ڤاکسینی کۆرۆنا و گفتوگۆیەکی ئەخلاقی

ئایا بڕەژەمی سێیەمی ڤاکسینی کۆرۆنا پێویستە؟

نادادپەروەری لە دابەشکردنی ڤاکسینەکانی کۆرۆنا روی رەشی کۆمەڵگای سەرمایەداری و نیولیبرالیزمی ئاشكرا كرد، وڵاتە دەوڵەمەندەکانی جیھان، وەك ئەمەریکاو زۆرینەی وڵاتانی ئەوروپا، ژمارەیەكی زۆری ڤاکسینەکانیان کڕی. ئەمەش وایکرد بەشێکی زۆری وڵاتە ھەژارەکان بێبەشبن و تاوەکو ئێستا نەتوانن ڤاکسینی پێویست دابین بکەن. لە ئێستادا بەشێكی زۆری وڵاتانی ئەوروپا و ئەمەریکا پلان بۆ ئەوە دادەنێن بڕەژەمی سێیەمی ڤاکسینی کۆرۆنا بدەنە هاوڵاتیانیان .

1- لە ژێر چاودێری رێکخراوی تەندروستی جیھان، کۆڤاکس وەک چەترێک پێشنیارکرا بۆ ئەوەی جۆرێک لە دادپەروەری ھەبێت بۆ دابەشکردنی ڤاکسینەکانی کۆرۆنا، بەڵام ئاشکرایە کە ئەو ھەنگاوە شکستی خوارد، رێکخراوی تەندروستی جیھانی دژی پێدانی برەژەمی سێیەمی ڤاکسینەکانی کۆرۆنایە لەئێستادا و داوا لە وڵاتانی جیھان دەکات ژەمی سێیەم بەلایەنی كەم تاوەكو کۆتایی مانگی نۆ رابگرن، بەو ھیوایەی تا ئەو کاتە زۆربەی وڵاتانی جیھان لایەنی کەم (10%)ی ھاوڵاتیانیان ڤاکسینیان وەرگرتبێت .

2- لێکۆڵینەوەکان ئەوە دەردەخەن، کە رێژەی دژە تەن لەو کەسانەی کە ھەردوو ژەمی ڤاکسینیان وەرگرتووە دوای شەش مانگ ھەندێک دادەبەزێت، ئەمەش لێکدانەوەی ئەوەی بۆ دەکرێت کە بە تێپەڕبونی کات ئەگەری دوبارە تووشبون بە پەتاکە زیادبێت .

3- لە کاتێکدا ئاشكرابووە بەشێک لەو کەسانەی، کە ھەردوو ژەمی ڤاکسینەکانیان وەرگرتوە تووشی پەتاکە دەبنەوە، بەڵام ئەوەش دەزانرێت کە رێژەی ئەو کەسانەی پێوستیان بە چارەسەری نەخۆشخانە دەبێت زۆر کەمە و مردن بە ھۆی کۆرۆنا لە نێوان ئەو کەسانەی ھەردوو بڕەژەمی ڤاکسینیان وەرگرتووە یەکجار کەمە.

رۆژانە خەلکانێکی زۆر پەیوەندیم پێوەدەکەن و پرسیاری ئەوە دەکەن، کە ھەردوو ژەمی ڤاکسینیان وەرگرتووەو دەیانەوێت ژەمی سێیەم وەربگرن . تێبینیم کردووە ئەو پرسیارە زیاتر لە نێوان ئەو کەسانەیە کە زیاتر لە پەتاکە دەترسن و تووشی دڵەڕاوکێی زۆر بونە بەھۆی ئەو ڤایرۆسە. ئەوە لە کاتێکدا زۆرینەی خەڵکی کوردستان دەرفەتی ئەوەیان نەبووە تەنانەت یەک ژەمی ڤاکسین وەربگرن، لە روی ئەخلاقییەوە بۆ کەسێکی وەک من پێشنیاری ژەمی سێیەمی ڤاکسین بە کارێکی چەوت دەبینم، لە ھەمان کاتدا ئەرکی وەزارەتی تەندرووستییە، کە رێگانەدات کەسانی هەلپەرست و دەست رۆیشتوو، دۆخەكە بقۆزنەوە و ژەمی سێیەم وەربگرن.

 لە ئێستادا تەنیا ئەوە دەکرێت ئەو کەسانە دیاری بکرێن، کەدۆخێكی تایبەتیان هەیە ومافی ئەوەیان بدرێتێ برەژەمی سێیەمی ڤاکسینەکان وەرگرن. ئەو گرووپانە ژمارەیان ئەوەندە زۆر نیەو پێدانی برەژەمی سێیەم کاریگەریەکی زۆری نابێت لە کەمکردنەوەی ژمارەی ڤاکسینەکان، لەوانە :
یەکەم، ئەو دکتۆرو کارمەندانەی تەندرووستی، کە لە نەخۆشخانەکانی کۆڕۆنا کار دەکەن و لە ھەموو کەس زیاتر بەریەكکەوتنیان ھەیە و ئەگەری تووشبوونیان بە ڤایرۆسەکە لە کەسانی تر زیاترە .
دووەم، ھەندێک نەخۆشی ھەیە، بەرگری مرۆڤ زۆر لاواز دەكات، یاخود ئەوانەی کە ھەندێک دەرمان وەرگردن کە دەبێتە ھۆی دابەزانی بەرگری لەش، بۆ نموونە ھەندێک ئەو دەرمانەی بۆ چارەسەری رۆماتیزم بەکاردەھێنرێت، ھەروەھا ئەو نەخۆشانەی کێشەی پەککەوتنی گورچیلە، یاخود نەخۆشی جگەری درێژخایەنیان ھەیە، ئەو نەخۆشانە تەنانەت دوای وەرگرتنی ھەردوو بڕەژەمی ڤاکسینیش بەرگریەکی زۆر کەم دروست دەکەن، ھەربۆیە زۆربەی ناوەندە زانستییەکان کۆکن لەسەرئەوەی ئەو گرووپە ژەمی سێیەمی ڤاکسییانیان پێبدرێت .
سێیەم، دەكرێت پلانی بڕەژەمی سێیەمی ڤاكسین بۆ ئەو كەسانە دابنرێت، كە زۆر بەتەمەنن، بەتایبەتیش ئەو كاتەی ژمارەیەكی باشی ڤاكسین دەكەویتە بەردەست .

لە ئەگەری بریاردان بۆ بەکارھێنانی برەژەمی سێیەمی ڤاکسین وا باشە ڤاکسینی فایزەر بەکاربھێنرێت .

بەڕێزان، بەشێکی گەورەی زانستی پزیشکی ئەخلاقە، ھەرکاتێک بەھا ئەخلاقییەکان پووچەڵ كرانەوە، راستیە زانستیەکانیش لەگەڵیدا لەناو دەچن. نابێت بە ھیچ شێوەیەک دۆخی کوردستان لەگەل ئەوروپا و ئەمەریکا بەراورد بکرێت. لەئێستادا ڤاکسین وەک پێویست لەبەردەست نیە، بۆیە باسکردنی برەژەمی سێیەمی ڤاکسین تا رادەیەكی زۆر بە کارێکی ناڕەوا دەبینم.

 کوردستانیانی خۆشەویست، وا دەردەکەوێت کۆرۆنا لەگەڵمان بمێنێت، ھەربۆیە ئەگەر ھەردوو ژەمی ڤاکسینت وەگرتووە ئەوە دوو دڵ مەبەو ھەوڵ بدە دەروونت ئارام بێت و دەرفەت بە کەسانی تر بدە، کە تاوەكو ئێستا نەیانتوانیوە ڤاکسین وەربگرن .

789 جار خوێندراوەتەوە