کیمی ئۆنۆدا، وەزیری ئاسایشی ئابووری ژاپۆن، دوای ئەوەی تەنها پێنج خولەک لە کاتی دیاریکراوی کۆبوونەوەیەکی حکومەت دواکەوت، بە فەرمی داوای لێبووردنی لە گەلی ژاپۆن کرد.
ئۆنۆدای تەمەن 43 ساڵ، کە لە لایەن کامێراکانەوە وێنەی گیرابوو لە کاتی ڕاکردن و هەڵگرتنی جانتاکەی بۆ ئەوەی بگاتە کۆبوونەوەکە، ئەم هەڵوێستەی وەک نموونەیەک لە پابەندیی توند بە کات لە کەلتووری سیاسیی ژاپۆندا لە میدیا جیهانییەکان دەنگدانەوەی هەبوو.
ئۆنۆدا کە ئەندامی پارتی لیبراڵ دیموکراتە، هۆکاری دواکەوتنەکەی بۆ ڕووداوێکی هاتوچۆی کتوپڕ لەسەر ڕێگای خێرا گەڕاندەوە. سەرەڕای ئەمەش، لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند کە ئەوەی ڕوویداوە کەمکوڕی بووە لە "بەڕێوەبردنی قەیرانی کەسی" خۆیدا و بەڵێنی دا لە داهاتوودا زیاتر بێدار بێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەر بارودۆخێکی چاوەڕواننەکراو، تا جارێکی دیکە کارەکانی دوانەکەون.
ئەم وەزیرە کە لە تشرینی یەکەمی ساڵی ڕابردووەوە پۆستی وەزارەتی ئاسایشی ئابووری وەرگرتووە، لە ژاپۆن بە کەسایەتییەکی توند و خاوەن بڕیار دەناسرێت، بەتایبەت لە پرسەکانی پەیوەست بە کۆچبەران و جێبەجێکردنی یاساکان. بڵاوبوونەوەی گرتە ڤیدیۆییەکەی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "X" شەپۆلێکی گەورەی سەرسامیی بەدوای خۆیدا هێنا، بەو پێیەی هاوڵاتیانی ژاپۆن وردی لە کاتدا بە بنەمای سەرەکیی متمانە و پیشەییبوون دادەنێن.
59 جار خوێندراوەتەوە