شارەوانی سلێمانی بەکرێدانی کورسی بە خوێندکاران لە هەواری شار بە هەموو شێوەیەک قەدەغەیە

KNN : Kurdish News Network
08:18 - 23/04/2026
کوردستان
+
-

سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی هاتە دەنگ و ڕێکاری یاسایی بەرامبەر ئەو کەسانە دەگرێتەبەر کە لە کاتی ئاهەنگی دەرچوونی خوێندکاران لە پارکی هەواری شار، بە پارە کورسییان بە خوێندکاران و کەسوکاریان داوە

 

سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی، ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە ڕوونکردنەوەیەکدا ڕایگەیاند؛ دوای بڵاوبوونەوەی گرتەیەکی ڤیدیۆیی لە سۆشیاڵ میدیا کە تێیدا دەردەکەوێت ڕێگری لە بردنە ژوورەوەی کورسی دەکرێت بۆ سەکۆی ئاهەنگەکان لە پارکی هەواری شار و بە نرخێکی گران کورسی بە خوێندکاران بەکرێ دەدرێت، دەستبەجێ بەدواداچوونیان کردووە

 

شارەوانی جەخت دەکاتەوە کە ئەو کارە بەبێ ئاگاداریی ئەوان و بەڕێوەبەرایەتی پارکی هەواری شار بووە و بڕیاردراوە سەرپێچیکاران ڕووبەڕووی ڕێکاری یاسایی بکرێنەوە

 

لە ڕوونکردنەوەکەدا ئەوەش هاتووە، کە دەرگای هەواری شار و تەواوی پارکەکانی تری سلێمانی بەبێ بەرامبەر بە ڕووی خوێندکاراندا کراوەن بۆ سازدانی ئاهەنگی دەرچوون، شارەوانی تەنها داوا لە خوێندکاران دەکات پارێزگاری لە ژینگە و سەوزایی پارکەکان بکەن و لە کاتی هەر سەرپێچییەکدا تیمەکانیان ئاگادار بکەنەوە.

110 جار خوێندراوەتەوە