وەزارەتی جەنگی ئەمریکا بەهۆی هەڵکشانی خێرای تێچووەکانی جەنگ و خاڵییبوونەوەی کۆگاکانی چەک، ئامادەکاری دەکات بۆ داواکردنی 50 ملیار دۆلار وەک بودجەی تەواوکاریی لە کۆنگرێس. میدیاییە جیهانییەکانیش ئاماژە بەوە دەکەن کە ئیدارەی ترەمپ لە سەرەتای ململانێ سەربازییەکان لەگەڵ ئێران، بڕی تەقەمەنی و مووشەکی ستراتیژیی "چەند ساڵێکی" تەنها لە چەند ڕۆژێکی کەمدا بەکارهێناوە.
ڕۆژنامەی "نیویۆرک تایمز" و "فاینانشاڵ تایمز" بڵاویانکردەوە، یاسادانەرانی ئەمریکا لە کۆبوونەوەیەکی داخراودا ئاگادارکراونەتەوە کە تەنها هەفتەی یەکەمی جەنگەکە زیاتر لە 11.3 ملیار دۆلاری لەسەر واشنتۆن کەوتووە، ئەمەش جیا لە خەرجییەکانی پێش دەسپێکی هێرشەکان.
هاوکات ناوەندی (CSIS) ئاشکرای کردووە کە لە 100 کاتژمێری یەکەمی ئۆپەراسیۆنی "داستانی توڕەیی" ئەمریکا بە تێکڕا ڕۆژانە 891 ملیۆن دۆلاری خەرج کردووە.
یەکێک لە گەورەترین مەترسییەکان کە ڕووبەڕووی سوپای ئەمریکا بووەتەوە، "شکستی هاوکێشەی ئابووریی جەنگە"؛ لەو بارەیەوە مارک کێڵی، سیناتۆری دیموکراتەکان و فڕۆکەوانی پێشووی جەنگ ڕایگەیاندووە، ئەمریکا مووشەکی سیستەمەکانی (پاتریۆت و تاد) بەکاردەهێنێت کە تێچووی هەر دانەیەکیان ملیۆنان دۆلارە بۆ لێدانی درۆنە (شاهێد)ە ئێرانییەکان کە تێچووی هەر یەکێکیان تەنها 30 هەزار دۆلارە، کێڵی جەختی کردووەتەوە کە "ئەم هاوکێشە بیرکارییە سەرناگرێت."
ئامارەکان نیشانی دەدەن تەنها یەک مووشەکی "تۆماهۆک" 3.6 ملیۆن دۆلاری تێدەچێت، لەکاتێکدا ئەمریکا لە پێنج ساڵی ڕابردوودا تەنها 322 مووشەکی لەو جۆرەی کڕیوە، بەڵام لە هێرشەکانی سەر حوسییەکان و دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران، ژمارەیەکی زۆر زیاتر لەو بڕەی بەکارهێناوە، ئەمەش مەترسییەکی جیدی لەسەر ئاسایشی ستراتیژیی وڵاتەکە دروست کردووە.
لە ڕووی سیاسییەوە، داواکارییەکەی وەزارەتی جەنگ مشتومڕێکی توندی لە "کاپیتۆڵ هێڵ" نانەوە؛ لیزا مۆرکۆسکی، ئەندامی لیژنەی تەرخانکردنی بودجە لە ئەنجومەنی پیران هۆشداری داوە کە کۆنگرێس بەبێ وردبینی بودجەی کراوە ناداتە ئیدارەی ترەمپ. لە بەرانبەردا، سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا جەختی کردووەتەوە کە "هیچ نرخێک نییە وا بکات پاشەکشە لە جەنگی ئێران بکەین".
ئەم جەنگە تەنها زیانی سەربازی نەبووە، بەڵکو بازاڕەکانی جیهانی هەژاندووە و نرخی وزەی بەرزکردووەتەوە. تا رۆژی پێنجشەممە (12-3-2026)، تێچووی گشتی جەنگەکە 17 ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە و واشنتۆن بەردەوامە لە خەرجکردنی ڕۆژانە یەک ملیار دۆلاری تر.
301 جار خوێندراوەتەوە