حکومەتی عێراق لە وادەی چەکداماڵین گروپەکان پاشگەز دەبێتەوە

KNN : Kurdish News Network
09:19 - 22/08/2026
عێراق
+
-

حکومەتی عێراق بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ لە وادەی دیاریکراوی 30ی ئەیلول بۆ چەکداماڵین و کۆنتڕۆڵکردنی چەکی دەستی گروپە چەکدارەکان پاشگەزبووەوە، هاوکات بەریتانیاش هۆشداری دەدات لەوەی گروپە چەکدارەکانی دەرەوەی یاسا هەڕەشەن بۆ سەر ئاسایشی ئەوروپا.

 

 

حەیدەر عەبودی، وتەبێژی حکومەتی عێراق، لە لێدوانێکدا بۆ ڕاگەیاندنە ناوخۆییەکان ئاماژەی بەوە کرد، وادەی 30ی ئەیلولی داهاتوو تایبەتە بە کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و پەیوەندی بە وادەی ڕادەستکردنی چەکی گروپەکانەوە نییە. لەلایەکی دیکەوە، لە پەراوێزی کۆنفرانسی "دیالۆگی بەغدا"، عەلی زەیدی سەرۆکوەزیرانی عێراق سەبارەت بە پرسی چەکداماڵین ئاشکرای کرد، سەرجەم هێزە سیاسییەکان کۆکن لەسەر کۆتاییهێنان بە دیاردەی چەکداری، بەڵام ناکۆکی لەسەر میکانیزمی جێبەجێکردنەکەی هەیە. زەیدی ڕوونیکردەوە، میکانیزمی چەکداماڵین سێ هەنگاو لەخۆدەگرێت: ڕاگەیاندنی وەستانی کاری سەربازیی لەلایەن گروپەکانەوە، ڕادەستکردنی چەک بە حکومەت، و هەڵوەشاندنەوەی پەیوەندییەکان بۆ ئەوەی ڕاستەوخۆ بخرێنە سەر حکومەتی فیدراڵی لە ڕێگەی دەستەی حەشدی شەعبییەوە.

 

 

لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش، باڵیۆزی بەریتانیا لە بەغدا هۆشداری دا لە مەترسییەکانی چەکی بێمۆڵەت و ڕایگەیاند، ئەو گروپانەی لە دەرەوەی کۆنتڕۆڵی دەوڵەت چەک هەڵدەگرن و لەلایەن وڵاتێکی دراوسێوە (کە ئاماژەیە بۆ ئێران) پشتیوانی دەکرێن، تەنها هەڕەشە نین بۆ سەر عێراق و ناوچەکە، بەڵکو هەڕەشەن بۆ سەر ئاسایشی ئەوروپاش. باڵیۆزی بەریتانیا جەختی لەوەش کردەوە، تا ئەو کاتەی حکومەت نەتوانێت قۆرخی هێز و چەک بکات، وڵات سەروەریی تەواوەتی نابێت.

بەپێی ڕاپۆرتەکان، لە ئێستادا پێشکەوتنێک هەیە و باس لەوە دەکرێت گروپێکی وەک "عەسائیبی ئەهل حەق" بە سەرۆکایەتی قەیس خەزعەلی، دەستیان بە ڕادەستکردنی چەکەکانیان بە دەوڵەت کردووە. سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن ئەم گروپە لە ناوچەی یوسفییەی باشووری بەغدا بەشێک لە چەکەکانیان ڕادەست کردووە.

238 جار خوێندراوەتەوە