منیش گوێم لێ‌بوو، ده‌نگی ڕاكردنی منداڵێك بوو به زه‌وی مه‌خزه‌نه‌كه‌دا، ده‌نگی كردنه‌وه‌ی ده‌رگایه‌ك بوو ده‌ركه‌وتنی تارماییه‌كی چكۆله بوو له به‌رده‌م په‌نجه‌ره‌ی ژووره‌كه‌دا، ئه‌رده‌ڵان به غه‌مگینی سه‌یری هه‌مووانی كرد و گووتی: ئه‌وه ده‌نگی ئه‌وه، ده‌نگی ئه‌وه، من له‌گه‌ڵ خۆمدا هێناومه، ئێستا لێره‌یه، جه‌نابی سامیری بابلی ده‌یبینیت، ئه‌وه‌تا، ئه‌وه‌تا له په‌نجه‌ره‌كه‌دا، سامیری بابلی ئاوڕیدایه‌وه و تارمایی ئه‌و كچه چكۆلانه‌یه‌ی بینی، چاوانی كه پڕبوون له ترس و سه‌رسامی نیشانه‌ی ئه‌وه‌بوو كه بینوێتی. كیژه‌كه له ناو په‌نجه‌ره‌كه‌دا دانیشتبوو و سه‌یری خۆرئاوابوونی ده‌كرد. ئه‌رده‌ڵانی سۆفی گووتی: من كه‌سی ترم نه‌بوو، سامیری بابلی كه‌سی ترم نه‌بوو. ده‌زانی كوشتنی منداڵێك له چی ده‌چێت؟ له كوشتنی خودا ده‌چێت. شه‌ش ساڵه به‌رده‌وام بیر له‌وه ده‌كه‌مه‌وه كوشتنی منداڵ یه‌عنی چی؟ كوشتنی منداڵ یه‌عنی چی؟ شه‌و و ڕۆژ به ڕه‌شه‌باكاندا ڕاده‌كه‌م و ده‌ڵێم: كوشتنی منداڵ یه‌عنی چی؟ له ڕێبواره‌كان ده‌پرسم كوشتنی منداڵ یه‌عنی چی؟ له كڕیاری دوكانه بچوكه‌كه‌م ده‌پرسم: كوشتنی منداڵ یه‌عنی چی. ئێستا جه‌نابی نه‌قیب پێمبڵێ: كوشتنی منداڵ یه‌عنی چی؟
سامیری بابلی له شوێنی خۆی سه‌ری داخستبوو. زۆر به نزمی گووتی: من نه‌قیب نیم.
ئه‌رده‌ڵانی سۆفی دەستیدا به مێزه‌كه‌دا و بە توڕەییەوە گووتی: كوشتنی منداڵ یەعنی چی... ها... كوشتنی منداڵ یەعنی چی؟.
ئینجا سەیری هەموو دانشتووەكانی كرد و بە هێمنییەكەوە كە زۆر لە توڕەبوونی پێشووی جیاوازبوو گووتی: ئێوە كەستان دەزانن كوشتنی منداڵ یەعنی چی؟.
من گووتم: یەعنی گوێنەدان بە هیچ شەریعەتێك.
بە ئارامییەوە گووتی: نا، مامۆستا نا...
ئینجا دەنگی نزمكرده‌وه و وەك ئه‌وه‌ی نهێنییەك بە چرپە بدركێنێت گووتییەوە: یەعنی كوشتنی خودا، كوشتنی سڕی خەلق. من فەقێ بووم، دینم خوێندووە، مەلایەتیم كردوە. لەبەرئەوە دڵنیام... كوشتنی خالق جیایە و كوشتنی مەخلوق جیایە، كوشتنی منداڵ دەچێتە خانەی كوشتنی خالقەوە نەوەك بچێتە خانەی كوشتنی مەخلوقەوە.
هەموومان بەوریایی گوێمان ده‌گرت. نه‌مده‌زانی قسەكانی تا چ ئەندازەیەك قسەی پیاوێكی عاقڵە. سەیری منی كرد و زه‌رده‌خه‌نه‌یه‌كی گرت كه بۆ ئێستێك زۆر ترسناك و شێتانه هاته به‌ر دیده‌م. گووتی: مامۆستا وادەزانی شێتم؟ من شێت نیم، بەڕاستی ماوەیەكی درێژ علومی دینی و ئیلاهیاتم خوێندووە. گەر تۆ من بكوژیت، مەخلوقەكەی ناوم دەكوژیت، دەشێت ڕقت لەو كوردەی ناو من بێت، حەزبكەیت ئەو گەرمیانەی ناوم تەفروتونا بكەیت، چارەی ئەم مرۆڤەت نەوێت كە منم. بەڵام كە دەستدەبەیت و من دەكوژیت مەخلوقێك دەكوژیت، مەخلوقێك كە ڕەنگ و ڕوخساری ئینسانی گرتووە، ئەم ئەرد و ئاسمان و هەوایە شتێكیان لێدروستكردووە، بۆتە بوونەوەرێك سیفاتی هەیە، مامۆستا ئینسان كە مەخلوق دەكوژێت، سیفاتەكانی دەكوژێت، كە تۆ عارەبێك دەكوژیت ئینسانی موجەڕەد ناكوژی، قەتڵەكە بۆ ئەو عارەبەیە كە لەنێویایەتی. بەڵام منداڵ، منداڵ كە هێشتا بەحاڵ زاری پژاوە، نوتقی كامل نەبووە، هێشتا نەبۆتە ئینسانێكی كامل، ئەوە هێشتا پارچەیەكە لە زاتی ئیلاهی، منداڵ پارچەیەكە لە خودا، بەشێكە لە زاتی موبارەكی تەعالا جەلە جەلالوهو. لەبەرئەوە كەس بۆی نییە لە بكوژی خودا ببورێت... ئەوەی لە بكوژی خودا ببورێت كافرە... ئەوەی لە بكوژی خودا ببورێت كافرە... ئەوەی ئەم زەندیقە عەفووبكات كافرە.
پارچه‌یه‌ك له به‌شی «شه‌وی حیساب».
له ڕۆمانی «شاری مۆسیقاره سپییه‌كان».
"به‌ختیار عه‌لی"
نیگاری: فاروق قوبادی

تێبینی: په‌یجی روناكبیر به‌ختیار عه‌لی ئه‌م بڕگه‌یه‌ی رۆمانی (شاری مۆسیقاره سپییه‌كان)ی بڵاوكردوه‌ته‌وه له‌گه‌ڵ وێنه‌ی محه‌مه‌د كه له رۆژئاوای كوردستان به چه‌كی فۆسفۆری سوپای توركیا پێكرابوو، به‌بێ ناونیشان نوسینه‌كه‌ی بڵاوكردبویه‌وه، به‌ڵام ئێمه بڕگه‌یه‌ك له نوسینه‌كه‌یمان كردوه‌ته ناونیشان... به‌داوای لێبوردنه‌وه.
1339 جار خوێندراوەتەوە