لە سێ مانگدا 44 کارمەندی هاتووچۆ بوونەقوربانی قوربانی رووداوەکانی هاتووچۆ

KNN : Kurdish News Network
03:06 - 10/05/2026
عێراق
+
-

بەڕێوەبەری گشتیی هاتوچۆی عێراق نوێترین ئاماری ڕووداوەکانی هاتوچۆی لە وڵاتدا بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، تەنها لە سێ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا 10 کارمەندیان لە کاتی ڕاپەڕاندنی ئەرکەکانیاندا گیانیان لەدەستداوە، ئاماژە بەوەش دەکات کە توێژی گەنجان زۆرترین قوربانی و بکەری ڕووداوەکانن.

 

فەریق عەدی سەمیر حەلیم، بەڕێوەبەری گشتیی هاتوچۆی عێراق، ڕایگەیاند: "ئامارەکان دەریانخستووە گەنجانی تەمەن 18 بۆ 35 ساڵ زۆرترین ڕێژەی ڕووداوەکانی هاتوچۆیان تۆمارکردووە، ئەمەش نیشانەیەکی مەترسیدارە بۆ هێزی کار و گەنجی وڵات."

 

بەڕێوەبەری گشتیی هاتوچۆ ئاشکراشی کرد، هەرچەندە کۆی گشتیی ڕووداوەکان بەراورد بە ساڵی ڕابردوو کەمی کردووە، بەڵام هێشتا خێرایی وەک "مۆتەکەی گیانی شۆفێران" ماوەتەوە. بەپێی ئامارە فەرمییەکان، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا هەزار و 474 ڕووداو تۆمارکراون، لە کاتێکدا لە هەمان ماوەی ساڵی ڕابردوودا هەزار و 493 ڕووداو ڕوویان دابوو.

 

لەبارەی کات و هۆکارەکانی ڕووداوەکانەوە، فەریق عەدی ئاماژەی بەوە کرد کە زۆربەی ڕووداوەکان لە نێوان کاتژمێر 6ی بەیانی بۆ 6ی ئێوارە ڕوودەدەن، کە هاوکاتە لەگەڵ کاتی دەوامی فەرمانبەران و خوێندکاران. هۆکارە سەرەکییەکانیش بۆ خێرایی زۆر، سەرپێچیکردنی ڕێساکان و نەبوونی مەرجی توندوتۆڵی لە ئۆتۆمبێلەکاندا دەگەڕێنەوە.

 

هەروەها ئەوەشی خستە ڕوو، کە ئاستی خوێندەواری کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر ڕووداوەکان هەیە؛ بەو پێیەی کەسانی نەخوێندەوار لە پلەی یەکەم و دەرچووانی قۆناغی ناوەندی لە پلەی دووەمی ئەنجامدەرانی ڕووداوەکاندا دێن.
لە کۆتاییدا جەختی لەوە کردەوە کە لە سێ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا جگە لەو 10 کارمەندەی گیانیان لەدەستداوە، 34 کارمەندی دیکەی هاتوچۆش برینداربوون.

 

 

151 جار خوێندراوەتەوە