وەزارەتی پێشمەرگە دەرچوونی خشتەی پلەبەرزکردنەوەی ئەفسەرانی بۆ ساڵانی 2022 تا 2024 ڕاگەیاند

KNN : Kurdish News Network
01:08 - 11/05/2026
کوردستان
+
-

وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێم دەرچوونی خشتەی پلەبەرزکردنەوەی ئەفسەرانی وەزارەتەکەی بۆ ساڵانی (٢٠٢٢ بۆ ٢٠٢٤) ڕاگەیاند و جەختی لەوە کردەوە کە ئەم هەنگاوە دەبێتە وزەیەکی نوێ بۆ پارێزگاریکردن لە خاک و شکۆی گەلی کوردستان.


وەزارەتی پێشمەرگە لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، لە سەرەتای دەستبەکاربوونیانەوە وەک تیمێکی یەکگرتوو هەوڵێکی زۆریان داوە تا ئەم پڕۆسەیە لە کات و ساتی یاسایی خۆیدا جێگیر بکەن. ئامانجی ئەم پلەبەرزکردنەوەیەش وەک پاڵنەرێکی بەهێز بۆ ئەفسەرانی پێشمەرگە وەسف کرد تا بە ورەیەکی بەرزترەوە لە ئەرکەکانیان بەردەوام بن. هاوکات دڵنیایی دایە ئەو ئەفسەرانەی ناویان لە خشتەکانی دیکەدایە کە بە زووترین کات شایستەی پلەبەرزکردنەوەکانیان دەگەڕێتەوە بۆ وەزارەت.


لەلایەکی دیکەوە، لیوا هۆشمەند ڕەشید، جێگری سوپاسالاری پێشمەرگە بۆ کاروباری ئیدارە و میرە ڕایگەیاند، فەرمانی پلەبەرزکردنەوەکە گەیشتووەتە وەزارەت و ڕێکارەکان تەواو کراون، کە ژمارەیەکی زۆر لە ئەفسەران دەگرێتەوە. ئاماژەی بەوەش کرد کە خشتەکە پێشتر لە ئەنجومەنی وەزیرانەوە ڕەوانەی سەرۆکایەتی هەرێم کرابوو و مەرسومی بۆ دەرچووە.


بەپێی یاسای ڕاژە و خانەنشینیی پێشمەرگە ژمارە ٣٨ی ساڵی ٢٠٠٧، پلەبەرزکردنەوەی پێشمەرگە بەپێی پلەکانیان لە نێوان (٣ بۆ ٦) ساڵ جارێکدایە و بەهۆیەوە مووچە و ناونیشانی سەربازییان بەرز دەبێتەوە. ئەم پڕۆسەیەش ساڵانە لە دوو خشتەی (نەورۆز و ئەیلوول)دا ڕێکدەخرێت.

111 جار خوێندراوەتەوە