بەیاننامەی فیدراسیۆنی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی
سەبارەت بە دۆخی کارەساتباری چەمچەماڵ و بەلاڕێدابردنی هاوکارییەکان
بە داخەوە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا شەپۆلێکی لافاو قەزای چەمچەماڵ و دەوروبەری گرتەوە و بووە هۆی گیان لەدەستدانی دوو هاووڵاتی و دەیان قوربانی تر و مەترسیی خستە سەر ژیانی سەدان کەس و زیانێکی ماددیی گەورەشی بە ماڵ و سامانی هاووڵاتییان و حکومەت گەیاندووە.
ئێمە لە فیدراسیۆنی ڕێکخراوەکان، بە وردی چاودێری بارودۆخەکەمان کرد کە بەداخەوە ئەوەی چەندین ساڵە هاواری بۆ دەکەین لافاوەکە هەمووی پشتڕاست کردەوە، جگە لەوەی خزمەتگوزاریی سەرەتایی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی کارەسات و حاڵەتی لەناکاو بوونی نەبوو، هەروەها هیچ جۆرە ئامێرێکی سەرەتایی پێویستیش لای بەرگری شارستانی و شارەوانی نەبوو، نە لە کاتی ڕووداوەکە، نە لە کاتی لابردنی پاشماوەکانی و ڕزگارکردنی هاووڵاتییان و هەڵمەتەکانی پاککردنەوە. ئەوەی بەدی کرا هاووڵاتییان و خەمخۆرانی ناوچەکە بوون، لە پاڵ چەندین لایەنی تر کە ئەرکی ئەوان نەبوو. کەواتە پرسیار هەیە لەسەر ئەرکی هێزەکانی بەرگری شارستانی کە بۆ ئەو کارە ڕاهێنراون و دەبێت خاوەن کەرەستەی پێویستبن، دوای ئەوان دەبوو شارەوانی زۆرترین ئەرک لە ئەستۆ بگرن، ئەی هۆکار چییە ئەم لایەنانە ئەوەندە بێتوانان؟!
ئاشکرایە، ئەم ناوچەیە خاوەنی گەورەترین یەدەگی غازی سروشتییە لە عێراق و غازیش بۆ هەموو عێراق و هەرێمی کوردستانیش دابین دەکات، کەچی لە کاتێکی وەهادا لە سادەترین خزمەتگوزاری بێبەشە. ئەمە لە کاتێکدایە کە زۆربەی زۆری خەڵکی زیانلێکەوتووی ئەم ناوچەیە، کەس و کاری سەربەرزی شەهیدان و ئەنفالکراوانن کە پشکی شێریان لە قوربانییەکانی ئەم میللەتە بەر دەکەوێت.
ئێمە لە فیدراسیۆنی ڕێکخراوەکان، بە گرنگییەوە ڕوانیمانە سەردانی مەیدانی جێگری سەرۆکی حکومەت و بەڵێنەکانی دەربارەی پێکهێنانی لیژنەیەکی باڵا و گەڕاندنەوەی بە پەلەی ژیانی ئاسایی و دابەشکردنی هاوکارییەکان لە یەک سەرچاوەوە. بەڵام بەداخەوە، ئەوەی لەسەر زەوی دەبینرێت پێچەوانەکەیەتی، پرۆسەی گەیاندنی هاوکارییەکان کەوتووەتە ژێر کاریگەریی ململانێی حیزبی و بانگەشەی سیاسییەوە، لەبری هەنگاوی دامەزراوەیی و حکومی، بەرپرسان و لایەنەکان بە شێوەیەکی پەرشوبڵاو و بۆ مەرامی "خۆدەرخستن" هاوکاری دابەش دەکەن، کە ئەمەش کاریگەریی ڕاستەقینەی نەبووە و لەسەر خێرا کەمکردنەوەی ڕێژەی کارەساتەکە، بەڵکوو دیسان ڕووماڵ میدیا حیزبی و بەناو سەربەخۆکان، کەوتە چوارچێوەی بێڕێزیکردن بە ئازاری خەڵکەکە. ئەمەش دووپاتی پوکانەوەی دامەزراوەکانە و ئەو ڕاستییە تاڵە زیاتر چەسپا کە لەبەردەم نەمانی یەکجاری دامەزراوە گشتییەکانین. تەنانەت حیزب، میدیاکانی خۆی و لایەنە حکومییەکانی خستووەتە خزمەت گەورەکردن و بە پاڵەوان نیشاندانی کۆمپانیا و ڕێکخراوی حیزبی و میدیایی نزیک لە خۆی.
بۆیە ئێمە لە فیدراسیۆنی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، بە توندی نیگەرانی ئەم دۆخەین و داواکارین:
١-ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، زیاتر دوانەکەوێت و کۆبوونەوەی بەپەلە ئەنجام بدات و بە فەرمی چەمچەماڵ وەک "ناوچەی لێقەوماو" بناسێنێت و بودجەی بەپەلەی بۆ تەرخان بکات.
٢-دامەزراوە حکومی و ناحکومییەکان پابەند ببن بە بەڵێنەکانی جێگری سەرۆکی حکومەت، سەبارەت بە ئەرکەکانی لیژنەی باڵای حکومەت و دانانی یەک سندووقی کۆمەک کە هەموو هاوکارییەکان لە خۆ بگرێت.
٣-ژووری "ئۆپەراسیۆنی هاوبەش" بە کرداری سەرپەرشتی هەموو هاوکارییەکان (حکومی، ڕێکخراوەیی، خێرخوازان) بکات و بە پلانێکی دادپەروەرانە دابەشی بکات.
٤-داوا لە هێزە سیاسییەکان و کەناڵەکانی ڕاگەیاندن دەکەین، لەوە زیاتر کارەساتی مرۆیی چەمچەماڵ نەکەنە کەرەستەی موزایەدەی سیاسی و تۆڵەکردنەوەی لە یەکتر.
٥-داواکاری گشتی، بۆ دەرخستنی هۆکارەکانی ڕوودانی ئەم لافاوە و تێکدانی ژینگەی ناوچەکە، دەست بە لێکۆڵینەوە بکات و هەستیت بە دادگا گەیاندنی هەر کەسێک کە تۆمەتبار دەکرێت، بە پشکداری لە هۆکاری ئەم کارەساتە، لە هەر پلە و پێگەیەکی حوکمی و حیزبیدا بێت.
لە کۆتاییدا پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی خانەوادەی قوربانییەکان دەکەین و هیوای چاکبوونەوە بۆ بریندارەکان دەخوازین. ئەرکی هەموومانە لەم کاتە سەختەدا بە بەرپرسیارێتییەوە مامەڵە بکەین.
فیدراسیۆنی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی
٢٠٢٥/١٢/١٣
147 جار خوێندراوەتەوە