بزوتنەوەی گۆڕان لەنێوان حكومەت و ئۆپۆزسیۆن چی هەڵدەبژێرێت؟

07:57 - 03/11/2018
کوردستان

بزوتنەوەی گۆڕان ئامانجە گەورەكە دیاریدەكات

ئامانجی گەورەی بزوتنەوەی گۆڕان لە داهاتودا چیە؟لەو پێناوەدا چ بڕیارێك دەدات، چونە حكومەت یان ئۆپۆزسیۆن؟ گۆڕان چۆن توانی هەموو ئەو موئامەرانە تێپەڕێنێت كە روبەروی بویەوە؟ هەنگاوی داهاتوی چی دەبێت؟ لەم راپۆرتەدا وەڵامی ئەم پرسیارانە دەزانین.


بەپێچەوانەی ئەو هێزانەی بۆ بڕیارەكانیان ناگەڕێنەوە بۆ رای گشتی ئەندام و لایەنگرانیان، لە بزوتنەوەی گۆڕاندا پرۆسەی بڕیاردان لەخوارەوە دەستپێدەكات و هەموان بەشدار و گوێ‌ لێگیراون.

ئێستا ئەم بزوتنەوەیە لەبەردەم دوریانێكدا وەستاوە و پێویستە بڕیاربدات و رێگایەك هەڵبژێرێت بەشداریكردن لە حكومەت یان بون بە ئۆپۆزسیۆن.

بزوتنەوەی گۆڕان پێشتر هەردوو ئەم رێگایەی تاقیكردۆتەوە، كە تائەندازەیەكی باش لە هەردوو رێگاكەدا سەركەوتوو بوە، كاتێك لە 2009 بۆ 2013 ئۆپۆزسیۆن بوو، ئەو هێزە بوو كە روحی كرد بە بەری پەرلەماندا و كردییە سەنگەرێك بۆ بەرگریكردن لە پرۆژە سیاسیەكانی و روبەروو بونەوەی گەندەڵی و بە 25 كورسی پەرلەمانیەوە توانی روبەروی دوو هێزی سیاسی ببێتەوە كە زیاتر لە 17 ساڵ بوو دەسەڵاتداری ئەم هەرێمە بون و تەواوی هێزی كوردستان و داهاتی ئەم وڵاتەیان لەبەردەستدابوو.

لە قۆناغی دواتریشدا كاتێك بەشداریكرد لە كابینەی هەشتی حكومەتی هەرێمدا، تەنها لەماوەی ساڵێك و سێ‌ مانگدا، توانی لەو وەزارەتانەی بەدەستیەوە بون چاكسازی گەورە بكات و تەنانەت بەدانپێدانانی سەرۆكی حكومەتیش كە دواتر حزبەكەی بڕیاریدا بزوتنەوەی گۆڕان لە حكومەت دەربكات، وەزیرەكانی گۆڕان لە چالاكترین وەزیرەكانی كابینەكەی بون.

ئێستا پرسیارە جەوهەرییەكە ئەوە گۆڕان ببێت بە ئۆپۆزسیۆن چی پێ‌ دەكرێت و بچێتە حكومەت دەتوانێت چی بكات؟
راستە تائێستا بڕیار نەدراوە بزوتنەوەكە كام لە دوو رێگاكە هەڵدەبژێرێت، بەڵام بەرپرس و هەڵسوڕاوانی بزوتنەوەی گۆران نەیانشاردۆتەوە، كە بەهەركام لە رێگاكاندا بڕۆن كار بۆ یەك ئامانج دەكەن لەم چوار ساڵەدا، ئەویش باشكردنی ژیان و گوزەرانی خەڵكی كوردستان و بەرگریكردن دەبێت لە موچەی فەرمانبەران و وەك لەكارنامەی هەڵبژاردنیشیاندا هاتوە، كاردەكەن بۆ هەرێمێكی خزمەتگوزار و دادپەروەر.

ئێستا پرسیاری خەڵكە كە بزوتنەوەی گۆڕان ئەگەر بچێتە حكومەت دەتوانێت بەرگری لەو ئامانجانە بكات، بە بیرهێنانەوەی رابردوی بزوتنەوەكە كە تا لە حكومەتدا بو نەیهێشت موچەی فەرمانبەران كەمبكرێتەوە و هەنگاوی گەورەی نا بەئاراستەی یەكخستنی هێزی پێشمەرگە و دەرخستنی داهات و سەرچاوەی داهات بێگومان بەچونی بۆ حكومەت دەتوانێت كاریگەری گەورە لەسەر داهاتوی ئەم هەرێمە جێبهێڵێت.

لەكاتێكدا كە ئەم هەرێمە لە بەردەم چەندین ئاڵەنگاریدایە بەتایبەت كە ناوچەكە بەگۆڕانكاری گەورەدا تێپەڕدەبێت و ریفراندۆم و 16 ی ئۆكتۆبەریش هەرێمەكەیان روبەروی گرفتی گەورەتر كردۆتەوە، كەپێویستی بەهێزێكی نیشتیمانی هەیە بۆ راستكردنەوەی هەڵەكان و بردنی ئەم هەرێمە بۆ كەنارێكی ئارام.

بەپێچەوانەوە ئەگەر گۆڕان نەچێتە حكومەت و ببێت بە ئۆپۆزسیۆن دەتوانێت چی بكات، بێگومان لەم رێگایەشدا بزوتنەوەی گۆڕان تاقیكراوەتەوە و ئەو هێزەیە كە دەتوانێت سەركردایەتی بەرەی ئۆپۆزسیۆن و شەقام بكات و دەیان كەناڵی سیاسی و دیبلۆماسی هەیە كە لەرێگایانەوە دەتوانێت بەربگرێت بە هەر هەنگاوێك كە لەبەرژەوەندی خەڵكی كوردستان نەبێت.

دوای ئەوەی بزوتنەوەی گۆڕان لە موئامەرەیەكی گەورە رزگاری بوو، كە ئامانجی ئەوەبوو ئەم بزوتنەوەیە كۆتایی پێبهێنێت، ئێستا بزوتنەوەكە لە هەموو ئاستەكاندا و بەتایبەت لەناوخۆدا لە خۆرێكخستنەوە و پێداچونەوە و گۆڕانكاری گەورەدایە، كە چاوەڕێ‌ دەكرێت هەنگاوەكانی داهاتوی زۆرێك لە دەنگدەرەكانی ئاشت بكاتەوە و كۆتاییش بە خەونی موئامەرە چیەكان بهێنێت.

1542 جار خوێندراوەتەوە