ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، بە سەرۆکایەتی محەمەد شیاع سودانی، هەژدەیەمین کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامدا و تێیدا کۆمەڵێک بڕیاری لەبارەی کەرتی کشتوکاڵ، دارایی و پڕۆژەکان دەرکرد، کە گرنگترینیان پەیوەست بوو بە دیاریکردنی نرخی کڕینەوەی گەنم و پشکی جوتیارانی هەرێمی کوردستان
بەپێی بڕیارە نوێیەکانی ئەنجومەنی وەزیران، بۆ وەرزی کشتوکاڵیی (2025-2026)، نرخی یەک تۆن گەنم بۆ ئەو جوتیارانەی لەناو پلانی کشتوکاڵیدان بە (700) هەزار دینار و بۆ ئەو بڕانەشی لە دەرەوەی پلانەکەن بە (500) هەزار دینار دیاریکرا
سەبارەت بە پشکی هەرێمی کوردستانیش، بڕیاردرا بڕی (400) هەزار تۆن گەنم لە جوتیارانی هەرێم وەربگیرێت، کە (292) هەزار تۆنیان لەناو پلانی کشتوکاڵی و (108) هەزار تۆنیشیان لە دەرەوەی پلانەکە دەبن
لە بەشێکی تری کۆبوونەوەکەدا، حکومەت بڕیاریدا بە خەرجکردنی شایستە داراییەکانی وەرزی ڕابردووی جوتیاران و دواخستنی وەرگرتنی کرێی زەوی و ئاودێری لە جوتیاران تا ئەو کاتەی شایستە داراییەکانیان بۆ خەرج دەکرێت.
1438 جار خوێندراوەتەوە