میدیاکانی رۆژئاوا لەسەر زاری ئاسایشی ناوخۆی حەلەبەوە، کە ئەرکی پاراستنی گەڕەکە کوردەکانە بڵاویانکردوەتەوە، یەکێک لە خاڵەکاننی ئاسایشی ناوخۆ لە دەوروبەری شێخ مەقسود لەلایەن هێزەکانی سەر بە دیمەشقەوە بە قەناس کراوەتە ئامانج و ئاماژەیان بەوەکردوە؛ دیمەشق بەردەوامە لە پێشێلکارییەکان و نانەوەی پشێوی لە گەڕەکە کوردییەکان، سەرەرای راگەیاندنی ئاگربەست
هەواڵ:KNNC
ئاژانسی هاوار رایگەیاندوە، هێزەکانی ناوخۆ راگەیەندراوێکیان بڵاوکردوەتەوە و تێیدا هاتووە؛درەنگانی شەوی یەکشەممە هێزەکانی حکومەتی سوریا خاڵێکی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆیان لە دەوروبەری گەڕەکی شێخ مەقسود لە شاری حەلەب کردەوەتە ئامانج و هەڕەشە لە ئاسایش و سەقامگیری دانیشتوانی مەدەنی دەکەن.
بەگوێرەی ئاژانسەکە، یەکێک لە بنکە ئەمنییەکان ئاسایشی ناوخۆ لە گەڕەکی شێخ مەقسود، روبەڕووی هێرشی قەناس بەدەستەکان و تەقەی راستەوخۆ بوەتەوە.
هێزەکانی ناوخۆ رایانگەیاندوە، ئەمە هەوڵێکی رونە بۆ دروستکردنی گرژی و پاڵنانی ناوچەکە بەرەو پێكدادان و روبەروبونەوەی چەکداری نوێ، هەروەها پێشێلکارییەکی رونی ئەو هەوڵانەیە کە ئامانجیان دامەزراندنی ئاسایش و پاراستنی هاوڵاتیانی مەدەنییە و تێکدانی سەقامگیری ناوچەکەشە
هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ جەختیانکردوەتەوە لە پابەندبونیان بە پاراستنی خەڵکی مەدەنی، پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری گەڕەکەکان و دوپاتیانکردوەتەوە درێغی لە جێبەجێکردنی ئەرکەکانیان ناکەن کە بەرگریکردنە لە دانیشتوان و پاراستنی گیان و ماڵیان.
84 جار خوێندراوەتەوە