شێواز و ستراتیژی فێربوون

زۆرێک لە فێرخوازان بە دەست لە بیرچووونەوەی بابەتەکان دەناڵێنن، دەڵێن "زۆرباش بابەتەکەم خوێندۆتەوە کە دەچم بۆ تاقیکردنەوە لەبیرم دەچێ" ئەمە ڕاستە هۆکارەکەی دەگەڕیتەوە بۆ شێوازی خوێندنەکەی.

ستراتیژ:-  زاراوەیەکە لە بواری عەسکەری(ملیتار) بەکارهاتووە، بەمانای، پلاندان و گرتنەبەری ڕێگا و شوێنی گونجاو بۆ گەیشتن بە ئامانجێکی دیاری کراو، لە بواری عەسکەری پلان و ستراتیژی تایبەت و گونجاو دەگرنەبەر بۆ سەرکەوتن لە شەڕێکدا، یان چارەسەری کێشەیەک، لە زاستی پەروەردە وفێرکردن هەمان زاراوە بەکاردەهێندرێت، بەڵام لێرەدا بۆ سەرکەوتن لە شەڕ نا، بەڵکو بۆ سەرکەوتن بۆ بەدەستهێنانی زانیاری و زانست و گەیشتن بە ئامانجی فێربوون.

لە زانستی پەروەردە و فێرکردنی هاوچەرخ چەندین ستراتیژی فێربوون دەستنیشانکراوە و تاقیکراوەتەوە و سەرکەوتووبووە، لە زانکۆکانی پێگەیاندنی مامۆستایان دەخوێندرێت بۆ ئەوەی مامۆستا بە فێرخوازەکانی ئاشنا بکات و ببێتە هاوکارێکی باش بۆ فێربوون، ئەو زانست و زانیاریانەی لە مامۆستاکەیان وەریدەگرن ببێت بە مەعیرفە ولە زاکرەی درێژخایەنیان بمێنێتەوە سوودی لێوەربگرن.

لە یەکەم ساڵی دەست بەخوێندن، مامۆستا ئەرکیەتی فێرخوازەکانی ڕابهێنێت لەسەر جۆرەکانی ستراتیژیەتی فێربوون، ڕۆژانە کاری لەسەر بکەن تا وای لێدێت فێرخواز ئەو ستراتیژیە دەدۆزێتەوە کە لەڕێگایەوە بە باشترین و ئاسانتری شێوە فێردەبێت.

ئەو ستراتیژیەی لە قۆناغی بنەرەتی بەکاردەهێندرێت دەکرێت هەمان ستراتیژیەت بێت کە لە قۆناغەکانی تری خوێندن بەکاردەهێندرێت، بەڵام بەشێوازێکی سادەتر و هەنگاو بە هەنگاو گەشەی پێبدرێت.
هەر وانەیەک ستراتیژیەتی تایبەت و گونجاوی هەیە، ئەو ستراتیژیەی بۆ وانەی بیرکاری بەکاردەهێندرێت گونجاو نیە بۆ وانەکانی کۆمەڵایەتی، لێرەدا ڕۆڵی مامۆستا گرنگە کە فێرخوازەکانی ڕابهێنێت لەسەر شێواز و پلانی خوێندنی هەر یەک لە وانە جیاجیاکان.

بۆ ڕاهاتن وفێربوونی جۆرەکانی ستراتیژی فێربوون، فێرخواز پێویستی بە خولی تایبەت نییە، بەڵکو مامۆستا ڕۆژانە کە پلانی وانەبێژی خۆی ئامادە دەکات ستراتیژی فێربوون دەبێت ببێت بە بەشێک لە پلانەکەی، هەر ماوەیە و یەکێک لە ستراتیژی فیربوو بەکاربهێنێت و فێرخوازەکانی ڕابهێنێت لەسەری تا وای لێدێت فێرخواز چەندین ستراتیژی فێربوون دەزانێت و لە نێوایان گونجاوترینیان هەڵدەبژێرێت کە لە ڕێگایەوە بە ئاسانترین وباشترین شێوە فێردەبێت، بۆ ئەوەی سوود بەخش و سەرکەوتووبێت دەبێ فێرخواز بە باشی فێربکرێت  وڕاهێنانی زۆری لەسەر هەریەک لە ستراتیژیەکان بکات تاوای لێبێت کۆنتڕۆڵی تەواوی بەسەردا هەبێت.

سوودەکانی ستراتیژی فێربوون زۆرن، لە ڕێگایەوە هەر سێ قۆناغەکانی فێربوون بەیەکەوە دەبەستێتەوە (پێش فێربوون- لە کاتی فێربوون- دوای فێربوون).
1-فێرخواز ئەوەی دەیخوێنیت لە زاکیرەی درێژخایەنی دەمێنێتەوە و لە داهاتوو بەکاری دەهێنێت و لەلای دەبێت بە مەعریفە.
2 -  لە رووی زمانەوای گەشەدەکات وبانکێکی زاراوەیی لەلا دروست دەبێت کە هاوکاری دەبێت بۆ گەشەکردن بە زانیاریەکانی.
3-  کاتی کەمتر بەکاردەهێنێت بۆ فێربوون، چونکە پلان و بەرچاوی ڕوونە چۆن هەنگاو دەنێت بەرەو ئامانجەکەی کە فێربوونە.

 لێرەدا ناکرێ باس لە هەموو ستراتیژیەکانی فێربوون بکەین چونکە زۆرن، تەنها باس لە دوو ستراتیژی دەکەم.

ستراتیژی خوێندنەوەی تێکست: فێرخواز پارچەیەک لە تێکستەکە دەخوێنتەوە و دواتر مامۆستا داوای لێدەکات کە بە تێگەیشتنی خۆی بۆ ناوەڕۆکی تێکستەکە وە بە شیوازی خۆی و بە وشەکانی خۆی بینوسێتەوە، ئەم ستراتیژە گونجاو بۆ تێکستی درێژ کە فێرخواز دوای خوێندنەوەی تێکستێکی درێژ کۆنترۆڵی نامێنێت و ناتوانێت ناوەرۆکی تێکستەکەی لەبیر بمێنێت، لە کاتی دابەشکردنی تێکستەکە و نوسینەوەی ناوەڕۆکی تێکستەکە بە وشە و شێوازی خۆی، وای لێدێت کە زانیاریەکان لەژێردەستی دەرنەچێت.

یەکێکی ترە لە ستراتیژیەکانی فێربوون )LEARNING STRATEGIES(
ئەگەر بە کوردی ناوی بنێین (نەخشەی هزرین) یان (نەخشەی بیر) یان (نەخشەی بیرکردنەوە)، ئەمەیان زۆر باوە تەنانەت لە زۆرێک لە بوارەکانی کار و ژیان بەکاردەهێندرێت، لە ڕێگای ئەم ستراتیژیەوە فێرخواز زانیاری و پەیوەندی نێوان زانیاریەکان و لە رووی زمانیەوایەوە سوودی زۆری لێ دەبینێت.

لە وەزارەتی پەروەردە و فێرکردن بەڕێوەبەرایەتیەک هەیە کە یەکێکە لە گرنگترین بەڕێوەبەرایەتیەکانی ئەم وەزارەتە بەناوی (بەڕێوەبەرایەتی مەشق و ڕاهێنان)، بەلام بەداخەوە گرنگی پێنادرێت و بە ئەرکی خۆی وەک پێویست هەڵناستێ، ئەرکی ئەم بەڕێوەبەرایەتیە ئەوەیە بە بەردەوامی مەشق بە مامۆستایان بکات، ئەو تازەگەریانەی ڕوودەدات لە بواری پەروەردە و فێرکردن بە مامۆستایانی ئاشنا بکات، ئەرکی ئەم بەڕێوەبەرایەتیە لەگەڵ فێرکردنی مامۆستایان مێتۆد و مۆدیلەکانی وانەبێژی هاوچەرخ، جۆر وشێوازەکانی کارکردن و فێرکردنی ستراتیژی فێربوون بە مامۆستایان بناسێنێت و خولیان بۆ بکاتەوە و دواتر مامۆستایان پابەند بکرێن ببێت بە بەشێک لە پلانی وانەبێژیەکەیان.

مامۆستایی ئەرکێکی پیرۆزە و هەمەلایەنە، تەنها قەتیس نەکراوە لە وتنەوەی وانەکەی، بەڵکو یەکێکی تر لە ئەرکەکانی ئەوەیە فێرخواز بخاتە سەر ئەو ڕێگایەی کە خۆی تێدا دەدۆزێتەوە دەبێت بە کەسێکی باوەڕ بەخۆ و خاوەن مەعریفە و زانست و کەساییەتیەکی بەهێز و بەتوانا و بەسوود بۆ کۆمەڵگاکەی.


271 جار خوێندراوەتەوە