بەهۆی دۆخی ناوچەکە و لە پێناو بەردەوامیدان بە هەناردەی نەوتەکە لە
باشوورەوە، عێراق بڕیاریداوە گەورەترین داشکاندن بۆ نەوتەکەی بکات و داشکاندنەکە ئەو کڕیارانە دەگرێتەوە
کە مەترسیی تێپەڕبوون بە گەرووی هورمزدا قبوڵ دەکەن.
ئاژانسی
بلومبێرگ بڵاویکردەوە، کۆمپانیای نیشتمانیی بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ)،
داشکاندنێکی بێپێشینەی خستووەتەڕوو کە دەگاتە 33 دۆلار و 40 سەنت بۆ هەر بەرمیلێک
نەوتی خاوی مامناوەندی بەسرە بۆ مانگی ئایاری ٢٠٢٦، ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ ڕاکێشانی
ئەو کڕیارانەی کە مەترسیی تێپەڕبوون بە گەرووی هورمزدا لەئەستۆ دەگرن.
ئامانج لەم
ستراتیژییەی عێراق، وەک ئاژانسەکە ئاماژەی پێکردووە، پاراستن و بەردەوامیدانە بە
پرۆسەی هەناردەکردنی نەوت لە بەندەرەکانی باشووری وڵاتەکەوە، سەرەڕای زیادبوونی
گرژییە هەرێمییەکان و بەرزبوونەوەی زۆری تێچووی دڵنیایی (تەئمینات)ی کەشتییەکان لە
ناوچەکەدا.
بەهۆی شەڕەوە
لە دوو مانگی رابردوو ئاستی هەناردەی نەوتی عێراق بە شێوەی بەرچاو دابەزیوە،
هاوکات بە هۆی پڕبوونی کۆگاکانی نەوتیشەوە بەرهەمهێنانی نەوتیش بە رێژەی نزیکەی
60٪ رووی لە دابەزین کردووە.
306 جار خوێندراوەتەوە