بەشێک لە پارەی مووچەی مانگی نیسان گەیشتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی

KNN : Kurdish News Network
03:35 - 11/05/2026
کوردستان
+
-

وەزارەتی دارایی هەرێم: بە گەیشتنی گوژمەی کۆتایی، خشتەی مووچە ڕادەگەیەنین

 

 

وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە، بەشێک لە پارەی تەرخانکراو بۆ مووچەی مانگی نیسان گەیشتووەتە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتەکەیان، کە بڕەکەی 663 ملیار و 805 ملیۆن دینارە

 

 

بەپێی ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتی دارایی، ئەو بڕە پارەیە خراوەتە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتەکە لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق، کە وەک بەشێک لە پارەدارکردنی (تەمویلی) مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بۆ مانگی نیسان نێردراوە

 

وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، چاوەڕوان دەکرێت سبەینێ سێشەممە گوژمەی تەواوکاریی پارەی مووچە بگاتە سەر هەژمارەکەیان و کێشەی نەبوونی نەختینە چارەسەر ببێت

 

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا جەخت کراوەتەوە، هەر کاتێک تەواوی پارەکە گەیشت و لەلایەن لقی هەولێری بانکی ناوەندییەوە وەرگیرا، دەستبەجێ خشتەی دابەشکردنی مووچە ڕادەگەیەندرێت و پڕۆسەی دابەشکردنی مووچەی مانگی نیسان دەستپێدەکات.


118 جار خوێندراوەتەوە