کاک نەوشیروان لە لێدوانێکی ڤیدۆیدا کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە
بۆ بیست و سێ ساڵ پێش ئێستا، دەڵێت: هەوڵمداوە ڕووداوەکان لەباری سەرنجی خۆمەوە
بنوسمەوە، بەڵام بەشێوازێک نوسیومە کە گەنجی تازە پێگەیشتوو کەڵکی لێ وەربگرن فێری
ژیانی لێبوردن ببن نەک ژیانی ئینتیقام و تۆڵەسەندنەوە.
ئەمە دەرخەری ئەوەیە کاک نەوشیروان بەهەست کردن بەلێپرسراویەتی
ڕووداو و مێژووی نوسیوەتەوە، نەویستوە گەنجی دوای شۆڕش بەهەمان نەفەسی سەردەمی شۆڕشی
چەکداری گۆش بکرێت و پەروەردە ببێت، بەڵام نوسەری کتێبی لەبری بیروەری لەگەڵ ئەوەی
کە زۆر باسی سایکۆلۆژیای ڕق و سلبیاتەکانی دەکات، بەڵام زۆربەی هەرە زۆری نوسینی
کتێبەکەی هەڵڕشتنی ڕق و کینەیە، ئەمەش وایکردوە ڕەگەزێکی سەرەکی لەدەست بدات، کە بێلایەنی
و ڕاستگۆییە، چونکە یەکێک لەڕەگەزەکانی نوسین و توژینەوە بریتیە لە بێلایەنی نوسەر،
نابێ نوسەر خۆی ببێتە تەڕەف و بەئارەزووی خۆی تۆمەت ببەخشێتەوە، چونکە ئەمە نوسینەکە
لەنوسینی زانستی دوور دەخاتەوە، نوسەر نەک بێلایەن و زانستیانە نەینوسیوە، بەڵکو لەبارێکی
دەروونی زۆر خراپ و سایکۆلۆژیەتی ڕقەوە کتێبەکەی نوسیوە.
تا لاپەڕە (72) نۆجار باسی ڕووداوی قڕناقا و پشت ئاشان دەکات،
ئەمە ئەگەر ڕق و کینە و لابردنی سەرنجی خوێنەر نەبێ لەسەر تاوانی حزبەکانی تر؛ ئەوانەی
ئەوسا لەشاخ بون چیە؟ لەکاتێکدا سەدان پێشمەرگە بەدەستی هێزە چەکدارەکانی حسک و شیوعی
و پارتی و پاسۆک و بزوتنەوەی ئیسلامی لەشەڕی نەگریسى ناوخۆ شەهید بون، بەڵام کاک مەلا
بەختیار تەنها باسی ڕووداوی قڕناقا و پشت ئاشان دەکات، هەروەها لەلاپەڕە (71) باس
لەشوناسنامەی گۆڕان دەکات و دەڵێت: نەوشیروان مستەفا شوناسنامەی عێراقچێتی بە گۆڕان
بەخشی و لەبەغدا کاری بۆ لاوازی یەکێیتی و پارتی دەکرد، ڕێک پێچەوانەی ئەوە ڕاستە،
هیچ سەرکردەیەکی کورد بەقەدەر کاک نەوشیروان ناسیۆنالیست نەبوە، لە ساڵی (2010) سەرەڕایی
ئەوەی کە گۆڕان و یەکێتی زۆر ناکۆک و ناتەبا بون تا ئەو ڕادەیەی کە مام جەلال لەسێ
یەمین کۆنگرەی یەکێیتی بەتوندی هێرشی کردە سەر کاک نەوشیروان، دواتر کاک نەوشیروان بە وتارێک وەڵامی دایەوە بەناوی
لەهاوڕێ یەتیەوە بۆ تەخوین، بەڵام لەکاتی دەنگدان بەسەرۆکایەتی مام جلال لەبەغدا
کاک نەوشیروان فراکسیۆنی گۆڕانی ڕاسپارد دەنگ بەمام جلال بدەن بۆ سەرۆکایەتی کۆمار
کە ئەوکات ئەو هەڵوێستەی کاک نەوشیروان بۆ هەندێ کەس شۆک بوو، ئایا ئەمە عێراقچێتیە
یان گەواهیدەری ئەوەیە کە شوناسی گۆڕان کوردستانیە و خودی کاک نەوشیروانیش ناسیۆنالیستە.
ئەمە جگە لەوەی لە یەکەمین کۆنفرانسی نیشتیمانی گۆڕان لەبەرنامەى
سیاسی گۆڕاندا کە پەسەندکراوی کۆنگرەی یەکەمی گۆڕانە و هەڵقۆڵاوی بیری سیاسی کاک نەوشیروانە
لەچەند جێگەی جیاواز بەڕوونی ئاماژە بەوە دەکات کە گۆڕان هێزێکی کوردستانیە، لەلاپەڕە
چواردەی بەرنامەی سیاسی گۆڕاندا ئاماژە بەوە کراوە گۆڕان لەسەر بنەمای ئینتیما بۆ
نیشتیمانی کوردستان دامەزراوە، لەلاپەڕە (15) هاتوە: ئازادی گەلی کوردستان و مافی
بڕیاردانی چارەنوس و سەربەخۆی کوردستان لەڕێگەی ئەنجامدانی ڕیفراندۆمەوە ئامانجێکی
باڵا و ستراتیجی بزوتنەوەی گۆڕانە. وە لەلاپەڕە (17)ى بەرنامە سیاسیەکەدا بەشی دووەم
تەوەری یەکەم؛ لە ئامانجە نیشتیمانیەکانی گۆڕان دەڵێت: یەکێک لەئامانجە نیشتیمانیەکانمان
بریتیە لەسازش نەکردن لەسەر کوردستانیەتی کەرکوک، شەنگال، زەممار، تەلەعفەر، شێخان،
مەخممور، خانەقین، دووز و مەندەلی و ناوچە دابڕاوەکانی تری خاکی کوردستان.
هەر لەوبەشەو لەلاپەڕە (18) هاتوە؛ گۆڕان یەکێک لەو
ئامانجانەی کاری بۆ دەکات بریتیە لەبەرپەرچدانەوەی هەر گوتار و ڕەفتار و ئاکارێکی
شۆڤێنی و نامەدەنی دەرهەق بەگەلی کورد لەو وڵاتانەی کەکوردستانی بەسەردا دابەشکراوە.
پێشکەشکردنی هاوکاری کلتوری و سیاسی و دارایی پێویست لەلایەن بزوتنەوەی گۆڕانەوە بۆ
کوردانی باکور، خۆرهەڵات و خۆرئاوای کوردستانی گەورە.
وەلەچەندین شوێنی تری بەرنامە سیاسیەکە کە پەسەندکراوی کۆنگرەی
یەکەمە و خۆم ئەندامی لیژنەی نوسینەوەی بەرنامە و پڕگرامە سیاسیەکە بوم، بەزەقی
ئاماژەی بەوەکردوە کە گۆڕان ناسنامەی کوردستانیە و جەخت لە کوردستانی بونی دەکاتەوە
هەر وەکو لەخاڵەکان ئاماژەم پێکرد، وە قەناعەتی کاک نەوشیروان بۆ کوردستانیەتی گۆڕان
هەمان ئەو قەناعەتەیە کە کاتی خۆی بۆ کوردستانی بونی کۆمەڵە هەیبوە کە بۆتە خاڵی
ناکۆکی ئاڵای شۆڕش لەگەڵ کۆمەڵە و خودی کاک نەوشیروان، کە ئەم ڕاستیە ناشرێتەوە، بەڵام
ئایا کاک مەلا بەختیار مەبەستی لەو شێواندنە چیە کە لەکتێبەکەی ئاماژەی پێکردوە وەقسەی
ئاوەژو و دژ بەیەک لەسەر ئەم بابەتە دەکات.
لەلایەک باسی ناکۆکی خۆی و کاک نەوشیروان دەکات لەسەر
شوناسنامەی کۆمەڵە، تاوایلێهات ئاڵای شۆڕش جیابۆوە، گەیشتە سجن کردنی و ئەو چیرۆکەی
خۆی باسی دەکات لەلایەکی تر باس لەوە دەکات کە نەیهێشتوە ناسنامەی کوردستانی ببەخشرێتە
گۆڕان کە بەرنامەی سیاسی یەکەم کۆنگرەی گۆڕان ئاماژەو بەڵگەی ڕوونە بۆ ئەو ناڕاستی
و چەواشەکاریەی دەرهەق بەهەڵوێستی نەتەوەی و، نیشتیمانی کاک نەشیروان کە لەلاپەڕە
(71) باسی دەکات، ئەمە جگە لەوەی کە کاک نەوشیروان دیداری وەفدێکی ئێرانی ڕەتکردەوە
لەسەر ئەوەی کە لەناو وەفدەکە خەڵکی تێدا بوە دەستی سور بوە بەخوێنی سەرکردەکانی
کورد لەخۆرهەڵاتی کوردستان، ئایا چ سەرکردەیەکی کورد ئەوەندەی کاک نەوشیروان لەهەمبەر
بابەتە نیستیمانی و نەتەوەییەکان سەر ڕاست و بەرگریکار بوە، ئەم چەواشەکاریەی کاک
مەلا بەختیار لەکتێبەکەیدا لەلاپەڕە (71) مشتێکە لەخەروارێک کە پڕیەتی لەناڕاستی و
چەواشە، خۆزگەم دەخواست وەکو نوسەرێکی سەر ڕاست باسی ڕووداوەکانی بکردایە نەک دۆڕاوێکی
سیاسی قین لە دڵی گوماناوی!
843 جار خوێندراوەتەوە