کوردستانی رۆژهەڵات..قوربانیدانی بەردەوام

ئێران بەردەوام کانگای قەیران بووە...وڵاتێکە بەردەوام بەهانەی بۆ هەمووجۆرە ناڕازیەتیەک تێدایە...لە دۆخی ئابوری خراپەوە ، بۆ نەبوونی هیچ ئازادیەک، لە پێشیلکاری بەردەوامی کەرامەتی ئینسانەوە بۆ بێدادیەکی گەوەرەی ئابوری، کۆمەڵایەتی و سیاسی.

 ڕاستت بوێت دۆخی سەیر ئەوەیە نارازیبوون لە ئێراندا نەبێت، خەڵکی کوردستان وەک هەموو بەشەکانی تری کوردستان هەمیشە بەشی شێریان لەم پێشیلکاری و بێدادیە بەرکەوتووە..هەمیشە ژمارەی ئەو شەهیدانەی لە کوردستانی رۆژهەڵات دەدرێن بارتەقای هەموو شەهێدەکانی تری ئێرانە..بگرە سەردەمانێکی زۆر کوردستانی رۆژهەڵت بوو بە لانکەی زوربەی ئەو ناڕازی و ئازادیخوازانەی خەون بە جیهانێکی باشترەوە بۆ ئێێران دەبینن.

 کوردستان بە شاخ و شاریەوە هەمیشە باوەشێکی گەرم بووە بۆ هەموو ئۆپزسێۆنێکی ئێرانی. خواش هەڵناگرێت دەوڵەتی ئێران ڕێزی ئەمەی زۆر گرتووە و لە هەموو ناڕازیبونێکی جەماوەریدا، کاردانەی گەورە و توند و خوێناوی لە کوردستاندا لەهەموو شوێنێکی دی زیاتر بووە .

دەوڵەتی ئێران هەمیشە زۆر بە سەخاوەتەوە گولەباران و پەلاماری کوشەندەی هەموو جۆرە ناڕەزایەتیەک دەدات کە لە شارە کوردەکاندا بەرپا دەبێت.

 

ژمارەی ئەو شەهیدانەی لە شارە کوردەکان دەدرێن، دوبەرابەری هەموو ئەو شەهیدانەیە کە لە شوێنەکانی تر دەدرێن..کوردەکان هەمیشە لە ریزی پێشەوەی قوربانیدان و بەرگریکردن لە ماف و ئازادی و دادپەرەی بوون.

بەڵم راستیەکی تاڵ هەیە کە هەستدەکەم کارێکی عاقلانەیە لەبەرچاوبگیرێت..ئێران دەوڵەتێکی گەوەریە کە گەر پایتەختەکەی بەشداری گەوەرە لە خۆپیشاندانەکانیدا نەکات، زەحمەتە بە شارەکانی دی هیچی لێ بکرێت.

 بێ ئامادەیی تاران و ڕژانیان بۆ سەرجادە، زەحمەتە دەوڵەتی ئێران درزی گەوەرەی تێبکەوێت.. تا ئەم کاتەی ئەم ڕستانە دەنووسم بەشداری تارانیەکان لە خۆپیشاندانەکاندا یەکجار بچوکە و ئەو جوڵەیەی تێدا نیە کە دەبوو ببێت.

دیارە ئەگەری ئەوە زۆرە کە خۆپیشاندانەکان تارانیش بە گەورەیی بگرێتەوە، بەلام ئەو ئەگەرەش هەر هەیە کە وا بە بچوکی بمێنێتەوە و ئەو جوڵە کەمەشی تیایدایە بە توندی سەرکوت بکرێت..تواناکانی سەرکوتی دەولەتیش بۆ هەموو دنیا ئاشکرایە.

لە دۆخی وادا من ئەوەم پێ راستە کوردستانی رۆژهەڵات خۆپارێزی بکات باشرە لەوەی وزەیەکی زۆری خۆی و قوربانیەکی زۆرتر لەوەی تا ئێستا دراوە بدات و ببێتە بە سەرنێزەی جولەیەک کە هیچ ئاسۆیەکی روونی تا هەنووکە لێ دیار نیە.

شارە کوردەکان هەمیشە ئامادەن و گرێکوێرەی ئێرانیش لە کوردستانەوە ناکرێتەوە،..هەرکات هەموو ئێران و بەتایبەتی تارانیەکان بە لێشاو ڕژنانە سەرجادە، ئەوا کوردەکان زۆر بە ئاسانی و بە خێرای دەتوانن بەشداری بکەن.

بەلام لەم دۆخانەدا کە کەڵبەی دەوڵەت بۆ سەرکوتکردن و خوێن رێژی و چاوترساندن لەهەموو کاتێکی دی تیژتر و تینوو ترە، ئەوا قوربانی یەکەمی ئەم کەڵبەیە کوردەکان دەبن کە هەمیشە و بەردوام لەهەموو پارچەکانی کوردستاندا نێچێرێکی ئاسان و بێکەس و پشتیوانن.

 لەبەرئەوە من وەک خۆم پێم ڕاستە شارە کوردیەکان دان بە خۆیاندا بگرن و بەهانە بە رژێم نەدەن بۆ ئەوەی قوربانی و شەهیذی زۆتر و برینی زۆرتر بکاتە جەستەی شەکەتی کوردستان.
 من هەنووکە کە ئەم قسانە دەکەم هیچ لە توڕەیی و ئازادیخوازی و شۆرشگێری هەموو کورە قارەمان و گیانبەختانەم لێ وون نەبووە کە بەردەوام ئامادەی هەموو قوربایدانێکن تەنانەت گەر بۆ مافی هاوارکردنێکیش بووە.
 زۆر بەرز ئەو رۆحە ئەنرخێنم و بگرە وەک هەموو کوردێک شاانازی پێوە دەکەم، بەڵام پێم راسترە ئەم رۆحە ئازادیخوازە دان بە خۆیدا بگرێت و بە هێمنی خۆی رێکبخات وبە زیندووی بیهێلێتەوە بۆ کاتێکی گونجاو کە قوربایدانەکە بەراستی دەرئەنجامی گەوەرەی لێ دەستکەوێت.

هێشتا لە چەند رۆژی سەرەتای ناڕازیەتیەکانداین و ژمارەی شەهید و دیلکراو بریندارەکانی کوردستانی رۆژهەڵات لەهەموو شوێنێکی دی زیاترە.. (هاورێیەک پێی گوتم کە زیندانەکانی کوردستان چی دی جێگەی زیندانیان نەماوە). هەموو ئەم ووزە شۆڕشگێڕیە باشتر نیە هەڵبگیرێت بۆ کاتێک کە بەراستی رۆژی هەق و حساب دێت.

 وەک خۆم لەکاتێکدا سەری رێز بۆ هەموو شەهیدەکان دادەنەوێم و شانازی بە قارەمانێتی و لە خۆبردنیان دەکەم، پێم راسترە سەبر بگرن و پەلە نەکەن و نەبنە سەرنێزەی جولەیەک کە جارێ دیار نیە تا چ رادەیەک و چ ئاستێک دەروات.

892 جار خوێندراوەتەوە