نهێنی هێلکە لە کۆنتڕۆڵکردنی شەکرەدا چییە؟

KNN : Kurdish News Network
02:27 - 26/12/2025
تەندروستی
+
-

بەپێی ڕاپۆرتێکی زانستی کە لە ماڵپەڕی (Verywell Health) بڵاوکراوەتەوە، هێلکە تەنیا ژەمێکی سوک نییە، بەڵکو پارێزەرێکی کارای ئاستی شەکر لە خوێندایە، ئەمەش وای کردووە ببێتە جێگەی بایەخی پسپۆڕانی تەندروستی لە سەرتاسەری جیهان.


بۆچی نابێتە هۆی بەرزبوونەوەی شەکر؟
نهێنی هێلکە لە پێکهاتە هاوسەنگەکەیدایە. یەک هێلکەی گەورە نزیکەی ٦.٢ گرام پرۆتین و ٥ گرام چەوری تێدایە، لە کاتێکدا ڕێژەی کاربۆهیدرات تێیدا تەنیا ٠.٥ گرامە. ئەم هاوکێشەیە دەبێتە هۆی ئەوەی کە جەستە دوای خواردنی هێلکە، ڕووبەڕووی بەرزبوونەوەی کتوپڕی گلوکۆز نەبێتەوە.

بە پێچەوانەی شیرینی و نیشاستەکان (وەک مەعکەرۆنە)، کە وزەیەکی کاتی دەبەخشن و دواتر دەبنە هۆی دابەزینێکی توندی وزە، هێلکە ئاستێکی جێگیری وزە بۆ ماوەیەکی درێژتر دابین دەکات.

هێلکە و "نیشاندەری گلایسیمی"
نیشاندەری گلایسیمی (GI) پێوەرێکە بۆ زانینی خێرایی بەرزبوونەوەی شەکر بەهۆی خۆراکەکانەوە. هێلکە لە ڕیزی ئەو خۆراکانەیە کە نیشاندەرەکەیان نزمە (خوار ٥٥)، هاوشێوەی برۆکلی، بادەم و زەیتون. لە بەرامبەردا، خۆراکەکانی وەک نانی سپی، برنج و مەشروبە گازییەکان، نیشاندەرەکەیان لە سەروو ٧٠ پلەیە، ئەمەش مەترسییە بۆ سەر تووشبووانی شەکرە.

"خواردنی دوو هێلکە لە ڕۆژێکدا، دەتوانێت نێوان ١٠٪ بۆ ٣٠٪ی پێداویستی ڕۆژانەی جەستە بۆ ڤیتامینەکان پڕ بکاتەوە، جگە لەوەی دەوڵەمەندە بە ترشە چەورییەکانی ئۆمیگا-٣."


شەکرە و سیستمی خۆراکی؛ هێلکە لە کوێی هاوکێشەکەدایە؟
بۆ تووشبووانی شەکرە، کە تێیدا ئەنسۆلین ناتوانێت هاوسەنگی شەکر ڕابگرێت، هەڵبژاردنی خۆراک دەبێتە پرسێکی چارەنووسساز. کۆمەڵەی شەکرەی ئەمریکی ئامۆژگاری دەکات کە سەرنج بخرێتە سەر:

١. کەمکردنەوەی کاربۆهیدرات و شەکری ڕاوەستاو.
٢. بایەخدان بە پرۆتینی بێ چەوری و سەوزەواتە نانیشاستەییەکان.
٣. بەکارهێنانی خۆراکە کەم پرۆسێس کراوەکان.


لێرەدا هێلکە وەک بژاردەیەکی نموونەیی دێتە پێشەوە، چونکە نەک هەر شەکر جێگیر دەکات، بەڵکو بەپێی توێژینەوەکان ئاستی شەکری خوێن لە کاتی بەڕۆژووبووندا (Fasting Sugar) باشتر دەکات و مەترسییەکانی نەخۆشی دڵیش زیاد ناکات.

پسپۆڕان جەخت دەکەنەوە کە هەرچەندە هێلکە خاوەن سوودێکی بێشومارە، بەڵام بۆ ئەو کەسانەی نەخۆشی شەکرەیان هەیە و هاوکات کێشەی دیکەی تەندروستییان لەگەڵە، پێویستە پێش جێگیرکردنی بڕێکی زۆر لە هێلکە لە ژەمەکانیاندا، ڕاوێژ بە پزیشکی پسپۆڕ یان شارەزای خۆراک بکەن تاوەکو پلانێکی گونجاو و تایبەت بە جەستەی خۆیان بۆ دابڕێژرێت.

749 جار خوێندراوەتەوە