پەرلەمانی كوردستان 10 رۆژی لەبەردەمدایە بۆ گرێدانی خوولی پێنجەم

07:53 - 30/10/2018
کوردستان

ئەنجومەنی دادوەریی هەرێم ئەنجامەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانی پەسەند كرد
ئەنجومەنی دادوەریی تانە‌و سكاڵای لایەنە ناڕازییەكانی لەسەر پێشێلكارییەكان ڕەتكردەوە


ئەنجومەنی دادوەری هەرێم ئەنجامەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانی پەسەند كرد‌و تانە‌و سكاڵای لایەنەكانی لەسەر پێشێلكارییەكانی هەڵبژاردنەكە ڕەتكردەوە، لە ئێستاشدا پەرلەمانی كوردستان 10 ڕۆژی لەبەردەمە بۆ گرێدانی خولی پێنجەم.


دوای 45 ڕۆژ لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، دواجار لە 30 تشرینی یەكەمی 2018، ئەنجوومەنی دادوەری هەرێم، ئەنجامەكانی هەڵبژاردنەكەی وەك ئەوەی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی هەرێم لە درەنگانێكی شەوی 20ی ئەم مانگەدا بڕیاری لێدابوو، پەسەند كرد.

لەگەڵ بڕیارەكەی ئەنجوومەنی دادوەری هەرێمدا، تانەی سەرجەم ئەو لایەنانەش ڕەتكرایەوە كە لەسەر پێشێلكارییەكانی هەڵبژاردنەكە تۆماریان كردبوو، بەوەش كۆتایی بەو گلەیی گازندانە هات كە لایەنە ناڕازییەكان لەسەر كۆی پرۆسەكە خستبوویانەڕوو.

بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان، لەدوای پەسەندكردنی ئەنجامەكان لەلایەن ئەنجومەنی دادوەرییەوە، خولی نوێی پەرلەمان ڕادەسپێردرێت تا لەماوەی 10 ڕۆژدا یەكەم كۆبونەوەی خۆی ساز بكات و دەستەی سەرۆكایەتی خوولە نوێیەكەی هەڵبژێرێت.

ڕۆژی چوارشەممە یەكی تشرینی دووەمیش، خوولی چوارەمی پەرلەمانی كوردستان كۆتایی دێت و كۆبوونەوەی ماڵئاوایی ساز دەكات.

بەپێی ئەنجامەكە (پارتی 45 كورسی، یەكێتی 21 كورسی، بزووتنەوەی گۆڕان 12 كورسی، هاوپەیمانی بەرەو ئیسڵاح 5 كورسی، نەوەی نوێ 8 كورسی، كۆمەڵ 7 كورسی و حیزبەكانی دیكەش دوو كورسی).

لەئێستاشدا دیار نییە لایەنەكان لەسەر دابەشكردن و پێكهێنانی پۆستەكانی كابینەی نۆی حكومەتی هەرێم چۆن ڕێكدەكەون، بەڵام پێدەچێت بەم زووانە ئەو كابینە نوێیە نەكەوێتەسەر پێ و هەرێمی كوردستانیش هاوشێوەی خوولی چوارەم بەبۆشایی یاساییدا تێپەڕێت.

230 جار خوێندراوەتەوە