تاران بۆ دەربازبوون لە گەمارۆکانی واشنتن پەنا بۆ فرۆشتنی نەوت لە ڕێگەی وشکانییەوە دەبات

KNN : Kurdish News Network
01:52 - 03/05/2026
ئابوری
+
-

بەرپرسێکی باڵای ئێران ڕایدەگەیەنێت، وڵاتەکەی وەک هەنگاوێکی خۆپارێزی و بەمەبەستی ڕێگریکردن لە پڕبوونی کۆگاکانی نەوت لە سایەی گەمارۆ دەریاییەکانی ئەمریکادا، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی کەمکردووەتەوە.

 

بەپێی ئەوەی میدیاکانی ئێران بڵاویانکردووەتەوە، ئەو بەرپرسە ئاماژەی بەوە کردووە، تاران ئەزموونی تەواوی هەیە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم جۆرە فشارانەدا و دەتوانێت بۆ ماوەیەکی زۆر زیاتر لەوەی سەرۆکی ئەمریکا بیری لێدەکاتەوە خۆڕاگر بێت، بەبێ ئەوەی کێڵگە نەوتییەکانی تووشی زیانی گەورە ببن.

 

کەمکردنەوەی پلان بۆ داڕێژراوی ئاستی بەرهەمهێنان لە چوارچێوەی هەوڵەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران دێت بۆ تێپەڕاندنی ئەو گەمارۆیەی کە ئیدارەی ئەمریکا خستوویەتییە سەر بەندەرەکانی، ئەمە لە کاتێکدایە دەسەڵاتدارانی ئێران بۆ شکاندنی گەمارۆ دەریاییەکە، پشت بە کەشتیگەلێک دەبەستن کە بە "کەشتییەکانی سێبەر" ناسراون و ئەزموونێکی زۆریان لە خۆدزینەوە لە گەمارۆکانی ئەمریکا هەیە لە ماوەی دەیەکانی ڕابردوودا.

 

لەلایەکی دیکەوە، میدیاکانی ئێران باس لە ئەگەری فرۆشتنی بڕێک لە نەوتەکەیان دەکەن بە نرخێکی کەمتر و گونجاو بە وڵاتانی دراوسێی وەک پاکستان، ئەفغانستان و تورکیا، ئەمەش لە ڕێگەی گواستنەوەی وشکانی و هێڵی ئاسنینەوە. ئەم هەنگاوانەش کاتی زیاتر بە تاران دەبەخشن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو گەمارۆ دەریاییەی واشنتن سەپاندوویەتی، کە وەک کارتی فشارێک سەیر دەکرێت بۆ ئەوەی تاران لەسەر مێزی دانوستانەکان سازشی گەورە بکات.

279 جار خوێندراوەتەوە