محەمەد باقر
قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لە سەردانەکەیدا بۆ بەغدا داوای کەمکردنەوەی
پشتبەستنی عێراق بە دۆلاری ئەمریکی دەکات و "نەخشەڕێگایەکی ورد" بۆ
هاریکاری ئابووریی نێوان هەردوو وڵات دەخاتەڕوو. هاوکات، حکومەتی عێراق جەخت لە
دابینکردنی مووچە، دۆزینەوەی ڕێڕەوی جێگرەوە بۆ هەناردەکردنی نەوت و بەردەوامیی
هەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی دەکاتەوە.
لە میانی
سەردانەکەیدا بۆ عێراق و شاری نەجەف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران باسی لە پلانەکانی
وڵاتەکەی کرد بۆ تێپەڕاندنی ئەو "سزا ستەمکارانەی" کە
چاوەڕوان دەکرێت لەلایەن ئەمریکاوە بەسەر ئێران و هاوبەشە بازرگانییەکانیدا
بسەپێندرێن. قالیباف لە کۆبوونەوەیەکی ڕاوێژکاریدا لەگەڵ چالاکانی بازرگانی لە
باڵیۆزخانەی ئێران لە بەغدا، جەختی لە پێویستیی وازهێنان لە دراوی ئەمریکی و
بەکارهێنانی دراوە ناوخۆییەکان لە ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکاندا کردەوە. ئەو
ڕایگەیاند، سەردەمی هەژموونی ئەمریکا بەسەر جیهاندا کۆتایی هاتووە، بەڵام وڵاتانی
ناوچەکە هێشتا بە شێوازە کۆنەکان مامەڵە بازرگانییەکان دەکەن.
ئەم لێدوانانە
لە کاتێکدان کە عێراق بۆ هەناردەی نەوتەکەی، کە زیاتر لە ٩٠٪ی داهاتی نیشتمانیی
پێکدەهێنێت، بەتەواوی پشت بە دۆلار دەبەستێت. داهاتی نەوتەکەی ڕاستەوخۆ دەچێتە سەر
هەژمارێکی بانکی ناوەندیی عێراق لە بانکی یەدەگی فیدراڵیی ئەمریکا لە نیویۆرک.
سەرەڕای ئەم دۆخە و ئەو بارودۆخە سەختەی عێراق بەهۆی پێشهاتە هەرێمییەکانەوە پێیدا
تێدەپەڕێت، حکومەتی عێراق دڵنیایی دەداتە فەرمانبەران و خانەنشینان کە مووچەکانیان
بەتەواوی پارێزراوە.
لە لایەکی
دیکەوە، لە کۆنفرانسی "دیالۆگی بەغدا"، زەیدی ئاماژەی بەوە کرد کە عێراق ڕووبەڕووی
ئاڵەنگاریی ئابووریی گەورە بووەتەوە، بەتایبەتی بەهۆی مەترسی داخستنی گەرووی
هورمز، کە وەک ڕێگرێکی سەرەکی وەسفی کرد و ڕایگەیاند کە ئەو گەرووە تەنانەت لە
سەختترین ڕۆژەکانی گەمارۆکانیشدا دانەخراوە. ئاماژەی بەوەشکرد، حکومەت سەرکەوتوو
بووە لە دۆزینەوەی ڕێڕەوی جێگرەوە بۆ هەناردەکردنی نەوت و کاراکردنی دەروازە
سنوورییەکان، و دەوڵەت زیاتر لە چارەسەرێکی هەیە بۆ پاراستنی سەقامگیریی ئابووری.
زەیدی جەختی لە کارکردن بۆ فراوانکردنی هەناردەی نەوت لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی
تورکی و بەردەوامیی هەوڵەکان بۆ هەناردەکردن لە ڕێگەی بانیاس و عەقەبەوە کردەوە.
سەرۆک وەزیرانی
عێراق ڕایگەیاند کە کار دەکەن بۆ زیادکردنی پشکی هەناردەی نەوتی عێراق لە ڕێگەی
ڕێکخراوی ئۆپێکەوە، و هەوڵ دەدەن لە ماوەی 6 ساڵدا بیگەیەننە 8 بۆ 10 ملیۆن بەرمیل
لە ڕۆژێکدا. ئاماژەی بەوەشکرد کە عێراق بە نوێنەرایەتی ناوچەکە و جیهان شەڕی دژی
داعشی کردووە، بۆیە دادپەروەرییە کە پشکێکی هەناردەکردنی نەوتی خاوی هەبێت کە
هاوتا بێت لەگەڵ قەبارەی دانیشتووان و یەدەگی نەوتەکەی.
لە ڕووی
سیاسیشەوە، جەخت لە کۆدەنگیی تەواوی هێزە سیاسییەکان کرایەوە بۆ بەردەوامیدان بە
هەوڵەکانی حکومەت لە ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی، کە وەک بابەتێکی شەڕەف وەسف کرا.
حکومەتی عێراق لە 28ی حوزەیرانی ڕابردوودا ئۆپەراسیۆنێکی بەناوی "سەولەتولفەجر" بۆ
بەرەنگاربوونەوەی تاڵانکردنی سامانی گشتی دەستپێکردووە، کە پرۆسەکە چەندین بەرپرسی
سیاسی، پەرلەمانتار و سەرمایەداری گرتووەتەوە.
194 جار خوێندراوەتەوە