سیاسەتی خۆتەعریبکردن لە باشووری کوردستان

سیاسەتی خۆتەعریبکردن 
لە باشووری کوردستان


                       نووسینی: دکتۆر کەمال سولەیمانی
 (مامۆستای مێژووی جیهانی ئیسلام و سیاسەت لە ڕوژهەڵاتی نێوەڕاست)
                               ٣٠-٧-٢٠٢٦

پێشەکی
لە ماوەی ڕابردوودا، ئەکادیمیستی ناسراوی کورد، پرۆفسۆر بورهان یاسین، لێکۆڵینەوەیەکی گرینگی بە ناوی "بەعەرەبکردنی نەرمی کوردستان" بڵاو کردەوە. بە بڕوای من، ئەمە بابەتێکی ئێجگار جیددییە. لە ڕووی تیۆرییەوە لێکۆڵینەوەیەکی زۆر پتەوە و لە ڕووی بەڵگەیی و واقیعییەوە دەوڵەمەندە؛ هەروەها لە ڕووی سیاسییەوە تەرکیز دەخاتە سەر پرسێکی زۆر چارەنووسساز و هەستیار. هێزی شیکردنەوەکەی و ئەو واقیعە سەرسوڕهێنەرەی دەیخاتە ڕوو، وەک چاوەڕوان دەکرا، گفتوگۆ و موناقەشەیەکی زۆری لێکەوتەوە و بەخۆشحاڵییەوە زۆربەی دەنگدانەوەکان ئەرێنی بوون. لەگەڵ ئەوەشدا، هەندێک لە ڕەخنەگران گومانیان خستە سەر دروستیی چەمکی "بەعەرەبکردنی کوردستان" کە پرۆفسۆر یاسین بۆ دەستنیشانکردنی پرۆسەی ژێر لێکۆڵینەوەکەی بەکاری دەهێنێت.

خوێندنەوەی من بۆ ئەم ڕەخنە و ناڕەزایەتییانە ئەوەم پێ دەڵێت کە زۆربەیان لە تێنەگەیشتن لە لۆژیکی بنەمایی باسەکەی د. یاسینەوە سەرچاوەیان گرتووە. بۆیە، پێش چوونە ناو باسە سەرەکییەکەوە، پێویستە پێناسەی خۆم بۆ هەردوو چەمکی "تەعریب" و "خۆ-تەعریبکردن" (کە کاکڵی باسەکەی منە لیرە) ڕوون بکەمەوە:

 

١- تەعریب
 دوای بڵاوبوونەوەی لێکۆڵینەوەکەی د. بورهان، ئێستا دیبەیتێکی گەرم لەسەر پرسی تەعریب هەیە. تەنانەت هەندێک کەسایەتی، وەک دکتۆر ڕێبوار سیوەیلی، نیگەرانیی خۆیان لە بەکارهێنانی چەمکی تەعریب، لەمەر بەرتەسکی بوونی ئەو چەمکە دەربڕیبوو. ئەوان پێیان وایە کورتکردنەوەی مێژووی هەڵسوکەوتی ڕاسیزمی عەرەبی عێراقی بەگشتی و بەعس بەتایبەتی لە چوارچێوەی  "تەعریب"دا، دەتوانێت بەرفراوانی، ڕادەی توندوتیژی، تاوانەکان و ئەو مێژووە خوێناوییەی لەگەڵ کورد کراوە، بشارێتەوە .
دیارە دەکرێت لەم بارەیەوە بۆچوون و خوێندنەوەی جیاواز هەبێت سەبارەت بەوەی تەعریب چییە؛ ئایا سیاسەتێکە، پرۆسەیەکە، یان کۆمەڵێک میکانیزم و ستراتیژییە؟ بەڵام لە ڕاستیدا، من پێم وایە ئەم جیاوازییانە زۆربەی کات دەگەڕێنەوە بۆ شتێکی دیکە. ئەویش ئەوەیە کە هەر یەک لە ئێمە پێداگری لەسەر چ لایەنێکی ستراتیژییە جۆراوجۆرەکان دەکات، یان تا چەند پێداگری لەسەر ئەو لۆژیکە بنەماییە دەکات کە وەک ئامانجێک بۆ لەناوبردنی بوونی نەتەوەیی کورد خراوەتە ڕوو. لە ڕوانگەی منەوە، دەبێت جیاوازییەکی ڕوون لەنێوان "لۆژیکی سیاسی و سەرەکی" و "ئامرازەکانی جێبەجێکردنی ئەو لۆژیکە"دا بکرێت. لە ئاستی پلاندانان، پرۆژە، و یادەوەری سیاسی و ئیداری-دامەزراوەییدا، ستراتیژ و میکانیزمەکانی جێبەجێکردن جیاوازیی زۆریان هەیە بەڵام ئەوەی گرینگە، ئەساس و بنەما و ژێرخانە هزرییەکەی  پرۆژەکەیە کە ئەم ئەساسە لەسەر بنەمای. لۆژیکێکی تایبەتی حاکمیەت و سەروەریی تاقانەی عەرەب-تەوەر لە عێراقدا دامەزراوە.

ئەو ئەساسە بریتییە لە دروستکردنی عێراقێکی یەکگرتووی نەتەوەیی بە ئیتنیک عەرەب؛ واتە عێراقێک کە تەنیا لەسەر بنەمای سەروەریی نەتەوەیی عەرەب دامەزرابێت. بەمجۆرە، ئیمکانی بوونی سیاسەتی نەتەوەیی کورد و هەر ناسنامەیەکی نەتەوەیی تر، بە شێوەیەکی بنەڕەتی لەناو ئەو دەوڵەت و جوگرافیایەدا نەزۆک دەبێ بکرێت. من پێم وایە ناوی ئەو لۆژیکە و ئەو سیاسەتە "تەعریب"ە. تەعریب سیاسەتێکە کە میکانیزم، ستراتیژ و پلانە جۆراوجۆرەکانی، بەپێی شوێن، کات و بارودۆخی جیاواز بۆ جێبەجێکردنی بەکارهێنراون. لەبەر ئەم هۆکارە، نابێت ئەنفال، جینۆساید، بەکارهێنانی چەکی کیمیایی، گواستنەوەی زۆرەملێ و گۆڕینی دیمۆگرافی کورد و کوردستان وەک سیاسەتگەلێکی جیاواز سەیر بکرێن. تەنانەت هەڵسوکەوتی دامەزراوەکانی دەوڵەتی عەرەبی لەگەڵ کورد، یان مامەڵەی ڕۆژانەی ئیداری لەگەڵ هاووڵاتیی کوردیش دەچنە هەمان چوارچێوەوە. بۆیە لەڕوانگەی منەوە، دەبێت هەمووی ئەوانە وەک ئامرازەکانی تەعریبی عێراق لە باری زمانی، ئیتنیکی و سیاسییەوە چاویان لێ بکرێت .ئەمانە هەموویان شێواز، میکانیزم و ئامرازە جیاوازەکانی جێبەجێکردنی هەمان لۆژیکی بنەڕەتین، کە تەعریبە.

واتە، دەکرێ لە شوێنێکدا تەعریب خۆی بە شێوەی هەڵسوکەوتی ڕۆژانەی دامەزراوەکان دەربخات، یان بەربەست دروستکردن بۆ ژیانی کورد، سنووردارکردنی مافی خاوەندارێتی، و پاڵنان بۆ چۆڵکردنی ناوچەکان بگرێتەوە. لە شوێنێکی دیکەدا بە شێوەی گۆڕینی دیمۆگرافی خۆی بنوێنێت، و لە قۆناغێکی تردا بە شێوەی ئەنفال، جینۆساید و بەکارهێنانی چەکی کیمیایی دەربکەوێت. لەو سۆنگەوە، جیاوازیی ئەمانە تەنها لە ئاست و شێوازی جێبەجێکردندایە، نەک لە لۆژیکی بنەڕەتییاندا. بۆیە پێم وایە ئەگەر تەعریب تەنیا بە یەکێک لەو دیاردانە (وەک ئەنفال یان جینۆساید) سنووردار بکرێت، ئەوا خودی لۆژیکی بنەڕەتیی پرۆژەکە لەبەرچاو ون دەبێت.

دیارە هەندێک لێکۆڵەری کورد--وەک نموونەی بەڕێز سیوەیلی-- نیگەرانییەکی بەجێیان هەیە؛ دەترسن بەکارهێنانی چەمکی تەعریب بۆ ئەو ئاستە لە تاوان، کۆمەڵکوژی، ئەنفال و کیمیاباران، قەبارەی تاوانەکان کەمتر بنوێنی یان تەنانەت هەر  بیانشارێتەوە. ئەم نیگەرانییە بەتەواوی لە جێی خۆیدایە. بەڵام بۆ ڕەواندنەوەی ،دەبێت خوێندنەوەمان بۆ تەعریب دابەش بکەین بەسەر دوو بەشدا: یەکەم، خودی تەعریب وەک ڕێژیمێک، فەلسەفە و تێگەیشتنێکی سەتاسەت عەرەب-تەوەر لە سەروەری و کولتووری سیاسی و لۆژیکی ڕاسیستیی ناسیۆنالیزمی عەرەبی لە عێراق و سووریا ڕونراو لەسەر فەلسەفە و تێگەیشتنە. دووەم، میکانیزم و ستراتیژییەکانی جێبەجێکردنی ئەو لۆژیکە لە مێژووی سیاسیی ئەم دوو جوگرافیا سیاسییەدا. بەم شێوەیە، هەم ئەو نیگەرانییە لەبەرچاو دەگیرێت، هەم خوێندنەوەیەکی واقیعیترمان بۆ تەعریب وەک سیاسەتی بنەڕەتیی دەوڵەتی عێراق دەبێت.

لەڕوانگەی منەوە، تەعریب خۆی سیاسەت و لۆژیکی بنەڕەتیی ئەو پرۆژە مێژووییەیە کە ناسیۆنالیزمی عەرەبە کە لەسەر بنەمای تێگەیشتنی خۆی بۆ سەروەری لە عێراقدا دروستی کردووە. هەموو ئەو شێوازە جیاوازانە، لە هەڵسوکەوتی ڕۆژانەی دامەزراوەکانەوە بگرە تا ئەنفال و جینۆساید، تەنها جۆرە جیاوازەکانی جێبەجێکردنی هەمان سیاسەت و هەمان لۆژیکن. بۆیە نابێت تاوان و میکانیزمەکانی جێبەجێکردن، لە لۆژیکی بنەڕەتی (واتە تەعریب) و لە ئیرادەی سیاسیی نەهێشتنی غەیرەعەرەب لە عێراق جیا بکرێنەوە.
بە هەمان شێوە، ئەم چوارچێوە تیۆرییە یارمەتیمان دەدات دیاردەی "خۆتەعریبکردن"ی کوردیش وەک درێژەی هەمان تێگەیشتن ببینین. ئەمە وەک جۆرێک لە خۆکۆڵۆنیکردن (Self-colonization) و ئاکامی دووفاقی هۆشیاری کورد و  پرۆژەی هاوکاریی کولتووری، سیاسی و ئابووریی کورد لەگەڵ داگیرکەر سەیر بکرێت .
لەم ڕێگەیەوە هەندێک بکەری کورد، هۆشیارانە یان ناهۆشیارانە، لە بێداهاتووکردنی کوردستاندا بەشدار دەبن.

 

٢- خۆ-تەعریبکردن
من لەم نووسینەی ئێستادا چەمکی "بەعەرەبکردن" بەکار ناهێنم، بەڵکوو چەمکی "خۆ-تەعریبکردن" بەکار دەهێنم، کە هاوواتای "خۆ-بەعەرەبکردن"ە. من بەکارهێنانی وشەی "تەعریب"م پێ باشترە، چونکە ماوەیەکی زۆرە لەنێو گوتاری کوردیدا باوە و تا ڕادەیەکی بەرچاو کوردێنراوە. لەگەڵ ئەوەشدا، کاریگەرییە هەستی و سایکۆلۆژییەکەی لەناو دەروون و سایکی کورددا زۆر بەرچاوترە. هەروەها، پێشگری "خۆ-"م پێوە زیاد کردووە بۆ ئەوەی تایبەتمەندییە سەرەکییەکەی ئەم پرۆسەیە دەستنیشان بکەم؛ ئەویش بەشداریکردنی خودیکوردە لە بزووتنەوەیەکی زۆر مەترسیداردا کە بەرەو خۆلەناوبردنی دەستەجەمعی دەمانبات.

ئەم بەشداریکردنە دەبێت وەک بەشێک لە عەقڵیەت و مێنتالیتەی مرۆڤی کۆڵۆنیکراو سەیر بکرێت. مرۆڤی کۆلۆنیکراو، کە هەڵگری مێنتالیتەی کۆڵۆنیاڵ یان "کۆلۆمێنتالیزم"ە (واتە نەفرەتکردن لە خودی کولتووریی خۆی)، دوای ماوەیەک بەرژەوەندییەکانی خۆی لە چاوی "ئەویتر"ی داگیرکەرەوە دەبینێت. ئەم کۆلۆمێنتالیزمە، لە پەرچەکرداری هەندێک (نەک هەموو) خوێندەواری کورددا دژ بە لێکۆڵینەوەکەی د. یاسین، بە ڕوونی دەکەوێتە بەرچاو.

خۆ-تەعریبکردن، چ بە زانینەوە بێت یان لە نەزانینەوە، بکەرەکەی (خۆ-تەعریبکەر) بەشدار دەکات لە داخوران و پووکانەوەی دیمۆگرافی، خاکی و سیاسیی داهاتووی نەتەوەی کورد و جوگرافیای کوردستان. ئەوەی ئەم پرۆسەیە لە فۆرمە ناسراوەکانی پێشووتری تەعریب (کە بە دەستی دەوڵەتانی دژەکورد لە باشوور و ڕۆژئاوا دەکرا) جیا دەکاتەوە، جیاوازی نییە لە لۆژیکی بنچینەیی یان ئاکامە پێشبینیکراوەکانیدا؛ بەڵکوو فاکتەری جیاکەرەوە، ناسنامەی "بکەر"ی ئەم ڕەوتە نوێیەی تەعریبە لە باشووری کوردستان.
ئەم پرۆسەیەی ئێستا، ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر لەلایەن بکەرە کوردەکانەوە (واتە حیزبە دەسەڵاتدارەکانەوە) ئاسانکاریی بۆ دەکرێت و لە ڕێگەی دامودەزگا کوردییەکانەوە جێبەجێ دەکرێت. بەشداریکردنی ئەوان لەم پرۆسە نوێیەی تەعریبدا، ناوەڕۆکی کردەوەکە و ئاکامەکەی ناگۆڕێت؛ بەڵکوو لە ڕاستیدا توانای تەعریبی کولتووری و درێژەی ئەو کاریگەرییە دەردەخات کە توانیویەتی بکەرەکانی خۆی لەناو کورددا دروست بکات. ئامانج لێی ئەوەیە کە تەعریب خۆی لە ڕێگەی هەمان ئەو کۆمەڵگایەوە بەرهەم بهێنێتەوە کە هەڕەشەی لەناوبردنی لێ دەکات. ئەمە خۆی لە خۆیدا بەڵگەی کاریگەریی تەعریبی کولتوورییە لە کوردستان، کە تەنانەت لە غیابی بکەری ڕاسیستی عەرەبیشدا، بکەری کوردی بە شێوەیەکی ئاسایی داهاتووی خۆی دەخاتە مەترسییەوە. بەمەش، زەمینەی ماددی، سیاسی و کولتووریی خۆلەناوبردن درێژەی پێ دەدرێت. بۆیە، ئەم پرۆسەیە بە ڕاشکاوی "خۆ-تەعریبکردن"ە.

ئەم خۆماڵیبوونەی تەعریب، یان ئەنجامدانی بە دەستی بکەری کورد، ئەو ڕەهەندە تایبەتەیە کە دەمەوێت جەختی لەسەر بکەمەوە. بۆیە بەڕاستی ڕەگەزە نەرمەکەی "بەعەرەبکردنی بێدەنگی هەرێمی کوردستان" کە د. یاسین مامۆستایانە دەیخاتە ڕوو، لە ناوەڕۆکدا ئاماژەیە بۆ بکەریێتی و ئەیجنسیی کورد لە پرۆسەی نوێی عەرەباندنی کوردستان و داهاتووی کورددا. لەبری دووبارەکردنەوەی ئەو باسانەی کە د. یاسین پێشتر خستوونیەتە ڕوو، من تیشک دەخەمە سەر ئەوەی کە بەشداریکردنی کورد چی دەربارەی پێکهاتەی بەردەوامی مێژوو و عەقڵیەتی تەعریب دەردەخات؛ هەروەها چیمان پێ دەڵێت دەربارەی گۆڕانی پڕۆژەیەکی داگیرکاریی دەرەکی بۆ پرۆسەیەک کە ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر بە دەستی خودی کورد بەڕێوە دەچێت.
د. بورهان یاسین مەزەندەی ئەوە دەکات کە نزیکەی ١،٠٣٢،٠٠٠ دانیشتووی عەرەب لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێ بوون، کە دەکاتە نزیکەی لەسەدا ٢٦ی کۆی دانیشتووانی هەرێمەکە. ئەگەر ئەم ئامارانە ڕێک ئاوا بن یان نزیک بن لە ڕاستییەوە، ئەوا ئاماژەن بۆ گۆڕانکارییەکی دیمۆگرافیی ئێجگار گەورە؛ بەتایبەتی لە وڵاتێکدا کە لە بەشێکی زۆری سەدەی بیستەم و تەواوی ئەم سەدەیەدا لەژێر هەڕەشەی تەعریبدا بووە. ئەمەپڕۆسەیەکە نەک تەنها کۆتایی نەهاتووە، بەڵکو دەرهاوێشتەکانی بەردەوامن لە داڕشتنەوەی ژیانی کورد وپڕۆسەکەش لە فۆڕمی دیکە و جۆراوجۆردا درێژەی هەیە. 


هەندێک لە ناڕەزایەتییەکان بەرامبەر بە شیکردنەوەکەی د. یاسین لەو گریمانەیەوە سەرچاوە دەگرن کە گوایەفراوانبوونی بەرچاوی گرووپێکی ئیتنیکی لەناو زێدی نەتەوەیەکی دیکەدا، لە ڕووی سیاسییەوە بێئاکام و بێکاریگەرییە. هەندێکی تریش پێیان وایە لەبەر ئەوەی ئەم پرۆسەیەی ئێستا لەلایەن "دەسەڵاتدارانی مافیایی کورد"ەوە ئاسانکاریی بۆ کراوە، ڕێگەی پێ دراوە، یان بەڕێوە براوە، ناکرێت بە دروستی وەک پرۆسەی "تەعریب" پێناسە بکرێت و زیاتر وەک "خۆتەعریبکردن" دەبینرێت. هەردوو پاساوەکە نەک تەنها مێژووی تەعریب فەرامۆش دەکەن، بەڵکوو زۆر بە ساکاری لە لۆژیکە سیاسی و بنچینەییەکەی مەعریفە و عەقڵیەتی تەعریب دەڕوانن. گرینگتر لەوەش، ئەوان چاوپۆشی لەو لاوازی و بێدەرەتانییە بەردەوامەی هەرێمی کوردستان دەکەن لەنێو سیستەمێکی دەستووریی عێراقیدا، کە لە ڕووی ڕۆح و پێکهاتەوە، مۆرکە نەتەوەییە عەرەبییەکەی دەوڵەت دەپارێزێت. هەر ئەم پاراستنی مۆرکە نەتەوەییە عەرەبییە لەناو بەرزترین دەقی یاسایی وڵاتدا، وا دەکات تێگەیشتن لە لۆژیکی ئێستای تەعریب بەبێ گەڕانەوە بۆ دەستوور مەحاڵ بێت.

 

یادەوەری تەعریب لە نووسین و جێبەجێکردنی یاسای بنەڕەتیدا
بۆ باسکردنی درێژەی لۆژیک و یادەوەری تەعریب، پێویستە کەمێک لەسەر ڕۆحی عەرەبیی یاسای بنەڕەتیی (دەستووری) ئێستای عێراق بدوێین. چونکە لە خوێندنەوەی ڕۆح و دەقی ئەو یاسایەدا، درێژەدان بە تەعریب وەک هەستێک، وەک ڕێگرییەک لە ڕابردووی عەرەبی، و وەک نیگەرانییەک لە پێگەی یاسایی کورد و ترسی بەهێزبوونی کورد، بە ڕاشکاوی دەبینرێت.
بێگومان دەستووری ٢٠٠٥ لە ڕووی فەرمییەوە دان بە نەهامەتییەکانی کورد و هەندێک مافی گرینگی کورددا دەنێت. پێشەکییەکەی ئاماژە بە "کۆمەڵکوژییەکانی" هەڵەبجە، بارزان، و ئەنفال و چەوساندنەوەی نەژادیی کوردە فەیلییەکان دەکات. بەڵام ناگاتە ئەو ئاستەی ئەم تاوانانە وەک جینۆساید ناو ببات، یان میکانیزمێکی یاسایی دابنێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو نیەتەی لە پشت جینۆسایدکردنی کوردستانەوەیە و ڕێگری لە دووبارەبوونەوەی بکات. هەروەها هیچ گەرەنتی و پارێزبەندییەک دانانێت کە هاوتا بێت لەگەڵ مێژووی نەتەوەیەکدا کە ڕووبەڕووی هەڵمەتە یەک لەدوای یەکەکانی قڕکردن، ئاوارەکردن، و ئەندازیاریی دیمۆگرافی بووەتەوە. هیچ جۆرە پێگەیەکی تایبەتی یاسایی بۆ حزوری کورد لە سیستەمی قەزایی عێراقیدا بۆ پێشگرتن لە درێژەکێشانی یادەوەری، ڕوانگە و درێژەی تەفسیری جینۆسایدی دژ بە کورد پێشبینی نەکراوە. بۆیە داننانەکەی بە نەهامەتییەکانی کورددا بە ناتەواوی دەمێنێتەوە _._ئەمەش لە ڕووی سیاسییەوە پاشکۆی تێگەیشتنێکی بۆماوەییە بۆ عێراقێک کە بنەما نەتەوەییە عەرەبییەکانی هەرگیز بە شێوەیەکی بنەڕەتی هەڵنەوەشێنراونەتەوە .بە ڕاشکاوی، جینۆسایدی کورد وەک پرسێکی جیددی و تاوانێکی دژ بە مرۆڤایەتی لە ڕۆحی یاسایی عێراقی و کەلتووری سیاسیدا ڕەنگی نەداوەتەوە، بۆیە هیچ مەرج و ڕێگرێک بۆ دووبارەبوونەوەی نییە. بۆ بەراورد لەگەڵ نموونەیەکی هاوتا، ئەگەر کەسێک ڕۆژێک لە ئەڵمانیا ژیابێت یان کەمترین زانیاری لەسەر مێژووی ئەو وڵاتە هەبێت، دەزانێت کە هەموو کەلتووری سیاسی و مەدەنی و وێنای ژیانی ڕۆژانەی ئەو وڵاتە، شەرمەزاری و ترسیان لە کردەوەی هۆلۆکۆست و جینۆسایدی جوولەکەکان پێوە دیارە. (بۆ لێکۆڵینەوەی ورد و ئاکادیمی سەربارە بە ڕێگری لە دووبارە بوونەوەی جینوساید دەتوانن بڕواننە ئەو سەرچاوانە: Morton and Singh, 2003; Akhavan, 2011; Mayroz, 2012; Hamburg, 2015; Ruvebana and Brus, 2015; Straus, 2016; 2025 ,Douglas, 2020; Caslini
کێشەکە تەنیا ئەوە نییە کە بڕگە دەستوورییەکان ناتەواون. بەڵکوو ئەوەیە کە دەستووری عێراق، کوردستانلە نێو دەوڵەتێکدا تەسەوور دەکات و دەهێڵێتەوە کە ناسنامە، دەسەڵاتی سەروەری، و زۆرینە دیمۆگرافییەکەیبە شێوەیەکی ڕەها بە عەرەبی ماونەتەوە. هەروەها، هیچ شەرمێکیشی لە جینۆسایدی کورد پێوە دیار نییە .ئەمەش لە کاتێکدایە کە هیچ میکانیزمێکی پاراستنی کاریگەر بۆ ڕێگریکردن لە گۆڕینی ئەو زۆرینەیە بۆ دەسەڵاتێکی سیاسیی هەمیشەیی، دابین ناکات .هەنگاوێکی جیددی بۆ ڕێگری لە دووبارەبوونەوەی ئەو ڕابردووە ،و ڕێگریکردن لە درێژەی ئەو ڕوانگەیە بۆ سەروەری لە عێراق و مافی هاوبەشی سەروەریی کورد ،پێویستی بە تەزمیناتی یاسایی تازە و کێشەدارکردنی (پرۆبلەماتیککردنی) ئەو نەریتە یاساییە و کەلتوور و یادەوەری دامەزراوەییەی پێشووی عێراق بوو. چونکە لە باری یاساییەوە ئەو نەریتە یاسایی و کەلتوور و یادەوەرییە نەکراون بە کێشە (پرۆبلەماتیک نەکراون)، کە هیچ شەرمێکیان لە ڕابردووی ناسیۆنالیزمی عەرەبی و ڕۆڵی لە جینۆسایددا پێوە دیار نییە_، بۆیە_ ئێستا بە ڕاشکاوی درێژەی هەیە. بۆیە، لە ئاکامدا، مافەکانی کورد بەستراونەتەوە بەو دامەزراوانەوە کە لە لایەن هەمان ئەو سیستەمە زۆرینەخواز، ڕاسیست و بێشەرمەوە سەبارەت بە ڕابردووی دەسەڵاتی ئیتنیکیی خۆی، کۆنتڕۆڵ کراون. لە حاڵێکدا کورد و کوردستان بۆ مانەوەی، پێویستی بە میکانیزمی یاسایی و دامەزراوەی هەبوو و هەیە بۆ پاراستنی لە هەمان کولتووری سیاسی، یاسایی و دامەزراوەیی. لەم سۆنگەیەوە، دەستووری عێراقی تێپەڕین لە تێگەیشتنە مێژووییە ڕاسیستی و بەعسییەکەی عێراقی عەرەبی نییە؛ بەڵکوو لە ڕێگەی زمان و گوتاری فیدراڵیزمەوە دایدەڕێژێتەوە و شەرعییەت بە درێژەی هەمان عەقڵیەت و کولتوور و نەریتی دامەزراوەیی دەدات.

 

ئەم ناکۆکییە، کە دەرکەوتنی ڕوانگەی تەعریبە سەبارەت بە پرسی سەروەری، هەر لە سەرەتاوە لە مامەڵەی دەستووری عێراقی لەگەڵ پرسی "یەکێتیی دڵخوازانە یان ئیتحادی ئیختیاری"دا دەردەکەوێت. پێشەکییەکەی دەستوور (یاسای بنەڕەتی) باس لەوە دەکات کە عێراقییەکان "بە دڵخوازانە" بڕیاریان داوە داهاتوویان یەکبخەن و "یەکێتییە ئازادەکەیان" بپارێزن، کەچی لە هەمان کاتدا هەر لە ماددەی ١ـی دەستوورەوە، تێگەیشتنێکی دژ بەو دڵخوازییە وەک زامنی یەکێتیی عێراق ڕادەگەیەنێت (بڕوانە ماددەی ١ی دەستوور). ئەمەی دووەمیان بە شێوەیەکی کرداری، دەرهاوێشتە سیاسییەکانی ڕاگەیاندنەکەی یەکەمیان لە مانا دەخات و پووچەڵی دەکاتەوە.

ئەگەر یەکێتییەکە لە ڕووی دەستوورییەوە زامن کرابێت بەبێ گوێدانە ڕەزامەندی و دڵخوازیی کورد بۆ ئەو یەکێتییە، ئەوا ئیدیعای ئارەزوومەندانەبوونی ئەم یەکێتییە تەنیا دەبێتە قسەیەکی ڕواڵەتی لە پێشەکییەکی بێئاکامدا. دەستووری عێراقی هیچ میکانیزمێک دابین ناکات کە لەو ڕێگەیەوە ڕەزامەندیی کورد دەرببڕدرێت، دووبارە بکرێتەوە، ڕابگیرێت، یان بکشێنرێتەوە. بۆیە، داننان بە کوردستان و کورد وەک خەڵکێکی خاوەن بڕیار لە یەکێتیی عێراقدا ونە، و دەستوورەکە کورد وەک لایەنێکی بەڕاستی ئارەزوومەندانە لە پەیماننامە دەستوورییەکەدا نابینێت.

دەستووری عێراق دان بە هەندێک دامەزراوە و دەسەڵاتی کوردیدا دەنێت، بەڵام ئەو "ئەیجنسی ("Agency") و بکەرییەتییەی لێ زەوت دەکات کە پێویستە بۆ دیاریکردنی خودی جۆر و سروشتی پەیوەندییە سیاسییەکەی نێوان ئەو دوو کیانە. بۆیە، هەر لە داڕشتنی ئەو دەستوورەدا عەقڵییەتی بەعسی بە زەقی پێوە دیارە. ئەم خاڵە لەبەر ئەوە گرنگە، چونکە هەندێک لەو ڕەخنانەی ئاراستەی باسەکەی دکتۆر یاسین دەکرێن، بۆ ڕەواندنەوەینیگەرانییەکان سەبارەت بە بەردەوامیی پرۆسەی تەعریب و خۆ-تەعریبکردن، پەنا دەبەنە بەر بوونی یاسا وسیستەمی فیدراڵیی عێراق؛ وەک ئەوەی ئەم یاسایە گەرەنتییەکی نەگۆڕ بێت بۆ مانەوەی کوردستان.

لەگەڵ ئەوەشدا، لە نێو واقیعی مێژوویی و سیاسیی عێراقدا، زمانی دەستوور چەندین جار سەلماندوویەتی کەبە هیچ شێوەیەک فاکتەرێکی جێی متمانە نییە بۆ پاراستنی کوردستان. کاتێک دەڕوانینە واقیعەکانی ڕۆژانەیدوای ساڵی ٢٠٠٥، بە ڕوونی دەبینین کە ئەو دەستوورە زامنکەری مانەوەی قەوارە و مافەکانی کورد نییە ،بەتایبەتی لەو کاتانەی کە مافەکانی کورد لەگەڵ ئیرادەی زۆرینەی عەرەب، بەرژەوەندییەکانی بەغدا، یان هاوکێشە باڵادەستەکانی هێزە ناوچەییەکاندا یەک ناگرنەوە. لە ئەنجامدا، ئاسایش و داهاتووی سیاسیی کوردستان زۆر زیاتر پشت بە هەلومەرجە ناجێگیرە جیۆپۆلەتیکییەکان دەبەستێت، نەک زمانی دەستووری عێراق.

لەم ڕووەوە چارەنووسی ماددەی ١٤٠ ڕوونترین بەڵگەیە. ئەم ماددەیە لە دەستووردا داوای ئاساییکردنەوە، سەرژمێری، و ڕیفراندۆمی لە کەرکووک و ناوچە کێشەلەسەرەکانی تر دەکرد تا ٣١ی کانوونی یەکەمی ٢٠٠٧. ئامانج لێی پێچەوانەکردنەوەی، لانی کەم بەشێک لە دەرهاوێشتە جوگرافی و دیمۆگرافییەکانی پرۆسەی تەعریبی بەعس بوو. کەچی دوای تێپەڕبوونی نزیکەی دوو دەیە، نەک هەر جێبەجێ نەکرا، بەڵکو ئەکتەری حزبیی کوردیش لە ڕووی نایەت باس لە داواکارییە سەرەکییەکانی بکات. لە دوای ساڵی ٢٠١٧ـیشەوە، بەشێکی هەرە زۆری ئەو ناوچانە بە شێوەیەکی دیفاکتۆ و حاشاهەڵنەگر کەوتوونەتەوە ژێر دەسەڵاتی بەغدا. ئێستا ئەو ناوچانە لە دەستی کورد دەرچوون و تەنانەت وەک ناوچەی ''کێشەلەسەر''یش هەژمار ناکرێن و قسەی جدییان لەسەر ناکرێت. ئەم بابەتە لە گفتوگۆ سیاسییەکانی عێراقدا، و ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتریش بەتەواوی لە گوتاری حزبە کوردییەکاندا، ون بووە. کار گەیشتووەتە ئەوەی، ئەگەری هەڵگیرسانی شەڕی نێوان حیزبەکانی دەسەڵاتداری کورد زۆرترە لەوەی کە ڕۆژێک کورد وەک بلۆکێکی یەکگرتوو لە بەغدا، تەنانەت گلەییەکی شەرمینانەش لە دەرکردنی دەسەڵاتی کورد لە ناوچە  ''کێشەلەسەرەکان'' بکات. بۆیە ئەو میکانیزمە دەستوورییەی کە بەتایبەتی بۆ چارەسەرکردنی تەعریب داڕێژرابوو، لەلایەن خودی سیستەمە سیاسییەکەوە پەک خرا و ئێستا بووەتە تەنها بەشێک لە ئەرشیفی مێژوویی عێراقی دوای سەددام.

چارەنووسی ماددەی ١٤٠ دەریدەخات کە لەو شوێنەی پەیوەندی بە کوردستانەوە هەیە، میکانیزمە یاساییەکان لەبەردەم بڕیارەکانی دەوڵەتی عێراق و عەقڵیەت و ئیرادەی زۆرینەی باڵادەستی عەرەبدا بێکاریگەرن. ئەو نموونەیە و دەیان نموونەی تریش دەیسەلمێنن کە تەسەوورکردنی دەستووری عێراق وەک گەرەنتییەک بۆ ڕێگری لە گۆڕانکاریی زیاتری دیمۆگرافی، تەنیا خەیاڵە. ئەمانە هەمووی بەڵگەن لەسەر ئەوەی کە نەتەنیا دەوڵەتی عێراقی دوای سەددام کێشەی لەگەڵ تەعریبدا نەبووە، بەڵکوو بەپێچەوانەی ناوەڕۆکی ئاشکرای دەستوورەکەی خۆی، درێژەی بە تەعریب داوە و کردوویەتی بە واقیعێکی ڕۆژانە و سیاسی دژ بە کورد؛ بە جۆرێک کە ئێستا لایەنی کوردی بوێریی ئەوەی نەماوە تەنانەت ئەو باسانە هەر بورووژێنێت.

چارەنووسی ماددەی ١٤٠، بەر لەوەی تەنیا نموونەیەکی زەقی جێبەجێنەکرانی ئەرکێکی دەستووری بێت، یەکێکە لە گەورەترین بەڵگەکانی درێژەی عەقڵیەتی تەعریب؛ عەقڵیەتێک کە خۆی بەسەر ڕاڤەکردنی دەستوور و کارکردنی دامەزراوە دادوەرییەکانی عێراقیشدا سەپاندووە. واتە ئەو دەسەڵاتەی کە ماددەیەکی دەستووری پەراوێز دەخات، هەمان دەسەڵاتە کە مانا و سنووری فیدراڵیزمیش بەپێی ئیرادەی خۆی دیاری دەکات.

 

 

زاڵبوونی عەقڵیەتی تەعریب بەسەر ڕاڤەی یاسا و نەریتی دادوەریی عێراقیدا
ئەو پێکهاتەیە زۆرینەخوازەی کە لە سەرەوە باس کرا، کۆنتڕۆڵی لێکدانەوەی تاقانە و پاوانخوازانەی دەستووریش بە مافێکی مشتومڕهەڵنەگری خۆی دەزانێت. هێزە سیاسییە باڵادەستەکان ئەو دەسەڵاتەیان بەدەستەوەیە کە چوارچێوە و مانای سیستەمی فیدراڵیش دیاری بکەن و بەردەوامیی حوکمی عەرەبی لەشێوەی حکومڕانییەکی دەستووریدا وەک مژارێکی سروشتی بزانن و وێنای بکەن. لەم پرۆسەیەدا، دادگایباڵای فیدراڵی ڕۆڵێکی ناوەندی بینیوە. هەرچەندە شەرعییەتی یاسایی خودی دادگاکە لەگەڵ ماددەی ٩٢یدەستوور — بەتایبەتی سەبارەت بە بنەمای یاسایی و شێوازی پێکهاتنی — لەمێژە جێگەی مشتومڕە، بەڵامهەڵسوکەوتی گوزارشت لە کێشەیەکی بنەماییتر و سیاسی دەکات: دادگاکە بەردەوام ئیرادەی سیاسیی مەرکەزیی عەرەبی کردووە بە دۆکتورینێکی دەستووریی کۆتایی و پابەندکەر و بەسەر کورددا سەپاندوویەتی .

لەناو سیستەمی سیاسیی عێراقێکدا کە بە قووڵی لەژێر کاریگەریی ئێراندا بووە، ئاراستە و ئەنجامی بڕیارەکانی ئەم دادگایە بەردەوام لەگەڵ ڕوانگەی پاوانخوازانەی عەرەبیشدا گونجاو بووە. بڕیارەکانی، لە چوارچێوەی بەرتەسککردنەوەی دەسەڵات و بنەما یاساییەکانی هەرێمەوە، دژ بە داهاتووی کوردستان کاریان کردووە و لە درێژخایەندا قەوارەی هەرێم بەرەو بێمانابوون دەبەن.

بەتایبەتی لە دوای ڕیفراندۆمی ٢٠١٧ـەوە، دادگاکە بووەتە ئامرازێک کە لەژێر پەردەی زمانی فەرمیی دەستووردا، نەک هەر ئۆتۆنۆمیی ڕێژەیی و پێگە یاساییەکەی کوردستانی ڕۆژ بە ڕۆژ بەرتەسکتر کردووەتەوە، بەڵکوو بنەما یاساییەکانی هەرێم و داهاتووی سیاسیی ئەو قەوارەیەی بەتەواوی بنکۆڵ کردووە. بۆ نموونە، بڕیارەکەی ساڵی ٢٠٢٢ بۆ هەڵوەشاندنەوەی یاسای نەوت و غازی هەرێمی کوردستان، گورزێکی گەورەی لە بنەما یاساییەکانی کەرتی وزەی سەربەخۆی هەرێم دا. بەمەش ڕێگەی بۆ دەسەڵاتی فیدراڵی خۆش کرد تاکوو لە گرێبەستە نەوتییەکانی هەرێم بدات و، لە ئەنجامدا، پشتی ئابووریی قەوارەی کوردی بشکێنێت.

لە ڕوانگەی بەرژەوەندیی کوردەوە، دادگاکە لە واقیعدا ئەرکێکی هاوشێوەی «فەتوا»ی وەرگرتووە: ئیدیعا مشتومڕاوییەکانی دەسەڵاتی مەرکەز دەگۆڕێت بۆ بڕیارگەلێکی یاسایی و پابەندکەر، بەبێ ئەوەی کوردستان هیچ پەناگەیەکی دامەزراوەیی کاریگەری بۆ بەرەنگاربوونەوەیان هەبێت. ئەمەش خۆی لە خۆیدا بەڵگەی پرۆسەیەکی زۆر جدیی تەعریبی یاسایی و دامەزراوەییە؛ پرۆسەیەک کە سەروەریی زۆرینەی عەرەب لە ڕێگەی بڕیارە یاساییە پابەندکەرەکانەوە دەسەپێنێت. بەمەش داهاتووی قەوارەی کوردی دەخاتە مەترسییەوە و توانای بکەربوون و بڕیاردانی کورد سەبارەت بە چارەنووسی خۆی لێ دەسەنێتەوە.

 

کەواتە، سیستەمی دەستووری نەک هەر هیچ پەنایەک بۆ کورد لە بەرامبەر تەعریبدا دابین ناکات، بەڵکوو لەژێر کۆنتڕۆڵی زۆرینەدا بووەتە بەشێک لە ژێرخانی یاسایی و دامەزراوەیی تەعریب، تەنانەت ئەگەر ئەمە پێچەوانەی دەقی ڕواڵەتیی خودی دەستوورەکەش بێت. هەمان ئەو سیستەمەی کە نەیهێشتووە دەرهاوێشتە دیمۆگرافییەکانی پرۆسەکانی پێشووی تەعریب هەڵبوەشێندرێنەوە، بەردەوام هەوڵ دەدات ڕێگە بۆ مەرکەزییەتێکی زۆرتر و سەپێنراوتر لە عێراقدا خۆش بکات. ئامانج لەمەش، پەکخستنی تەواوەتیی ئۆتۆنۆمیی ڕێژەیی کورد، بە واقیعکردنی بەڕێوەبردنی ناوچە جێناکۆکەکانە لەلایەن دەسەڵاتی عەرەبییەوە بە شێوەیەکی حاشاهەڵنەگر، و زەوتکردنی زیاتری ئەو توانایە سیاسییەیە کە کورد وەک بکەرێکی سیاسی بۆ ڕێکخستنی داهاتووی دیمۆگرافیی خۆی پێویستی پێیەتی.

بەم جۆرە، فیدراڵیزمێکی فەرمی شانبەشانی سەروەرییەکی زۆرینەخوازی عەرەبی هەنگاو دەنێت؛ سەروەرییەک کە توانای هەڵپەساردن، سنووردارکردن، یان پێناسەکردنەوەی مافەکانی کوردی هەیە. لە دوایساڵی ٢٠١٧ـەوە، پرۆژە سیستەماتیکەکەی تەعریب، هەم لە ڕێگەی دامەزراوەکانەوە، هەم لە ئاستیبەڕێوەبردنی ڕۆژانەی ناوچە جێناکۆکەکان، و هەم لە ڕووی یاساییەوە، بەردەوامیی پێ دراوە.

لەبەر ئەوە، ئەو گریمانەیەی پێی وایە کوردستان دەتوانێت بە سەلامەتی بەرگەی گۆڕانکارییەکی تری گەورەیدیمۆگرافی بگرێت، لەسەر سێ بنەمای هەڵە و لەرزۆک وەستاوە: یەکەم، ئەو باوەڕەی گوایە ئەو لۆژیکەسیاسییەی لە پشت وێرانکردن و تەعریبکردنی کوردستانەوە بووە، چیتر بوونی نەماوە؛ دووەم، ئەو بۆچوونەیگوایە سیستەمی عێراقیی دوای ساڵی ٢٠٠٥ خاوەنی کۆمەڵێک دامەزراوەیە کە دەتوانن ڕێگری لەدووبارەبوونەوەی ئەو پرۆسەیە بکەن؛ سێیەمیش، ئەو خەیاڵپڵاوییەیە کە گوایە دەسەڵاتی سیاسیی کورد لە ناوخۆدا ئیرادە و «ئەیجنسی»ی (بکەرییەتیی) پێویستی هەیە بۆ ڕێگریکردن لەم پرۆسەی خۆ-تەعریبکردنە.

پشتگوێخستنی جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠، قۆرخکردنی دەستوور لەلایەن زۆرینەوە، مەرکەزیبوونەوەی بەردەوامی دەسەڵات، و لاوازکردنی ئۆتۆنۆمیی کورد لە ڕێگەی دامەزراوە دادوەرییەکانەوە، ڕێک پێچەوانەی ئەو گریمانانە دەسەلمێنن (کە گوایە عێراق گۆڕاوە). ئەمە نیشانی دەدات کە عەقڵیەتی تەعریب هێشتا ماوە و میکانیزمە دامەزراوەییەکانیشی هێشتا لەبەردەستدان. تەنانەت خودی سیستەمی دەستووری و ئەو دامەزراوانەشی کە لەسەر بنەمای دەستوورەکە پێکهاتوون، خراونەتە کار وەک ژێرخانێکی یاسایی بۆ بەردەوامیدان بە پرۆسەی تەعریب. لە ڕاستیدا، دووبەرەکیی ناوماڵی کورد، لاوازیی قەوارەی هەرێم، و ترس لە قەیرانە کۆمەڵایەتییەکان—کە هەموویان بەرهەمی هەلومەرجی کۆلۆنیکردنی کوردستانن—پاڵ بە حزبە کوردییەکانەوە دەنێن بۆ بەشداریکردن لە پرۆسەی "خۆتەعریبکردن"دا؛ بەشدارییەک کە تەنیا ئامانجی پاراستنی بەرژەوەندییە حزبییەکانە، بەڵام بەتەواوی دژ بە بەرژەوەندییە باڵا و نەتەوەییەکانی کورد دەوەستێتەوە. لێرەدا، یەکگرتنی ئەم لاوازییەی ناوخۆی کورد لەگەڵ ستراتیژیی شاراوەی دەوڵەت، زەمینەیەکی تەواو لەبار دەڕەخسێنێت بۆ ئەوەی سیاسەتی تەعریب بە بێدەنگی و بە ناوی یاساوە درێژەی هەبێت.


بەردەوامیی تەعریب وەک عەقڵیەتی عێراقی نوێ لە کردەوەدا
ئەم دۆخەی ئێستا، پشتڕاستکەرەوەی ئەو ڕاستییەیە کە لە بەشەکانی پێشووی ئەم نووسینەدا خستمە ڕوو: پرۆسەی بەعەرەبکردن لە دوای ساڵی ٢٠٠٣وە کۆتایی نەهاتووە. ئەم پرۆسەیە نەک تەنیا لەژێر کاریگەریی ناڕاستەوخۆی مانەوەی کولتوور و درێژەی تێگەیشتنی ئاشکرای بەعسییانە بۆ بەڕێوەبردنی وڵات درێژەی هەبووە، بەڵکوو لە چوارچێوەی خۆبواردنی بەئەنقەستی سیستەمی نوێی عێراقیشدا بەردەوام بووە؛ سیستەمێک کە ئیرادەی ئەوەی نەبووە دیاردەی تەعریب وەک پێکهاتەیەکی بەردەوامی کولتووری دەسەڵاتی دەوڵەت بناسێنێت و بنەبڕی بکات.

چینە سیاسییەکە و دەسەڵاتدارانی دوای سەددام، هەرچەندە بە فەرمی هەندێک لە تاوانەکانی ڕژێمی پێشوویان مەحکووم کرد، بەڵام تەعریبیان وەک لۆژیکێکی دامەزرێنەری دەوڵەتی عێراق نەخستە بەر ڕەخنە و لێپرسینەوە .هەروەها، هیچ میکانیزمێکی کولتووری، سیاسی، دیمۆگرافی، یاسایی و دامەزراوەییان بۆ هەڵوەشاندنەوە و پەکخستنی ئەو بنەمایانە دانەنا کە نەریتی تەعریبیان لە ڕێگەیەوە جێبەجێ کرابوو.

ئەم خۆبواردنە بۆ کورد چارەنووسساز بووە. لانیکەم لە سەردەمی دەستبەسەرداگرتنی دەسەڵات لەلایەن حزبی بەعسەوە، سیاسەتی تەعریبکردن تاوانێکی لاوەکی نەبووە کە لە پەراوێزی دەوڵەتێکی بێلایەندا ئەنجام درابێت. بەڵکوو تەعریب ستراتیژییەکی پێکهێنەری دەسەڵات بووە؛ ئامرازێک بووە بۆ گواستنەوە و دابەشکردنەوەی دانیشتووان، سڕینەوەی بوونی کورد، گۆڕینی سیمای نەتەوەیی و دیمۆگرافیی کوردستان، و سەپاندنی سەروەریی عەرەبی بەسەر ناوچە کوردییە کێشەلەسەرەکاندا. کەواتە، ڕووبەڕووبوونەوە و مامەڵەیەکی ڕاستەقینە لەگەڵ عەقڵیەتی تەعریب وەک خولقێنەری جینۆساید، شتێکی زیاتری لە مەحکوومکردنی چەند تاوانێکی دیاریکراوی بەعس دەویست. پێویستی بەوە بوو خودی ئەو تێگەیشتنە عەرەب-ناوەندەی عێراقبخرێتە ژێر پرسیارەوە کە سیستەمی نوێ لە سیستەمی پێشووەوە بە میرات بۆی مابووەوە. بەڵام سیستەمیدوای ٢٠٠٣، هەر لە ساڵەکانی سەرەتاوە، بەردەوام پرسی گەورەی تەعریبی کردە پرسێکی لاوەکی، تەمومژاویکرد، یان لە ناوەندی گفتوگۆی سیاسی و یاسایی دووری خستەوە و تەنیا وەک پرسێک وێنای کرد کەپەیوەندی بە عەقڵیەتی سەددامەوە هەیە.

شێوازی مامەڵەی دادوەری لەگەڵ پرسی ئەنفال، یەکێکە لە بەرچاوترین نموونەکانی ئەم خۆبواردنە سیستەماتیکە. بۆ نموونە، ئەنفال لە دادگایەکی سەربەخۆدا خرایە بەر لێپرسینەوە و سەددام حوسێنیش لە سەرەتادا یەکێک بوو لە تۆمەتبارانی کەیسەکە. بەڵام هەر دوای ئەوەی لە کەیسی دوجەیلدا مەحکووم کرا، لە ٣٠ی کانوونی یەکەمی ٢٠٠٦دا و لە کاتێکدا دادگایی ئەنفال هێشتا بەردەوام بوو، بەپەلە لەسێدارە درا. لەسێدارەدانی سەددام، کۆتایی بە ڕەوتی کەیسی ئەنفال هێنا بەرامبەر بە کەسی یەکەمی تاوانەکە؛ گەرچی دادگاییەکە بەرامبەر شەش تۆمەتباری دیکە درێژەی کێشا و بڕیاری مەحکوومکردنیان (لەوانە بە تۆمەتی جینۆساید) لێ کەوتەوە. بەڵام ڕاستییە گرنگەکە ئەوەیە کە ڕیزبەندیی دادگاییەکان و لەسێدارەدانی سەددام، ڕێگەیان گرت لە دەرچوونی بڕیارێکی کۆتایی دادوەری سەبارەت بە بەرپرسیارێتیی کەسیی ئەو وەک هێمایەک لە جینۆسایدی ئەنفالدا. بەرزترین دەسەڵاتی سیاسیی ئەو ڕژێمەی کە هەڵمەتی سڕینەوەی سیستەماتیکی ژیانی کوردی ڕێکخست و جێبەجێ کرد، لەسەر تاوانێکی دیکە (کوشتنی عەرەبی شیعە) لەسێدارە درا، پێش ئەوەی دادگا بتوانێت بڕیاری کۆتایی لەسەر بەرپرسیارێتیی سەددام لە وێرانکردنی ژیانی کورددا بدات.

ئەم ئەنجامە، تەنیا ڕووداوێکی بچووکی تەکنیکی یان ڕێکارییەکی دادگایی نەبوو. مەبەستی سیاسی لەپشت دیاریکردنی کاتی لەسێدارەدانەکە هەرچییەک بووبێت، ئەنجامە یاسایی و سیاسییەکەی ئەوە بوو کە لە لێپرسینەوەی کۆتایی سەددام حوسێندا، پێگەیەکی یەکلاکەرەوە و ناوەندی بە ئەنقەست بە جینۆسایدی کورد نەدرا. بەرپرسانی دیکە بەهۆی بەشدارییان لە ئەنفالدا مەحکووم کران، بەڵام ئەو سەرکردەیەی نوێنەرایەتیی دەوڵەتی عێراقی دەکرد و هێمای نەتەوەپەرستیی عەرەبی-بەعسی بوو، بەبێ بڕیارێکی کۆتایی سەبارەت بە جینۆساید مایەوە.

حوکمی دوجەیل بوو بە بنەمای یاسایی تەواوکراو بۆ لەسێدارەدانی سەددام، لە کاتێکدا کەیسی سڕینەوەی سیستەماتیکی کۆمەڵگە کوردییەکان بەرامبەر خودی سەددام بەئەنقەست بە ناتەواوی هێڵرایەوە. مەبەست لەمە سڕینەوەی تەواوەتیی ئەنفال نەبوو، بەڵکوو هەوڵێکی بەئەنقەست بوو بۆ دابەزاندنی جینۆسایدی ئەنفال بۆ پلەیەکی خوارتر لەناو ڕیزبەندییە فەرمییەکەی تاوانەکانی دەوڵەتی عەرەبیدا. ئەوەی ڕووی دا تەنیا ناتەواومانەوەی تۆمەتێکی تاکەکەسی نەبوو؛ بەڵکوو یەکێک لە کارەساتبارترین قۆناغەکانی مێژووی نوێی کوردی لەو پێگە و ناساندنە دادوەرییە بێبەش کرد کە حوکمێکی کۆتایی جینۆساید دژ بە بەرزترین دەسەڵاتی ڕژێم دەیانتوانی لە ڕووی هێمایی، کردەیی و میدیاییەوە پێی ببەخشن.

مانا قووڵترەکەی دادگایی ئەنفال لەو شتانەدایە کە لە بازنەی لێپرسینەوە و حوکمی پرۆسەی دادوەری دەرکران. مامەڵەکردن لەگەڵ ئەنفال وەک تاوانێکی سنووردار کە تەنیا ژمارەیەک بەرپرسی ناسراوی بەعس ئەنجامیان داوە، ڕێگەی خۆش کرد کە تەنیا هەندێک تاوانبار سزا بدرێن؛ بێ ئەوەی ئەو عەقڵیەتە فراوانەی دەوڵەتی عەرەبی-عێراقی کە جینۆسایدەکەی بەرهەم هێنابوو، بە هەمان ئاست بخرێتە ژێر لێپرسینەوە. ڕەگی ڕەگەزپەرستی لە نەتەوەپەرستیی عەرەبی-عێراقیدا وەک بنەما و چوارچێوە ئایدیۆلۆژییەکەی ئەنفال، بەئەنقەست نەناسێنرا و مەحکووم نەکرا. دەوڵەتی عێراقیش وەک ئەو دامەزراوەیەی کە تەعریبی داڕشت، ڕێکی

خست و جێبەجێی کرد، نە لە ڕووی یاسایی، نە سیاسی و نە مێژووییەوە نەخرایە بەردەم دادگا. بەرپرسیارێتییەکە بۆ ئاستی تاکە بەرپرسان دابەزێنرا و لەناو کەسانێکی دیاریکراودا سنووردار کرا. بەم شێوەیە، هەم دەوڵەتی عێراق وەک دامەزراوەیەکی بەردەوام، و هەم تەعریب وەک سیاسەتێکی پێکهاتەیی دەسەڵات، لە تۆمەتبارکردن و لێپرسینەوەیەکی گشتگیر پارێزران.

بە تاکەکەسیکردن و حیزبیکردنی بەرپرسیارێتیی جینۆساید، ڕەنگە شارەزایانەترین و زیرەکانەترین بەرگریکردن بووبێت لە کولتوور و سیاسەتی تەعریبدا. ئەمە ڕێگەی بە سیستەمی دوای ٢٠٠٣ دا هەندێک تاوانی دیاریکراوی بەعس مەحکووم بکات، بەڵام هاوکات هێشتی هەمان ئەو نەریتە بتوانێت تێگەیشتنە ڕەگەزپەرستانەکەی ناسیۆنالیزمی عەرەبی، بەردەوامییە دامەزراوەییەکەی دەوڵەت و ژێرخانە دیمۆگرافی و خاکییەکەی تەعریب، لە حوکم و لێپرسینەوە بپارێزێت. بەم جۆرە، لە ئاستی گوتاردا تەعریب نێردرایە ناو ڕابردووی تاوانکارانەی بەعسەوە، لە کاتێکدا گواستنەوەکانی دانیشتووان، گۆڕانکارییە خاکییەکان و ڕێکخستنە یاساییەکانی پرۆژەی تەعریب بە شێوەیەکی بنەڕەتی بە چارەسەرنەکراوی مانەوە.

ئەم دامەزراوانەی کە دەبوو بەهۆی ڕۆڵیان لە تەعریبدا لە بنەڕەتەوە دابڕێژرێنەوە، بوونە پارێزەری درێژەی عەقڵیەتی پێشوو و ژێرخانە یاساییەکەی. ئەوان دەیانتوانی بۆ ڕابردوو دان بە ئازارەکانی کورددا بنێن، بەڵام لە هەمان کاتدا درێژە بە بەڕێوەبردنی ئەو پێکهاتە عەرەب-ناوەندەی سەروەری بدەن کە خودی ئەو ئازارەی بەرهەم هێنابوو. دەوڵەتی عێراق ئامادە نەبوو لەبەر چاوی جیهان دان بەوەدا بنێت کە ئەوەی بەسەر کورددا هاتووە، تەنیا لەبەر کوردبوون و جیاوازیی نەتەوەیی بووە.

کەواتە، کێشە سەرەکییەکە نەبوونی تەواوەتیی ناساندن نییە؛ یاسا و دامەزراوەکانی دەوڵەتی عێراق بە ڕواڵەت بەشێکی گرنگی تاوانەکانیان دژ بە کورد ناساندووە. بەڵام ئەم ناساندنە بەردەوام بەشەکی، هێمایی و پاشکۆی ئەولەوییەتە سیاسییەکانی دیکە بووە. جینۆسایدی دژ بە نەتەوەی کورد هەرگیز وەک دابڕانێکی بنەڕەتیی مێژوویی مامەڵەی لەگەڵدا نەکراوە؛ دابڕانێک کە پێویستی بە داڕشتنەوەی سیستەمی دەستووریی عێراق هەبێت لەسەر بنەمای بکەرایەتیی کارای کورد، ئاسایش و ڕەزامەندیی سیاسیی کورد. ئەمە قووڵترین بەردەوامیی کولتوور و نەریتی دامەزراوەیی تەعریبە، کە تێیدا سیاسییەکانی کورد کەمترین خوێندنەوەیان بۆی هەبووە و گرنگییان بەوە نەداوە کە لە جیهاندا چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەزموونی هاوشێوەدا کراوە.

ئەنجامەکانی ئەم لێپرسینەوە بەربژێرکراو و هەڵبژێردراوە، تەنیا بەشێکە لە پرسەکانی پەیوەست بە تەعریب، چونکە پرسەکان زۆر لە سنووری هۆڵی دادگا تێدەپەڕن. شاردنەوەی دامەزراوەیی و ناساندنی ناتەواوی تاوانەکانی دژ بە کورد، لە ڕووی سیاسییەوە بێلایەنانە و بێمەبەست نەبووە. ئەم شاردنەوەیە یادەوەری، کولتوور و ئەزموونی بەمیراتماوەی دەوڵەتی عێراق لەگەڵ کورد دەپارێزێت؛ تەسەووری عەرەب-ناوەندی دەوڵەت بۆ پرسی خاک لە کوردستان بە ئاسایی دەنوێنێت و ڕێگە دەدات کولتووری سیاسیی تەعریب بەردەوام بێت، بێ ئەوەی ناچار بێت بە ئاشکرا خۆی دەربخات. بێگومان ئەمە بەو مانایە نییە کە کۆمەڵگەی عەرەبی بە گشتی جینۆساید پەسەند دەکات (دەبێت لە گشتاندنێکی لەم جۆرە خۆمان بپارێزین)، بەڵکوو بەو مانایەیە کە بکەرە سیاسییە کاریگەرەکان و دامەزراوەکانی دەوڵەتی عێراق، بەردەوام جینۆسایدی کورد و پرۆژەی تەعریبیان خستووەتە ژێر پرسی گێڕانەوە و بەرژەوەندییەکانی یەکێتیی عێراق و سەروەریی عەرەبییەوە.

کەواتە، ئەو دامەزراوانە، ئەو چینە سیاسییانە و ئەو نەریتەی کە تەعریبیان کردە شتێکی خەیاڵپێکراو و لە ڕووی کارگێڕییەوە شایەنی جێبەجێکردن، هەرگیز بە شێوەیەکی یەکلاکەرەوە تێنەپەڕێنراون. بەپێچەوانەوە، دامەزراوە و پۆلە سیاسییەکانی تەعریب پارێزراون، خۆیان لەگەڵ بارودۆخی نوێ گونجاندووە و بۆ ناوسیستەمی دوای ساڵی ٢٠٠٣ گوازراونەتەوە. ئەم پاشماوە و درێژە دامەزراوەییەی تەعریب ــ واتە ئەو شێوازەیکە تێیدا سیاسەتێکی بەئاشکرا ڕاگەیەنراوی دەوڵەت گۆڕدرا بۆ پێکهاتەیەکی ئاساییکراوی حوکمڕانی ــ بەداخەوە تا ئێستا نەبووەتە بابەتی لێکۆڵینەوەیەکی زانستی و ئەکادیمیی بەردەوام و قووڵ کە شایانی بێت.

دەبێت مەزەندەکەی دکتۆر یاسین سەبارەت بە بوونی زیاتر لە یەک ملیۆن دانیشتووی عەرەب لە هەرێمی کوردستاندا، لەناو هەر ئەم چوارچێوە مێژوویی، دامەزراوەیی و دەستوورییە چارەسەرنەکراوەدا هەڵبسەنگێنرێت؛ نەک لەناو جیهانێکی ئەبستراکت، ڕەها و دابڕاودا کە تێیدا جووڵەی دانیشتووان گوایە هیچ مانا و سەنگێکی سیاسیی نییە. پرسیاری ناوەندی تەنیا ئەوە نییە کە لە ئێستادا کێ پرۆسەی گۆڕینی دیمۆگرافی بەڕێوە دەبات، ئاسانکاریی بۆ دەکات یان لێی قازانج وەردەگرێت؛ بەڵکوو پرسیارە ناوەندییەکە ئەوەیە: ئایا پرۆسەیەک کە لە ڕووی مێژووییەوە دەوڵەتی عێراق دەستی پێ کردووە، لە هەمان خاکدا بەردەوامە و هەمان ئاراستە دیمۆگرافییەکەی هەڵمەتە یەکلەدواییەکەکانی تەعریب دووبارە بەرهەم دەهێنێتەوە، دەبێت بخرێتە دەرەوەی چوارچێوەی تەعریب؟ واتە ئایا تەنیا لەبەر ئەوەی هەندێک بکەری کورد خۆیان بوونەتە ئامرازی بەردەوامکردنی، چیتر بە تەعریب هەژمار ناکرێت؟

پرۆسەیەکی مێژوویی تەنیا لەبەر گۆڕانی بکەرە ڕاستەوخۆکانی، خەسڵەتی سیاسیی خۆی لەدەست نادات. تەعریبیش تەنیا لەبەر ئەوەی چیتر بەتەواوی لە ڕێگەی دەرکردنی ڕاستەوخۆی دانیشتووان، فەرمانی سەربازی یان هەڵمەتی فەرمیی نیشتەجێکردنەوە کار ناکات، لە تەعریببوون ناکەوێت. بەردەوامیی تەعریب دەتوانێت لە ڕێگەی وابەستەیی ئابووری، بێهەڵوێستیی کارگێڕی، بەرژەوەندیی حیزبی، لاوازیی دەستووری ،نیشتەجێبوونی ڕێکنەخراو و ئامادەیی دەسەڵاتە کوردییەکان بۆ قبووڵکردنی گۆڕانی دیمۆگرافی (بە مەبەستی پاراستنی مانەوەی کورتخایەنی خۆیانەوە) درێژە بکێشێت. لەژێر تیشکی ئەم بارودۆخەدا، بەشداریی بکەرە کوردەکان بەردەوامیی تەعریب ڕەت ناکاتەوە؛ بەڵکوو نیشانی دەدات کە لۆژیکی تەعریب تا چ ڕادەیەک چووەتە ناو دامەزراوە و حیساباتە سیاسییەکانی ئەو کۆمەڵگەیەی کە پێشتر ــ و هێشتاش ــ خۆی قوربانیی تەعریب بووە. ئەمەش نەک هەر لە ڕووی گۆڕێنی دیمۆگرافییەوە، بەڵکوو وەک قوربانییەک کە زۆرێک لە سیاسەتەکانی دەسەڵاتە ڕەگەزپەرستەکەی عێراقی لە ناخیدا چەسپاندووە؛ ئێستاش لە تاو بێزاری لە دەسەڵاتی کوردی، وەک قوربانییەک کە تووشی "سیندرۆمی ستۆکهۆڵم" بووە، ئارەزووی گەڕانەوەی حکوومەتە جینۆسایدکارەکە دەکات.

گرنگتر لە هەموو ئەوانە، باشووری کوردستان لە پێگەی سەروەرییەکی جێگیر و پارێزراوەوە ڕووبەڕووی ئەم گۆڕانکارییە دیمۆگرافییە نابێتەوە. باشووری کوردستان هێشتا لەژێر فشاری چالاکیی سیاسی، سەربازی، دەستووری، خاکی و دیمۆگرافیی هەمان ئەو دەوڵەتەدایە کە دامەزراوە عەرەب-ناوەندەکانی و تەسەوورە خاکییەکەی هەرگیز لە بنەڕەتەوە دانەڕێژراونەتەوە. ڕووداوەکانی دوای ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی ساڵی ٢٠١٧، ڕوونترین بەڵگەی بەردەوامیی ئەم لاوازی و بێدەرەتانییەی باشووری کوردستانن. هەر ڕەخنەیەک لە کات، ڕێکخستن، سەرکردایەتی یان حیساباتی ستراتیژیی ڕیفراندۆمەکە بگیرێت، لە کۆتاییدا ڕیفراندۆمی ٢٠١٧ دەربڕینێکی ئاشتییانەی ئیرادەی سیاسیی خەڵک بوو؛ کە تێیدا زیاتر لە ٩٢ لەسەدی دەنگدەران بە سەربەخۆیی دەنگیان دا. بەغدا، لەبری گفتوگۆکردن سەبارەت بە مانا سیاسییەکەی ئەو دەنگە، بە ڕێوشوێنی سزادان و ناردنی هێزەکانی عێراق بۆ ئەو ناوچانە وەڵامی دایەوە کە پێشتر لەژێر کۆنتڕۆڵی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا بوون. دەوڵەتی عێراق بەجێی خۆی، تەنانەت ئێران و تورکیاش مافی دەنگدانی کوردێکی باشووریان وەک پرسی ئاسایشی نەتەوەیی خۆیان ڕاگەیاند. (خوێندەوارانی کورد با ئەو هەلومەرجە لەگەڵ هەڵسوکەوتیبەریتانیا سەبارەت بە ڕیفراندۆمی سکۆتلەندا بەراورد بکەن، ئینجا دەتوانن نمایشی پۆست-کوردایەتی وجیهانوەتەنییمان بۆ بدەن.)
مانای دەستێوەردانی دوای ڕیفراندۆم نابێت بچووک بکرێتەوە بۆ ناکۆکییەکی کاتی لەنێوان بەغدا و هەولێر سەبارەت بە دەسەڵاتی دەستووری و قەڵەمڕەوی کارگێڕی. ئەم دەستێوەردانە نیشانی دا کە دەوڵەتی عێراق هەم توانای دامەزراوەیی و هەم ئیرادەی سیاسیی پێویستی پاراستبوو بۆ ئەوەی هەر کاتێک ڕەزامەندیی کورد دژ بە یەکپارچەیی داسەپاوی خاکی عەرەب-ناوەندی عێراق بوەستێتەوە، بە چەک و حەشدی شەعبی وەڵامی مافی ڕەزامەندیی کورد بداتەوە. سەپاندنەوەی دەسەڵاتی حکوومەتی بەغدا بەسەر ناوچەکانی کوردستان و بەناو ناوچە "کێشەلەسەرەکان"دا، ئەو بارودۆخە کارگێڕییانەی دووبارە دامەزراندەوە و بەهێزتر کرد کە لەناویاندا دەکرا ئەنجامەکانی گۆڕانکارییە دیمۆگرافییە پێشووەکان بچەسپێنرێن و ئاسانکاری بۆ گۆڕانکاریی دیمۆگرافیی نوێ بکرێت.
هەمان ئەو دامەزراوانەی دەوڵەتی عێراق کە هەرگیز بەهۆی ڕۆڵی مێژووییان لە تەعریبی کورددا نەخرانە ژێر تۆمەتبارکردنێکی گشتگیر و لە بنەڕەتەوە دانەڕێژرانەوە، جارێکی دیکە دەسەڵاتی بەڕێوەبردنی خاک، ڕێکخستنی ئاسایش، دیاریکردنی پەیوەندییەکانی خاوەندارێتی و شێوەپێدانی واقیعی دیمۆگرافییان لەو ناوچانەدا بەدەست هێنایەوە، کە پێشتر نیشتەجێکردنی سیستەماتیکی عەرەبییان بەسەردا سەپێنرابوو. کەواتە، دەبێت سیستەمی دوای ساڵی ٢٠١٧ نەک تەنیا وەک قەیرانێکی کاتیی دەستووری، بەڵکوو وەک قۆناغێکی دیکە لە پەرەسەندنی دامەزراوەیی تەعریب تێبگەین: واتە پاراستنی دەوڵەتێکی عەرەب-ناوەند، چالاککردنەوەی دەسەڵاتی زۆرەملێی ئەو دەوڵەتە بەسەر خاکی کوردستاندا، و ژێردەستەهێشتنەوەی داهاتووی دیمۆگرافیی کوردستان بۆ ئەو دامەزراوانەی کە هەرگیز لەگەڵ کولتووری سیاسی، یادەوەریی دامەزراوەیی و ژێرخانی تەعریبدا پەیوەندییان نەپچڕاندووە.

لە ئۆکتۆبەری ٢٠١٧دا، هێزەکانی عێراق بە هاوڕێیەتیی هێزەکانی حەشدی شەعبی دەستیان بەسەر کەرکووک و ناوچە "کێشەلەسەرەکان"ی دیکەدا گرت. پێکهاتە چەکدارە پاڵپشتیکراوەکانی ئێران ڕۆڵێکی گرنگیان لە ئۆپەراسیۆنەکەدا بینی، لە هەمان کاتدا هەم ئێران و هەم تورکیا پشتیوانییان لە دژایەتیی بەغدا بۆ ڕیفراندۆمی کوردستان کرد و بەشدارییان لەو فشارە سیاسی و ئابوورییانەدا کرد کە بەسەر هەرێمی کوردستاندا سەپێنران. بەڵام ئەم هەڵمەتە سەربازییە ــ کە بە ڕوونی سەپاندنەوەی سەروەریی عەرەب بوو بەسەر ئەو خاکانەی لە ڕووی مێژووییەوە کەوتبوونە بەر تەعریب ــ بە هاوکاریی هەندێک لە لایەنە کوردییەکانیش ئاسانکاریی بۆ کرا.

ڕاستیی هاوکاریی ئەو لایەنە کوردییانە، پەیوەندیی ئۆپەراسیۆنەکە بە تەعریبەوە کەم ناکاتەوە. بەپێچەوانەوە،  نیشانی دەدات کە نەک تەنیا تەعریب، بەڵکوو ئەنفالیش پشتی بە توخمەکانی خۆ-تەعریبکردنی کوردی بەستبوو. واتە تێکەڵکردن و خستنەخزمەتی بکەرە کوردەکان بۆ ناو عەقڵانیەتی سیاسی، پراکتیکە دامەزراوەییەکان و ئامانجە خاکییەکانی دەوڵەتی عەرەب-ناوەند، بەشێکە لە ئەزموونی کوردستان کە نموونەی لەناو نەتەوە کۆلۆنیکراوەکانی دیکەشدا کەم نییە. لە دوای ساڵی ٢٠١٧وە، بەشداریی کوردی لە سنووری بواری سیاسی و کولتووری تێپەڕی و گەیشتە هەماهەنگیی سەربازی و ئاسانکاریی ئۆپەراسیۆنی. بەم جۆرە، هەندێک ئەندامی ئەو نەتەوەیەی لە ڕووی مێژووییەوە خۆی کەوتبووە بەر تەعریب و جینۆساید، بوون بە بکەری ناوخۆیی بۆ سەپاندنەوەی ئەو ڕێکخستنە خاکییەی کە پرۆژەی تەعریب لە ڕێگەیەوە پێش کەوتبوو.

هەرێمی کوردستان لە دوای ئەو هێرشە، کۆنتڕۆڵی نزیکەی ٤٠٪ی ئەو خاکەی لەدەست دا کە پێشئۆپەراسیۆنەکە بەڕێوەی دەبرد؛ لەوانەش کەرکووک، شنگال، جەلەولا و ناوچە کێشەلەسەرەکانی دیکە .
لەدەستدانی ئەم خاکانە دەستبەجێ لە دوای ڕیفراندۆم، پاشەکشەیەکی زۆر گەورەی خاکی و ستراتیژی بوو .گرنگتر لەوەش ئەوەیە، زۆرێک لەو ناوچانەی کە دووبارە خرانەوە ژێر دەسەڵاتی ڕاستەوخۆی دەوڵەتی ناوەندیی عێراق، ڕێک هەمان ئەو ناوچانە بوون کە دەوڵەتی بەعس پێشتر پرۆژەی سیستەماتیکی تەعریبی تێدا جێبەجێ کردبوون.

لە کۆتاییدا، ئۆپەراسیۆنی ساڵی ٢٠١٧ تەنیا سنوورێکی کارگێڕیی نەگۆڕی، بەڵکوو دەسەڵاتی ڕاستەوخۆی سیاسی، سەربازی و کارگێڕیی دامەزراوەکانی دەوڵەتی عێراقی بەسەر ئەو خاکانەدا گەڕاندەوە کە پێکهاتەی دیمۆگرافی و پەیوەندییەکانی خاوەندارێتییان لەمێژە بووەتە بابەتی ململانێ. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەم ڕووداوە وابەستەیی سیاسی و پاشکۆیەتیی حزبی (کلایەنتەلیزم – Clientelism)ی بردە ئاستێکی زۆر مەترسیدارەوە. ئەمە نیشانی دا کە لایەنی سیاسیی ناوخۆیی، لە پێناو مانەوەی خۆیدا، ئامادەیە زۆر بە ئاسانی پرسە جدییە نیشتمانییەکان بکاتە قوربانی. ئەم پاشەکشە ستراتیژییە و لاوازییەی ئیرادەی ناوخۆیی، ڕاستەوخۆ تیشک دەخاتە سەر ئەو زەمینەسازییەی کە ئەمڕۆ پرۆسەی "خۆ-تەعریبکردن"ی لە باشووری کوردستاندا بەرهەم هێناوە.

نەریتی تەعریب وەک زەمینەی خۆ-تەعریبکردنی کورد
ئەو پەرەسەندنە دامەزراوەیی و ناوچەییانەی لە بەشەکانی سەرووتر تاوتوێ کران، ئەو چوارچێوەیە دیاری دەکەن کە دەبێت جووڵەی هاووڵاتیی عەرەبی عێراقی بەرەو هەرێمی کوردستان لەناویدا تێبگەین. واتە، دەبێت ئەم جووڵەیە لەنێو سیاقە مێژوویی، سیاسی و یادەوەرییە دامەزراوەییەکەی دەوڵەتی عێراقدا بخوێندرێتەوە .
گۆڕانی دیمۆگرافی لە وەها چوارچێوەیەکی ئەمنییەتیکراو و مێژووییدا—کە ئامانجی ناوەند تێیدا لاوازکردنی قەوارەی هەرێمە و ئێستا پشتیوانیی ناوچەیی، دامەزراوەیی، یاسایی و سەربازیشی لە پشتە—نابێت وەک دیاردەیەکی ئاسایی یان پرۆسەیەکی سیاسی-کۆمەڵایەتیی بێگەرد مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت؛ لێکدانەوەی ئەمە بە دیاردەیەکی ئاسایی، هەڵەیەکی ستراتیژیی گەورەیە.
ئەمە بەتایبەتی لە کاتێکدایە کە ئەم هەڕەشە و تەوژمە لەسەر نیشتمانێکە سەد ساڵە کێشەی لەسەرە. کوردستان لانیکەم لە سەرەتای دەسەڵاتی بەعسەوە بەردەوام ڕووبەڕووی تەعریب بووەتەوە، و ئاسەوارەکانی تەعریبی پێشووش نەک هەر هەڵنەوەشاونەتەوە، بەڵکوو تا ئێستاش درێژەیان هەیە. دۆخەکە گەیشتووەتە ئاستێک کە ئێستا ناوچە "کێشەلەسەرەکان" بە دیفاکتۆ خەریکە دەبنە ناوچەی بێکێشە و یەکلاییکراوە بۆ دەوڵەتی ناوەندی.

هەر گۆڕانکارییەکی دیمۆگرافی ــ جا لەلایەن بەغداوە ئاسانکاریی بۆ کرابێت، یان لەلایەن بەرپرسانی پارتی و یەکێتی، یان بەرژەوەندییە ئابوورییە تایبەتەکان، تەنانەت خودی کۆچبەرانەوە بێت ــ دەچێتە ناو مەیدانێکەوە کە لەگەڵ تێگەیشتنی دەوڵەتی عێراقی تەواو گونجاوە. ئەم مەیدانە لەگەڵ مەیلی کولتووری نەتەوەیی زاڵ، ڕێکارە دامەزراوەییەکان و نەریتی دەسەڵاتداری لەو وڵاتەدا یەک دەگرێتەوە. پێشتریش ئەم مەیدانە بە ئاوارەکردنی زۆرەملێ، دەستبەسەرداگرتنی زەویوزار، گۆڕینی سنوورەکان و ئامانجە دیمۆگرافییە تەواونەکراوەکانی دەوڵەتی عێراق داڕێژراوە. کەواتە، پرسیارە پەیوەندیدارەکە ئەوە نییە ئایا جووڵەی دیمۆگرافیی ئەمڕۆ، هەموو تەکنیکە کارگێڕییەکانی تەعریبی بەعسی بە زیانی کورد عەینەن دووبارە دەکاتەوە یان نا. بەڵکوو پرسیارە بنەڕەتی و گەوهەرییەکە ئەوەیە: ئایا هەمان ئاراستەی مێژوویی پتەوتر دەکات یان نا؟ ئایا کوردستانێکی لاواز، توانای ئەوەی هەیە بەرگەی لاوازتربوونی بەرەبەرەی ئامادەیی دیمۆگرافی، خاکی، زمانی و سیاسیی خۆی بگرێت، بە جۆرێک کە هاوکێشەکە بەتەواوی بە زیانی کورد بشکێتەوە؟
بەشداریی بکەرە کوردییەکان (بە ڕاشکاوی پارتی و یەکێتی) ئەم بەردەوامییەی تەعریب ڕەت ناکاتەوە. بەپێچەوانەوە، ڕەنگە ئەمە گەورەترین بەڵگە بێت لەسەر ئەوەی دامەزراوە و حیزبە کوردییەکان تێکەڵ بە پرۆسەی بەرهەمهێنانەوەی تەعریب بوون. ئەوان تەنانەت هیچ کاتێک هەوڵی جدییان نەداوە خۆیان لە کاریگەریی کولتووری سیاسیی بەعس ڕزگار بکەن. ململانێی حیزبی، گەندەڵی، پاشکۆیەتی (پاترۆناژ)، قازانجی بازرگانی و حیساباتی کورتخایەنی مانەوەی دەسەڵاتی حیزبی، هەموویان دەتوانن ئاسانکاری بۆ دەرەنجامێکی دیمۆگرافی بکەن کە درێژکراوەی هەمان ئەو دەرەنجامانە بێت کە پێشتر دەوڵەتی عەرەبی بەناوی تەعریبەوە لە کوردستان پیادەی دەکرد. ناسنامەی بەڕێوەبەری ڕاستەوخۆی تەعریب، لە خۆیدا سروشتی مێژووییی پرۆسەکە ناگۆڕێت؛ چونکە دەوڵەتی عێراق میراتگری تەعریبە و کوردستان لەژێر هەژموونی سەربازی، ئابووری، سیاسی و تەنانەت کولتووریی دەسەڵاتی تەعریبکەردایە. تەعریب سروشتی خۆی ناگۆڕێت تەنیا لەبەر ئەوەی ئەو بەرپرسەی ڕێگەی بۆ خۆش دەکات کوردە. جا ئەو بەرپرسە کوردە مامەڵەی گۆڕینی دیمۆگرافی پەسەند بکات، ئاسانکاری بۆ نیشتەجێبوونی جەماوەرێکی بێباوەڕ بە مافی سیاسیی کورد بکات ،یان لە ڕێکخستنی گۆڕانی دیمۆگرافی خۆی ببوێرێت. ئەوەی گۆڕاوە تەنیا میکانیزم و پێگەی دامەزراوەیی پرۆسەکەیە، نەک ئاراستە و کاریگەرییە کەڵەکەبووەکانی.

 

هەر بۆیە منیش ئەم دیاردەیە بە "خۆ-تەعریبکردن" ناو دەبەم (تەنانەت بینیم هەندێک لە دڵسۆزانی باشووری کوردستانیش لە سۆشیال میدیا پرۆسەکەیان هەر بە "خۆ-تەعریبکردن" ناساندووە). ئەم چەمکە بەو مانایە نییە کە کۆمەڵگەی کورد خوازیاری لەناوچوونی خۆیەتی. بەڵکوو ئاماژەیە بۆ پرۆسەیەک کە تێیدا دەسەڵاتی حیزبیی کوردی، هەندێک ئەکتەری کاریگەر لەناو ئەو حیزبانەدا، بکەرە بازرگانییەکان و بەشێک لە "خوێندەوارانی جیهانوەتەن و پۆستکوردایەتی"، لەژێر دروشمی جۆراوجۆردا بەشدارن. ئەوان بەرگری لە بەرهەمهێنانەوەی دەرەنجامەکانی پرۆژەیەک دەکەن کە لە هەموو ڕوویەکەوە، لە کۆنتێکستی مێژوویی و چوارچێوەی ڕێخۆشکەر بۆ تەعریبدا، دژ بە کوردستان ئاراستە کراوە.
ئیتر پێویست ناکات تەعریب هەمیشە بە جلوبەرگی سوپای عێراقییەوە بێت، بە زمانی خودی نیشتەجێکراوەکان قسە بکات، یان بە ئامرازی دەرکردنی ڕاستەوخۆ کار بکات. تەعریب دەتوانێت لە ڕێگەی گرێبەستەکان، بازاڕی خانووبەرە، پاشکۆیەتیی حیزبی، کەمتەرخەمیی کارگێڕی، وابەستەیی ئابووری و گوتارێکەوە بەرەوپێش بچێت. ئەو گوتارەی کە هەر هەوڵێکی کورد بۆ پاراستنی دیمۆگرافیای خۆی، لە بنەڕەتدا بە هەوڵێکی نادروست ،ناڕەوا، و تەنانەت ڕاسیستی و دژی نەتەوەکانی دیکە وێنا دەکات. ئەمڕۆ تەعریب زمان و ڕێزمانی پێشووی خۆی گۆڕیوە، بێ ئەوەی ئاراستەکەی گۆڕیبێت. بێگومان، پەیداکردنی بکەری ناوخۆیی و کەناڵی دامەزراوەیی، ناسینەوەی ئەم پرۆسەیەی دژوارتر کردووە و لە هەندێک ڕووەوە بەرەنگاربوونەوەشی ئەستەمتر کردووە.
ئەم جۆرە بەشدارییەی کورد (لە پرۆسەی خۆ-تەعریبکردندا) لە ڕووی مێژووییەوە بێپێشینە نییە. لە هەڵمەتەکانی پێشووی دەوڵەتی عێراقدا، لەوانەش تاوانی ئەنفال، بەشێک لە هێزە ناوخۆییەکانی کورد وەک هاوکار بەشدارییان کرد. بەشداریی ئەوان ئەنفالی لە جینۆسایدبوون نەخست؛ بەڵکوو نیشانی دا کە چۆن دەسەڵاتێکی سەردەست دەتوانێت بەشێک لە ئەندامانی پێکهاتە ئامانجگیراوەکە بۆ نێو ئۆپەراسیۆنەکەی خۆی ڕابکێشێت. دیاردەی چەک هەڵگرتن بۆ هێزی سەردەست، یان ملدان و سەردانەواندنی نوخبەی بندەست بۆ کولتووری زاڵ، لە مێژووی کۆلۆنیالیزمدا تەنیا تایبەت نییە بە کورد. بەڵکوو دەرکەوتەیەکی سروشتییهەلومەرجی کۆلۆنیال و نەبوونی سەروەریی نەتەوەییە؛ دۆخێک کە تێیدا تاک و گرووپە ژێردەستەکان بەشێوەیەکی سیستەماتیک ناچار یان ئاراستە دەکرێن بۆ هاوکاریکردن لەگەڵ دەسەڵاتی کۆنترۆڵکەردا.
بە هەمان لۆژیک، بەشداریی بەشێک لە کورد لەم دۆخەی ئێستادا، گۆڕانکارییە دیمۆگرافییەکە ناکاتە دیاردەیەکیبێمەترسی یان لە ڕووی سیاسییەوە بێلایەن. بەڵکوو نیشانی دەدات کە چۆن پرۆژەیەکی دەرەکی دەتوانێتبەڕێوەبەری ناوخۆیی بۆ خۆی پەیدا بکات، و چۆن دەسەڵاتی ناوەندی دەتوانێت لە ڕێگەی حیساباتی حزبی ،وابەستەییەکان و پەرتەوازەیی دامەزراوەکانی هەرێمەوە، هەژموونی خۆی دووبارە بەرهەم بهێنێتەوە. لێرەوە ،کاتێک لە قووڵایی مەترسییەکانی ئەم پرۆسە پێکهاتەییە تێدەگەین، زۆر گرنگە جیاکارییەک بکەین لە نێوان لێکەوتە سیاسییەکانی ئەم گۆڕانکارییە دیمۆگرافییە و داوەریی ئەخلاقی لەسەر ئەو تاکانەی کۆچ دەکەن.

بەرپرسیارێتیی ئەخلاقی، ڕەهەندی نێودەوڵەتیی تەعریب و درێژەی هەڕەشەکە
دەبێ ئەم بەڵگە مێژوویی، دامەزراوەیی و پێکهاتەییانەی کە لەسەرەوە خرانە ڕوو، لە داوەریی ئەخلاقی سەبارەت بە تاکی کۆچبەری عەرەب بۆ کوردستان جیا بکرێنەوە. هەر تاکی عەرەب کە دێتە کوردستان یان تێیدا دەژی، بکەرێکی بەئاگا و بەئەنقەست نییە لە پرۆسەی بەعەرەبکردندا، و نابێت هیچ کەسێک تەنیا بەهۆی ناسنامەی نەتەوەیییەوە بەرپرسیارێتیی ئەخلاقیی بەکۆمەڵی بخرێتە ئەستۆ. لەگەڵ ئەوەشدا، ڕێکخستنی کۆچ، نیشتەجێبوون، خاوەندارێتیی موڵک و جێگیربوون لەلایەن دەسەڵاتی کوردییەوە هەڵاواردن نییە، بەڵکوو بەشێکە لە ئەرک و دەسەڵاتی ئاساییی حکومەتداری لە جیهانی مۆدێرندا.
هەروەها، ناکرێت وەرچەرخانە دیمۆگرافییەکەی ئێستای کوردستان لە ڕووی سیاسییەوە وەک پرۆسەیەکی بێگەرد و ئاسایی دابنرێت؛ چونکە لێرەدا باس تەنیا لە تاکی کۆچبەر نییە، بەڵکوو لە پێگە و کاریگەریی ئەو تاکە لەناو کولتوورێکی سیاسیی زاڵدا دەکەین. زۆر ئەستەمە بتوانین لە مێژووی نزیکی کۆمەڵگەی عەرەبیی عێراقدا هێزێکی جەماوەریی بەرچاو بدۆزینەوە کە بە ڕاشکاوی لە سەروەریی کورد یان پاراستنی مافی خۆبەڕێوەبەریی کورد بەرگریی کردبێت، تەنانەت لەنێو دانیشتووانی ئێستای عەرەبیی کوردستانیشدا ئەم جۆرە هەڵوێستانە دەگمەنن.

 

کەواتە، لە هەر ڕووبەڕووبوونەوەیەکی داهاتووی نێوان هەرێم و بەغدادا، مێژوو پێمان دەڵێت کە زامنی دامەزراوەیی نییە بۆ مانەوەی ئەم ژمارە زۆرەی دانیشتووانی کۆچبەر لە دەرەوەی ململانێکان. ئاراستەی سیاسیی بەشێکی زۆری ئەم پێکهاتەیە لە مێژوو و کولتووری سیاسیی عێراقەوە هەڵقوڵاوە. بۆیە، مەترسییەکە لەوەدایە کە دەسەڵاتی ناوەندی دەتوانێت ئەم وەرچەرخانە دیمۆگرافییە بۆ مەرامی سیاسی و پاوانخوازیی خۆی بقۆزێتەوە. ئەمەش دەکرێت ببێتە هۆی دروستکردنی قەیرانی ئەمنی بۆ داهاتووی کورد و ڕێگەخۆشکەر بێت بۆ لاوازکردنی پێگەی دەسەڵاتی هەرێم یان هەڵوەشاندنەوەی.
هیچ دەوڵەتێکی سەقامگیر لەم جیهانەدا—جا چ بگاتە قەوارەیەکی لەرزۆکی وەک هەرێم، کە لە ڕووی خاکەوە کێشەلەسەر، لە ڕووی دامەزراوەییەوە لاواز و لە ڕووی سەربازییەوە هەڕەشەلێکراوە—ئامادەی سەرکێشییەکی ئاوا نییە. لە چەند مانگی ڕابردوودا کوردستان بەردەوام ڕووبەڕووی بۆردومان، هێرشی مووشەکی و گوشاری ئابووری کراوەتەوە لەلایەن هێزە جیاوازەکانی عێراقەوە. لەم دۆخەدا، ئەو گریمانەیەی کە گوایە بەغدا دەرفەتێکی تر بۆ ملکەچکردنی هەولێر و سلێمانی لەدەست دەدات، هەڵەیەکی ستراتیژییە. دەوڵەتان لە سەرانسەری جیهاندا پرسی دیمۆگرافی و خاکی ڕێک دەخەن و کارگێڕیی دەکەن. ئەم پێویستییەلە شوێنێکی وەک کوردستان زۆر هەستیارترە و پەیوەستە بە مانەوەوە، چونکە لە مێژووی هاوژیانییکۆمەڵگەی کورد لەگەڵ کولتووری سیاسیی عەرەبیی عێراقدا، ئاوارەیی، ئەندازیاریی دیمۆگرافی، سڕینەوەیزمان و جینۆساید بەشێکی بەردەوام بوون. کەواتە، پرسیارە ئەخلاقییەکە ئەوە نییە کە ئایا هەموودانیشتوویەکی عەرەب لە ڕووی تاکەکەسییەوە جێگەی لۆمەیە یان نا. پرسەکە ئەوەیە کە ئایا کۆمەڵگەیسیاسیی کوردی ماف و توانای دامەزراوەیی هەیە بۆ پاراستنی یەکپارچەیی خاکی کوردستان، ئاسایشی دیمۆگرافی، زمان، ئۆتۆنۆمیی سیاسی و داهاتووی بەکۆمەڵی خۆی.
ئەو توانایە دامەزراوەییە ڕێک ئەو شتەیە کە هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی مسۆگەر لەبەردەستیدا نییە. نە خاوەنی سەروەرییەکی بێمشتومڕە بەسەر ئەوەندە خاکەی لە ژێر دەسەڵاتی لەرزۆکیدا ماوە، نە دەسەڵاتەکەشی هیچ زەمانەتێکی بۆ داهاتووە سیاسییەکەی هەیە. ئۆتۆنۆمییەکەی پشتی بە ڕێکخستنێکی خاکیی یەکلانەبووەوە بەستووە؛ ڕووبەرێکی بەرفراوان لە ناوچە کوردستانییەکان ئێستا لە دەرەوەی ئیدارەکەیدان و تەنانەت دانووستانیشیان لەسەر ناکرێت. هاوکات، مانەوەی دارایییەکەی بەندە بەو بڕیارانەی لە بەغدا دەدرێن ،و بوونی سیاسییشی بەستراوەتەوە بە هاوکێشە ناسەقامگیرە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان. لە بنەڕەتیشدا ،ڕەواییی دەسەڵاتی ناوچەیی کوردی لە بەشێکی زۆری گۆڕەپانی سیاسیی عێراقیدا بەردەوام دەخرێتە ژێر پرسیارەوە. لەکاتێکدا دەسەڵاتی یاسایی، داهات و سنوورەکانی هەرێم ڕۆژبەڕۆژ لەلایەن ناوەندەوە زیاتر سنووردار دەکرێن، حکوومەتی هەرێم ناتوانێت بە شێوەیەکی بەرپرسیارانە وا دابنێت کە وەرچەرخانێکی دیمۆگرافی لەم قەبارەیەدا لە ڕووی سیاسییەوە بێ لێکەوتە دەبێت.
کراوەیی دیمۆگرافی لە ژێر سایەی یەکسانیی سەروەریدا بۆ وڵاتێکی سەقامگیر، وەک یارمەتییەکی ئەخلاقی یان پێویستییەکی سیاسی بابەتێکی ئاساییە. بەڵام وەرچەرخانی دیمۆگرافی لە دۆخێکدا کە خودی دەسەڵاتی قەوارە میواندارەکە بوونی جێگەی کێشە و ململانێیە ،بابەتێکی تەواو جیاوازە. لەم جۆرە هەلومەرجانەدا، ڕێگەدان بە گۆڕانکارییەکی دیمۆگرافیی بێ ئیمکانی گەڕانەوە هەڵبژاردەیەکی ئاساییی سیاسەتمەداران نییە، بەڵکوو ڕەنگە سەرکێشییەکی گەورەی سیاسی بێت کە سەرکردایەتیی کورد بیکات—سەرکێشییەک کە توانای ئەوەی هەیە زیانێکی گەورە و قەرەبوونەکراو لە داهاتووی کورد بدات.
ململانێ بەردەوامەکانی سەر زەویوزار لە کەرکووک و ناوچە کێشەلەسەرەکانی تر، سروشتی ئەم مەترسییە بە شێوەیەکی بەرجەستە نیشان دەدەن. جووتیارانی کورد لەمێژە بەردەوام ڕادەگەیەنن کە عەرەبی هاوردە—کە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی عێراقەوە پشتیوانی دەکرێن—هەوڵی بەدەستهێنان یان وەرگرتنەوەی ئەو زەویانە دەدەن کە خاوەندارێتییەکەیان لە ڕێگەی پرۆسەی بەعەرەبکردنی پێشووەوە گۆڕدراوە. توندوتیژییە پەیوەستەکانی خۆپیشاندانەکانی کەرکووک لە ساڵی ٢٠٢٣دا بوونە هۆی گیانلەدەستدانی لانی کەم چوار کەس، لە کاتێکدا ناکۆکییەکانی دواتر دووبارە جووتیارانی کورد، داواکارە عەرەبەکان و یەکە سەربازییە عێراقییەکانیان ڕووبەڕووی یەکتر کردەوە. هەڵسوکەوتی بەغدا لەگەڵ پرسەکە لەوێدا، بە ڕوونی پێمان دەڵێت کە بەغدا چۆن دەڕوانێتە هاتنی هاووڵاتیی عەرەبی بۆ ناوچەکانی دیکەی کوردستانیش.
مێژووی ئەم ململانێیانە ئەوە دەسەلمێنێت کە پرۆسەی بەعەرەبکردن قۆناغێکی مێژوویی بەردەوامە و تەنیا لە ئەرشیڤ و بیرەوەریی دەستەجەمعیدا ناپارێزرێت؛ بەڵکوو ڕێکخستنەکانی موڵکداری، بانگەشە ڕکابەرەکان، پارێزبەندییە کارگێڕییەکان و تواناکانی سەپاندنی زۆرەملێ هێشتا چالاک و کاران. ڕابردوو بە شێوەیەکی بەرجەستە لەناو تاپۆکان، کێڵگەکان، جێگیرکردنی هێزە ئەمنییەکان، سنوورە کارگێڕییەکان و، لە سەرووی هەمووشیانەوە، لەو هاوکێشە نایەکسانەی دەسەڵاتدا بەردەوامە کە بڕیار دەدات داواکاریی کێ بۆ خاوەندارێتییزەوی بە ڕەوا بناسرێت. بەم پێیە، کەیسی کەرکووک ئەوە ئاشکرا دەکات کە بۆچی هەرێمی کوردستان بەگشتی لە مەترسیدایە. کاتێک دەسەڵاتی یاساییی کوردی جێگەی مشتومڕ بێت و بەغدا هێزی سەپاندنی بانگەشەدیمۆگرافی و خاکییەکانی لەدەستدا بێت، گۆڕانێکی دیمۆگرافیی بەرفراوان دەتوانێت ببێتە ئەو ئامرازەی کە لەڕێگەیەوە ئەو ئۆتۆنۆمییەی کورد—کە هەر لە بنەڕەتەوە لاوازە—لە ناوەوە زیاتر بێهێز بکرێت و لە دەرەوەشزیاتر ڕووبەڕووی هەڵوەشاندنەوە ببێتەوە (بڕوانە ڕاپۆرتی هیومان ڕایتس واچ سەبارەت بە توندوتیژییەکانی ٢٠٢٣ی کەرکووک؛ هەروەها ڕاپۆرتەکانی پەیوەست بە ناکۆکییەکانی دواتری زەویوزار.)
جینۆسایدی داعش دژی کوردی شنگال هۆشدارییەکی جیاواز، بەڵام زۆر پەیوەندیدار لەبارەی تێڕوانینی کولتووری سیاسیی عێراقی سەبارەت بە کورد دەخاتە ڕوو. بێگومان داعش ڕێکخەری سەرەکیی جینۆسایدەکە بوو و بەرپرسیارێتیی ڕاستەوخۆ دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ڕێکخراوە. بەڵام گێڕانەوە زارەکییەکان و شایەتحاڵییەکانی ڕزگاربووانی کوردی شنگال، جینۆسایدەکە تەنیا وەک کاری چەکدارە هێرشبەرەکانی داعش وەسف ناکەن. زۆرێک لە قوربانییان بەردەوام ئەوە دەگێڕنەوە کە ئەو دراوسێ عەرەبانەی کە بە شەخسی دەیانناسین و تێکەڵاویان لەگەڵ هەبوون، بەبێ دوودڵییەکی ئەوتۆ چوونەتە ڕیزی داعشەوە و ڕاستەوخۆ بەشدارییان لە جینۆسایدەکەدا کردووە. ئەوان ڕۆڵیان هەبووە لە دەستنیشانکردنی خێزانەکان، دەستبەسەرداگرتنی موڵک و ماڵ، پاسەوانیکردنی دیلەکان، و ئەنجامدانی کوشتن، ڕفاندن و کردەوە دڕندەکانی تر.
گرنگییە سیاسییەکەی ئەم شایەتحاڵانە بەڕاشکاوی ئەوە دەسەلمێنن کە نزیکایەتیی جوگرافی و پەیوەندیی دراوسێیەتیی نێوان کورد و عەرەب هەمیشە کاریگەر نییە. ئەو خێزانە عەرەبانەی کە قوربانییەکان وەک هاوسێ لەگەڵیان ژیاون و مامەڵەی بازرگانییان پێکەوە هەبووە، توانییان لەژێر کاریگەریی هاندانی ئایدیۆلۆژی، داڕمانی دامەزراوەیی کوردی، دوژمنایەتیی ڕەگەزپەرستانە و قازانجی تاکەکەسیدا، زۆر بەخێرایی ببنە بەشدار لە لەناوبردنیاندا.
ئەمە بەو مانایە نییە کە دەبێ هەر دراوسێیەکی عەرەب—یان هەر کۆچبەرێکی عەرەبی هاوچەرخ—وەک تاوانبارێکی شاراوە سەیر بکرێت. بەڵکوو مەبەستەکە ئەوەیە کە لە هەلومەرجی تایبەتی کوردستاندا ،پێکەوەژیان بەتەنیا زەمانەتی سەلامەتی دابین ناکات لە کاتێکدا دامەزراوەی کوردی لەرزۆکە و دیدگای بەرامبەر لەسەر بنەمای سڕینەوەی سیاسیی کورد دامەزراوە. ئەمە بەتایبەتی لە شوێنێکدا ڕاستە کە نەتەوەیەکی لاواز ،کە باسی سەروەرییەکەی وەک تاوان سەیر دەکرێت، توانای بەرگریکردنی لە خۆی سنووردارە، و ئایدیۆلۆژیا دژە-کوردەکان لە ڕووی کۆمەڵایەتی و سیاسییەوە هێشتا ئامادەییان هەیە.
بینیمان کە ئەم ئامادەییە سیاسی و کولتوورییە بۆ دژایەتیکردنی کورد بە تێکشکاندنی خەلافەتی داعشیش کۆتایی نەهات. بەرگریی بەرفراوانی بەشێک لە جیهانی عەرەبی لە هێرشەکەی چەند مانگ پێش ئێستای ئەحمەد شەرع بۆ سەر ڕۆژئاوا، شانبەشانی بانگەشەکردنی ئاشکرا بۆ "نوێژی فەتح" لە بەشێک لە میدیا و سۆشیال میدیای عەرەبیدا، ئەوە دەسەلمێنێت کە تێڕوانینی سەرکوتکردنی مافی خۆبەڕێوەبەریی کورد تەنیا پاشماوەیەکی مێژوویی بەعس نییە، و تەنیا لە نێوان نوخبەی فەرمانڕەوای دەوڵەتە عەرەبییەکاندا قەتیس نەماوە. هێرشەکە بۆ سەر ڕۆژئاوا لە چەند ڕۆژی یەکەمیدا نزیکەی ١٥٠،٠٠٠ کوردی ئاوارە کرد، لە کاتێکدا هێزەکانی دیمەشق سەرەڕای ڕێککەوتنەکانی پێشوویان، بەردەوام بوون لە پێشڕەوی بەرەو ناوچەکانی ژێر ئیدارەی کورد (ئەنجومەنی ئەتڵەسی ،٢٠٢٦). تەنانەت بەشێک لە کوردەکان لەلایەن هاوسەنگەرانی پێشوویانەوە لە هەسەدەدا کرانە ئامانج.
ئەو هەڵمەتە گشتییەی میدیای عەرەبی کە هاوڕێی ئەم هێرشە بوو، تووڕەییەکی فراوانی لە باشووریکوردستان لێ کەوتەوە، تا ئەو ڕادەیەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پەخشی چەند کەناڵێکی عەرەبییڕاگرت، لەوانەش ئەلجەزیرە و ئەلعەرەبیە. پارێزەران و ڕۆژنامەنووسانی کورد هەروەها هەوڵی ڕێکارییاساییان دا دژی ئەو کەناڵانە بەهۆی ئەو ڕووماڵەی کە وەک هاندەرێک بۆ ئاژاوەگێڕی و پشتیوانیکار لەئەگەری کۆمەڵکوژیی کورد دەیانبینی (پەرەگراف ،٢٠٢٦؛ زە نیو عەرەب ،٢٠٢٦). ئەم پێشهاتانە نیشانی دەدەنکە وێناکردنی بوونی کورد وەک بەربەستێک کە دەبێت ملکەچ بکرێت یان بسڕێتەوە، هێشتا لەناو زۆرێک لە حکوومەتەکان ،پێکهاتە سەربازییەکان، دامەزراوە میدیاییەکان و بەشێکی فراوانی شەقامی عەرەبیدا بوونی هەیە. ناکرێت ئەم یەکگرتووییە بۆ قڕکردنی کورد وەک گوتارێکی بێکاریگەر پشتگوێ بخرێت؛ ئەم زمانە دەیسەلمێنێت کە ئەگەری کارەساتێکی هاوشێوەی ئەنفال هێشتا وەک بژاردەیەکی کراوە پشتیوانیی لەنێو بەشێک لە کولتووری سیاسیی جیهانی عەرەبیدا هەیە. ئەمەش پێمان دەڵێت کە کێشەکە تەنها ڕووداوێکی کاتی یان کاردانەوەیەکی ڕاگەیاندن نییە، بەڵکوو دەرهاویشتەی عەقڵیەتێکی قووڵی پێکهاتەیی و مێژووییە کە کورد دەبێ لە کاتی بیرکردنەوەی لە ئێستا و داهاتوویی خۆیدا بە جدی بە هەندی وەربگرێت.

 

دوا وتە
لێرەدا وەک دواوتە، و لەبەر ڕۆشنایی ئەو واقیعە مەترسیدارەی کە هێشتا هەڕەشەی سڕینەوەی تێدا زیندووە، پێویستە چەند ڕاستییەک وەک خۆیان ببینرێن. پرۆسەی تەعریب و  "خۆ-تەعریبکردنی" کورد دیاردەی ڕاستەقینە و بەرجەستەن. چەمکی حوکمڕانی لە عێراقدا، لانی کەم لە سەردەمی حزبی بەعسەوە، لەسەر بنەمای دەسەڵات و پاوانخوازیی ڕەهای عەرەب دامەزراوە. بۆ ئەم مەبەستەش، هەموو ئامرازەکانیان لە جینۆساید، گۆڕانکاریی دیمۆگرافی و بۆردومانی کیمیایی بەکارهێناوە تاوەکو ئایندەی کورد لەبار ببەن و هەر زەمینەیەک بۆ بوونی سیاسیی کورد وێران بکەن. ئەم کولتوورە سیاسییە، وەک دەبینرێت، بە شێوەیەکی زۆر زاڵ لە یاساکان، دامەزراوەکان و کولتووری سیاسیی عێراقی دوای سەددامیشدا بەردەوامە. جینۆسایدی شنگال، ڕاگەیاندنی شاڵاوی ئەنفال دژی کوردانی ڕۆژئاوا، و بەرگریی سەرتاسەریی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی عەرەبی لە دەسەڵاتە تیرۆریستییە ئیسلامییەکان لە سووریا دژی کورد، هەموویان ئەو ڕاستییە دەسەلمێنن کە تەعری وەک کولتوورێکی سیاسی، دیاردەی حوکمڕانە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی عەرەبیدا. لە دوای ساڵی ٢٠١٧ـەوە، هەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی زنجیرەیەک پاشەکشە بووەتەوە، و هاوپەیمانێتی و پێشهاتە جیۆپۆلەتیکییە نوێیەکانیش وا دەرناکەون کە لە بەرژەوەندیی ئایندەی کورد بن.
لەبەر ڕۆشنایی ئەم ڕاستییانە، ناکرێت پەیوەندیی نێوان کوردستان و دەوڵەتی عێراق وەک پەیوەندییەکی فیدراڵیی ئاسایی هاوشێوەی سویسرا یان نێوان سکۆتلەندا و بەریتانیا شیکاری بۆ بکرێت. پەیوەندیی نێوان بەغدا و کوردستان لە ڕێگەی داگیرکاری، جینۆساید، بەعەرەبکردن، زەوتکردنی خاک، جێبەجێ نەکردنی دەستوور، و ئینکارکردنی بەردەوامی سەروەریی کوردەوە پێکهاتووە. ڕەزامەندیی ئێستای بەغدا بە بوونی هەرێم زیاتر دەگەڕێتەوە بۆ هەلومەرجی جیۆپۆلەتیکی دوای سەددام و نەبوونی بژاردەی دیکە. داماڵینی ئەم پەیوەندییە لە مێژووی سیاسیی کورد لە عێراق و وەسفکردنی هاتنی عەرەب وەک جووڵەیەکی ناوخۆییی ئاسایی، شیکارییەکی بێلایەنانە نییە. بەڵکوو تێڕوانینێکە کە مامەڵە لەگەڵ سنوورەکانی ئێستای عێراق و سەروەریی عەرەب-تەوەردا وەک ڕاستییەکی بێکێشە دەکات و ئەو مێژووەی کە ئەمانەی تێدا سەپێندراوە نادیار دەکات. کاتێک بەشێک لە نوخبەی کورد ئەم تێڕوانینە دووبارە بەرهەم دەهێننەوە، ئەمە نیشان دەدات کە ئەوان لە بنەڕەتەوە ناتوانن لە قووڵایی کێشە مێژوویی و پێکهاتەییەکان تێبگەن؛ ئەم بێتواناییەش خۆییەکێکە لە لێکەوتە کولتوورییەکانی پرۆسەی بەعەرەبکردن و دیاردەی خۆ-بەعەرەبکردن.
لەلایەکی دیکەوە، پرسیارە پێکهاتەییەکە ناکرێت کورت بکرێتەوە بۆ ئەوەی کە ئایا خێزانێکی دیاریکراوی عەرەبشایەنی هاوسۆزییە یان مافی ئەوەی هەیە بەدوای ژیانێکی باشتردا بگەڕێت. زۆرێک لەم کۆچبەرانە لە ڕوویدارایی و ئابوورییەوە لە زۆرێک لە کوردانی هەولێر و سلێمانی بەتواناترن و لە مەترسییەکی دەستبەجێهەڵنایەن، بەڵکوو بۆ ئاسایش، دەرفەت، یان سوودی ماددیی زیاتر دێنە کوردستان. پاڵنەرە تاکەکەسییەکانیان ڕەنگە جێی تێگەیشتن بن، بەڵام بێتاوانیی تاکەکەسی وا ناکات دەرئەنجامە دیمۆگرافییە کەڵەکەبووەکانیش لە ڕووی سیاسییەوە بێ مەترسی بن. پێوەرە یەکلاکەرەوەکە لێرەدا تاقیکردنەوەی دۆخەکەیە بە پێچەوانەوە: ئایا زیاتر لە یەک ملیۆن کورد دەتوانن بچنە ناوچەیەکی ژێر دەسەڵاتی عەرەب، یان کەرکووک، لەوێ نیشتەجێ ببن و زەوی بکڕن، کۆمەڵگەیەکی چڕ دروست بکەن و تایبەتمەندییە زمانەوانی و دیمۆگرافییەکەی بگۆڕن ،بەبێ ئەوەی ڕووبەڕووی کۆتوبەندی یاسایی، سەفەربەریی سیاسی یان دەستێوەردانی دەوڵەت ببنەوە؟ ئەگەر ئەمە بۆ کورد لە ڕووی سیاسییەوە خەیاڵێکی مەحاڵ بێت، ئەوا جوڵانەوەی ئێستای دیمۆگرافی بەرەو هەرێم ناکرێت بە سادەیی وەک پرۆسەیەکی کۆمەڵایەتیی ئاسایی و هاوسەنگ وەسف بکرێت.
سەرەڕای هەموو ئەمانە، و لەکاتێکدا کە دەبێت هەمووان هۆشیار بن بەرامبەر بە ڕاستییەکانی پرۆسەی تەعریب و خۆ-تەعریبکردنی دەسەڵاتی کورد، پێویستە هەر تاکێکی کورد لە ڕووی ئەخلاقی و سیاسییەوە بە بەرپرسیارێتییەوە مامەڵە لەگەڵ بوونی تاکی عەرەب لە کوردستاندا بکات. هەرچەندە ڕەنگە زۆرینەی ڕەهای ئەوان لە هەر کێشە و ململانێیەکی نێوان هەولێر و بەغدادا لایەنگری بەغدا بکەن، بەڵام بەرپرسیارێتیی بوونی ئێستایان لە کوردستان ڕاستەوخۆ و بەتەواوی دەکەوێتە ئەستۆی هەردوو حزبی دەسەڵاتداری کوردی. بۆیە، هەڵوێستی دروستی سیاسی و ئەخلاقی ئەوە دەخوازێت کە هەر ناڕەزایەتی، گفتوگۆ، یان دەربڕینێکی نیگەرانی بەرامبەر بەم دۆخە، تەنها ئاراستەی حزبە سیاسییەکان و دەسەڵاتدارانی کورد بکرێت. ئاراستەکردنی تووڕەیی یان دەربڕینی ڕق بەرامبەر بە تاکی عەرەب، لە ڕووی ئەخلاقییەوە هەڵەیە و لە ڕووی سیاسییشەوە کارێکی ئیستفزازی و ئاژاوەگیڕانەیە. لەبەر ئەوە، هەر کەسێک خەمی ئایندەی کوردستانی هەیە، دەبێت بەتوندی لەم جۆرە ڕەفتارانە دووری بکات.

 

سەرەچاوەکان: 
Akhavan P (2011) Preventing genocide: Measuring success by what does not happen. Criminal Law Forum
22: 1–33. https://doi.org/10.1007/s10609-011-9130-8 Caslini M (2025) How does the state’s obligation to prevent genocide overlap with and differ from that of offering guarantees of its non-recurrence? International Criminal Law Review 25(5): 869–897.
https://doi.org/10.1163/15718123-bja10242 Douglas S (2020) Preventing genocide: Reigniting the staying power of the Convention. Dalhousie Journal of Legal Studies 29: 75–.69
Hamburg DA (2015) Preventing Genocide: Practical Steps toward Early Detection and Effective Action.
New York: Routledge. https://doi.org/10.4324/9781315632599

Holmes, A. A. (2026, January 28). Syria’s Kurds could be al-Sharaa’s partners in rebuilding. Why did
Damascus assault them instead? Atlantic Council. https://atlanticcouncil.org/.../syrias-kurds-could-be-al.../
Mayroz E (2012) The legal duty to ‘prevent’: After the onset of ‘genocide’. Journal of Genocide Research 14(1): 79–98. https://doi.org/10.1080/14623528.2012.649897
Menmy, D. T. (2026, January 30). Iraqi Kurdish lawyers petition to shut Arab media offices over “bias” Syria coverage. The New Arab. https://newarab.com/.../iraqi-kurdish-lawyers-seek-shut...
Morton JS and Singh NV (2003) The international legal regime on genocide. Journal of Genocide Research 5(1): 47–69. https://doi.org/10.1080/14623520305648
Peregraf. (2026, January 28). Al Jazeera and Al Arabiya suspended in Kurdistan following criticism over Rojava coverage. https://peregraf.com/en/news/10743
Ruvebana E and Brus M (2015) Before it’s too late: Preventing genocide by holding the territorial state responsible for not taking preventive action. Netherlands International Law Review 62(1): 25–47. https://doi.org/10.1007/s40802-015-0010-5
Straus S (2016) Fundamentals of Genocide and Mass Atrocity Prevention. Washington, DC: United States Holocaust Memorial Museum.


75 جار خوێندراوەتەوە