بزوتنەوەی گۆڕان ‌و یەكگرتووی ئیسلامی ‌و هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی سكاڵا تۆمار دەكەن

07:38 - 22/10/2018
کوردستان

كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان: ئەنجامەكانی هەڵبژاردن رەتدەكەینەوە

دوای ڕەتكردنەوەی ئەنجامەكان، بزوتنەوەی گۆڕان ڕایدەگەیەنێت لە ماوەی 72 كاتژمێری داهاتوودا سكاڵای یاسای لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنەكان تۆماردەكەین یەكگرتوی ئیسلامیش كوردستانیش دەڵێت سكاڵاكان گۆڕانكاری بەسەر ئەنجامەكاندا دەهێنا، هاوپەیمانی بۆدیموكراسی ‌و دادپەروەریش لەسەر دیارنەمانی دەنگەكانی سكاڵای تۆماركرد.


هەرزوو لەدوای ڕاگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنەكان سەرجەم ئەو هێزانەی لەدەرەوەی یەكێتی‌و پارتین ئەنجامی هەڵبژاردنەكەیان رەتكردەوە‌و رێكارە یاساییەكانیان دەستپێكرد.

بزوتنەوەی گۆڕان كە لەراگەیەندراوێكدا ئەنجامی هەڵبژاردنی 30ی ئەیلولی ڕەتكردەوە، لە ماوەی 3 رۆژیشدا سكاڵا تۆمار دەكات.

یەكگرتووی ئیسلامیش بە هەمان شێوەی بزوتنەوەی گۆڕان ئەنجامەكەی ڕەتكردوەتەوە‌و رێگەی دادگاش دەگرێتەبەر.

هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی ‌و دادپەروەری، هەرچەندە بایكۆتی هەڵبژاردنیان كرد، بەڵام چەند كاندیدێكیان بانگەشەیان كرد‌و دەڵێن بەپێی ئەنجامە بەراییەكان بەشی كورسیەك دەنگیان هێناوە، بەڵام لە ئەنجامی كۆتاییدا كورسیەكەیان دراوە بە لایەنێكی تر، بۆ بەدەستهێنانەوەی كورسیەكەیان پەنا بۆ دادگا دەبەن.

كۆمەڵی ئیسلامی كوردستانیش لەگەڵ ئەوەی هاوشێوەی هێزە سیاسیەكانی تر ئەنجامەكانی رەتكردۆتەوە، بەڵام تائێستا باسی هیچ هەنگاوێكی تری نەكردوە.

هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كە 30ی ئەیلول بەڕێوەچوو، بەهۆی بونی رێژەیەكی زۆر ساختەكاری ‌و پێشێلكاری لەلایەن یەكێتی ‌و پارتیەوە، لەلایەن لایەنەكانەوە هەزار‌و پەنجا سكاڵا لەسەر پرۆسەكە تۆماركران، بەڵام بەبێ‌ یەكلاكردنەوەی سكاڵاكان بە ئاماژەی یەكێتی ‌و پارتی درەنگانێكی شەوی شەممە كۆمسیۆن ئەنجامی كۆتایی راگەیاند.

3123 جار خوێندراوەتەوە