خۆپیشاندان لەبەغدا بەردەوامە، ئایا لە کوردستان دەستپێدەکات؟

خۆپیشاندان لە تشرینی یەکەمەوە لە بەغداو باشوری عێراق بەردەوامە، ئایا لە کوردستان دەستپێدەکات؟ بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە، بیرکردنەوەی زۆری ناوێت، دەبێت بڵێین: بەڵێ لە هەرێمی کوردستانیش هاوشێوەی بەغدا خۆپیشاندان دەستپێدەکات، بەڵام شاوری دەستپێکردنی خۆپیشاندانەکە تەنها مەسەلەی کاتە، ئێستا دەمودەست نا، بەڵکو چەند مانگێکی دیکە.


بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە ئاسانە، پێویستمان بە بیرخستنەوەی چەند ژمارەیەکە و بەس، زۆر خۆ هیلاککردنی ناوێت، ئێستا مووچەی سەرجەم مووچەخۆرانی هەرێم وەک لێدوانی وەزیری پێشووی دارایی هەرێم، چەند جارێک رایگەیاندبوو ٨٨٠ ملیار دینار مانگانەیە، وا نزیکەی ساڵێکە بەغدا مانگانە ٤٥٤ ملیار دینار دەنێرێت و هەرێم دەیخاتە سەر ئەو داهاتە " ناشەفافەی " مانگانەی نەوتی هەرێم و، مووچەی مووچەخۆرانی پێ دەدات.  


ئەوە لە کاتێکدایە کە هەرێم وەک بەرپرسانی نێو ئەم کابینەیەی ئێستا رایانگەیاندووە کۆی قەرزەکانی هەرێم ٢٥ ملیار دۆلارە.


ئێستا دۆخی حکومەتی فیدراڵی عێراق و بگرە دەوڵەتی عێراقیش لەسەر کەناری رووخانە، خۆ ئەگەر عێراق هەنگاو نەنێت بەرەو پشێویەکی گەورەو شەڕی ناوخۆ، لە باشترین حاڵەتدا رەنگە لەچەند مانگی داهاتوودا، ئەم حکومەتە وەک حکومەتی " کاربەڕێکەر " بمێنێتەوەو، هەڵبژاردن بکرێتەوە، هەموو ئەمانە لە کاتێکدا روودەدەن دەبێت لەم دوو مانگەدا پرۆژە یاسای بودجەی عێراق بۆ ساڵی ٢٠٢٠ لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە بڕیاری لەسەر بدرێت. لە ساڵی ٢٠١٩دا بەغدا هەموو مانگێک بڕی ٤٥٤ ملیار دیناری ناردووە بۆ هەرێم، بەڵام هەرێم یەک بەرمیل نەوتی رادەستی بەغدا نەکردووە، هەر ئەمەش یەکێکە لە هۆکارەکانی بار قورسکردنی د. عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیران و راپەرینی خەڵک لە دژی کابینەکەی.
 
هەموو ئاماژەکان ئەو راستیە دەردەخەن کە لە دوای ئەم دوو مانگەی داهاتووەوە چیتر بەغدا ناتوانێت ئەو ٤٥٤ ملیار دینارە بۆ هەرێم بنێرێت کە لەگەڵ داهاتە " نا شەفافەکەی " نەوتدا مووچەی پێدەدرا، واتە چیتر حکومەتی هەرێم ناتوانێت مووچەی مووچە خۆران بەبێ پاشەکەوت بدات، هەتا ئەگەر یاسای چاکسازیش لەپەرلەمانی کوردستانەوە بڕیاری لەسەر بدرێت کە نزیکەی ١٠٠ ملیۆن دۆلار دەگەڕێنێتەوە بۆ سەر بودجەی هەرێم ' بە قەولی خۆیان "کە نزیکەی ١٢٠ ملیار دینار دەکات، هێشتا حکومەتی هەرێم ٣٣٤ ملیار دینار کورتدەهێنێت تا مووچەی مووچەخۆرانی پێبدات.
 
ئەگەر ئەمە فاکتەرێکی هەنووکەیی بێت بۆ روودانی خۆپیشاندان لە هەرێمی کوردستان، هاوشێوەی بەغداو باشووری عێراق، هۆکاری تری روودانی خۆپیشاندان ئەو هەموو نا دادپەروەریەیە کە لەکوردستاندا هەیە. چ نەنگیەکی گەورەیە دەسەڵاتێک لە هەرێمدا حوکم دەکات بە " ئیمتیاز بنەماڵەییە"، چ نەنگیەکی گەورەیە کوردستان لەلایەن دەسەڵاتی سێ بنەماڵەوە بەڕێوە دەبرێت، ( بارزانی، تاڵەبانی، کۆسرە رەسوڵ ) سەرۆکی رەمزی بارزانی، سەرۆکی هەرێم بارزانی، سەرۆکی حکومەت بارزانی، سەرۆکی دەزگای ئەمنی بارزانی، سەرۆکی زانکۆ بارزانی، لە ناوچەکانی سلێمانیش جێگری سەرۆکی حکومەت تاڵەبانی، بەرپرسی دەزگای ئەمنی لە بنەماڵەی تاڵەبانی، حکومەتی قوڵ لە ژێر هەژموونی بنەماڵەی تاڵەبانیدا، کەسی یەکەمی حیزب کۆسرە رەسوڵ، کوڕەکانی هەریەکەو لە پۆستێکدان، لەسەرتاسەری هەرێمیشدا ئەم سێ بنەماڵەیەو حیزبەکانیان خاوەنی چەندان کۆمپانیان، لە خوار ئەوانیشەوە چەندان بنەماڵەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی و پارتی و گۆڕان خاوەنی چەندان پرۆژەن.


زۆرێک لە کوڕانی ئەم سێ بنەماڵەیە ناوەکانی ( بارزانی و تالەبانی و کۆسرەت رەسوڵیان) لێبکەرەوە، هیچیان زیاتر نییە لەو گەنجانەی لە بازاڕی شیخەڵای هەولێر و مەزاتخانەکەی سڵیمانی بێ کارن.
 
لە بەرامبەر ئەمەدا لە ماوەی پێنج ساڵی رابردوودا، هەموو ساڵێک نزیکەی ٤٥ هەزار گەنج لە زانکۆ و پەیمانگاکان دەردەچن و دەکەونە بازاڕی بێکاریەوە، ئەمە سەرباری ئەو گەنجانەی کە لەبەر هەژاری و هەر هۆیەکی تربێت خوێندن تەواو ناکەن و ئەوانیش دەچنە ریزی سووپای بێکارانەوە.
 
ئەم فاکتەرانە ئەو راستیەمان پێشاندەدەن کە روودانی خۆپیشاندان لە هەرێمی کوردستان هاوشێوەی خۆپیشاندانەکانی بەغداو شارەکانی باشوور تەنها مەسەلەی کاتە، ئەوەی جیاشی دەکاتەوە لە خۆپیشاندەکانی پێشووی شارەکانی هەرێم، ئەمجارە گەنجان سەرە ڕمی ئەو خۆپیشاندانانە دەبن و، خۆپیشاندانی خۆڕسک و سەربەخۆ دەبن و، لەدەرەوەی هەموو حیزبەکان دەبن و، هیچ باکێکیشان بەو سیاسیە تەقلیدیانەی ئێستا نابێت کە زیاتر لە چارەکە سەدەیەکە حاکمی رەهای هەرێمن. 

1152 جار خوێندراوەتەوە