ئاساییبونەوەی ژیان لە زەمەنی کۆرۆنادا

دوای نزیكەی دوو ساڵ، ئەمڕۆ بەشداریم لە کۆنفراسێکی پزیشکی كرد، دیارە لە زەمەنی كۆڕۆنادا ھەموو کۆبوونەو کۆنفراسەکان بە شێوەی ئۆنلاین بوو، ھەر بۆیە ئەو کۆنفراسەی ئەمڕۆ تاموچێژێکی تایبەتی ھەبوو، لەبەرئەوەی ئێمەی ئادەمیزاد حەز بە تێکەڵ بوون دەکەین، بینینی کۆمەڵێک ھاورێ لەو جۆرە کۆنفرانسانەدا،  چێژێكی زیاتر بە ئامادەبوونەكە دەبەخشێت.

لە بەردەم دەرگای سەرەکی ھۆڵی کۆنفرانسەكە کۆمەڵێک چاودێر وەستابوون و ھەموو بەشداربوانی کۆنفراس دەبوایە بەڵگەی وەرگرتنی ھەردوو ژەمی ڤاکسین نیشان بدەن، لە راستیدا ئێمەی کارمەندانی تەندروستی هەمومان سێ ژەم ڤاکسینمان وەرگرتووە، تێبینی ئەوەمکرد  زۆرینەی ھەرەزۆری بەشداربووانی کۆنفرانسەکە ماسکیان نەبەستابوو! ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت، کە رێکارەکانی تەندروستی سووكتر كراوە بۆ ئەو کەسانەی ڤاکسینیان وەرگرتووە. هەرچەندە تائێستاش لە نەخۆشخانەكاندا ماسك بەكاردەهێنرێت.

شایەنی ئاماژە بۆ كردنە لە ئینگلتەرا (90%)ی کارمەندانی تەندرووستی ھەردوو ژەمی ڤاکسینیان وەرگرتووەو نزیکەی (94%) ژەمێکی ڤاکسینیان وەرگرتووە. دیارە ئەو رێژەیە ھەموو کارمەندێک دەگرێتەوە، ھەر بۆیە ڤاکسین وەرگرتن لە نێوان دکتۆرو پەرستیارەکان لەو رێژەیەش زیاترەو من خۆم تاکوو ئێستا ھیچ دکتۆرک یان پەرستیارێکم نەبینیوە ڤاکسینی وەرنەگرتبێت. تێبینی کراوە ئەو کەسانەی  ڤاکسینیان وەرنەگرتووە زیاتر لە نێوان کەمینە نەتەوەییەکانە، بۆیە زۆرینەی ئەو نەخۆشانەی لە ئێستادا  تووشی کۆرۆنا دەبن و پێویستیان بە چارەسەری نەخۆشخانە دەبێت، لەو كەمینە نەتەوەییانەن، کە بەرەگەز خەڵکی ئاسیاو ئەفریقاو ووڵانی ئەوروپای رۆژھەلات و رۆژھەلاتی ناوەڕاستن.

لە رێگەی کۆمەڵێک لە ھاوکارەکانم لە کوردستان ئاگادارم، کە ژمارەیەکی بەرچاو لە دکتۆرو کارمەندانی تەندرووستی کوردستان ڤاکسینیان وەرنەگرتووە، بە داخەوە بەشێکیان بە شێوەیەکی نارەستەوخۆ ھۆکارن بۆ ساردکردنەوەی خەڵک لە وەرگرتنی ڤاکسین!.

463 جار خوێندراوەتەوە