ڕاوێژکاری سەرۆک وەزیران نرخی دۆلار لە بودجەی 2026دا بە (1300) دینار جێگیر دەکرێت

KNN : Kurdish News Network
08:00 - 08/05/2026
عێراق
+
-

ڕاوێژکاری دارایی سەرۆک وەزیرانی عێراق، سەقامگیری نرخی ئاڵوگۆڕی دینار بەرامبەر بە دۆلار بە بەشێکی دانەبڕاو لە سیاسەتی نەختینەیی بانکی ناوەندی ناو دەبات و ڕایدەگەیەنێت، ڕێکارەکان بۆ بەهێزکردنی بەهای دراوی نیشتمانی و کۆنترۆڵکردنی بازاڕ بەردەوامن

 

مەزهەر محەمەد ساڵح، ڕاوێژکاری دارایی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند؛ بانکی ناوەندی عێراق بەگوێرەی یاسای ژمارە (56)ی ساڵی 2004، خاوەن سەربەخۆیی تەواوە لە کێشان و جێبەجێکردنی سیاسەتە نەختینەییەکان و پاراستنی هاوسەنگی نرخەکان لەسەر مەودای درێژ

 

 

ئاماژەی بەوەش کرد، کە بانکی ناوەندی وەزارەتی دارایی ئاگادار کردووەتەوە کە نرخی ئاڵوگۆڕی دۆلار لە پڕۆژەیاسای بودجەی فیدراڵی بۆ ساڵی 2026، لە دەوروبەری (1300) دینار جێگیر دەکرێت، ئەمەش نیشانەی بەردەوامی پابەندبوونە بەو نرخە فەرمییەی کە لە شوباتی 2023 وە کاری پێ دەکرێت

 

سەبارەت بە بازاڕی هاوتەریب (بازاڕی ڕەش)، ڕاوێژکارەکەی سوودانی ڕوونی کردەوە کە ئێستا بازاڕی فەرمی پشکی زیاتر لە 90٪ی داخوازی ڕاستەقینە بۆ دۆلار کۆنترۆڵ کردووە

 

 

 جەختیشی کردەوە کە سەقامگیرکردنی بازاڕ تەنها بە زیادکردنی خستنەڕووی دۆلاری نەختینەیی نابێت، بەڵکو لە ڕێگەی پاکێجێکی ڕێکاری تەواکارییەوە دەبێت کە بریتین لە ڕێکخستنی کەناڵەکانی داخوازی فەرمی، بەهێزکردنی متمانە بە دامەزراوە داراییەکان و بەرەنگاربوونەوەی سپیکردنەوەی پارە.

417 جار خوێندراوەتەوە