشن بە فۆرمە لۆجیكییەكەی:
بنەمای یەكەم: ئاوی دەریا سوێرە
بنەمای دووەم: خاتوو هانا ئوتومبیل لێ دەخوڕێت
سەرەنجام: كەواتە، گیا لەسەر بنجی خۆی دەڕوێتەوە.

ئەمە ئارگیومەنت نیە، لەبەر ئەوەی ئەم ڕیزبەندیكردنە، ئەگەرچی ڕستەكانی مانابەخشن، ڕستەكانیش لە وشەی مانابەخش پێك هێنراون، بەڵام ڕستەكان پەیوەندییەکی لۆجیکییان پێكەوە نییە، كە ڕستەكان پەیوەندیی لۆجیکییان بەیەكەوە نەبوو، ناتوانن ئارگیومەنت پێك بهێنن و ئارگیومەنت نین. ئەمە لەبەرئەوەیە ئارگیومەنت بە لۆجیک پیکدەهێنرێت و پێویستە هەموو مەرجەکانی تیا بێت، نەک هەندێکی.
لە ئارگیومەنتدا؛ مەرجە ڕستەكان پەیوەندیدار بن بەیەكەوە لە پەیوەندیەکی لۆجیکیدا.

لە لۆجیكدا هەندێك ڕێگە هەن كە دەكرێت ڕستەكان لە ڕێیانەوە پەیوەندیدار بكرێن، بۆ نموونە، كاتێك دوو ڕستەی مانابەخشمان هەیە و دەمانەوێت بەیەكیانەوە ببەستینەوە و پەیوەندیداریان بكەین، یەكێك لە وشەكانی پەیوەندی بەكار دەبرێت، لێرەدا ئاماژە بە یەکێکیان دەكەم وەك نموونە:

– 'لەبەرئەوە': بەکاردەهێنریت و بە دوو جۆر دەنووسرێت لە زمانی لۆجیكدا؛ بەم جۆرە دەنووسرێت '∵'. كاتێك مەبەستمان لەوە بێت بڵێین كە لەبەر ئەو هۆیانەیە، بەم جۆرەش دەنووسرێت '='.
گەر بمانەوێت لەڕێی بەكارهێنانی ئەم وشە پەیوەندییانەوە دوو ڕستەیە پەیوەندیدار بكەین، دەتوانین "لەبەرئەوە"یان بۆ زیاد بكەین و ببینین ئایا دەكرێت ڕستەكان پاش ئەمە پەیوەندیدار بن بە یەكترەوە و پێكەوە مانایەك ببەخشن یان نا؟
ئاوی دەریا سوێرە

لەبەر ئەوە هانا چووە بۆ ئوسترالیا

لێرەدا چونكە بە وشەیەكی لۆجیكیی ''لەبەرئەوە'' هەردوو ڕستەكانمان پەیوەند كردووە؛ پەیوەندیمان لە نێوان ڕستەكان دروست كرد ، دەكرێت ڕستەكان زیاتر پێكەوە مانابەخش بن. بەڵام وەک دەینینن لەم نموونەیەدا گەرچی ڕیزبەندیی ئەم ڕستانە ئارگیومەنتە، واتە لە فۆرمی ئارگیومەنتدایە؛ بەڵام ئارگیومەنتێكی باش نییە، چونكە پەیوەندیی نێوان ڕستەكانی ئەم ئارگیومەنتە بە تەواوی مەرجەكانی پەیوەندییە لۆجیکیەکەی نێوان ڕستەكانی ئارگیومەنت بە جێ ناهێنێت.
بۆ ئەوەی ئەمە باشتر ڕوون ببێتەوە، نموونەی ئارگیومەنتی باش دەهێنمەوە بە بەروارد. نموونەی ئارگیومەنتی باش:
هانا بە ڕۆژانی هەینی خۆی جوان دەكات
ئەمڕۆ ڕۆژی هەینییە
_______________

 ∵ (لەبەر ئەوە) هانا ئەمڕۆ خۆی جوان دەكات.

یان:
ئەمڕۆ ڕۆژی هەینییە
خاتوو هانا لە ڕۆژانی هەینیدا دەچێت بۆ سەیران
_________________
 ∴ (كەواتە): ئەمڕۆ خاتوو هانا لە سەیرانە.
ئەمانە نموونەی ئارگیومەنتی باشە، چونكە ڕستەکانی پەیوەندیەکی لۆجیکیان بەیەکەوە هەیە و هەروەهاش هەموو مەرجەكانی ئارگیومەنتی باشی تیادایە:
یەكەم: ڕستەكانی مانابەخشن.
دووەم: ڕستەكانی پەیوەندیدارن بەیەكەوە.
سێیەم: ڕستەكانی پەیوەندیدارن بەیەكەوە بە شێوەیەك کە پەیوەندی لۆجیکیان هەیە، ئەو ڕستەیەی كە سەرەنجامه هەڵهێنجراوی بنەماكانە. بە مانایەكیتر؛ ئەو ڕستەیەی كە سەرەنجامە لە ئارگیومەنتدا، دەبێت هەڵقوڵاوی بنەمای ئارگیومەنتەكە بێت.  بنەماكان دەبێت هۆ بن بۆ گەیشتنە ئەنجام لە  هەموو ئارگیومەنتێکدا.

ئەمانە سروشت و پێكهاتەی ئارگیومەنت بوون لە فەلسەفەدا، لە فۆرمە لۆجیکیەکەیدا. لەو ئارگیومەنتانەدا کە لە لێکۆڵینەوە فەلسەفیەکاندا دەکرێن و هەروەهاش لە ئاخافتن و نوسین و دیبەیتدا پێویستە بکرێن، وەکو پێشتر ووتم، تەنها چەند ڕستەیەک نین و لە زۆر پەرەگراف و لاپەڕە پێك دێت و ئارگیومەنتی دوورودرێژ هەن کە کتیبێکن،  بەڵام بە پەیڕەوی کردنی هەمان فۆرمی لۆجیکی دەکرێن. لەبەر ئەمەیە کە دەبێت فۆرمە لۆجیکیەکەی ئارگیومەنت بزانیت پێش هەر خوێندنەوەیەکی هەر بابەتێکی فەلسەفە، بۆ ئەوەی هەم لە ئارگیومەنتی تێکستە فەلسەفیەکە تێبگەیت و هەم بتوانیت هەڵیسەنگینیت.

'ئارگیومەنت' تەنها فەیلەسوفەكان نایكەن و تەنها لە فەلسەفەدا ناكرێت، بەڵكو لە ژیانی ڕۆژانەشدا ئەوەی كە دەری دەبڕین، چ لە ئاخافتندا بێت یان بە نووسین، بە شێوەی ئارگیومەنت باسیان دەكەین؛ بەڵام مەرج نییە هەموویان یا هەموو كات لە جۆری ئارگیومەنتی باشدا بن. گەر پاش ئەم تێگەیشتنە لەوەی ئارگیومەنت چییە و چۆن پێك دێت، بە وردی گوێ لە قسەكەرانی ناو میدیاكان یان سیاسیكارێك یان هەر لە ئاخافتنی ڕۆژانەدا بگریت، دەبینیت كە زۆر جار ئەوەی قسە دەكات، بە بنەمایەك باسەكەی دەست پێ دەكات دەكرێت ڕاست بێت، بەڵام بنەمایەكیتری دەخاتە سەر كە یان دەكرێت هەڵە بێت، یان بنەماکانی پەیوەندییان بەیەكەوە نییە، واتە مەرج نییە  بنەماكانی ڕاستیی سەرەنجام و بڕیارەكانی بسەلمێنن. بەڵام وەك بە درێژایی مێژوو هەن و ڕۆژانەش دەیانبینین، قسەكەرەكە لای خۆیەوە لەوانەیە  زۆر جیدی بێت و باوەڕی تەواوی بە ئارگیومەنتەکەی خۆی هەبێت و كەلەڕەقی بكات بۆ سەپاندنی ویست و بڕیارەكانی خۆی بەسەر ئەوانیتردا بە بەكارهێنانی ئارگیومەنتێكی خراپ و بنەما و سەرەنجامی ناڕاست. رۆژانە لەم جۆرە ئارگیومەنتە خراپانە دەیبینین كە  قسەکەر یان نوسەر زۆر بە جدی بەرگریی لێ دەكات و ئەمەندە باوەڕی بە بڕیار و سەرەنجامەكەی خۆی هەیە كە ئامادەیە خۆی بۆی بە كوشت بدات و خەڵكی لەسەر بكوژێت. لە خویندنی ئەکادیمی فەلسەفەدا هەر لەسەرەتاوە، واتە هەر لە ساڵی یەکەمی بەکالۆریۆسەوە مەرجە لە پێشدا لە لۆجیکی ئارگیومەنت تێبگەیت ولۆجیک بخوینیت. ڕێگە بەوە نادرێت تەنها تێکستی فەلسەفی بخوێنیتەوە و پێی سەرسام بیت، بەڵکوو دەبێت ئەو تێکستە فەلسەفیانە بە جۆرێک بخوێنیتەوە کە ئارگیومەنتەکەیان ببینیت و بتوانیت ئارگیومەنتەکەی هەڵسەنگێنیت.
لە لۆجیكدا دوو مێتۆدی سەرەكی هەن كە پێویستە لێرەدا زۆر بە كورتی باسیان بكەم، لەبەر ئەوەی لە ئارگیومەنتدا بەكار دەهێنرێن، چ لە لێكۆڵینەوە زانستییەكاندا بێت یان لە ئارگیومەنتی فەلسەفەدا. مێتۆد  و لۆجیک هەر یەکن و ئەو دوو مێتۆدەش؛ لۆجیكی ئیندەكشن و لۆجیكی دیدەكشن ە. لەبەر ئەوەی لە ناواخنی ئەم كتێبەدا لە ناوبەشی كێشە و گرفتە مێتۆدییەكاندا زیاتر لەم دوو مێتۆد /لۆجیكە و لە كێشەكانیان ورد دەبینەوە، لێرەدا بە پێویستی نازانم بە دوورودرێژی لەسەریان بوەستم.
هەردوو لۆجیكی ئیندەکشن و دیدەکشن، گرنگن و سەرەكین لە بیركردنەوە ئاڕاستەكراوەكانماندا كە بە مەبەستی هەڵسەنگاندن و توێژینەوە و لێكۆڵینەوە دەیانكەین، زۆر جار لە ژیانی ڕۆژانەشدا بەكار دەهێنرێن، جگە لەوەی كە لە فەلسەفە و لە هەموو بوارە زانستییەكاندا  هەردوکیان بەكار دەهێنرێن، بە زانستە سروشتی و زانستە مرۆڤایەتییەكانیشەوە. هەر یەكێك لەم دوو لۆجیكە پەسەندكراوی یەكێك لەو دوو قوتابخانە مێژووییەی فەلسەفەن کە دژبەیەكن، ئەو دوو قوتابخانە دژبەیەكەش: ڕاشنالیستەكان و ئەزموونگەرەكانن لە مێژووی فەلسەفەدا. لۆجیك و مێتۆدی ئیندەكشن  پەسەندکراوی ئەزموونەگەرەكانە،  دیدەكشن  پەسەندکراوی ڕاشنالیستەكانە.
دیدەكشن:  فۆرمێکی لۆجیکە، مێتۆدێكی لۆجیكییە، ڕاشناڵیستەكان دیدەكشنیان نەك هەر بە لاوە پەسەند بوو، بەڵكو تەنها پشتیان بە  لۆجیکی دیدەكشن بەستبوو بۆ گەیشتن بە ڕاستی. ڕاستی لای ئەمان ڕاستیی ڕەها و نەگۆڕ بوو، لە لۆجیكی دیدەكشندا مەحاڵە بنەماكان ڕاست بن و سەرەنجام هەڵە بێت، سەرەنجام بە 'پێویستەیی' ڕاستە. لە لۆجیكدا كە دەوترێت 'پێویستەیی'، یانی وەکوتر هەبوونی مەحاڵە، بەبێ ئەوە ناكرێت ببێت. كە دەڵێین كاتێك بنەماكان ڕاست بن ئەوا سەرەنجام بە پێویستەیی ڕاستە؛ واتە مەسەلەكە وەك پێناسە ڕاستە و قابیلی چەند و چون و ڕەخنە  نیە، دەبێت وەک ڕاستی قەبوڵ بکرێت. 'ڕاستی' لای ڕاشنالیستەکان ڕاستییەكی ڕەهایە و هەرگیز ناگۆڕێت و تا ئەبەد وەك ڕاستی دەمێنێتەوە. هەرچەند بەڵگەیتری نوێش بێنە كایەوە سەبارەت بە سەرەنجامێک یان مەسەلەیەک کە وەک ڕاستی لەوەپێش وەرگیراوە، ناکرێت ئەو سەرەنجامانە هەرگیز هەڵبوەشێتەوە و ڕەتبکرێتەوە. ئەمە لای ڕاشیناڵستەكان پەسەند بوو، لەبەر ئەوەی بە لای ڕاشنالیستەكانەوە ڕاستی نەگۆڕ و دیدەكشن تاكە ڕێگەیەك یان لۆجیک و فۆرمێک  بوو بۆ گەیشتن بەم ڕاستییە  نەگۆڕە و قابیلی هەڵە نەبوو. چونكە بەو پێی لۆجیکی دیدەکشن بنەماكان هەڵگر و گەیەنەری ڕاستین بە شێوەیەكی حەتمی بۆ سەرەنجام لە ئارگیومەنتدا.
ئیندەکشن: بەرامبەر بە دیدی ڕاشنالیستەكان و لۆجیكی دیدەكشن، ئیندەكشن مێتۆدیكی لۆجیكییە كە پەسەندكراوی ئەزموونگەرەكانە. بە پێچەوانەی دیدی ڕاشنالیستەكانەوە، ئەزموونگەرەكان دەیانوت كە زانینەكانمان لە ئەزموونەوە وەردەگرین، سەرچاوەی زانین ئەزموونە،  ڕاستییش قابیلی گۆڕانە و هیچ ڕاستیەکی ڕەها و نەگۆڕ نییە. زانین و کۆکردنەوەی زانیاری و دۆزینەوەی بەڵگە بەردەوامە و ئەم بەردەوامییەش یانی هەبوون و هاتنەکایەی بەڵگە و زانیاری نوێ سەبارەت بەو سەرەنجام و مەسەلانەی کە لەوەپێش وەکو ڕاستی وەرمان گرتبوون. لەبەرئەمانە، ئەزموونگەرەكان پێیان وابوو كە  لۆجیکی دیدەكشن توانای دەرخستنی ڕاستیی نییە، زۆر توندە، لێكدانەوە و وەڵامی بۆ هەبوونی هەڵەكردن نییە. لەکاتێکدا دەزانین کە زۆر جار سەرەنجامەکانمان هەڵەن، بەڵام دیدەکشن هەڵەكردن قەبوڵ ناكات و جێگەی گۆڕانكاری و بەڵگەی تازە ناكاتەوە. لەبەرئەمە بوو ئەزموونگەرەكان مێتۆد و لۆجیكی ئیندەكشنیان بە دروستتر دەزانی بۆ گەیشتن بە ڕاستی، دەیانوت كە لە ڕێگەی ئیندەكشنەوە بە بەڵگە دەگەینە سەرەنجامێكی گشتگیری ڕاست. ئەمە واتە ئیندەكشن مێتۆدێكە كە لە چەند بینینێكەوە یان چەند بەڵگەیەكەوە یان چەند نموونەیەكەوە دەمانگەیەنێتە سەرەنجامێكی گشتی/گشتگیری. بەواتایەکیتر، لە چەند بینینێكی تاكەوە بۆ سەرەنجامێك كە گشتگیرییە، لە تایبەت و لۆكاڵەوە بۆ سەرەنجامێكی گشتی و گەردوونی.
 نموونەیەکی سادەی ئیندەکشن دەهێنمەوە، کە بە ئیندەکشنی ژمارەبەستەیی  ناسراوە كە لەم نموونە ئارگیومەنتەدا، دەمەوێت لۆجیکی ئیندەکشن ڕوون ببێتەوە.
وای دانێ دەتەوێت لەسەر ڕەنگی قاز لێبکۆڵیتەوە. لەدەوروبەر و ووڵاتی خۆتدا دەست دەکەیت بە کۆکردنەوەی زانیاری سەبارەت بە قاز و دیتنەکانت تۆمار دەکەیت، پاشان سەرەنجامەکەت ڕادەگەینیت:
بنەمای یەكەم: قازی یەكەم بینراوە و سپییە
بنەمای دووەم: قازی دووەم بینراوە و سپییە
بنەمای سێیەم: قازی سێیەم بینراوە و سپییە
بنەمای چوارەم: قازی چوارەم بینراوە وسپییە
بنەمای پێنجەم: قازی پێنجەم بینراوە و سپییە
(دەتوانیت سەد یا هەزار یا چەند هەزارێك بەڵگەی بینراو لەسەر ڕەنگی قازەكان كۆ بكەیتەوە و یەكە یەكە بیانكەیت بە بنەما بۆ ئارگیومەنتەكە.)
_________________سەرەنجام:
= (كەواتە) هەموو قازەكان سپین.
گەیشتن بەئەم سەرئەنجامە لەسەرئەساسی بنەماکانن، ئەمە یانی بنەماکان هۆن بۆ گەیشتن بەسەرەنجامەکە، سەرەنجامەکە هەڵهێنجراوی بنەماکانن. بنەماکان بریتین لە بەڵگەکان یا بینینی ژمارەیەکی زۆری قازی سپی، سەرەنجامەكەشی گشتگیرییە بۆ سەرجەم قازەكان.
گەر بە جۆرێكیتر مێتۆدەكە یان نموونەكە باس بكەم، بەم جۆرەیە:
هەموو ئەو قازانەی بینیومانن، سپین
لەبەر ئەوە، هەموو قازێك سپییە.
ئەمە واتە ، لۆجیکی ئیندەکشن: لە بینینەكانەوە یان لە نموونەكانەوە دەمانگەیەنێت بۆ سەرەنجامێكی گشتگیری لەسەر ئەو نموونانەی كە بینراون.
 لۆجیکی ئیندەکشن ڕێگە لەوە ناگرێت کە بنەماکان ڕاست بن وسەرەنجامەکە وەک ڕاستی وەربگیررێت، بەڵام دواتر بەڵگەیتر بدۆزرێنەوە  و بەڵگە نوێکان سەرەنجامەکەی پێشوو بەهەڵە بخەنەوە. لەم نمونەیە کە هێناومەتەوە: بنەماكان  هەمویان ڕاستن؛ قازی یەكەم و دووم و هەتا سەد و هەزاریش بینراون و سپین. بەڵام سەرەنجامەكە پاش دەرکەوتنی بەڵگەی تازە بۆمان دەرکەوت کە هەڵەیە؛ چونكە هەموو قازێك سپی نییە، ئەمەش لەبەر ئەوەی دواتر بەڵگەی تری نوێ دەركەوت كە لە شوێنیتری سەر زەوی ڕەنگیتری قاز هەیە؛ بۆ نموونە، لە ئوسترالیا قازی ڕەش هەن. لەبەر ئەوە، ناكرێت سەرەنجامەكە گشتگیری بێت و ڕاست بێت بۆ هەموو قازەكان، ئەمە ئەوەش دەردەخات كە دەكرێت بنەماكان ڕاست بن و سەرەنجام هەڵە بێت.
دواتر لە بەشەكانیتری ئەم كتێبەدا زۆر بە وردی دێمە سەر باسكردنی كێشە و گرفتەكانی هەموو ئەم مێتۆدانە. لەبەر ئەوەی بۆ هەبوونی زانین پێویستمان بەوەیە كە زانینەكە ڕاست بێت و بۆ ڕاستییش پێویستمان بە مێتۆدێكە كە جێی متمانەمان بێت بۆ گەیشتن بەو ڕاستیە و بە زانین.
لە کتێبی پیستیمۆلۆجی کلاسیک دەرهێنراوە لە نوسینی د. ساماڵ مانیی ٢٠١:. بەشی یەکەم ، ناوبەشی دووەم.

392 جار خوێندراوەتەوە