مەزڵوم عەبدی چەند نهێنییەک ئاشکرا دەکات

KNN : Kurdish News Network
10:54 - 11/05/2026
کوردستان
+
-

مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)، لە چاوپێکەوتنێکی ڕۆژنامەوانیدا چەندین زانیاری و نهێنیی نوێ لەسەر قۆناغەکانی پێشووی شەڕی سوریا ئاشکرا دەکات و ڕایدەگەیەنێت، پەیوەندییەکانیان لەگەڵ تورکیا بەرەو ئاسایبوونەوە دەچێت و ئەگەری هەیە سەردانی ئەو وڵاتە بکات.

 

مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات، تیشکی خستە سەر مامەڵەکانیان لەگەڵ ڕژێمی پێشووی سوریا و ڕایگەیاند، بەشار ئەسەد کەسێکی لووتبەرز بووە و تەنانەت گوێی لە هاوپەیمانەکانی خۆیشی نەگرتووە. ئاماژەی بەوەش کرد، هەریەک لە ڕوسیا و وڵاتانی عەرەبی هەوڵی نێوەندگیرییان داوە، بەڵام بێئەنجام بووە. هەروەها ئاشکرای کرد کە بەرهەم ساڵح سەرۆککۆماری پێشووتری عێراق دوای پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی یەک کاتژمێری لەگەڵ بەشار ئەسەد، پێی ڕاگەیاندووە کە "هیچ شتێک لەسەر بیرکردنەوەکانی ئەسەد هەڵناچنرێت."

 

لە بەشێکی دیکەی چاوپێکەوتنەکەدا، عەبدی باسی لەوە کرد کە چۆن هێزەکانیان ڕووبەڕووی سوپای سوریا بوونەتەوە، هەزاران سەربازیان بەدیل گرتووە و دواتر ئازادیان کردوون، هاوکات هێزەکانی ئێرانیشیان لە ناوچەکە دەرکردووە کاتێک هەوڵی دروستکردنی هێزی خێڵەکییان داوە. ڕوونیشیکردەوە کە یەکەمین پەیوەندییەکانیان بە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتییەوە لە ڕێگەی هەولێر و سلێمانییەوە بووە.

 

سەبارەت بە پێشهاتە نوێیەکانیش، فەرماندەی هەسەدە ڕایگەیاند کە لە کاتی شەڕەکانی ئەم دواییەدا پەیوەندییان بە سەرکردەکانی ئۆپۆزسیۆنەوە کردووە بۆ پاراستنی ئاسایشی حەلەب، هەروەها دەستپێشخەرییەکی ئەحمەد شەرعی ڕەتکردووەتەوە بۆ وەرگرتنی پۆستێکی سیادی، چونکە یەکڕیزیی کورد و کێشەکانی ڕۆژاڤای لامەبەستتر بووە.

 

 

لە کۆتاییدا سەبارەت بە پەیوەندییەکانیان لە گەڵ ئەنقەرە جەختی لەوە کردەوە، لە ئێستادا پەیوەندیمان لەگەڵ تورکیا نیمچە ئاساییە و ئەوەی ئێستا لەئارادایە ئاگربەستێکە کە لە ئەنجامی پرۆسەی ئاشتی تورکیا سەرچاوەی گرتووە.
 ده‌مانه‌وێت پەیوەندیمان لەگەڵ تورکیا لە پەیوەندییەکی ئەمنییەوە بگۆڕین بۆ پەیوەندیی سیاسی، رەنگە سەردانی ئه‌و وڵاته‌ بکەم.

258 جار خوێندراوەتەوە