ئەپیکور: نیگەرانین لەوەی هیچ گفتوگۆیەکی جدی بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان ئەنجامنادرێت

KNN : Kurdish News Network
08:57 - 27/04/2025
کوردستان
+
-

کۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی باکور، نیگەرانە لە دەستپێنەکردنەووەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان، لە راگەیەنراوێکدا دەڵێت: هیچ گفتگۆیەکی جدی لەلایەن هەولێر و بەغداد بۆئەو مەبەستە ئەنجامنەدراوە.

 

هەواڵ:KNNC

 

لە راگەیەنراوەکەی کۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی باکور "ئەپیکور"ـدا هاتوە، پێویستە هەوڵەکان چڕبکرێنەوە بۆ گەیشتن بە رێکەوتن بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت لەرێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە.

 

دەشڵێت: حکومەتی عێراق بەردەوام جەخت لە گرنگیی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت لەڕێگەی نەوتی عێراق-تورکیا دەکاتەوە، بەلام هەوڵ و هەماهەنگییەکان بەم ئاراستەیە سنوردار و بێ بەرهەم بون.

 

راشیگەیاند، هەردو حکومەتی هەرێم و فیدراڵ، نیازی خۆیان بۆ چەند بژاردەیەک نیشانداوە، بۆ دڵنیایی پارەدانی کۆمپانیا نەوتییەکان لە داهاتودا،سەرەڕای ئەمەش هیچ گفتوگۆیەکی جەوهەری سەبارەت ڕێکخستنەکانی تایبەت بە دڵنیاییدان پارەی کۆمپانیاکان نەبووە، هیچ بەرەو پێشچوونێکیش لە پرسی قەرزی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی بواری نەوتیش نییە."

 

دواى ئەوەى لە 2ـى شوباتى رابردو، ئەنجومەنى نوێنەران هەموارى یاساى بودجەى پەسەندکرد و تێچوى نەوتى هەرێمیش دیاریکرا، حکومەتى هەرێم پابەندکرا بە گواستنەوەى نەوت لە رێگەى کۆمپانیاى (سۆمۆ)ـى سەر بە وەزارەتى نەوتى عێراق.

 

بەپێى مادەى 12 لە هەموارى یەکەمى یاساى بودجە کە تایبەتە بە تێچوى نەوتى هەرێم، رێگەدەدات هەناردەى نەوتى هەرێم لە بەندەرى جەیهانەوە دەستپێبکاتەوە، بەڵام لەرێگەی کۆمپانیای سۆمۆ وە بەبازاڕبکرێت.

 

هاوکات بەپێى مادەی دوانزە/ دووەم/ ج لە هەموارى یاساى بودجەى عێراق تایبەت بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم، بڕی 16 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک نەوت وەک سلفە دەدرێتە هەرێم بۆ تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەى نەوت، تا ئەو کاتەی کۆمپانیایەکی پسپۆر کە لەماوەی 60 رۆژى دواى دەستپێکردنەوەى هەناردەى نەوت، بە رێکەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا دەستنیشاندەکرێت.

116 جار خوێندراوەتەوە