​دەنگنەدان و بایکۆتکردن، رێگا ئاسانەکەی ساختەکارییە


لەگەڵ نزیکبونەوە لە وادەی ھەڵبژاردنەکانی ٣٠ی ئەیلولی ٢٠١٨ بۆ پەرلەمانی کوردستان، دەنگی بایکۆتکردنی ھەڵبژاردنەکان، لەھەندیک لەھاونیشتیمانیانی ھەرێمی کوردستان دەبیسترێت.

بەبێ ئەوەی ئەو ھاونیشتیمانیانە بزانن کە بەھۆی نائومێدبونیان و نەچونیان بۆ دەنگدان، باشترنەبونی دۆخ و گوزەرانی ھەرێمی کوردستان، لەنێو لەپی دەستی خۆیاندایە، چونکە کەسانی بایکۆتکار، رەنگە ھۆشیارییان نەگەیشتبێت بەئاستی ئەوەی کە بەھۆی بایکۆتکردنی ئەم جۆرە کەسانە، رێگای ساختەکاری، بۆ ئەو ھێزو لایەنانە ئاسان دەبێت کە دەیانەوێت جارێکی دیکە، دەسەڵات بگرنەوە دەست. ئەو ھێزانەی کە بەفشاری سیاسیی و دەنگکڕین و زاربڕین و سەرپێکزکردن، حوکمی ئەم ھەرێمە دەکەن، بێگومان بۆ ئەوەی ئەمجۆرە لە شێوازی دەسەڵاتداری، بە رێگای مەدەنیی بگۆڕێن، باشترین رێگا سندوقەکانی دەنگدان و چوونی ھاونیشتیمانیانە بۆ ھەڵبژاردن.

دەنگنەدان و بایکۆتکردنی ھەڵبژاردنەکان، رێگایەکی ئاسانە بۆ ئەوەی لە جێگای من و تۆی ھاونیشتیمانی، دەنگەکانمان بۆ بدرێت و ساختەکاریی بکرێت. بێگومان ساختەکاری، بەرنامە بۆ داڕێژراو نەک ساختەکاریی ھەڕەمەکی، وەک ئەو جۆرە لەساختەکاریی کە لەھەڵبژاردنەکانی خولی یەکەم، بۆ پەرلەمانی کوردستان بینرا.

لەھەڵبژاردنەکانی خولی یەکەم بۆ پەرلەمانی کوردستان، لە (١٩-٥-١٩٩٢)دا، بەھۆی ئەوەی کە خەڵک بە تامەزرۆییەوە بەشداریی ھەڵبژاردنەکانی کرد، رێژەی دەنگنەدان و بایکۆتکردن، تا ئاستێک نزمتر بوو لەچاو رێژەی دەنگنەدان و بایکۆتکردنی ھەڵبژاردنەکانی ساڵانی پاشتر، بەڵام ساختەکاریی لەئاستێکی بەرزدا بوو، لەھەمانکاتدا رێژەی دەنگدان ٨٧.٤ % بوو، بەڵام رێژەی ئەو کەسانەی دەنگیان نەدا  %١٢.٦بوو. ھەرچەندە زۆربەی زانیارییەکان باس لەوە دەکەن کە بەھۆی قەرەباڵغیی و ھۆسەی ھەندێک لەبنکەکانی دەنگدان، ئەو رێژەیەش لەدەنگدەر، نەیانتوانیوە بەشداریی بکەن لەپڕۆسەی ھەڵبژاردنەکاندا، بەڵام بەگشتیی ئەو دەنگە بەتاڵانەش، رێژەی بایکۆتکاری تیادابوە. بەڵگەش بۆ ئەوە، لەو سەردەمەدا، خەڵکانێک ھەبوون کە دژبون بەراپەڕین و دەسەڵاتداری کوردیی و شۆڕش و حزبە کوردییەکانی ئەو سەردەمە، بەڵام رێژەیان کەمتربوو لەچاو ئەو کەسانەی کە لەو سەردەمەدا، ئینتیمای نەتەوەیی و کوردایەتییان، بەبیروبۆچونی حزبە کوردستانییەکان گرێدابوو.

لەو سەردەمەدا، بەھۆی بۆشایی لە نەبوونی ئەو رێژەیە لەدەنگدەرو ھەبونی بایکۆتکارانی پڕۆسەی ھەڵبژاردن، ساختەکاریی رێژەیەکی بەرچاوی پێکدەھێنا. لەو روانگەیەشەوە لەپارێزگایەکی وەک دھۆک کە پارتی دیموکراتی کوردستان تیایدا دەنگی زۆرینەی ھێنا، رێژەی دەنگدەر، %١١١.٤  بوو، لەپارێزگای ھەولێریش، رێژەی دەنگدەر، %٩٨.٨  بوو، ئەوەش دەرفەتی دەنگنەدەرو بایکۆتکاران بوو، دایان بەو حزبە، تا لەو سەردەمەدا دەسەڵاتی خۆی بەسەر ئەو دوو پارێزگایەدا بسەپێنێت. لەھەمانکاتدا یەکێتی نیشتیمانیی کوردستان لە سلێمانی و ئیدارەی کەرکوکدا، بەھەمان شێوەی پارتی ساختەکاریی بەرچاویکرد. چەندان بەڵگەی بەرچاو ھەیە لەو سەردەمەدا باس لەوە دەکەن کە ساختەکاریی بەرچاو، لەبنکەی ھەڵبژاردنەکان لەسلێمانیش کراوە، تا ئاستی ئەوەی کە ئەو دوو حزبە، بە رەوایەتیدانی ھەڵبژاردن توانییان، ھەرێمی کوردستان بخەنە نێو گێژاوی شەڕی ناوخۆ، ئەو شەڕەی کە ھەتا ئەمڕۆ، باجەکەی من و تۆی ھاوڵاتی ئەم ھەرێمە و ھاونیشتیمانی ئەم کوردستانە ئەیدەین.

ئەگەر بایکۆت و دەنگنەدانی خەڵکانێک نەبوایە لە ھەڵبژاردنەکانی ١٩٩٢دا، ئەو بۆشاییە بۆ پارتی و یەکێتی بەجێنەھێڵدرایە، ئەوانیش بەئارەزوی خۆیان دەنگەکانیان پڕ نەدەکردەوەو سەنگی ھەڵبژاردنەکانیشیان نەدەکرد بە پەنجا بە پەنجا. ئەوا یەکێک لەو دوو حزبە یان دەبوو بە ئۆپۆزسیۆن یاخود بەپێی رێژەی دەنگدەرو کورسییە بەدەستھاتوەکانی، دەسەڵاتی دەگرتەدەست. بۆ ئەوەش لەپاش ھەڵبژاردنەکان لە ساڵی ١٩٩٤دا، شەڕی ناوخۆ دروستنەدەبوو. خۆ ئەگەر شەڕی ناوخۆش نەبوایە، ئێستا ھیچ نەبێت خاوەنی حکومەتێکی دامەزراوی مەدەنیی دەبوین، لەجێگای ئەم حکومەتە خاوەن حزبییەی کە لەماوەی ٢٧ ساڵی رابردودا بینیمان.

لەپاش پڕۆسەی ئازادی عێراقیش کە دووبارە پرۆسەی ھەڵبژاردن ھاتە ئاراوە، بەھەمان شێوە رێژەی دەنگنەدەرو بایکۆتکار بەرچاو بوون. لەھەڵبژاردنەکانی  ٣٠ جەنیوەری ٢٠٠٥ بۆ پەرلەمانی ھەرێمی کوردستان، رێژەی بەشداریی %٧٥.٦  بوو، رێژەی بەشدارینەکردن یاخود بایکۆت %٢٤.٤  بوو. بێگومان ساختەکارییش بەشێکبوو لەنێو پرۆسەی ھەڵبژاردندا، بە ھەرسێ حزبی (یەکێتی و پارتی و یەکگرتوی ئیسلامی) کە لەو سەردەمەدا لەژێر ناوی (لیستی نیشتیمانی دیموکراتیی کوردستان) چونە نێو گەمەی ھەڵبژاردن و ١٠٤ کورسییان بەدەستھێنا. ھاوکات ھەریەکە لەکۆمەڵی ئیسلامیی شەش کورسی و زەحمەتکێشانیش یەک کورسی بۆ خۆی مسۆگەرکرد.

بێگومان بەھۆی بەشداریینەکردن و بایکۆتکردنی دەنگدەران بە رێژەی %٢٤.٤  ساختەکاریی بەرچاوکرا، چونکە لەوکاتەدا ئۆپۆزسیۆنیکی بەھێز نەبوو، لەھەمانکاتدا بۆشایی بەشدارینەکردنی خەڵک بەو رێژە زۆرە، زەمینەی خۆشکرد بۆ یەکێتی و پارتی، بەبەشداریپێکردنی دەنگدەرو لایەنگرانی خۆیان لەشوێنی دەنگنەدەرو بایکۆتکاراندا. بەشێوەیەکی رێکخراو کە بتوانن زیاتر لەجارێک لەبەرژەوەندیی خۆیان دەنگبدەن، واتە ساختەکاریی رێکخراو بەڕێوەچوو.

بۆ ھەڵبژاردنەکانی ٢٥-٧-٢٠٠٩، رێژەی بەشدارییکردنی دەنگدەران%٧٤.٥  بوو، بەو پێیەش رێژەی دەنگنەدەر و بایکۆتکاران%٢٤.٥  بوو. بێگومان ساختەکارییش بەشێکبو لەو ھەڵبژاردنە. بەپێێ زانیارییەکان بەھۆی ساختەکارییەوە، ٤٠ وێستگەی دەنگدان رەتکرانەوە. لەھەمانکاتدا ٣٠٠ وێستگەی دیکەش سکاڵای لایەنەکانی لەسەر تۆمارکرا.

بۆ ھەڵبژاردنەکانی ٢١ سێبتێمبەری ٢٠١٣، رێژەی بەشدارییکردنی دەنگدەران %٧٣.٩  بوو، بەوپێیەش رێژەی دەنگندەر و بایکۆتکاران% ٢٦.١   بوو. لەو ھەڵبژاردنانەشدا ساختەکاریی لەئاستێکدابوو کە توانرا لەبری دەنگنەدەران و بایکۆتکارانی ھەڵبژاردنەکان، حزبە دەسەڵاتدارەکانی ھەرێمی کوردستان، خەڵکی خۆیان بنێرن بۆ دەنگدان و بۆشایی ئەو کەسانە پڕ بکەنەوە کە بایکۆتی دەنگدانیان کردبوو.

گۆڤاری ئیکۆنۆمیست بڵاویکردۆتەوە، لەھەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستاندا لەڕێکەوتی ٢٥-٧-٢٠٠٩، لەناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی پارتی ساختەکاریی گەورە کراوە، بەجۆرێک خەڵک ھەبوە ٢٠ جار دەنگیداوە. ئەم ھەواڵە بۆ سەرجەم ھەڵبژاردنەکانی دیکەش راستە، بەڵام ئەوەش بەشێوەیەکی رێکخراوەیی و لەھەبونی بۆشایدا دەکرێت. بۆ نمونە، کە تۆی دەنگدەر نەچیت بۆ ھەڵبژاردن و بایکۆتی ھەڵبژاردنەکان بکەیت، بێگومان لەبری تۆ، حزبە دەسەڵاتدارەکانی ھەرێم، خەڵکی دیکە دەبەنە سەر سندوقەکانی دەنگدان و لەبەرژەوەندیی خۆیان دەنگیان پێپڕدەکەنەوە، بەشێوەیەکی رێکخراو کە ھەموو کەس دەرک بەو ساختەکارییە ناکات کە روو ئەدات.

ئێستاش کە بەرەو ھەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان دەڕۆین، ھەموان بێزارو بێھێزبووین لەخراپیی شێوازی بەڕێوەبردنی دەسەڵاتەکان لەھەرێمی کوردستاندا، بەڵام باشترین شت بۆ چاککردنی دەسەڵات، سندوقەکانی دەنگدانە. خراپترین دۆخیش بایکۆتکردن و نەچونی تۆی ھاونیشتیمانییە بۆ دەنگدان. لەھەمانکاتدا شکاندنی بایکۆتی ھەڵبژاردنەکان، شاڕێی گۆڕانکاری و چاکسازیکردنە لە دەسەڵاتی سیاسی، پاکسازیکردنی ھەرێمە لەخەڵکانی دزو گەندەڵکار، رێکسازیکردنە لەشێوازی بەڕێوەبردنی ئاراستە خوارو خێچەکەی دەسەڵات.

2322 جار خوێندراوەتەوە