شارەزایەکی
کەشناسی ڕایدەگەیەنێت، ئەو شەپۆلەی گەرمایەی هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە تا
ناوەڕاستی ئەم هەفتەیە بەردەوام دەبێت، ئاماژە بەوەش دەکات ئەمە کۆتا شەپۆلی
گەرمای بەتین دەبێت و دواتر بەتەواوی کۆتایی پێدێت.
ئاراس جەبار،
شارەزای کەشناسی لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، لە ئەمڕۆ شەممەوە تا ڕۆژی
چوارشەممە (26ی ئابی 2026)، پلەکانی گەرما بە ڕێژەی دوو بۆ سێ پلە بەرز دەبنەوە و
جێگیر دەبن. جەختیشی لەوە کردووەتەوە کە ئەمە کۆتا شەپۆلی گەرمای بەهێزە لە
ناوچەکەدا و پێشبینی ناکرێت لە ماوەکانی داهاتوودا پلەکانی گەرما بگەنەوە ئەو
ئاستەی ئێستا.
ئەو شارەزایەی
کەشناسی ڕوونیشیکردووەتەوە، لە ڕۆژی چوارشەممەوە تا هەینی (28ی ئاب)، هەرێمی
کوردستان دەکەوێتە ژێر کاریگەریی نزمەپاڵەپەستۆیەکی لاوازی دەریای سوور، بەهۆیەوە
ئاسمان دەگۆڕێت بۆ نیمچەهەور و پەڵەهەور، لەگەڵ ئەگەرێکی کەم بۆ بارین و
دروستبوونی هەورەبروسکە لە هەندێک ناوچەدا، هاوکات پلەکانی گەرماش کەمێک دادەبەزن.
سەبارەت بە
کۆتاییهاتنی وەرزی گەرما، ئاراس جەبار پێشبینی دەکات لە سەرەتای هەفتەی داهاتوو،
واتە لە 29ی ئابەوە، پلەکانی گەرما بەرەو نزمبوونەوەی زیاتر بچن و بە یەکجاری
کۆتایی بە گەرمای بەتین بێت، ئەمەش دەبێتە سەرەتایەک بۆ هاتنی هەوای فێنک و
نزیکبوونەوە لە وەرزی بارانبارین لە ناوچەکەدا.
1320 جار خوێندراوەتەوە