چه‌ند تێبینیه‌ك له‌سه‌ر په‌رتوك


یەکەم: ووشەی کتێب عەرەبییە، بیگۆڕنەوە بە پەڕتۆک کە ووشەیەکی رەسەنی کوردییە، هەم لەناوچەی کەرکوک و گەرمیان، هەم کۆنی سولەیمانی و هەم لەنێو کورمانجدا بە کتێب دەگوترێت پەڕتۆک، پەڕتۆک ووشەیەکی رەسەنی کوردییە.

دوهەم: ووشەی پەڕتۆک بەمانای پەڕی تۆکمەکراو دێت، کە دەبێتەوە بە بەستەیەک پەڕی بەیەکەوە نراو، لەنێو ئەو پەڕانەدا نوسراوێکی تایبەت لە بوارێکدا هەیە، بەوەش دەگوترێت پەڕی تۆکمەکراو، پەڕتۆک.

سێهەم: ئەگەر دەتەوێت رۆشنبیر بیت، خوێنەربە و خۆت پەروەردە بکە.

چوارهەم: باشترین هاوڕێ پەڕتۆکە، هەمیشە لەسەر دڵت، لەئامێزت لەنێو رۆحت دایبنێ، بەڵام ئەوەی کە پێویستە لە دونیا بینیت دایبنێیت، ووشەکانی نێوێتی، رستە جوان و بەهێزەکانی نێوێتی، ئەو رستانەی کە دەتوانن من و تۆ پەروەردە بکەن.

پێنجهەم: شەرم مەکەن بۆ بەدەستهێنانی پەڕتۆک، بیخوازن بەڵام مەیدزن، چونکە دزی هەر دزییە، من و تۆ کە فێری پەڕتۆک دزین بوین، ئەوا دزی دیکەش دەکەین، ئەو کەسانەی کە دزینی پەڕتۆک بۆ مرۆڤ ئاسایی دەکەنەوە، دڵنیابن دزینی شتی دیکەش ئاسایی دەکەنەوە، هەمیشە پەڕتۆک بخوازن و بیگێڕنەوە بۆ خاوەنەکەی.

شەشەم: پەڕتۆکەکان بەند مەکەن و لەنێو ماڵەکانتاندا مەیهێڵنەوە، هەرکەس لێی داواکردن بیدەنێ، تۆ نوسراودانەکەت وەک بانکێکی زانیاری بەکار بهێنە، مادەم بانکی زانیارییە، مادەم بۆ هەموانە، دەبێت پەڕتۆک بدەیت بە خەڵک، بەو مەرجەی  کە گفتی هێنانەوەت پێبدات.

حەوتەم: لەو گوتە تەقلیدی و کلاسیکییە دەربچن کە دەڵێن نابێت پەڕتۆک و نوسراودانەکان بۆ جوانی و رازاندنەوەی ماڵ بەکاربهێنرێت، بەڵێ وەک بەشێک لەجوانی ماڵ بەکاری بهێنە، ئەی ئەگەر بە پەڕتۆکەکان ماڵ نەڕازینیتەوە، بۆچی دیکەی بەکار دەهێنیت؟! دەبێت پەڕتۆک بەشێک بێت لەجوانییەکانی ناو ماڵ و ژیانی تۆ.

هەشتەم: با لەنێو جانتاکەتدا هەمیشە پەڕتۆکێکت پێ بێت، تۆی مێینەو خانمان لەگەڵ سوراوو سپیاوی نێو جانتاکەت، تۆی نێرینەش لەگەڵ کامێراو لاپتۆپ و پۆشاکی وەرزشیت با پەڕتۆکت پێ بێت و لەکویادا کاتت هەبوو بیخوێنەرەوە، بونی پەڕتۆک لە ژیانی رۆژانەتدا، هەبوونی لەپاس و کافێ و چایخانەو شوێنە گشتییەکاندا، لە مۆبایل و عەینەکی شەمسی و پاتری بانک و پارەکەی گیرفانت زەرورترە، چونکە کاتەکانت بۆ رێکدەخات و هێزو جوانی دونیابینیت نیشان ئەدات.

نۆهەم: لەکویادا توانیت بخوێنەرەوە، تەوالێت، حەمام، ژوری میوان، دەرەوەی ماڵ، نێو پاس، چایخانە، سەر شەقام، باخچەی ماڵ، بەخچە گشتییەکان، سەربانی ماڵ، سەربانی هۆتێل، سەیران، لەهەموو جێگایەک بخوێنەرەوە، بەتەنها لەیەک جێگا نەبێت، ئەویش لەکاتی گەشتکردن لەنێوان شارەکان، چونکە باشترین شوێن بۆ بەهێزکردنی دونیابینیمان لەڕێگای چاوەکانمانەوە، رێگای نێوان شارەکانە، کە دەتوانین هەڵگری دیمەنی جوان و تابلۆی پڕ لەجوانی سروشت بین.

دەهەم: تا نەبیت بە خوینەری پەڕتۆک و خۆت پەروەردە نەکەیت، تا نەبیت بە خوێنەرەوەو خۆت لە نا هۆشیاری رزگار نەکەیت، ناتوانیت خەڵکی دیکە رزگار بکەیت، کاتێکیش باسی رزگاربونمان دەکەین لە گەندەڵی و دەسەڵاتی ستەمکاری، هەتا بەو باروتە بەهێزەی نێو دونیای پەڕتۆک گوڕ نەدەینە نێو دونیا بینیمان، ناتوانین نە خۆمان و نەکەسی دیکە رزگار بکەین.

یانزەهەم : بەتەنها بە زاری دایک مەخوێنەرەوە، بەتەنها زمانی دایک مەکەرە شوێنی خۆ پەروەردەکردن، هەوڵبدە بە خوێندنەوە خۆت فێری زمانەکانی دیکە بکە، هەوڵبدە لەنێو دونیای پەڕتۆک و دونیای خۆ پەروەردەکردندا ئەسپی خۆت تاو بدەت، بەڵام ئاگاداربە خوێندنەوە نەتخنکێنێت، خوێندەوەی نەزانی و بێزانیاری، دەستدانە پەڕتۆک بەنەزانی، لەگۆمی مەنگ ترسناکترە، رەنگە بتکێشێتە نێو خۆی و بتخنکێنێت.

دوانزەهەم و و کۆتا خاڵ: کە چویت بۆلای نەخۆش، بۆ ماڵێکی تازە دروستکراو، بۆلای خێزان و خانەوادەیەک کە تازە وەچەیان خستۆتەوە، بۆلای خوێندکاریک کە کۆتا ساڵی خوێندنیەتی و ئاهەنگی کۆتایی خوێندن دەکات، پەڕتۆک بەرە بەدیاری، ئەو پارەیەی ئەیدەیت بە گوڵ، ئەیدەیت بە چوار کیلۆ میوەو بەدیارییەکی گرانبەها، بیدە بەپەڕتۆکێک و بیکە بەدیاری بۆ ئەو کەسە، چونکە بەتەنها پەڕتۆکەکانن دەتوانن لەنێو ماڵدا بمێننەوە، بەتەنها پەڕتۆکەکانن ژیانی کەسەکان جوانترو بەپێزتر دەکەن.

1249 جار خوێندراوەتەوە