نووگرە سەلمانم بینی

نووگرە سەلمانم بینی:
پێشکەشە بە سوعاد..

ووتی :خاڵۆ گیان ، ئەوە بۆ دەنگت نییە ، خوا قەزات لێم کەوێ ..؟
ووتم ئەزانی لەکوێوە قسەت لەگەڵ دەکەم ؟
ووتی :نەوەڵڵا..
ووتم : لە نووگرە سەلمانەوە ،
، زمانی شکا ، داچڵەکا ، لە چرکەیەکا سی و یەک ساڵی بیرکەوتەوە ، هەیڕۆ ، چی؟ چی گەیاندوویتە ئەوێ ؟
وتم : خۆشەویستی و وەفام بۆ بنەماڵەی لالە حەمەساڵحی مامۆستا مەلاحەسەنی رۆستەم ، لە دەرەواری خواروو...
بۆ تۆ و یادی ئەو رۆژانەی کەسمان بیرمان نایەت ، دایە ئامین بەدەم تەونکردن و جگەرەکێشانەوە شیری دەدا بەهەردووکمان...
بوومە قوربانت ئاگات لەخۆت بێت..بەخوا من لەمانگی سێوە هەتا چوار تەواو دەبێت خەفەت دەخۆم ، گشت ساڵێ ، ئیسە سەرم زۆر ژان دەکا ، خەریکە ئاگام لەنوێژەکانیشم نامێنێ ، توخوا ئیتر لێم مەگرن ، بەخوا ناحەقم نییە...

ئەمە ناسۆری ژنە گەرمیانییەکە ، لە هاوسەر و چوار براکەی ، ( ئاوێز)ی تاقانە کچەکەی بۆماوەتەوە...
رەشپۆشە ، هەردەڵێی نیسانی ئەمساڵ ئەنفالەکە کراوە...

ئیتر ئەمە ناوی چییە ؟ خۆشەویستی بێ کۆتایی ؟ زامی قوڵی قەت ساڕێژ نەبوو ؟ بێ ئومێدیی لەژیان دوای چواربرای خاس و مێردێکی چاک؟ پەشیمانی لەرابووردو و ئەو هەموو خزمەت و نان و چێشتەی خستیانە سەرسینی بۆ بەرپرسەکانی پێشمەرگە و بێ وەفایی ئەوان ..؟حەتمەن خەمەکان زۆرن ، بۆیە سەبووریی بۆنایە...!

رۆژی چوارشەممە ، 24/3/2019 ، دووای سی و یەک ساڵ و دە رۆژ لە شاڵاوی ئەنفال ، بەتایبەتی کەوتمە رێ بەرەو نوگرە سەلمان...


پارێزگایەک هەیە لە عێراقدا ناوی موسەننایە ، مەڵبەندی پارێزگاکە بە سەماوە ناسراوە ... رووبەرەکەی 51,740کیلۆمەتری چوارگۆشەیە ، چڕی دانیشتوان 16.4/km2 لە ناو پارێزگای سەماوەوە سەدوچل و دوو کیلۆمەتر دەڕۆیت ، ئینجا دەگەیتە شوێنێک پێی دەڵێن قەزای( السلمان)، زیاتر لە سەد کیلۆمەتر بەهەموو لایەکدا هیچ دیارنییە ، لم و بیابان و چۆڵیی نەبێت..


ئەم ووڵاتە بیابانە ، وەکو پارێزگا دووەمین پارێزگای عێراقە لەروی فراوانیی رووبەرەکەیەوە ، ئەگەرچی روباری فورات پیایدا تێپەڕدەبێت، بەڵام زۆرینەی سەحرایە ، خوێیە ، هەتا چاوبڕکا چۆڵەوانییە ، جارجارێک کۆچەری و حەیواندار دەبینرێت ، ئەوان بە رانە مەڕوبزن و حوشتر دەڵێن حەلال...


جا لەوبیابانەوە وردە وردە دادەبەزیت بۆ چاڵاییەک ، عەرەب بەو چاڵە دەڵێن نوگرە ، شارەکەش (السلمان )ە، دەبێتە نووگرە سەلمان.. السلمان قەزایەکەی کۆنە ، هاوسنوورە لەگەڵ بیابانی سعودیە و پارێزگای رەفحا، قەزای السلمان 46,928 کیلۆمەتری چوارگوشەیە ، کەچی بەدوو ناحیەوە ئینجا نۆزدە هەزار کەسی تیادایە، دوای زیندانەکە چووم بۆ ناو قەزاکە ، هەردەڵێی خۆڵی مردوو کراوە بەسەریانا ، قەزایەکی بێ رەنگ ، دەڵێی چێشتی بێ خوێیە، بەجادەو کۆڵانەکاندا دەڕۆیشتم ، سەیریان دەکردم ، ئەم غەریبە دەبێ کێ بێت؟.


لەبەغدادەوە دەبێت570 کیلۆمەتر ببڕیت ، ئینجا دەگەیتە نوگرە سەلمان .. دوو زیندان لەوێ هەیە ، یەکێکیان ئینگلیز درووستی کردووە لە دەروازەی قەزاکەدا ، سەربازگەیە و ئاوەدانە ...ئەوی تریشیان لە بەرزاییەکدایە ، دەڕوانێت بەسەر شارۆچکەکەدا ، چۆڵە ، وێرانەیە ، تەنانەت خەڵکی ئەو ناوە دەیانووت ، ناوێرین بێین بۆ ئێرە ، ئەوەندە خەڵکی تیا مردووە ، ئێستا جنۆکەی تیایە ، مەسکونە !؟


زیندانەکانی نوگرە سەلمان ، مێژوویەکی رەشیان هەیە لە ونکردنی دەنگ و رەنگ و خەبەری هەزاران ، سەرەتا لە شیوعیەکانی عێراق و پاشان حیزبی دەعوە و ئینجا دەیان هەزار کورد ...


لەو کەسایەتیانەی کە تاڵاوی ئەوێیان چەشتووە :
موزەفەر نواب ، مەلا جەمیلی رۆژبەیانی ، خالید شەتری ، مەحمود چەلەبی و عریان سەید خەڵەف و چەندین کەسایەتی تری بیرمەند و نووسەر و شاعیری بەناوبانگی عێراقی ...


نوگرە سەلمان مەنفایە ، شوێنی دوورخستنەوە و غەریبخستنە ، زیندانە ، شوێنی ئەشکەنجە و زیندەبەچاڵکردنە ، جەهەننەمێکە لەسەر زەوی ، مەگەر رۆژی قیامەت فلیمەکان ببینین ، مەزڵومەکان چی عەزابێکیان چەشتووە بەدەست بێ رەحمەکانەوە..


بەو چاو و خەمڵاندنە هەندەسیەی خۆم ، کە سەرم وەکو پانکەی لێهاتبوو لەناوسەیارەکەدا ، تاوێ ئەملام دەکرد ، تاوێک ئەولام دەکرد...دوژمن لە ماڵ ناهومێد...هیچ دیارنییە...نزیک نوگرە سەلمان ، شارۆچکەیەکی عەسرییان درووست کردووە ، خانوی باش و خزمەتگوزاری ، کەچی کەس نایەت تیا نێشتەجێ ببێت...!


بیرم دەکردەوە ئەگەر برا ئازاکانی سوعاد و هاوسەرە بوێرەکەشی کە ئاسکی هەردی گەرمیان بوون، هەموو ئەوانەی توانا و هێزی جەستەییشیان زۆر بوایە، ئەگەر بێ سەججان و پاسەوانیش بوونایە، ئەوا لە بیابانی لەبن نەهاتوو و گەرم و چۆڵی نوگرەسەلمان و موسەننادا وێڵ دەبوون ، گەرما و تینوێتی دەیکوشتن .. سرووشت لێرە سەیره ، بە هیچ جۆرێک بە سروشتی کوردستان بەراورد ناکرێت..


دیوار و حەوشە و ژور و چواردەوری ئەم قەڵا پتەوە ، خەون و چیرۆکی هەزاران خێرلەخۆنەدیووی بردۆتە ژێرخاک...


بڵێم چی ، ئێمە لەکوردستانیشا خاوەنی خاکی خۆمان نیین ، چ جای لە نوگرە سەلمان... خۆزگە ئێمە زوو داوامان بکردایە ئەم قەڵا سامناکە بکرێت بە موڵکی کوردستان، ئاخر بەسەرخاکیشدا ئەگەر نازبکەن حەقتانە کوردان، گوڵاڵە سوورەی ئەم بیابانە خوێناوی جگەرتانە، ئێستا عەرەبی ئەو ناوە بەم قەڵا وێرانە دەڵێن قەلعەت ئەکراد... دەبوو داکۆکیمان بکردایە کە ئەمە روفاتی هەزارانی ئێمەی تێدایە ، بەپارە بمانکڕیایە ، نوگرە سەلمان سەیوانێکی ترە بەڵام نەک لە مەملەکەتی بابان، بەڵکو لە قوڵایی بیابان ، هیچ نەبێت وەبەرهێنەرێک بیکردایە بە مۆزەخانە... نەیانهێڵایە ئاوا وێرانکرایە...


میسرییەکان بۆ تا ئێستاش هەربەدوای گۆڕی فیرعەونەکانەوەن... با ئێمەش گرنگیمان بدایە بەم قەڵایە و سنووری چواردەوری.


سروشتی وشک و دڵڕەقی خەڵکی ناوچەکە ، خێڵەکی و بیابان و کۆچەری و دەوارنشین ، بیریان لای دزی و فەرهود بووە ، بۆ سویچ پلاکێک ، بۆ کێبڵ و وایەرێک ، بۆ دەرگا و پەنجەرەیەکی کۆن ، چۆن ئەو شوێنەوارەیان وێران کردووە ، بەخەتی ناخۆش ، یادگارییان نوسیوە و هەموو نووسین و شوێنەوارەکانی کورد و عەرەب و زیندانیە شیعە و شیوعیەکانیان سڕیوەتەوە..


عەسرێکی درەنگ بوو ، پێشبڕکێم بوو لەگەڵ کاتا ، زیاتر لە سێ سەعات سەروخوار و حەوشە و سەربان و هۆڵ و ژوور و توالێت و دیوار نەما نەگەڕێم ، بەدوای شوێن خەتێک ، نووسینێک ، زانیارییەک ، تەنها بینیم هەڵکۆڵرابوو (بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان )...


هەندێ نووسینی عەرەبی ناوەڕاستی هەشتاکانیشی تیابوو ..


زیاتر شیعارەکانی سەردەمی شەڕی قادسیه و بەعس و سەدامی تیابوو ، هیچیان لێنەهاتووە و وەکو خۆی ماوەتەوە..


دەبا وەزارەتی شەهیدان سەد گەنجی چالاک و خوێنەوار بنێرێتە دەرەوەی ووڵات، لەماوەی خوێندن و توێژینەوە و مەشق پێکردنی چەندساڵێک، لە شوێنەوارناسی و کنەکردن و بنکۆڵکارییدا، دەتوانن بگەڕێن بەدوای گۆڕە بەکۆمەڵەکاندا ..


زۆر باش دەبێت ئەگەر حکومەتی هەرێم بگەڕێت لەو کەسانەی ماونەتەوە لە پاشماوەی ئەنفالەکان، ببرێنەوە بۆ ئەوێ بیریان دەکەوێتەوە، ئەو هەموو شەهیدە لەکوێ خراونەتە ژێر گڵەوە..


بە بەدواداچوونی ماندوونەناسانە، هاوکات و هاوکار دڵنیام خەڵکی عەرەبی ئەو دەوروبەرەی نوگرە سەلمان، کەسانێک هەر پەیا دەبن بیریان بێت، چی رویداوە و لەکوێدا بووە ...


ئاخر خنکان بەگازی ژاراوی ، وەکو شەهیدەکانی هەڵەبجە زۆر سەخت و بەسوێیە، بەڵام چونکە لاشەکانیان دیارە و گۆڕ وون نیین، خەمێک کەمتر..بەڵام کە ئەڵێین ئەنفالەکان ، ئیتر هەموو تراژیدیاکان لەم ووشەدا نقوم دەبێت...


چۆن بران بۆ ئەوێ ؟ بەچی بردونیان ؟ چۆن جێیان کرایەوە ؟ چییان پێکردن ؟ چیان دەرخوارد دەدان ؟ چەند بێ بەزەیی بوون لەگەڵیاندا ؟ چۆن کوژران ؟ لەبرسا مردن ؟ لەتینوانا خنکان ؟ لەگەرما تەقین ؟ لەخەفەتا دڵیان وەستا ؟ لەقریشکەی دایک و مناڵ بەندی جەرگیان بڕا ؟ کە مردن نوێژیان لەسەرکرا ؟ کفنەکانیان رەنگی چۆن بوو ؟ چۆن ئەسپەردەی لم کران ؟ تراژیدیای ترس و سەگەڕەشەکان چۆن بوو ؟ حەججاج چۆن عەرزی عەزەڵاتی دەکرد...؟ ئەمانە و هەزارانی تریش ، ون بوون ...چون بە قوڕا ..خەمساردی لای خۆشمان ، لەولاوە بابووەستێ...


جولەکە لە ئۆردوگای ئۆشوویتز چەندین فلیمی براوەی ئۆسکاریان بەرهەمهێنا و سۆزی جیهانیان بۆ لای خۆیان راکێشا، تورک لە ئورتوغرول دەیان ئەڵقەی تیڤی بەرهەم هێنا و مێژوو دەنووسنەوە، یۆنانیەکان بەهۆی بەسەرهاتی ترۆی و ئەخیل و ئەسکەندەری گەورە ئەفسانەی گریکەکانمان پێدەڵێنەوە، ئاخۆ بەردەقارەمان و عەولە سیس، عومەری خاوەر و ئەمنە سوورەکە، هەیئەی کەرکوک و نوگرەسەلمان... موڵکی ئەوان بوونایە ، ئێستا خەنی نەدەبوون...؟

دواجار بەکۆڵێ خەفەتەوە ، هەندێک پاڕامەوە کە خوا بمبەخشێت بەخوێنی بەناحەق رژاوی نیشتەجێکانی ئەو زیندانەوە ، پاڕامەوە خوا سەبووریی بۆ سوعاد و سەعدە و رەشپۆشە چاولەڕێکان بنێرێت..
٭٭٭٭٭٭٭٭٭
ئەندازیار تاها سۆڵەیی
نوگرە السلمان
موسەننا ...سنووری سعودیە.
24/4/2019

187 جار خوێندراوەتەوە