فشارەکانی ئەمریکا بۆ سەر عێراق چڕتر دەبنەوە.. وەزارەتی نەوت بەرگری لە بریکارەکەی دەکات

KNN : Kurdish News Network
11:56 - 08/05/2026
عێراق
+
-

وەزارەتی نەوتی عێراق بە توندی ئەو تۆمەتانەی ئەمریکای ڕەتکردەوە کە ئاراستەی بریکاری وەزارەتەکەی کراوە سەبارەت بە هاوکاریکردنی ئێران بۆ خۆدزینەوە لە سزاکان، کە بەهۆیەوە واشنتن سزای بەسەردا سەپاندووە.


ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا سزای خستە سەر عەلی مەعارج بەهادلی، بریکاری وەزارەتی نەوتی عێراق. واشنتن بانگەشەی ئەوە دەکات کە ناوبراو پێگەی حکومیی خۆی قۆستووەتەوە بۆ گواستنەوەی نەوتی عێراق بە شێوەیەکی نایاسایی لە بەرژەوەندیی ئێران و گروپە نزیکەکانی. هەروەها، ئەمریکا ئەو بەرپرسە باڵایەی عێراقی تۆمەتبار کردووە بەوەی، وەک بەشێک لە پلانێک بۆ یارمەتیدانی تاران، نەوتی ئێرانی لەگەڵ نەوتی عێراقیدا تێکەڵ کردووە تاوەکو بە ناوی عێراقەوە بفرۆشرێت و سزاکانی واشنتن تێپەڕێنێت.



لە بەرامبەردا، وەزارەتی نەوتی عێراق لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا ئەو تۆمەتانەی بەتەواوی ڕەتکردەوە و جەختی لەوە کردەوە کە "گرنگییەکی زۆر بە شەفافیەت دەدەن لە مامەڵەکردن لەگەڵ هەر تۆمەتێک کە پشت بە بەڵگە و ڕاستییەکان ببەستێت." وەزارەتەکە ئامادەیی خۆی بۆ لێکۆڵینەوە لە بابەتەکە دەربڕیوە، بەڵام هاوکات ڕوونیکردووەتەوە کە پرۆسەکانی هەناردەکردنی نەوتی خاو، بەبازاڕکردن، بارکردنی کەشتییەکان و کارەکانی پەیوەست بەو بوارە، لە چوارچێوەی دەسەڵات و ئەرکەکانی ئەو بریکارەدا نین.



پێشتریش کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) هەر جۆرە دەنگۆیەک سەبارەت بە تێکەڵکردنی نەوت لە بەندەرەکان یان ئاوەکانی هەرێمی عێراق بۆ هاوکاریکردنی ئێران ڕەتکردبووەوە. ئەم گرژییە نوێیەش لە کاتێکدایە، ئەمریکا لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا بەردەوام فشارەکانی بۆ سەر بەغدا زیاتر کردووە تاوەکو لە گروپە چەکدارەکان و لایەنەکانی نزیک لە ئێران دوور بکەوێتەوە، هاوکات هەڕەشەی سزادانی هەر وڵات و لایەنێک دەکات کە ئاسانکاری بۆ فرۆشتنی نەوتی تاران بکات.

182 جار خوێندراوەتەوە