ئێران لە کاتی دانووستاندا ئەمریکا هێرشی کردووینەتە سەر و متمانەمان پێیان نییە

KNN : Kurdish News Network
11:53 - 25/03/2026
جیهان
+
-

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، بەهۆی ئەنجامدانی دوو هێرش لەلایەن واشنتۆنەوە لە کاتی بەڕێوەچوونی پرۆسەی دانووستانەکاندا، تاران هیچ متمانەیەکی بە دیپلۆماسییەتی ئەمریکا نەماوە، جەختیش دەکاتەوە کە عەباس عێراقچی تاکە بەرپرسی دۆسیەی دانووستانەکانە

 

ئیسماعیل بەقائی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند : متمانەمان بە دیپلۆماسییەتی واشنتۆن نییە، چونکە لە ماوەی نۆ مانگی ڕابردوودا و لە کاتێکدا ئێمە لەگەڵ ئەمریکا لەناو پرۆسەی دانووستاندا بووین، وڵاتەکەمان دوو جار ڕووبەڕووی هێرش بووەوە، ئەمەش بێ متمانەییەکی گەورەی لای ئێمە دروست کردووە

 

سەبارەت بەو دەنگۆیانەی باس لە ئەنجامدانی دانووستان لەگەڵ محەمەد باقر قالیباف سەرۆکی پەرلەمانی ئێران دەکەن، بەقائی ئەو هەواڵانەی ڕەتکردەوە و ئاماژەی بەوە کرد عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران بەپێی دەستوور بەرپرسی یەکەمی دیپلۆماسییەتی دەرەوەی وڵاتە و سەرپەرشتی دانووستانەکان دەکات ، سەرۆکی پەرلەمانیش ئەرک و دەسەڵاتی دیکەی هەیە

 

ئەم لێدوانانەی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە کاتێکدایە، کە پێشتر تاران ئاشکرای کردبوو لە ڕێگەی چەند وڵاتێکی دۆستەوە پەیامی ئیدارەی ئەمریکایان بۆ دەستپێکردنەوەی دانووستانەکان پێگەیشتووە و وەڵامی فەرمی خۆشیان ڕادەستی ئەو لایەنانە کردووە.


29 جار خوێندراوەتەوە