1
مێژووی ڕزگاری نیشتیمانی گەلانی دنیا، پڕە لەسەرکردەی بەهیمەت
و ئازاو بەجەرگ و خوێندەوار و سیاسی خاوەن فکرو قەڵەم، لەکاتێکدا لە مێژووی بزاڤی ڕزگاریخوازی
گەلەکەماندا، تەنیا ناوی چەند سەرکردەیەک دیارن، ئێمەش مێژوو و کاروچالاکیەکانی ئەوسەکردانە
دەخوێنینەوە تاکو سود لەتواناکانیان وەربگرین.
بەتایبەتی لە مێژووی شۆڕشی نوێی گەلەکەماندا، وەکو گەلێکی
ژێردەستە و زوڵملێکراو و نیشتیمانێکی پارچەپارچەکراو، ئێمەش سەرکردەیەکمان (نەوشیروانێکمان)
هەیە کە پێویستە هەڵوێستەی لەسەر بکەین و دووبارە و چەندبارە، لەسەر ئەزموونەکانی بخوێنینەوە! هەڵوێستەی قووڵ لەسەر سیاسەتی ڕێکخراوەیی
و گۆڕانکارییە فکریەکانی بکەین، کە هەرگیز ژەنگ و قێڵبەندی ئایدۆلۆجیاکان، نەیتوانیوە
لەیەک چوارچێوەی وشکهەڵاتوودا، بیرو فکر و
کاری ڕێکخراوەیی خەباتەکەی بێکاریگەر و بێ
گیان بکەن.
ڕەوانشاد نەوشیروان موستەفا، لەساڵی ١٩٧٦ وە تا کاتی
چاولێکنانی و ماڵئاوایی لەگردی زەرەگەتە، هەردەم کاری لەسەر گۆڕانکاریی دەکرد. ئەو
هەڵوێست و توانای ڕێکخراوەیی و هزری حیزبی خۆی، بەپێى کات و سیاسەت و دەسەڵاتی
دووژمنکارانەی داگیرکەران دەگۆڕیی.
لەکاتێكدا سیاسەت و هاوسەنگی هێزە ئیقلیمی و نێودەوڵەتیەکان
گۆڕانکاری بەسەرادەهات، بە وردەکاریەکی زۆرەوە کارە ڕێکخراوەیی و سەربازی و فکریەکانی لە کۆڕی خەباتدا دەگۆڕیی، تاکو گەیاندی
بەسەرکەوتنی ڕاپەڕین و ڕاماڵینی دەسەڵاتی حزبی بەعسی داگیرکەر لە هەرێم.
دواتر دوای دامەزراندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان و کاتێک
حکومەتی هەرێـم لە دۆخێکی چەقبەستوودا بوو، میللەتەکەمان لەناو بازنەی حوکمڕانە گەنەدەڵەکاندا
دەخولایەوە، توانایەکی دیاری هەبوو لەدەست نیشانکردنی ئاستەنگەکان وبەربەستەکان. لەهەمانکاتیشدا
نەخشە و پلانی گۆڕانکاریی ئاشتیخوزانەی هەبوو، بۆ سیستمی حوکمڕانی و بۆ چارە سەرکردنی ئالیشە وئاڵەنگاریەکان و کردنەوەی گرێکوێرەکان
ودەرچوونی کورد لەو میحنەتەی تێی کەوتبوو.
ئەی سەرکردە تاقانەکەم، لەژیانتدا خۆت تەسلیمی کۆنەپەرست
و هەلپەرست و پەلەپەلکەرە ناواقیعیەکانی سیاسەت نەکرد.
2
ئەوان دەیانوویست بیروکردەوەی سرک و بزێوتان لەقاڵبێکدا
قەتیس بکەن، بەڵام درەختی میژووی خەبات و تێکۆشانت هەمیشە بەجوانی مایەوە، ڕووی لەئاسۆی
گەش وگۆڕانکاری بوو.
هەربۆیە ئەو رۆژەی هەواڵی کۆچی دواییت بڵاوبۆوە، فرمێسکی
لە چاوی هەموو ئەو کەسانە هێنا کە خەونیان بە ژیانێکی دادپەروەرانە و باشترە وە دەبینی.
هەموان وەک سیاسیەکی دڵشکاو تۆیان دەبینی کە ساڵانێکی زۆربوو
هاوارت بۆ ئەوە دەکرد، حوکمڕانیەکی رەشید و بەرپرس و دادپەروەرانە هەبێت، بەڵام نەک
هەر گوێیان بۆت نەگرت، بەڵکو بۆ ئەوەی ئامانجەکانت نەیەنەدی، دەیان تۆمەتیان بۆ
دروستکردیت و پەلاماریان دایت. هەموو چین وتوێژێک تۆی خۆش دەوویست.
-بێدەرەتانەکان خۆشیانوویستیت، چونکە بە دەنگی ئەوان قسەتدەکرد.
-هەژاران خۆشیانوویستیت، لەبەرئەوەی هەستیاندەکرد وەک ئەوان دەپۆشێ
و دەژی.
-خوێندەواران خۆشیانوویستیت، هەستیاندەکرد بە چەندین فرسەخ
و شاقاو لەو لێشاوە سیاسیە نەخوێندەوارانەی بە پلەی بەرزگەیشتوون، دووریت و تۆ خوێندەوار
و تێگەیشتوو و بیرکەرەوەبوویت.
-گەنجانێکی زۆر خۆشیانوویستیت و لە دوا ویستگەی ژیانتدا کە (بزووتنەوەی
گۆڕان)ت دروست کرد و تائێستاش بەحەماسەوە ئاڵا نیلی و مۆمەکەت بەرزدەکەنەوە، چونکە
هەستیاندەکرد و هەستدەکەن، تۆ بەو تەمەنەوە لەوان لەهەموو کەسێکیتر نزیکتریت.
تۆ پیرێکی هاوڕێی گەنجان، سیاسیەکی هاوڕێی خوێندەواران،
راستگۆیەکی نزیک لە جوتیاران و هەژاران و کاسبکاران بوویت.
دەزانێت ئەو رۆژەی کۆچی دوایت کرد و هەموو ساڵ لەویادە بەئازارەدا،
هەموو ئەو چاوانە دەگرین کەبەردەوام تۆ وەک ئومێدێکی گەورە بۆ گۆڕانکاری و
باشترکردنی حوکمڕانی دەبیین، تۆ خۆشەویستیت؛ چونکە هەرگیز لە ژیانتدا بۆ یەکجاریش
ئەو هەموو ساڵانەی خەباتی پڕچەرمەسەریی و ماندووبوونت بەکەس نەفرۆشتەوە و بۆ یەکجاریش
بە هیچ ساتەوەختێکی ژیانتەوە نەنازیت!
3
هەمیشە
هەستماندەکرد بیری تۆ لای ئایندەیە، بیرت لای ئەوەبوو سبەی چی بۆ خەڵک بکەیت؟ لەبیرمانە
کە بەزمانی خۆت دەتگووت، بۆ نەوەی ئێستا چ گرنگە لە شاخ و شۆڕش و ڕابردوودا چیمان
کردووە و نەکردووە؟ بۆ ئەوان ئەوە گرنگە ئێستا و سبەی چی دەکەین!
هەرگیز ژیانی سیاسیت وەک هەموو سیاستەمەدارێکی مەزنی جیهان
بێئاستەنگ و کۆسپ و مەترسی نەبووە، بەڵام
ئێمە خۆشماندەوێیت، لەبەرئەوەی تا دواساتی ژیانت هەوڵتدەدا شتەکان چاک بکەیتەوە و
بیانخەیتەوە سەر ڕێگای ڕاستی خۆشگوزەرانی میللەتەکەمان...
سەرکردەکەم تۆ ئومێدی بێ ئومێدەکانی و دەنگی بێدەنگ کراوەکانیت،
تۆ خەڵکێکی زۆرت پەروەرەدەکرد لەسەر ئەوەی قسە بکەن و بەدەنگی بەرز بۆچونەکانی خۆیان
بڵێن.
لێڕەوە پێت دەڵێین: وەک خۆت دەتگووت، ئەم ڕێبازە سەختە و هەمووکەس بەرگەی ناگرێت، بەڵام
تاکو یەک کەس مابێت و ئاڵایەکی
نیلی هەڵبگرێت، ئەوا ئەم خەباتە بەردەوام دەبێت و خەونەکانی تۆ بۆ باشترکردنی سیستمی
حوکمڕانی و لەناوبردنی گەندەڵی و بەرەوپێشخستنی دامەزراوەیی سەربەخۆیی حکومی و دامەزراندنی
هێزی نیشتیمانی و نەهێشتنی دەستی حیزب لە ناوحکومەتدا دێنەدى و ئێمە ڕێبازەکەت ون
ناکەین. هەزران سڵاو لەگیانی پاکت و ڕۆحت ئارام و ئاسودە بێت گەورەم، لەناو ئارامگەکەت
ئارام بگرە، چونکە خەونی گۆڕانکاریی و دوا پڕۆژەی ژیانت (بزووتنەوەی گۆڕان) بەردەوامە
و ئێوە سەرکردەی گەورەیی گۆڕانکارییەکانن.
544 جار خوێندراوەتەوە